Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
حوكمدانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر …. حه‌مه‌ مه‌نتك

حوكمدانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر …. حه‌مه‌ مه‌نتك

Closed

 

ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ كه‌ ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌، گوایه‌ ئازادی بیروڕای تێدایه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و به‌داموده‌زگابوون و دیموكراسیی ده‌هاوێژێت.لێ‌ ده‌بینین ڕۆژانه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ئازادی و دیموكراسییه‌ سنووردراركرن و كوشتنی ئازادی بوونی هه‌یه‌. هه‌موومان كێشه‌ی كۆواری وێران و حیزبی یه‌كگرتوو و مه‌لاكان ده‌زانین. ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی به‌ناو نوێنه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌، لێ‌ ته‌نها مه‌لاكان له‌وێدا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌. ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی مه‌لایه‌ك قسه‌یه‌ك بكات ئیتر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نییه‌. ئه‌و دادگه‌یه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دادگه‌ ده‌كات. یێكێك له‌شانازییه‌كانی كۆواری وێران ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوه‌خۆ هه‌وڵی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ناشرینییه‌كانی ده‌دا، لێ‌ مه‌لا و حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان بێده‌نگ بودجه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرت و ده‌رۆزه‌یان له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كرد. ئێمه‌ نه‌دژی مه‌لاین و نه‌دژی ئایین، به‌ڵكوو ئایین به‌ زه‌روره‌تێك ده‌زانین بۆ مرۆیایه‌تی. هه‌روه‌ها نالی و شێخ ره‌زا و سالم و جزیری و خانی و كه‌ڵه‌شاعیرانی تر مه‌لابوونه‌، لێ‌ بیركردنه‌وه‌یان فراوان بووه‌. ئه‌و سه‌رده‌م له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تی عوسمانی شێخ ره‌زایه‌ك باسی ئه‌ندامی زاوزێی مرۆ ده‌كات، باسی نێربازی ده‌كات، لێ‌ نه‌ مه‌لایه‌ك، نه‌ والییه‌ك،نه‌ ده‌سه‌ڵاتیش دادگه‌ی ناكات. خه‌ڵكیش به‌خۆشییه‌وه‌ پێشوازی له‌ شیعره‌كانی ده‌كات. ئێستا له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، له‌ناو حكومه‌تێكی به‌ناو دیموكراسی و پاراستنی مافی هاوڵاتیان رووناكبیرێك حوكم ده‌درێت له‌سه‌ر جوانی، له‌سه‌ر شیعر، لێ‌ حوكمدانێك له‌ژێر فشاری مه‌لاكان. (د. فه‌رهاد پیرباڵ) به‌ شه‌ش مانگ حوكمدرا. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌دڵی مه‌لاكانی نه‌كردووه‌. تا سێ‌ ساڵیتر ئه‌گه‌ر یه‌ك وشه‌، یه‌ك ڕسته‌ی جوان، ده‌رببڕێ‌ و شكاتی لێبكرێت ئه‌وا حوكمه‌كه‌ی به‌سه‌ر جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت. ئه‌وه‌ش بێگومان به‌دڵی مه‌لاكانه‌ و ده‌یانه‌وێت فه‌رهاد پیرباڵ سنووردار بكه‌ن. چونكوو ئێستا ئیسلامییه‌ سیاسیه‌كان و مه‌لاكان هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت شكاتی لێده‌كه‌ن. له‌كاتێك هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینییه‌ك ده‌یان مه‌لا له‌ مزگه‌وته‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئاینیی مه‌سیحی و جوله‌كه‌ و جنێویان پێده‌ده‌ن و ئیهانه‌یان ده‌كه‌ن، كه‌س پێیان ناڵێیت له‌پشتی چاوتان دوو برۆیه‌. ڕاسته‌ بۆ مه‌لاكان و حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌رێمێكی ئازاد و دیموكراسه‌. ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش (هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د) سزایه‌كی دارایی له‌سه‌ر شیعرێكی له‌ دادگه‌ی دهۆك درا. زۆربه‌ی بیره‌ تاریكه‌كان ده‌یانه‌وێت، شیعر، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب بكوژن. لێ‌ ئه‌وه‌ هه‌رگیز ڕوونادات. هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌وانه‌ ته‌نیا بۆ سنووربه‌ندكردنی قه‌ڵه‌م و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی بیروڕا و كوشتنی جوانییه‌. لێ‌ نووسه‌رانی خاوه‌ن قه‌ڵمی جوان و یاخیی هه‌رگیز له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ناترسن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ داهێنانی جوان. بۆیه‌ داوا له‌گشت له‌نووسه‌ران ده‌كه‌ین كه‌ هه‌لوێستی خۆیان ده‌رببڕن، چونكوو ئه‌مڕۆ فه‌رهاد پیرباڵ و هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د دادگه‌یی ده‌كرێن، سبه‌ی نۆره‌ی نووسه‌ری تر دێت. ئایا سنوورداركردنی چالاكی ئه‌ده‌بی و مه‌ده‌نی و موماره‌سه‌ركردنی بیروڕای ئازاد مانای چی ده‌گه‌یه‌نێ‌. تاكوو كه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كانمان مه‌ره‌كه‌بیان وشك بكرێت. بۆیه‌ ئێمه‌ كه‌مپینێك ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ ئه‌و دادگه‌یی و سزا داراییانه‌ دابنرێت، چونكوو تاكوو ئێستا مه‌لایه‌ك هه‌رچی كردبێت سزا نه‌دراوه‌. ئێمه‌ نامانه‌وێت تانه‌ له‌كه‌س بده‌ین، هه‌روه‌ها دینی ئیسلامیش به‌ دینی میلله‌تی خۆمان ده‌زانین، لێ‌ ئیسلام ئه‌وه‌نده‌ به‌رته‌سك نییه‌، هه‌موو شتێك سنووردار بكات. ئه‌وه‌ مه‌لاكانن، حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانن ئیسلامیان به‌رته‌سك كردۆته‌وه‌. بۆیه‌ داوا له‌هه‌موو نووسه‌ران ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت پشتگیری ئه‌م كه‌مپینه‌ بكه‌ن، له‌كاتی ڕاگه‌یاندنیدا با ناوی خۆی بنووسێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.