
له پێناو به‌رده‌وامبوونی موژدینهكان
وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د
هه‌ریه‌ك به‌جۆرێك له هه‌نگاوه‌كه‌ی موژدین ده‌ڕوانێت و قسه‌ی منیش ته‌نیا له‌سه‌ر كه‌سی موژدین نییه، ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌كردنه له‌سه‌ر ڕه‌وتێك كه ماوه‌یه‌كه له هونه‌ری نوێی كوردیدا سه‌ری هه‌ڵداوه.. له‌وه‌تای دژ بهئهقڵه كۆنخوازه‌كان داكۆكیم له هه‌ڵوێسته‌كه‌ی موژدین و ئه‌و ڕه‌وته كردووه كه پێموایه پێوه‌سته به‌هونه‌ری هاوچه‌رخی كوردییه‌وه، ده‌یان نامه گه‌یشتوونه ئیمێڵه‌كه‌م و له هه‌ندێكیاندا جنێوباران كراوم و هه‌ندێكیش ستایش و ده‌ستخۆشی.. به‌دڵنیاییه‌وه سوپاسی ئه‌وانه ده‌كه‌م كه هاوهه‌ڵوێستن و له‌وانه‌یش ناڕه‌نجێم كه بهجنێوهكانیان تهسكینیی دڵی خۆیان ده‌ده‌ن، چونكه دڵنیام له دیوێكدا زۆریان حه‌ز له دیتنی موژدینهكانه، به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌یشدا دڵنیاترم كه بۆ داهاتوویه‌كی نزیك شوێنی ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئێستایان له‌ق ده‌بن.. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگه له‌باره‌یه‌وه بدوێم، وه‌ڵامێكه بۆ هه‌مووان، هاوكات قسه‌كردنه له‌باره‌ی ده‌رچوون له چه‌قبه‌ستوویی گۆرانی و موزیكی كوردی، به‌رامبه‌ر به‌وه‌یش پێم باشه به‌چه‌ند كورته ئاماژه‌یه‌ك له‌باره‌ی بۆچوونه‌كانی ئه‌و به‌ڕێزانه بدوێم كه له ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی “هه‌ولێر”دا له‌م پرسه و هه‌ڵوێسته‌كه‌ی موژدین دوواون.
(شاهۆ ته‌یب) یه‌ك له ده‌رهێنه‌ر و گه‌نجه ئه‌قڵ جوانه‌كانی بواری كلیپسازیی ئێستایه، بۆیه بۆچوونه‌كانیشی تا ئاستێكی ئه‌ولاتر به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێن، چونكه لانیكه‌م ئه‌و له نزیكه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كاندا ده‌كات، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی به‌پێی زانیاریی من كلیپه‌كانیشی مایه‌ی تێڕامان و زۆرینه‌یان له كاره ئهرێنییهكانن، بۆیه بۆچوونه‌كانی ئه‌و له‌باره‌ی موژدینهوه له دیوێكدا به‌شیاو ده‌بینم و ره‌نگه گرته‌ی ناپێویستی تێدا بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگتره كاك شاهۆ ئه‌و شێوازه خۆدهرخستنهكهی موژدینی ڕه‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌دات كه “هه‌نگاوه‌كه‌ی موژدین زۆر گه‌وره‌یه و له ئێستادا هه‌زم ناكرێت، ڕه‌نگه له داهاتوویه‌كی دووردا ئه‌مه ئاسایی بێت”، ئه‌مه‌یش دروست ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و ده‌رهێنه‌ره بڕوای وایه بۆ داهاتوو ئاسایی ده‌بێت، كه‌واته هه‌ڵوێسته‌كه جۆرێكه له سه‌ركێشی و ده‌هێنێ كاری له‌سه‌ر بكرێت.. من له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه ناوه‌ستم، چونكه هه‌میشه جه‌ختم كردووه‌ته‌وه كه له ئێستادا ته‌واوی كۆمه‌ڵگه ناتوانن ئه‌م ڕه‌وته هه‌رس بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌یش شاراوه نییه كه خه‌ریكه ده‌بێته هونه‌رێكی جێگیر، به‌ڵام كاتێك كاك شاهۆ ده‌ڵێت “من به‌و كه‌سانه ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی هونه‌ری ده‌ركه‌وتنت هه‌یه و ده‌نگت باش نییه و نه‌شازه، ده‌توانیت كاری نواندن له فیلم‌دا بكه‌یت، یان مۆدێلی فاشیۆن بكه‌یت”.. لێره‌وه پێموایه كاری ئێمه‌مانانه ڕوونكردنه‌وه بڵێین، چونكه موژدین له گۆرانیی كوردیدا یه‌ك له ده‌نگه سازهكانه، به‌تایبه‌تیش ئه‌و گۆرانییه‌ی “له ژووری ته‌نیایی خۆما” كه له ڕیتمێكی “سلۆ”یه و ده‌كه‌وێته سه‌ر په‌یژه‌ی مه‌قامی “به‌یات”، له‌وێدا ئه‌و خاتوونه سۆزێكی ناوازه‌ی گۆرانییه‌كی دروست ڕه‌سه‌نی كوردیمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت، واته موژدین وه‌كو ده‌نگیش له ده‌نگه ناشازهكان نییه، بگره پتر له ده‌نگه ناوازه‌كانه كه له گۆرانیی كوردیدا كه‌متر به‌و جۆره ده‌نگه ئاشناین، واته ئه‌و خاتوونه له ڕووی هونه‌رییه‌وه خاوه‌نی ده‌نگێكی شیاو به‌گۆرانییه و ڕه‌نگه توانای گه‌مه‌كردنی له‌گه‌ڵ چه‌ندان ستایلی گۆرانیدا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تووشی بۆچوونه جیاوازه‌كانمان ده‌كات، چێژی هونه‌رییه نه‌ك هونه‌ره‌كه خۆی، چونكه ئاساییه من و كاكه شاهۆ هه‌ریه‌كه‌مان به‌جۆرێكی جیاواز له‌وی دیكه چێژ له ده‌نگه‌كان وه‌رگرین، ئه‌مه‌ش ناكه‌وێته به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی دروست هونه‌رییانه‌وه، بۆیه به‌دیتنی من ئه‌گه‌ر ئه‌و خاتوونه ته‌نیا مه‌به‌ستی خۆده‌رخستن و ده‌ركه‌وتن و ناسین بووایه، پێموانییه چ پێویستییه‌كی بهسهركێشی بووایه بۆ ده‌ركه‌وتن، چونكه له ڕێگه‌ی ده‌نگ و هه‌ڵبژاردنی تێكستی باش و به‌رجه‌سته‌كردنی له میلۆدییه‌كی نوێ‌دا، وه‌ك خاتوونه هونه‌رمه‌ندێك ئاسان ده‌ناسرا، وا ده‌زانم زۆریشن ئه‌وانه‌ی هاوشانی موژدین له‌و ڕه‌وته كار ده‌كه‌ن، له كاتێكدا توانا دهنگییهكهیان له ئاستی موژدین نییه و كه‌چی بهفرهوانیش ناسراون.
به‌لامه‌وه نامۆ نییه كلیپه‌كه‌ی موژدین به‌و شێوه فره‌وانه بكه‌وێته به‌ر ڕه‌خنه و دژایه‌تییه‌وه، پێموانییه ته‌نانه‌ت به‌لای خۆیشیه‌وه نامۆ بێت و خۆی بۆ جنێوبارانهكان ئاماده نه‌كردبێ، چونكه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دژایه‌تیی ده‌كه‌ن، تا ئێستا باسی هونه‌ریان نه‌كردووه و دیوه هونه‌رییه‌كه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یان وه‌رنه‌گرتووه، واته ئه‌وان ته‌نیا جه‌سته‌ی موژدین ده‌بینن نه‌ك هونه‌ره‌كه‌ی، كه‌سێكیش ته‌نیا له ڕوانگه جهستهییهكهوه سه‌یری ئافره‌ت بكات، گومان نییه له‌وه‌ی ته‌نیا به‌دیوه سێكسییه‌كه لێی ده‌ڕوانێ و هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌شی ده‌بزوێت، بۆیه ناتوانێ له سۆزانییه‌ك واوه‌تر سه‌یری بكات، به‌ڵام بۆ كه‌سێك دیوه هونهرییهكهیشی له سه‌یركردندا هاوشان بكات، دیتنی هونه‌رێكی ناوازه له گۆرانییه‌كه‌ی موژدینی له‌لا ئه‌سته‌م نابێت، كه‌واته كێشه‌ی ئێمه له دیتن و نه‌دیتنی هونه‌ره نه‌ك ئه‌وه‌ی موژدین تا چه‌ند جه‌سته‌ی پێشان ده‌دات… ئه‌دی زۆر سه‌یره! من به‌سه‌رنجی ورده‌وه چه‌ند جارێك له گۆرانییه‌كه‌ی ئه‌و خاتوونه ڕامام، ده‌نگ و تێكست و میلۆدییه‌كه‌ی لێ بترازێ، شتێكی دیكه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت بمبزوێنێ، ئه‌مه‌یش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك هونه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌خوێنمه‌وه، چونكه ڕاستیتان ده‌وێ هه‌ركه‌سێك چاوی ته‌نیا به‌جه‌سته‌وه گرێ بدات، چ گومان نییه له‌وه‌ی ده‌یان ماڵپه‌ڕی جه‌سته جوانه‌كانی ئاسان ده‌كه‌وێته به‌رده‌ست.. بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ڵایه‌كی دروست كردووه و ناوی لێ نراوه “كلیپه نیمچه ڕووته‌كه‌ی موژدین”، ته‌نیا كۆنخوازهكانن پێی ده‌وێرن، بۆ ئێمه‌مانانیش ئه‌و ته‌رزه بۆچوونانه وه‌ك نوكته ده‌بنه مایه‌ی پێكه‌نین.
من وه‌ك چاو‌دێر و شاره‌زایه‌ك قسه له‌سه‌ر هونه‌ر ده‌كه‌م، بۆیه پێویستیم به له نزیكه‌وه ناسینی موژدین نییه، به‌دیدی من ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ دیوه هونه‌رییه‌كه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه تاوتوێ بكه‌ین و شیی بكه‌ینه‌وه، ده‌هێنێ كه‌سانی شاره‌زای بواره‌كه له‌باره‌یه‌وه بدوێن، مه‌به‌ستم له‌باره‌ی ته‌واوی توخمه‌كانی گۆرانییه‌كه نه‌ك جه‌سته‌ی گۆرانیبێژه‌كه، چونكه شاره‌زایانی بواره‌كه‌ی لێ بترازێ، كه‌سانی دیكه به‌زۆری له جه‌سته‌وه ده‌چنه ناو به‌رهه‌مه‌كه‌وه نه‌ك له سه‌رنجی ورد بۆ به‌رهه‌مه‌كه بچنه قووڵایی تێكست و پاشان میلۆدی و ده‌نگ و سیناریۆ له كلیپ و جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر یاخۆ گۆرانیبێژی نواندنكار.. ئاخر هه‌ڵه‌ی گه‌وره لێره‌دایه، ڕاگه‌یاندكارێك خۆی ئافره‌ت بێت و كه‌چی به‌شێوه‌یه‌ك له ئافره‌ت بدوێت و جه‌سته‌ی نیمچه ڕووتی موژدین له گۆرانییه‌كدا ناو بنێت “هه‌مه‌جییه‌ت”، ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی كۆنگهرایی و ته‌سكیی بیركردنه‌وه‌یه “وێڕای ڕێزی زۆرم بۆ كه‌سیی ئه‌و خاتوونه ڕاگه‌یاندكاره”.
من له مێژه ده‌زانم وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له بواری ڕاگه‌یاندن و ڕۆشنبیریدا داماو و هه‌ژاره و چه‌ندان جاریش له‌باره‌یه‌وه دوواوم، ئاخر ئه‌و خاتوونه‌یش كه به‌و شێوه زه‌قییه ته‌نیا له ڕوانگه‌یه‌كه‌وه هێرشی بێڕه‌حمانه ده‌كاته سه‌ر موژدین، به‌ناوی شاره‌زا له بواری ڕاگه‌یاندن خزاوه‌ته وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌وه.. من ده‌زانم ئه‌و خاتوونه بێژه بووه، ئه‌وه‌یش ده‌زانم تا ئاستێك بێژه‌رێكی دیاریش بووه، ئه‌وه‌یش ناخه‌مه به‌ر بایه‌خه‌وه تا چه‌ند شاره‌زای بواری ڕاگه‌یاندنه، چونكه ڕاگه‌یاندن فره لق و پۆیه، به‌ڵام به‌كاره‌ساتی ده‌بینم كه‌سێك له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ناونیشانی شاره‌زای ڕاگه‌یاندنی پێ به‌خشرابێ، به‌و شێوه زه‌قی و تهسكبینییهوه له هونه‌ری هاوسه‌رده‌م بڕوانێ، ڕه‌نگه ئاسایی بێت ئه‌و گۆرانییه‌كه‌ی موژدین به‌هونه‌ر نه‌زانێ و چێژیش له ده‌نگی نه‌بینێ، ئه‌وه‌ش ئاساییه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی موژدینی له چمكی خۆڕووتكردنه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌یان ئاسایی نییه داوا بكات ڕێگه له‌و دیارده‌یه بگیرێت و بڵێت “هه‌ندێك ئافره‌تی وه‌كو موژدین ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌مه‌جییه‌ت و لادان له به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان”.. دواتریش ده‌ڵێت “ئایا ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌ستخۆشی له‌و كلیپه‌ی موژدین ده‌كه‌ن، ڕێگه به‌دایك و خوشك و خێزانه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن به‌هه‌مان شێوه ده‌ربكه‌ون”.. ئه‌مه‌یان وردبوونه‌وه ده‌خوازێ، كه بێگومان ته‌نیا وه‌ڵامێك نییه بۆ ئه‌و خوشكه به‌ڕێزه‌مان له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، بگره من لێره‌وه وه‌ڵام ئاراسته‌ی هه‌مووان ده‌كه‌م.
به‌ر له هه‌ر شتێ هه‌ركه‌سێك له هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سیی خۆی ئازاده، له‌وه‌ش واوه‌تر هه‌ر كه‌سێ له ده‌ربڕینی بۆچوونه‌كانی ئازادتره، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئازاد نییه ڕێگه له ئازادیی تاكه‌كان بگرێت، بۆ بواری گۆرانی و بواره‌كانی دیكه‌یش له هونه‌ردا، دیسان كه‌سه‌كان ئازادن و به‌رامبه‌ر به‌وه كه‌ناڵه‌كانیش ئازادن چ به‌رهه‌مێك ده‌وه‌شێنن یان نایوهشێنن، به‌ڵام ڕێگه‌گرتن له‌و ڕه‌وته مافی كه‌س نییه و حكوومه‌تیش ئه‌و كاره بكات ده‌كه‌وێته بۆته‌ی داخراوییه‌وه.
به‌لامه‌وه سه‌یره باسی ئه‌وه بكرێ كێ ڕازی یان ناڕازییه ئه‌ندامانی ماڵباته‌كه‌ی خۆی ئه‌وه بكات كه موژدین كردوویه‌تی، ئه‌م بۆچوونه سووا و كۆنبینییه ته‌نیا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ موژدین و خاتوونه هونه‌رمه‌نده‌كانی دیكه‌یش كه له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وته كار ده‌كه‌ن، وه‌ك قارچك و دۆمه‌ڵان له زه‌وی هه‌ڵتۆقیون، ئه‌دی خۆ ئه‌و خاتوونه به‌ڕێزانه هه‌موویان خاوه‌نی برا و باوك و كه‌سوكار و ماڵباتن، واته هه‌ریه‌كه‌یان پیاوێلێكیان له پشته و پێموانییه كه‌سیان له كونه دیواره‌وه ده‌رچووبن و له دنیا كوردییه‌كه دابڕابن.. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش له داكۆكیكردن له‌وان كه‌سانی وه‌ك ئێمه‌مانان بگه‌یه‌نێت كه وه‌ك نووسه‌ر و چاودێری بواره‌كه بۆچوونه‌كان ده‌خه‌ینه ڕوو، دیسان پرسیاره‌كانی به‌رانبه‌ره‌كانمان هه‌رچه‌ندی بڵێی بێ‌واتا و سفر ده‌بنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ربڕینه‌كان له خۆیاندا ده‌بنه هه‌ڵگری پره‌نسیپ، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه ڕه‌گه‌زی مێ له خێزانه‌كانیاندا بوونی هه‌بێ یان نه‌بێت.. (به‌تایبه‌تیش بۆ كه‌سێكی وه‌كو من كه ته‌واوی ئه‌ندامانی ماڵباته‌كه‌مان له هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندن)، بۆیه هه‌ریه‌ك له‌و خاتوونانه ئه‌گه‌ر هونه‌رێكی هاوسه‌رده‌میان پێ بێت و پێشانمانی بده‌ن، له زۆر ڕوانگه‌وه ده‌بنه خوشك و كچ و خۆشه‌ویستی ئێمه، كه‌واته (موژدینهكان) له هه‌موو ئه‌و ماڵباتانهدا شوێنیان ده‌بێته‌وه كه بڕوایان به‌هونه‌ری هاوچه‌رخ و سه‌رده‌م هه‌یه و وه‌ك پره‌نسیپێك پاڵپشتییان ده‌كه‌ن و كاریان بۆ ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌و جۆره پرسیاره شل و شاوه ته‌نیا له كۆنخوازییهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت نه‌ك بۆچوونی ئه‌قڵیی مه‌عریفی بۆ هونه‌ر و تێگه‌یشتن له هونه‌ری نوێ… كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه له‌وێدایه زۆرن ئه‌وانه‌ی چمكی شه‌ره‌ف ته‌نیا به ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی ئافره‌ت ده‌به‌ستنه‌وه، زۆر پره‌نسیپی دیكه له ده‌ست ده‌درێت به‌رامبه‌ر به‌پاراستنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی جه‌سته له دیتن و په‌نجه خستنه‌سه‌ر، به‌ڵام له دیدگه‌ی منه‌وه چمكی شه‌ره‌ف ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌سته به‌مامه‌ڵه‌كردن به‌جه‌سته‌ی ئافره‌ت له پشته‌وه‌ی په‌رده‌كانه‌وه، پێوه‌ست نابێت به‌پێشاندانی هونه‌ری مۆدێرنی كوردی.. وێرانكردنی شه‌ره‌ف ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌سته بهگهندهڵیی دارایی و كارگێڕی و خیانه‌تكردن له نیشتمان، پێوه‌ست نابێت به‌سه‌مای خاتوونه هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌وه.. من وا ده‌زانم ڕاستوێژی و پێشاندانی هونه‌ری نوێ و هاوشانكردنی له‌گه‌ڵ هونه‌ری میلله‌تانی دیكه‌دا، شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌ی ئه‌و خاتوونه هونه‌رمه‌ندانه‌یه كه به‌هونه‌ری كوردی‌یان به‌خشیوه، نه‌ك له‌پای هه‌وڵدان بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكی هونه‌ری له‌لایه‌ن موژدینهكانهوه، هه‌وڵ بۆ له‌كه‌داركردنی شه‌ره‌فی كه‌سییان بدرێت كه لای ئێمه‌مانان ئه‌وپه‌ڕی شه‌ره‌فه، به‌ڵام شه‌ره‌ف به‌واتا دروسته‌كه‌ی پێوه‌سته به‌هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كان نه‌ك ته‌نیا ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی ئافره‌ت.
من له ڕێگه‌ی “یوتوب”ه‌وه گوێبیستی بووم له دیمانه‌یه‌كدا موژدین په‌یامه ڕاستینهكهی بۆ دایكی ده‌نێرێت و ده‌ڵێت “دایه‌گیان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی من ناومه بۆ به‌جیهانیبوون ناومه و بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌یگه‌یه‌نم، هیوادارم لای تۆ هیچ ئازاربهخشێك نه‌بێ، هه‌رچه‌نده ده‌زانم و هه‌ستی پێ ده‌كه‌م ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنانه‌ی لێم ده‌گیرێن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌وانه‌یه ئازارت بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌یش بزانه كه‌سێك كه داهێنان بكات، بێ ئه‌وه نییه ڕه‌خنه‌شی لێ بگیرێت، چۆن من بیرم فراوانه و لایه‌نی ده‌روونیی خۆم ڕاگرتووه، هیوادارم بتوانم كه‌مێك له‌و ئازاره‌ت به‌و تێگه‌یشتنه پێ بگه‌یه‌نم و لێت كه‌م بكه‌مه‌وه و تۆیش هه‌ندێك خۆڕاگر بیت و ئه‌م داهێنانه‌م به‌كه‌م نه‌بینی”.. ئاخر هه‌ركه‌سێك تۆزقاڵێك له په‌یامه‌كه‌ی موژدین بۆ دایكی ورد بێته‌وه، ئاسان ده‌توانێ ئه‌وه بدۆزێته‌وه كه له‌لای ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆڕووتكردنه‌وه ته‌نیا به‌دیوه سێكسییه‌كه‌ی له پێشاندانی جه‌سته‌دا كۆ نه‌بووه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه جه‌خت له بیر فراوانیی خۆی ده‌كاته‌وه و باس له ڕاگرتنی لایه‌نی ده‌روونیی ده‌كات.
لێره‌وه ده‌هێنێ نموونه‌ی زیندووی دیكه وه‌ربگرین.. هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوێرییان له ده‌رخستنی هونه‌ره‌كه‌یان تێدایه، له هه‌ر قۆناغێكدا به‌جۆرێك له جۆره‌كان دژایه‌تی كراون، به‌ر له ده‌نگۆی كلیپه‌كه‌ی موژدینیش دنیایه‌ك ڕه‌خنه ئاراسته‌ی قوتابییه‌كانی هه‌ڵكه‌وت زاهیر كرا، به‌ر له‌وانیش له‌یلا فه‌ریقی و ئه‌وانی دیكه‌یش بێبه‌ش نه‌بوون له‌و ڕه‌خنه بێبنه‌مایانه، به‌ڵام له به‌رده‌وامیدا هونه‌رمه‌ندێتیی خۆیان له هونه‌رێكی هاوسه‌رده‌مدا جێگیر كرد و بووه‌ته ڕه‌وتێك و نایه‌ته وه‌ستان.. من له بیرمه له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكاندا هه‌مان ئه‌و ڕه‌خنانه ئاراسته‌ی خاتوونه هونه‌رمه‌ند (دكتۆره به‌لقیس دۆسكی) كرا كه ئه‌وده‌م به‌ناوی (ژیان ئه‌حمه‌د)ه‌وه گۆرانیی ده‌گوت، به‌ڵام ئه‌وه‌تا دوای تێپه‌ڕبوونی ده‌یان ساڵ، (ژیان ئه‌حمه‌د) له به‌رگێكی دیكه‌دا به‌رده‌وامیی هه‌یه و هاوكات بێبه‌ش نییه له ڕه‌خنه‌باران.
به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌وانه‌یش، من زۆر جار وه‌ك فێرگه‌یه‌كی هونه‌ریی نوێ له بواری میلۆدی و كاركردن بۆ گه‌نج باسی هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیرم كردووه، مه‌به‌ستم ئه‌و ڕه‌وته‌یه كه زۆرترین دژایه‌تی كراوه، به‌ڵام به‌رده‌وامییه‌كه‌ی كردوویه‌تییه كه‌توارێك هه‌رگیز نایه‌ته فه‌رامۆشكردن، واته ڕه‌وتێكه به‌رده‌وامیی ده‌بێت.. ئه‌قڵی موژدینیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و ڕه‌وته‌وه نزیكه، بۆیه ده‌هێنێ ئه‌و خاتوونه ته‌نیا نه‌هێڵرێته‌وه، ئه‌و په‌نجانه‌ی هه‌ڵكه‌وت كه ده‌كه‌ونه به‌ر میلۆدیی خاتوونه‌كانی نزیكی خۆی، خۆزگه به‌ر موژدینیش ده‌كه‌وتن.