
داڕمانی دوا قه‌ڵا …… ڕزگار عومه‌ر
په‌یدابوون و گه‌شه سه‌ندنی دیارده‌ی ” شافێز” وه‌ک زه‌قترین پڕۆژه له فۆرمی سۆشیالیزمی چه‌پ له ئه‌مڕۆی ئه‌مریکای لاتیندا،که‌ره‌سته‌یه‌کی ئیعلامی گه‌وره‌ی بۆ میدیا‌و ماده‌یه‌کی پڕ له بیانووی بۆ نێوه‌نده‌کانی سوپاودهسهڵاتی سیاسی حکومه‌تی ئه‌مریکا دروست کردووه که بڵێن هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر دیموکراسی وا له حه‌وشی پشتهوهمانه . ئه‌م هه‌رایه ، هه‌ڵومه‌رجێکی تازه‌ی دروست کردووه که ووڵاتی ” کوبا ” که‌متر تیشکی میدیای له‌سه‌ر بێت،له کاتێکدا کوبا دوای نزیکه‌ی نیوسه‌ده له ئه‌زموونێکی تایبه‌تدا،به ئه‌سپایی وا خه‌ریکه ته‌سلیمی مۆدیلی بازاڕی ئازاد ده‌بێت .
ڕائول برای ڤیدیل کاسترۆ،که له ساڵی 2006دا له شوێنی براکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ده‌ست گرتووه ، پاش ماوه‌یه‌کی زۆرکه‌م له‌وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ڕایگه‌یاند که :- (( ئابوری پێویستی به گۆڕان وڕیفۆرمه )) ڕیفۆرم به مانای ده‌رگا کردنه‌وه بۆ بازاڕی ئازاد، له کلتوری سیاسی درۆینه‌ی ڕۆژئاواش ده‌رگا کردنه‌وه بۆ بازاڕی ئازاد مانای ده‌ست پێکردنی دیموکراسیه . پێشوازی له نیازه‌کان و ڕاگه‌یاندنه‌کانی ڕائول له لایه‌ن ئه‌ورپاو ته‌نانه‌ت ئه‌مریکاش پاڵپشتیه‌کی زۆری هه‌یه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ڕائول ، لهزۆرلێکدانهوهکانی نێوه‌نده سیاسیه‌کانی نه‌ک ته‌نیا باڵی ڕاست له ڕۆژئاوا،به‌ڵکو باڵی چه‌پیش له‌ئه‌وروپا وئه‌مریکا گرێ ده‌درێته‌وه به میسۆدو شێوازی کارکردنی ڕائول له‌سیاسه‌تدا،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵێکی زۆر خه‌رج ده‌کرێ له‌دروست کردنی به‌راوردکاری نێوان خۆی وڤیدیل کاسترۆی برای ، له‌کاتێکدا حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه 14 ساڵ به‌ر له وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی واته له سه‌ره‌تای 1992 ئه‌م ڕیفۆرمانه،واته جێکردنه‌وه بۆ بازاڕی ئازاد له ئه‌زموونی کوبادا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڤیدیل کاسترۆدا به‌ڕێوه‌چوو.
قه‌یرانی ئابووری له کوبا دوای ڕووخانی سۆڤیه‌ت دروست بوو،چونکه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت کوبای بێ پاڵپشتی هێشته‌وه له بواری که‌مبوونی ” دراوی جیهانی ” . له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ ڕاکێشانی دراوی جیهانی کوبا ڕێگه‌یدا له بواری گه‌شت وگوزاردا ( سیاحه‌ت)دا ده‌رگا واڵا بکرێ بۆ شێوازی بازاڕی ئازاد . له‌و سه‌رده‌مه بۆ یه‌که‌م جار بوو به فه‌ڕمی حکومه‌ت ڕێگه‌ی دا له هه‌ندێ ناوچه‌ی گه‌شت گوزار هاوڵاتیان ژوور له ماڵه‌کانی خۆیان به‌کرێ بده‌ن ، که دواتر ئه‌م به‌شه له ئابووری په‌ره‌ی سه‌ندو گه‌شه‌ی سه‌ندو گه‌یشته دامه‌زراندنی ئوتێلی گه‌وره، دواتر سوپای کوبا له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی کۆمپانیای گه‌شت وگوزاری تایبه‌ت به‌خۆی ، له بابه‌تی GAESA مۆنۆپۆلی ته‌واوی که‌رتی گه‌شت وگوزاری کرد،ئه‌مڕۆش قازانجی سوپا له‌م که‌رته خۆی ده‌دا له 1$ بیلیۆن دۆلار، ئه‌م به‌شه له ئابوری له لایه‌ن کۆلۆنێل :- Luis Alberto Rodriguez به ڕێوه‌ده‌چێ که زاوای ڕائول کاسترۆیه.ئه‌م که‌رته له ئابوری له 40% داهاتی ئابوری کوبا پێک دێنێ .
مۆدیلێک هه‌یه له چه‌پی جیهانی ڕه‌خنه‌گرتن له ئه‌زموونی کوبا وه‌کو حه‌رام مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ ده‌کا، ڕه‌خنه له ئه‌زموونی ئه‌مڕۆی کوبا ته‌نیا له‌و گۆشه‌وه ده‌ست پێده‌کا،که پڕۆسه‌ی ڕمانی ئه‌م ئه‌زموونه ئه‌نجامه‌کانی چی ده‌بێ ؟ به تایبه‌تی پێشبینی ده‌کرێ که کوبا لاسایی دوڵه‌تی چین بکاته‌وه له شێوازی له خۆگرتنی بازاڕی ئازاد . چینی کرێکار له ده‌وڵه‌تی ” چین ” به‌ر له پیاده‌کردنی مۆدیلی بازاری ئازاد ته‌نیا دوو شتی هه‌بوو ( خوێندنی خۆڕایی ، بیمه‌ی ته‌ندروستی ) دوای هاتنی بازاڕی ئازاد ئه‌مانه‌شی نه‌ماو ئه‌و سه‌ربه‌خۆیی وئازادیهی که په‌یمانی گه‌یشتنی بازاڕی ئازادیش بوو قه‌ت نه‌گه‌یشت . دام وده‌زگاکانی پۆلیس به‌گشتی و پۆلیسی نهێنی له ووڵاتی چین به‌ر له هاتنی بازاڕی ئازاد ئه‌رکی بریتی بوو له سه‌رکوتی سیاسی و پاراستنی ئایده‌لۆژی حیزب وحکومه‌ت ، هه‌ر ئه‌م دام و ده‌زگایه له ئه‌مڕۆدا له جیاتی (پاراستنی ئایدیۆلۆژیا) ئه‌رکی بووه به سه‌پاندنی توندڕه‌وترین یاساکانی ڕێکخستنی بازاڕی کار.بۆ نموونه له زۆربه‌ی ووڵاتی چین ڕێکخستنی بازاری کار له‌سه‌ر بنه‌مای زۆن و ناوچه به‌ڕێوه ده‌چێ ، ئه‌و کرێکارانه‌ی که هه‌ڵگری ناسنامه‌ی زۆنێکن، ناتوانن له زۆنێکی تردا به دوای کاردا بگه‌ڕێن ،ئه‌مه پۆلیسه به ووردی هه‌موو هه‌وڵێکی چینی کرێکار بۆ ڕێکخستنی خۆی ودامه‌زراندنی ڕێکخراوی تایبه‌ت به خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه ، ڕاپۆرته‌کانی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ بارودۆخی چینی کرێکار له ئه‌مڕۆی چین ده‌شوبهێنن به بارودۆخی چینی کرێکار له به‌ریتانیا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م .
کوبا بۆ پیاده کردنی بازاڕی ئازاد پێویستی به سه‌رمایه هه‌یه، زۆربه‌ی مۆدیله‌کانی ئابوری سێنتڕاڵ له کاتی داڕمان و وه‌رگه‌ڕان به‌ره‌و بازاڕی ئازاد بۆ وه‌رگه‌ڕان بۆ ئه‌م شێوازه له ئابوری به لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه ده‌ست پێده‌که‌ن که موڵکی خه‌ڵکه له بابه‌تی ( خوێندنی خۆڕایی، بیمه‌ی بێ‌کاری ، بیمه‌ی ته‌ندروستی ) . سوپای کوبا که له نیوسهدهی ڕابردوو گه‌وره‌ترین ڕۆڵی هه‌بووه له ژیانی کوبا،له ئێستاوه دیاره به پێ ی ئه‌و جێ وشوێنه‌ی هه‌ر له‌ئێستاوه له بازاری ئازادا هه‌یه‌تی ڕۆڵه‌که‌ی چه‌ند قات ده‌بێته‌وه له‌کاتی وه‌رگه‌ڕانی یه‌کجاره‌کی بۆ بازاڕی ئازاد ، قسه‌که لێره له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که وه‌همی هاتنی ” دیموکراسی ” شان به شانی ڕیفۆرمی ئابوری له باری مێژوویه‌وه هیچ زه‌مینه‌ی نه‌ماوه ، چونکه ئه‌زموونی وه‌رگه‌ڕانی ووڵاتی(چین ) بۆ یۆتۆبیای بازاڕی ئازاد سه‌لماندی که سه‌رمایه‌داری له سه‌ده‌ی بیست ویه‌کدا بۆبه‌رده‌وام بوونی خۆی هیچ پێویستیه‌کی به ” دیموکراسی ” نه‌ماوه .
زۆر چه‌پ هه‌یه له‌وانه‌یه حه‌سره‌ت بخوا بۆ داڕمانی دووا ئه‌زموونی ئه‌م فۆرمه له سۆشیالیزمی به‌روبومی سه‌ده‌ی بیست ، ڕه‌نگه تائێستاش دڵی بۆ ئه‌وه لێ‌بدا که کوبا سه‌نگه‌رێکی ئه‌نتی ئیمپریالیزمه ، ڕاستیه‌که‌ی قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نیه که هێڵی ڕاست وچه‌پ به سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونانه دابهێنین ، به‌ڵکو تێگه‌یشتنه له‌و ئه‌نجام پرسیارانه‌ی که داڕمانی ئه‌م ئه‌زموونانه ئه‌یخه‌نه سه‌ر مێژووی تازه‌ی جیهان .
ئه‌وه‌ی تا ئێستا به ئاشکرا دیاره ئه‌م فۆرمه له سۆشیالیزم له کاتی وه‌رگه‌ڕانی بۆ بازاڕی ئازاد زۆر دڕنده‌تر له به‌ره‌ی لیبرالیزم ده‌که‌وێته گیانی چینی کرێکار، هه‌موو میکانیزمه‌کانی هێزو ئۆتۆریته‌ی جیهازی ده‌وڵه‌ت له دیکتاتۆریه‌تی تاقه حیزب و ئایدیۆلۆژیا به هێزێکی زیاتره‌وه ده‌گۆڕێ بۆ میکانیزمی ڕێکخستنی بازاڕی کار.
قسه‌ی له‌سه‌ر نیه، هه‌روه‌کو ئه‌زموونی چین ، له کوبادا ده‌م و چاوه‌کانی ئه‌فسه‌رانی سوپا، لێپرسراوه پایه به‌رزه‌کانی حکومه‌ت ده‌بن به ده‌م وچاوی نوێ ی دونیای دوای ڕمانی ئه‌زموونه‌که،چونکه به پێ ی پلانی حکومه‌تی )ڕائول کاسترۆ (ڕیفۆرمی ئابوری و یۆتۆبیای ” دیمۆکراسی ” به ده‌رکردنی )نیو ملیۆن (کرێکار ده‌ست پێده‌کا له ئه‌پریلی ساڵی 2011 دا. پاش ته‌واو بوونی ئه‌م وه‌جبه‌یه‌ش وه‌جبه‌ی دووه‌می ده‌رکردن ده‌ست پێده‌کا که 800 هه‌زار کرێکاریتر ده‌گرێته‌وه .
ئه‌م ڕاستیه تاڵانه به‌و مانایه نیه که ئێمه ئاهه‌نگی به‌شێک له هاوڵاتیانی کوبا له داهاتوودا نه‌بینین له میدیای جیهانیه‌وه له کاتی ڕمانی یه‌کجاره‌کی ئه‌م ئه‌زموونه . به‌لام ، گرفته‌که لێره‌وه ده‌ست پێده‌کا، له دوای بێداربوونه‌وه له ته‌پ و تۆزی زه‌ماوه‌ند ، چه‌ند ساڵی پێده‌چێ خه‌ڵکی کوبا زیانه‌کانیان له یۆتۆبیای دووه‌م بژمێرن ؟
سه‌رچاوه‌کان
1- Changing Cuba
The Economist, November 2010
2-CHINA IN THE DRIVER’S SEAT. BY : Robert Dreyfuss
The Nation,September 20,2010
3-Living in the End Times
Slavoj Zizek
نووسینی تری نووسه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تی نزیک له‌م باسه:
1- کاسترۆ و گیڤارا
کوبا بۆ من دونیاش بۆ تۆ -2008-
http://www.dengekan.info/dengekan/11/3685.html
2- فهندهمهنتاڵهکانی ئه‌مریکا فه‌توای کوشتنی سه‌رۆکی فه‌نزوێلا ڕاده‌گه‌یه‌نن – 2005-
http://www.dengekan.com/doc/2005/8/rezgarUmar_fanzwila29.pdf
ڕزگار عومه‌ر
orezgar@yahoo.ca