رۆژنامەی ئاسۆ داوای لێبووردنی كرد
بهرواری دابهزاندن: 23/12/2010 : 09:14:05
دوای ئەوەی یەكێتی زانایانو راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف پەیوەندیان بە رۆژنامەی ئاسۆوە كرد، دەربارەی ئەو شیعرەی لە پاشكۆی ئەدەبەوە بڵاویان كردبۆوە، كە تێیدا سوكایەتی بە پەروەردیگار كردبوو، ناوبراو داوای لێبووردنی كردو، بڕیاریشی دا لە ژمارەی ئەمڕۆدا داوای لێبووردن بڵاو بكاتەوە.
بۆیە ئەمڕۆ بڵاوی كردەوەو، ئەمەی خوارەوە دەقی نووسینەكەیە:
روونكردنەوەیەك لە پاشكۆی ئاسۆی ئەدەبی رۆژنامەی (ئاسۆ)وە
لە ژمارەی پێشووی پاشكۆی ئاسۆی ئەدەبدا، شیعرێكی شاعیری دوورە وڵات (حەمە كاكە ڕەش) بڵاوبۆتەوە، كە هەست دەكەین جۆرێك لە نیگەرانی لای ژمارەیەك خوشكو برای موسڵمان درووستكردووە.
ئێمە لە روانگە باوەڕبوونمان بە ئازادی بڵاومانكردۆتەوەو، وەك دەقێكی ئەدەبی كە شیعر ماناو مەغزایی جیاواز بۆ شتەكان لە خۆ دەگرێت.
بەڵام وەك رۆژنامەیەكی بەرپرسیار، هەمیشە پابەندی یاساو دابونەریتی كۆمەڵی كوردەواری بووینو، ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش لای ئێمە پیرۆزبووەو، رێزمان لە هەموو بەها ئایینیو بیروباوەڕێكی سیاسی گرتووە.
هەوڵمانداوە مۆدێلێك لە رۆژنامەگەری دابهێنین، كە رێز لە هەموو كلتوورو دابونەریتو بیروباوەڕێك بگرێت، لەو روانگەیەوەو لە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیو پابەندبوونمان بە ئەخلاقیاتی رۆژنامەوانیەوە داوای لێبوردن لەو كەسانە دەكەین، كە نیگەران بوون لە بڵاوكردنەوەی ئەو شیعرەو، بە سنگێكی فراوانەوە دەرگامان لەسەر پشتە بۆ بڵاوكردنەوەی هەر روونكردنەوەو سەرنجو وەڵامێك لەلایەن زانایانی ئاینیو هەر خوێنەرێكەوە بێت.
هەروەك خوازیاریشین بە هەموومان بتوانین ئەو نەریتە دابهێنین كە لە رێگەی یاساو، بە روونكردنەوەو بڵاوكردنەوەی بیروڕاكانمان، بۆچوونەكانمان دەربڕین نەك ببرێتە بەر وروژاندنی رای گشتیو، بەكاربردنی مینبەرەكانی مزگەوتو شوێنە ئایینەكان.