
سینه‌مای تاركۆڤسكی
سینه‌مای تاركۆڤسكی
جیهانێكی میافیزیكی و خه‌ونێكی بێ سنوور
نووسینی: حمید عقبی
وه‌رگێڕانی: سه‌باح ئیسماعیل
ئه‌نگمار بێرگمان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر فیلم خه‌ون نه‌بێت، ئه‌وا دیكۆمینتارییه، تاركۆڤسكی له هه‌موومان مه‌زنتره، چونكه ده‌مانباته خه‌ونێكی بێ كۆتاوه.. هه‌ندێك پێیان وایه فیلمه‌كانی ئه‌ندرێ تاركۆڤسكیی ده‌رهێنه‌ری ڕووسی قورس و په‌نهانن، له‌سۆنگه‌ی پابه‌ند نه‌بوونیه‌وه به‌گێڕانه‌وه‌ی لۆژیكیی ڕووداوه‌كانی فیلمه‌كانییه‌وه، تاركۆڤسكی ئه‌وه ڕه‌تده‌كاته‌وه كه فیلم ته‌نیا حه‌كایه‌ت، یاخود ئامۆژگاری و گوتاری كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، هه‌روه‌ها به‌لای ئه‌وه‌وه پیشه‌یه‌ك نییه بۆ بژێوی ژیان، یاخۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی مادی.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده دڵسۆزیی زۆری بۆ هونه‌ری حه‌وته‌م نواند، له ناو پێخه‌فی نه‌خۆشیدا دوور له خێزان و نیشتیمانه‌كه‌ی ساڵی 1986 له پاریس به‌ده‌ستكورتی گیانی له‌ده‌ستدا، به‌ڵام سامانێكی هونه‌ریی بۆ مرۆڤایه‌تی جێهێشت، تاركۆڤسكی به‌نه‌مری ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نییه فلیمێلێكی زۆری ده‌رهێناون، به‌رهه‌مه‌كانی حه‌وت فیلمن، كه له شیعره‌وه نزیكترن وه‌ك له سینه‌ما.
سینه‌مای تاركۆڤسكی گه‌شتێكی دڵگیری خه‌ونێكی په‌رجوودار و جیهانێكی میتافیزیكیی بێ سنووره، بینه‌ری فیلمه‌كانی ده‌بێت ئاماده بێت و خۆی وه‌كو سه‌رنشینی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بێته به‌رچاو به‌ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌یه.
به گه‌شتێكی كورت به‌فیلمی ستلكه‌ردا هه‌وڵده‌ده‌ین جیهانی تاركۆڤسكی بدۆزینه‌وه، كه دوا فیلمی بوو له ڕووسیا، ساڵی 1979 ده‌ریهێنا.
ستلكه‌ر كاراكته‌رێكی خه‌وخۆش و شێواوه، له جیهانێكی ته‌نگدا، كه به‌پاره ئابڵووقه دراوه هه‌ست به‌دڵه‌ڕاوكێ ده‌كات، ستلكه‌ر له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی و كیژه كه‌مئه‌ندامه‌كه‌یدا له ماڵێكی خاكه‌ڕایی و خاڵی له دیكۆر و كه‌شخه‌ییدا ده‌ژێت، كه‌شه‌كه ڕه‌نگی تاریك و خه‌مهێنه‌ری له خۆ گرتووه، ڕه‌نگی خاكی له هه‌ندێك شوێندا به‌هێزه‌وه هه‌ژموونی له‌سه‌ر شوێنه‌كانی ڕه‌نگی سپی و ڕه‌شدا جێهێشتووه، سه‌ره‌تایه‌كن بۆ شوێنی داخراو، ژووری نووستن، سێ كاراكته‌ر به‌ده‌رده‌كه‌ون، ستلكه‌ر، ژنه و كچه، له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی یه‌ك نه‌فه‌ری نووستووه له مه‌رگ ده‌كات، شوێنه‌كه بیرۆكه‌ی به‌ندیخانه‌ت بیرده‌خاته‌وه، ته‌نیا په‌نجه‌ره‌یه‌كی تێدایه، كه سه‌رچاوه‌ی ڕووناكی و ده‌نگه، ده‌نگی شه‌مه‌نده‌فه‌ر خوازه‌یه بۆ بیرۆكه‌ی سه‌فه‌ر و هه‌ڵاتن وه‌كو تاقه شێواز بۆ قوتاربوون له واقعێكی ترسناك و توند.
له كاتی نووستندا هه‌ر كاراكته‌ره و دۆخی جیا له‌وی دی هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ت لا دروست ده‌كات، هه‌ر كاراكته‌ره و بۆچوونی خۆی هه‌یه جیا له‌وی دی سه‌باره‌ت به‌گه‌ردوون و بوون. ماڵ خوازه‌یه بۆ وێنه‌ی ڕووسیای نیشتیمان، ستلكه‌ر زۆرێك له تاركۆڤسكییه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، ده‌رهێنه‌ر له ساڵانی دواییدا وای لێ هات وای هه‌ست ده‌كرد له زینداندایه، له سۆنگه‌ی ئابڵووقه و ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ی به‌ده‌ست ده‌زگه فه‌رمییه‌كانه‌وه ده‌یچێشت، كه داهێنانه هونه‌رییه‌كه‌یان ڕه‌ت ده‌كرده‌وه، چونكه سینه‌مای نه‌خستبووه خزمه‌تی دووڕوویی و ستایشی ڕێژیمه سیاسییه تۆتالیتارییه‌كه‌وه.
ده‌بینین ژنه نووستووه، كه‌چی هه‌ر دوو چاوانی كراوه‌ن، ستلكه‌ریش به‌هه‌مان شێوه، ته‌نیا كیژه منداڵه‌كه‌یه به‌ئاسووده‌یی ده‌نوێت، هه‌ر وێنه یاخۆ جووڵه‌یه‌ك له فیلمه‌كانی تاركۆڤسكیدا خوازه‌یه بۆ شتێكی دی، هه‌ر له خاڵی ده‌ستپێكه‌وه له گرته‌ی یه‌كه‌مدا شتێك له خاچ ده‌كات، بۆ ئاماژه‌دان به‌واقعی ئه‌م جیهانه كڵۆڵه ، تاركۆڤسكی، سه‌رنج ده‌داته باده‌یه‌ك كه‌مێك شه‌رابی تێدایه، په‌رداخه‌كه له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ژاوه‌ژاوی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌دا له ده‌ره‌وه، ده‌له‌رێته‌وه، وا هه‌ست ده‌كه‌ین باده‌كه ده‌كه‌وێت، ئه‌م له‌رینه‌وه‌یه ده‌لاله‌تی هه‌مه‌چه‌شنی هه‌یه، گرینگ‌ترینیان له‌رینه‌وه و پشێویی ناوه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه، هه‌ر جووڵه یاخود وێنه‌یه‌كی جیهانی ده‌ره‌وه، جگه له وێنه‌ی جیهانی ڕۆح چی دیكه نییه.
ستلكه‌ر هه‌ڵده‌ستێت، به‌هێوری ئه‌وێ جێده‌هێڵێت، ته‌ماشایه‌كی خێزانه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌چێته ئاشخانه‌كه‌وه، ده‌می ده‌شوات، نانی به‌یانی ده‌خوات، ژنه‌كه‌ی به‌ده‌رده‌كه‌وێت، دڵه‌ڕاوكێ به‌ڕوخسارییه‌وه دیاره، ده‌كه‌ونه گفتوگۆ، ژنه ده‌كۆشێت ڕێی لێ بگرێت له‌وه‌ی ماڵ جێهێڵێت و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار سه‌فه‌ر بكات، ئه‌و شوێنه‌ی ستلكه‌ر به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌كات، تاكو هه‌ست به‌حه‌وانه‌وه و ئارامیی ده‌روونی و ڕۆحی بكات، ئه‌م شوێنه‌ش له ژێر چاودێریدایه و پۆلیس پاسه‌وانیی ده‌كات، ئه‌م شوێنه تووشی ڕووداوێكی كه‌ش و هه‌وا هاتووه، بۆیه داخرا و به‌ر به‌گه‌یشتنه ناوی گیرا. ئه‌وه ته‌نیا ستلكه‌ره ده‌زانێت چۆن بگاته ئه‌م شوێنه، ئه‌وێ پانتایییه‌كی میتافیزیكییه، نه‌ك ته‌نیا شوێنێكی جوگرافیی دابڕاو له سروشتی ئه‌فسووناوی له‌م جیهانه‌دا.
گۆشه‌یه‌كی پیرۆز ئه‌ویش ژووری چێژوه‌رگرتنه، ئه‌و شوێنه‌ی ستلكه‌ر تێیدا هه‌ست به‌خۆشییه‌كی ڕۆحی و هاوسه‌نگییه‌كی ده‌گمه‌نی ناوخۆیی ده‌كات، هه‌ستكردن به‌كامه‌رانی ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند ساتێكیش بێت، شایانی سه‌ركێشی و سه‌رچڵییه، دوور نییه له هه‌ر گه‌شتێك به‌م جیهانه‌دا گه‌شتیار ژیانی له‌ده‌ست بدات، لێ له به‌هه‌شت ده‌كات، گه‌شتی ستلكه‌ر و هاوه‌ڵانی له گه‌شته‌كه‌ی دانتی ده‌كات بۆ به‌هه‌شته ونبووه‌كه. خراپه‌كاری ده‌وری داوین و ڕێگه‌ی هه‌ستكردنیش به‌كامه‌رانی دژواره، له جیهانی خه‌وندا حه‌قیقه‌تی خۆمان ده‌بینین، ڕزگاربوون له ساخته‌كاری و بینینی خود هێند كارێكی ئاسان نییه، ڕۆح ئه‌و شته‌یه كه تاركۆڤسكی به‌دوایدا وێڵه، سینه‌ما ئامرازی گه‌ڕان و گوزارشتی ڕۆحی و هزری و فه‌لسه‌فییه، هه‌ر وێنه‌یه‌ك ده‌لاله‌ت هه‌ڵگرێت ده‌رهێنه‌ر بۆ ئاوه‌زی بینه‌ری ده‌نێرێت، چونكه هزر و ئاوه‌ز ده‌روازه‌ی ڕۆحن.
له گشت فیلمه‌كانیدا ده‌رهێنه‌ر گه‌لێك پرسیاری ئاڵۆز هه‌مبه‌ر كێشه گه‌وره‌كان ده‌ورووژێنێت، وه‌كو مرۆڤ و سروشت و دروستكه‌ری گه‌ردوون.
له‌م گه‌شته‌دا دوو كاراكته‌ر له‌گه‌ڵ ستلكه‌ردان، یه‌كیان پرۆفیسۆره و ئه‌وی دیشیان نووسه‌ره، وێڕای هه‌وڵی زۆری ئافره‌ته بۆرژواكه به‌ته‌فره‌دانی به‌پاره ستلكه‌ر ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا بیبات، ستلكه‌ر وه‌كو مۆچیارێكی جیهانی ڕۆحی و میتافیزیكی ئه‌م كاره بۆ پاره‌په‌یداكردن و قازانج ناكات، به‌ڵكو چێژ و حه‌زێكه، تاكو ڕێگه به‌وانی دی بدات جیهانی ڕاسته‌قینه بدۆزنه‌وه، پیشه‌ی ستلكه‌ر وه‌كو ئامۆژگاریكارێك له پیشه‌كه‌ی تاركۆڤسكی ده‌كات وه‌كو سینه‌ماكارێك، كه ئه‌وه‌ی ڕه‌تكرده‌وه هزر و ڕۆحی خۆی به ڕێژیمه سیاسییه‌كه بفرۆشێت، ئیدی وای لێهات بووه دوژمن و له‌لایه‌ن ده‌زگه ڕۆشنبیری و هونه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه چاودێری ده‌كرا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هیچ گرینگییه‌ك به‌تاك نادات و دروشمی سۆشیالیزم و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه وه‌ك هۆكارێك بۆ مانه‌وه‌ی خۆی به‌كارده‌هێنێت.
تاركۆڤسكی زوو دزێوی و سته‌می ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری بۆ ده‌ركه‌وت.
دوای ئه‌وه‌ی ستلكه‌ر و هاوه‌ڵانی چه‌ندین مه‌ترسی ده‌بڕن، ستلكه‌ر ده‌توانێت هه‌ڵبێت و خۆی له گولله‌ی پۆلیسه‌كان بپارێزێت، كه به‌دوایه‌وه بوون، هه‌ر هێنده‌ی ده‌گاته جیهانه‌كه‌ی خۆی، له ئامێزی سروشتدا ڕاده‌كشێت. له به‌شی یه‌كه‌می فیلمه‌كه‌دا، كه به‌ڕه‌ش و سپی وێنه گیراوه، له‌گه‌ڵ به‌ده‌ركه‌وتنی ئه‌م جیهانه‌دا ڕه‌نگه‌كان به‌ده‌رده‌كه‌ون، تاكو ده‌رفه‌ت به‌ڕه‌نگی سه‌وز و ڕه‌نگه گه‌شه‌كان بده‌ن.
ستلكه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه دوور ده‌خاته‌وه (ئامرازی گه‌یشتن به‌م جیهانه) و شووشه مه‌یه‌كه تێده‌كات، تاكو كه‌س بیر له گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیع نه‌كاته‌وه، ئه‌گینا هیچ بێهۆشكه‌رێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستكردن به‌چێژی خه‌ون نابێت.
له دیمه‌نی یه‌كه‌مدا كاتی گه‌یشتنی هه‌ر سێ كاراكته‌ره‌كه بۆ ئه‌م جیهانه، ده‌بینین سێ دارته‌لی كاره‌با شێوه‌ی خاچ وه‌رده‌گرن، تاركۆڤسكی ئه‌م هێما ئاینییه بۆ پیرۆزییه‌كه‌ی به‌كار ناهێنێت، به‌ڵكو بۆ خوازه، یاخود بیرهێنانه‌وه‌ی ئازاره‌كان و توندوتیژییه مرۆیییه‌كانه. دارته‌له‌كان له دۆخی جیاجیادان، یه‌كیان لاربووه‌ته‌وه، ئه‌وی دی ڕه‌پوڕاست وه‌ستاوه، دوامینیشیان له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه فڕێدراوه، به‌ته‌نیشت ئه‌م دارته‌لانه‌یشه‌وه پاشماوه‌ی چه‌ك و تانكن، ژه‌نگیان هه‌ڵهێناوه و له بان هه‌ندێكیان گیا و گوڵ شین بووون.
له‌م دیمه‌نانه‌دا تاركۆڤسكی له ده‌ره‌وه‌ی واقیع و له ناو خه‌وندایه، به‌ڵام به‌كارهێنانی سروشت وه‌كو دیكۆرێكی جوان و قه‌شه‌نگ به‌كارنه‌براوه، به‌ڵكو ڕۆحی مرۆیی ده‌گه‌یه‌نێت، بوونی شێوه‌ی خاچه‌كه و هه‌ندێك پاشماوه‌ی چه‌ك، ڕه‌نگه بۆ به‌دیارخستنی ڕۆح بێت له به‌رابه‌ر ئازار و خۆپه‌رستیی هه‌ندێك له مرۆڤه‌كان.
ترسی ستلكه‌ر كۆتایی پێ نه‌هاتووه، دوای پشوویه‌كی كه‌م ده‌بینین ڕاڕایی پێوه دیاره، ناهێڵێت كه‌س ده‌ست بۆ شته‌كانی ئه‌م جیهانه ببات، چونكه به‌لای ئه‌وه‌وه شتێكی پیرۆزه و له‌سه‌رمانه ڕێزی لێ بگرین و نه‌یشێوێنین، هه‌ڵبژاردنی كه‌سایه‌تیی نووسه‌ر و پرۆفیسۆر بۆ گه‌شتكردن به‌جیهانی خه‌وندا، قسه و باسی زۆر له‌باره‌ی ڕۆڵی ئه‌ده‌ب و زانست ده‌ورووژێنێت له پاراستنی بێگه‌ردیی ڕۆح و پاككردنه‌وه‌یدا، به‌ڵام داخۆ ئه‌ده‌ب و زانست به‌ڕاستگۆیییه‌وه ڕۆڵی خۆیان گێڕاوه؟ پرسیارێلێكی زۆر ده‌رهێنه‌ر به‌شێوازی ناڕاسته‌وخۆ ده‌یانخاته ڕوو.
گه‌یشتن به‌م جیهانه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ گه‌شتێكی سه‌خت بۆ گه‌یشتن به‌ژووره پیرۆزه‌كه، ئێمه له به‌هه‌شتداین، به‌ڵام ئه‌م به‌هه‌شته پله‌ی هه‌یه و جیهانێكی هه‌مه‌ڕه‌نگه، یاسایه‌كی سروشتی نییه، له میانه‌ی گه‌شته‌كه‌دا باران ده‌بینین له‌پڕ ده‌بارێ و پاشان لێی ده‌كاته‌وه، به‌فر ده‌بارێت، پاشان گه‌رده‌لوولێك هه‌ڵده‌كات، هاژه‌ی تاڤگه‌كان ده‌بینین و ده‌بیستین، له نزیكیانه‌وه به‌ردی گڕكانیی كڵپه‌سه‌ندوو ده‌بینین، ئه‌وه جیهانی خه‌ونه، كه دان به‌هیچ یاسایه‌كدا نانێت.
گه‌یشتن به‌ترۆپكی چێژ و هه‌ستكردن به‌ئاسووده‌یی ڕۆحی، كه حه‌زی شاعیره و ئاماده‌یه قوربانی به‌ژیانی بدات، تاكو ڕۆحی به‌ر ڕاستییه ڕه‌هاكان بكه‌وێت، دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌نێوان كه‌سایه‌تییه‌كان و كاراكته‌ره‌كانی ناو ئه‌م جیهانانه، كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌گه‌نه ژووری له‌زه‌ت و له خه‌ونێكی جوان‌دا مه‌له ده‌كه‌ن و ته‌نیا بێده‌نگی به‌سه‌ر ده‌نگی بارانه‌كه‌دا زاڵ ده‌بێت، كه شێوه ئه‌فسوونێكی دڵگیر به‌بینه‌ر ده‌به‌خشێت.
تاركۆڤسكی باران وه‌كو ئامرازێكی وێنه‌كێشان و نه‌خشاندن بۆ دابه‌شكردنی ڕه‌نگه‌كان، به‌به‌كارهێنانی ته‌كنیكی شێوه‌كاری، به‌ڕووپۆشكردنی وێنه به‌ڕه‌نگێك، پاشان سڕینه‌وه‌ی و جارێكی دی ڕه‌نگڕێژكردنی، ئه‌م گه‌مه‌كردنه به‌ڕه‌نگ تاكو جیهانی میتافیزیكی و خه‌ون بخوڵقێنێت، ئه‌م یاری و فێڵكردنه به‌ڕه‌نگ له شێوازی سوریاڵی ده‌كات، كه ئه‌ندرێ بریتۆن به‌نووسینی ئۆتۆماتیكیی ناوده‌بات، تێیدا هونه‌رمه‌ند خه‌یاڵ و ناهۆشیاری ئازاد ده‌كا بێ هیچ قه‌ید و شه‌رتێكی گوزارشتكردن، یاخود هه‌ژموونی بیردۆزه‌كان و یاساكانی ئیستاتیكای هونه‌ری، یان بیركردنه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی سانسۆر.
خه‌ونه‌كه دوماهی دێت و كاراكته‌ره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه واقعه كڵۆڵه‌كه‌یان، ستلكه‌ر سه‌گ و گورگه‌كه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، كه به‌شێكن له جیهانه میتافیزیكییه‌كه، له دواهه‌مین دیمه‌ندا كیژه منداڵه‌كه‌ی ستلكه‌ر ده‌بینین به‌جووڵه‌ی چاو و هێزی میتافیزیكی په‌رداخی سه‌ر مێزه‌كه ده‌جووڵێنێت، ته‌نیا ئه‌و ڕۆحێكی پاك و بێگه‌رد شك ده‌بات.