جێنده‌ر چییه؟ … نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د
جێنده‌ر چییه؟
نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د
جێنده‌ر (الجنوسه) چه‌مكێكه سه‌رجه‌می ئه‌و توێژینه‌وانه له‌خۆ ده‌گرێت كه‌له‌باره‌ی كاروبار‌و كێشه‌ی ژنان ده‌كۆڵێته‌وه له‌هه‌موو بواره‌كانی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری‌و بایۆلۆژی‌و نوژداری‌و سایكۆلۆژی‌و یاسایی‌و ئایینی‌و فێركردن‌و په‌روه‌رده‌و ئهدهبو هونه‌رو پهیوهستكاریو كاركردن‌و ڕاگه‌یاندن. جێنده‌ر له‌زانكۆكانی خۆرئاوادا بایه‌خێكی زۆری پێدهدرێتو لهلێكچهری گشتیدا ده‌خوێنرێت، داینه‌مۆی سه‌ره‌كیی ئه‌و جۆره لێكۆڵینه‌وانه بریتییه له‌و بانگه‌شه‌ی ئازادییه‌ی كه بزووتنه‌وه‌كانی ژنان له‌ئاسته جیاجیاكاندا ئه‌نجامی دهدهنو پتر جه‌خت له‌چه‌مكی جێنده‌ر دهكهنو یه‌كسانیی ژن‌و پیاو له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌بێ جیاوازی ده‌سه‌لمێنن. هه‌روه‌ها جێنده‌ر له‌مه‌سه‌له‌ی ڕه‌گه‌زی نێر‌و مێو نێرهموكو هۆمۆسێكسواڵو ئه‌و بابه‌تانه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه، بۆ نموونه هه‌ندێجار ژنان جلوبه‌رگی پیاوان له‌به‌رده‌كه‌ن، یان پیاوان جلی ژنان‌و ملوانكه‌و گواره‌و ماكیاژ به‌كار ده‌هێنن بۆ سڕینه‌وه‌ی جیاوازیی جێنده‌ری. ئه‌مه له‌ڕاستیدا ده‌رهاویشته‌ی پۆست مۆدێرنه‌و پۆست فێمینیزمه.
ئه‌م زاراوه‌یه له‌بنه‌ڕه‌تدا زاراوه‌یه‌كی زمانه‌وانیه‌و لهئهسڵه لاتینییهكهیهوه وه‌رگیراوه (gunes ) و ئاماژه بۆ دابه‌شكردنی سینتاكسی رێزمان ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌مانای جۆر یان چه‌شن یان بنه‌چه دێت، پاشان له‌زمانی فه‌ره‌نسیدا بووه به ( gender) كه له‌وێشدا هه‌مان مانا ده‌به‌خشێت به‌ڵام بۆ ره‌گه‌زی مرۆڤ به‌كار دێت، هه‌ر له‌و زاراوهیهشهوه وشه‌ی ژانر په‌یدا بووه كه بۆ ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان به‌كارهێنرا.
له‌ڕاستیدا ئه‌م زاراوه‌یه لقوپۆپدارو ئاڵۆزه‌و زیاد لهمانایهك هه‌ڵده‌گرێت، سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزیییهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م زاراوه‌یه بونیادێكی ڕوون‌و دیاریكراوی نییه، له‌زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی دیكه دهگۆڕێو مانای جیاواز‌و بگره دژ بهیهكیشی هه‌یه.
ده‌توانین بڵێین جێنده‌ر، له‌یه‌كێك له‌ماناكانیدا، نایه‌وێت دان به‌ره‌گه‌زی بایۆلۆژی مرۆڤ و ئه‌ندامه زاوزێكانی مرۆڤدا بنێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌م جیاوازییه نایه‌كسانی له‌نێوان نێر‌و مێدا دروست ده‌كات، جێنده‌ر وایده‌بینێت جیاوازی بایۆلۆژی نێر‌و مێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ئاستی تێگهیشتنو توانای بیركردنه‌وه‌وه نییه، كه‌چی له‌مانایه‌كی تردا‌و له‌هه‌ندێ زمان‌و كۆمه‌ڵگای دیكه‌دا، جێنده‌ر ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی نێر‌و مێ كه له‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌دا پشت به جیاوازیی بایۆلۆژی ده‌به‌ستێت.
جێنده‌ر به‌مانا نوێیه‌كه‌ی له‌وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا به‌مجۆره پێناس ده‌كرێت: جیاوازیی ره‌گه‌زی له‌نێوان نێر‌و مێدا بریتییه لهجیاوازییهكی پێكهاتهییو دامهزراوهییو كولتوری، نه‌ك جیاوازییه‌كی سروشتی‌و بایۆلۆژی، بۆیه ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌نێوان نێر‌و مێدا ده‌كرێت، سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی بایۆلۆژی‌و ئه‌ندامه‌كانی زاوزێ، كه‌ئه‌مه له‌ڕاستیدا هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌و به‌زۆر سه‌پێنراوه. توێژینه‌وه‌كانی ژنان هه‌وڵیداوه هه‌ڕه‌میه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان نێر‌و مێ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، كهلهڕلستیدا كولتوری پیاوو رۆشنبیریی باوی كۆمه‌ڵگه ئه‌و ههڕهمیهتهی خوڵقاندووه، له‌لوتكه‌ی ئه‌و ههڕهمهشدا پیاو نیشته‌جێیه، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه پێكهاته‌ی بایۆلۆژی پیاو له‌پێكهاته‌ی بایۆلۆژی ئافره‌ت باشتر‌و پته‌وتره، بۆیه ئافره‌ت له‌پله‌یه‌كی نزمتری ئه‌و په‌یوه‌ندییه هه‌ڕه‌مییه‌دا داده‌نرێت، جێنده‌ر ئه‌م تێڕوانینه ڕه‌تده‌كاته‌وه.
پسپۆرانی بواری جێنده‌ر باس له‌وه ده‌كه‌ن كه‌جیاوازیی پیاو به‌سیفاته ئیجابیهكانیهوهو ژن به سیفاته سهلبیهكانیهوه(كه ئه‌مه هه‌ره‌میه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان ژن‌و پیاو دیاری ده‌كات) جیاوازییه‌كی ئایدیۆلۆژی‌و كولتوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه، كۆمه‌ڵگه‌و كولتووره جیاجیاكان به‌زه‌بری هێزو یاسا‌و چه‌ك داكۆكی لێده‌كه‌ن، واته پاڵه‌په‌ستۆی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتووری، بونیادی جێنده‌ر به‌لای هه‌ژموونی پیاودا ده‌به‌ن. كه‌واته رۆشنبیریی كۆمه‌ڵگه كۆت‌و سنوور بۆ جۆری بیركردنه‌وه‌و داهێنانو ره‌فتاره‌كان داده‌نێت نه‌ك سروشتی بایۆلۆژی.
جێنده‌ر، هه‌ردوو چه‌مكی (ڕه‌گه‌ز)و (جۆر) له‌یه‌كدی جیاده‌كاته‌وه، به‌و پێیه‌ی ڕه‌گه‌ز (نێر بێت یان مێ) مه‌سه‌له‌یه‌كی بایۆلۆژییه، به‌ڵام جۆر (بۆ نموونه مێینه‌یی) بریتییه له وێناكردن‌و تێڕوانینی كۆمه‌ڵایه‌تی. لێره‌دا جێنده‌ر جه‌خت له‌وه ده‌كات كه ره‌گه‌زی مرۆڤ، نێر بێت یان مێ، ده‌توانێت له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا داهێنان بكات، لێره‌دا ژنیش ده‌توانێت له‌ئاستی پیاودا بیربكاته‌وه‌و داهێنانی گه‌وره بكات، ده‌توانێت له‌بواری ئهتۆمیو گه‌ردوونیشدا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ژموونی پیاو به‌درێژایی مێژوو نه‌یهێشتووه زانایه‌كی ژن له‌بواری ئه‌تۆمیدا پسپۆر بێت، یان له‌بواری گهردوونناسیو چوونه ناو مانگ‌و فه‌زاو هه‌روه‌ها له‌بواری فڕۆكه‌وانیدا پسپۆر‌و شاره‌زا بێت.
ئیلین شوالته‌ر پێی وایه جێنده‌ر بریتییه له بونیادێكی رۆشنبیری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك ڕاستییه‌كی سروشتی‌و جه‌سته‌یی، بۆیه جێنده‌ر زاراوه‌یه‌كه له‌و بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوری‌و سایكۆلۆژییانه ده‌پێچێته‌وه كه سه‌پێنراون به‌سه‌ر جیاوازیی ره‌گه‌زی‌و بایۆلۆژیدا.
پاشان خاتوو جوان سكۆت له‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی جێنده‌ریدا ده‌یسه‌لمێنێت كه (زانست) ئه‌دگاری پیاوانه‌ی وه‌رگرتووه‌و مه‌عریفه‌ی زانستی هه‌میشه ژنی له‌و بواره دوور خستۆته‌وه، بۆیه له‌هه‌ندێ پسپۆریدا ته‌نها پیاو تیایدا باڵاده‌سته. جوان سكۆت سێ ئامانج بۆ جێنده‌ر دیاری ده‌كات:
یه‌كه‌م: شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه جیاوازیی بایۆلۆژی به‌زۆر ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر جیاوازیی ره‌گه‌زیدا.
دووه‌م: ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌راوردكاری نێوان ژن‌و پیاو له‌یه‌ك كایه‌ی پسپۆریدا بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ژن‌و پیاودا داده‌نرێت.
سێیه‌م: گۆڕینی نموونه‌كانی پسپۆری به‌پێی میتۆدی جێنده‌ر، واته هه‌ر پسپۆرییه‌ك كه تایبه‌ته به‌پیاو یان پیاو تیایدا باڵاده‌سته، له‌ئافره‌تیشدا ئه‌زمون بكرێت بۆ سڕینه‌وه‌ی جیاوازیی جێنده‌ری.
وه‌ك پاڵپشتێك بۆ ئه‌و بۆچوونه، هه‌ندێ لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام دراون بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ڕه‌گه‌زی بایۆلۆژی نابێته هۆكارێك بۆ دیاریكردنی توانای ئیدراكی، به‌ڵكو توانای دهرككردنو بیركردنه‌وه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چوارچێوه‌ی بۆ داده‌نرێت، بۆیه ژنان له‌م چوارچێوه به‌زۆر سه‌پێنراوه‌دا ناتوانن له‌هه‌موو پسپۆرییه‌كاندا رۆڵیان هه‌بێت.
هه‌ندێ جار لێكۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ری زیاده‌ڕۆیی دهكاتو جیاوازیی نێوان نێر‌و مێ پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه،واته ده‌یه‌وێ ده‌ریبخات كه مێ له‌پێشتره‌و ده‌بێ ژن هه‌ژموونی به‌سه‌ر پیاودا هه‌بێت، یان هه‌وڵده‌دات بیسه‌لمێنێت مێینه بنه‌ماو سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ژیانه‌و ته‌نها مێینه ڕه‌سه‌نه، بۆیه ده‌بێ هه‌ژموونی گشتیی ههبێتو پیاو له‌خزمه‌تی ئه‌ودا بێت، لێره‌دا ئه‌م تێڕوانینه ده‌كه‌وێته ناو هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌و ئه‌و داوه‌ی پێشتر پیاو تێی كه‌وتبوو.
بۆ زانیاریی زیاتر، خوێنه‌ر ده‌توانێت ئه‌م كتێبانه بخوێنێته‌وه:
1- دلیل الناقد الادبی، تألیف: د.میجان الرویلی و د.سعد البازعی، ، الدار البیچا‌و- المغرب، گ5، 2007.
2-الجنوسه، تألیف:دیفید غلوفر و مورا كابلان، ترجمه:عدنان حسن، دار الحوار للنشر والتوزیع، سوریه-اللاژقیه، 2008.
3- النسویه ومابعد النسویه، تألیف: ساره جامبا، ترجمه: احمد الشامی ، المجلس الاعلی للپقافه، القاهره، 2002.
4-جێنده‌ر له‌سێ كتێبی سویدیدا-وه‌رگێرانی: شۆخه عه‌بدوڵڵا، له‌بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری نیشتمانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر، سلێمانی.