رۆمانى (بەبێ خوێن)ى ئەلێساندرۆ باریکۆ
دۆزینەوەى نهێنیەکانى خۆشەویستى لەناو جەنگدا…..
ا.بازگر…
ناوى رۆمان: بەبێ خوێن
ناوى نوسەر: ئەلیساندرۆ باریکۆ
وەرگێڕانى لەئینگلیزییەوە: ئازاد بەرزنجى
چاپى یەکەم 2007
129 لاپەڕە
بەبێ خوێن
کورتەى چیرۆکەکە:
بەشى یەکەم "دیالۆگێکى نێوان دکتۆر و سێ چەکدارە"
ئەنوەرحسَین (بازگر)
" دکتۆرێک کە لایەنگرى حکومەتە لە کێڵگەیەکدا لەگەڵ کوڕو کچەکەیدا (نینا)دا دەژین، دکتۆر زۆر لەو چەکدارە شۆڕشێگڕانەى بە ئەنقەست ژەهر خواردوو کردووەو کوشتوە، کە بەبریندارى کەوتونتە ژێر دەستى بۆ چارەسەر"
"لەئێوارەیەکى درەنگدا، چوار چەکدارى گروپێکى چەپى شۆڕشگێر دێن بۆ کوشتنى دکتۆر، کە یەکێک لەچەکدارەکان، برایەکى بەدەستى دکتۆر کوژراوە.
پاش شەڕێکى کورت، دکتۆر و کوڕەکەى دەکوژرێت و کچە بچکۆلانەکەشى (نینا) کەخۆى شارد بوەوە رزگارى دەبێت.
بەشى دووەم" دیالۆگى بەردەوامى نینا و تَیتویە
ئەو کچەى کە ئەو شەوە رزگارى بووە (نینا) بەهۆى ئەسپ سوراێکەوە دەبرێتە ماڵى خۆى و پاشان لە قوماردا دەیدۆڕێنێ و دەبێتە خاوەنى سێ منداڵ.
ئەو کچە پاش گەورەبوونى و پاش سەرکەوتنى شۆڕشى گروپە چەپەکە، دەکەوێتە دواى چارەنوسى ئەو سێ چەکدارەى باوکیان کوشتوە، بۆیە سەرەتا (سالنیاس) کەباوکى کوشت دەکوژرێت و پاشان چەکدارى دووەم (ئێل گۆڕى) دەکوژێت و بەردەوام دەگەڕێت بەدواى چەکدارى سێیەم دا، بەڵام چارەنوس سەرئەنجام لەجیاتى (تیتَۆ= پیلارۆ) دەبنە دڵدارو ژن و مێرد
* * *
" هیچ شتێک لەوە جوانتر نییە کە بەدژەکەت بگەیت، چونکە هەر ئەویش خۆت پێ دەدۆزێتەوە"
ئەحلام مستخانمى
رۆمانى (بەبێ خوێن) جگە لەوەى لەسەرەتادا رووداوێکمان بۆ دەخاتەڕوو کە بەتراژیدیاى کوشتنى دەستپێدەکات، بە کلتورى تۆڵە، بەچەمکى کوشتنى رەوا لەپێناو بەدیهێنانى یەکسانى و عەدالەت و خۆشگوزەرانى بەو پێوەرانەى کە گروپە چەپ و مارکسى و رێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکان کاریان پێکردووە.
لەبەشى یەکەمى ئەم رۆمانەدا دیالۆگێکى سادەو پڕ مەترسى لەنێوان دکتۆر (مانۆیل رۆکا) کەسەر بەحکومەتەو سێ چەکدارى گروپێکى مارکسى دەستپێدەکات.
دکتۆر لەپێناو حکومەتدا، چەندین چەکدارى ئەم گروپەى ژەهر خواردوو کردووە، کەیەکێک لەکوژراوەکان برایەکى یەکێک لەم چەکدارانەیە، هەر بۆیە براى کوژراوە کە (سالیناس)ە بە دکتۆر دەڵێ" تائێستا دووجار تەقەم کردووە، یەکەمجار شەوێک بە ئاسمانداو دووهەم جار کەبرا شۆڕشگێرەکەمم کوشت لەخەستخانەکەى تۆدا، بەڵام دەمەوێت بیکەمە سێیەمین جارو تۆش بکوژم…!"
ئەم دیالۆگە هەرەچەندە سادەیە، بەڵام جیا لەوەى حەقیقەتێکە مێژووى سیاسیى و پڕ تراژیدیاى نێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکان و تۆتالیتاریەکان و گروپ و رێکخراوە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانمان بۆ دەگێرێتەوە، لەژێر ناوى حەق و عەدالەت و شۆڕشدا.
جەنگ لە کورترین مانادا هیچى جوانى لێ بەرهەم نایەت، جگە لە کوشتن و بێ ماناکردنى جوانیەکان. هەرچەندە لەژێر ناوى ئازادى و عەدالەت و مافدابێت، هەر بۆیە (ئەلیساندرۆ باریکۆ)ى نوسەرى رۆمانەکە کۆتایى رۆمانەکە دەسپێرێت بەخۆشەویستى، گێڕانەوەى چیرۆکەکە بە تۆڵەکردنەوەى خۆشەویستى لەجەنگ کۆتایى دێت.
لەناو دیالۆگى بەردەوامى رۆمانەکەدا، تاکە شتێک تا ساتى کۆتایى رۆمانەکە ونەو وجودى نییە بوونى عشق و خۆشەویستى و ئەوینە، گەرچى ماناى ئەوەنییە کە نوسەر نایەوێت ئەم فەزایە بخوڵقێنێت و چەمکى عشق و خۆشەویستى تێکەڵ بەروداوەکان بکات.
نەخێر ئەو فەزاى جەنگ و شەڕو کوشتارە باڵى کێشاوە بەسەر وڵاتداو شەڕو جەنگ بۆتە هەمووشت. حیکایەتەکانى ناو ئەم رۆمانە، رەنگە بۆ مێژووى بەشەریەت و بەتایبەت بەشى یەکەمى رۆمانەکە کە پڕیەتى لە تراژیدیا بەرهەمهێنەرەکانى جەنگ نموونەى دکتۆر (مانوێل رۆکا) کەپیاوى حکومەتەو دژى چەکدارە شۆڕشگێرەکان بوەو ژەهرى داوەتە بریندارەکان، بۆ ئەوەى بیانکوژێت، نامۆنییە.
کوشتنى مناڵى دکتۆرو هاوکارانى رژێم و نامۆنیە.
گەر ئەوەش بزانین خودى شۆڕشى چەکدارى و پارتیزانانە لەسەر بونیادى تۆڵەو جەنگ و کوشتار بونیاد دەنرێت. و جێگایەک بۆ بونى جوانى و رەتکردنەوەى ئەو رەوشە ناهێڵێتەوە، لەناو چیرۆکەکەدا هەندێ گوتەو دەستەواژە دەبینى یەکسەر هەست دەکەى ئەمە هى رێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانە لەمبارەیەوە لەلاپەڕە 29دا دەڵێن" دەتنێرم بۆ دۆزەخ، هەى زۆڵ" یان لەهەمان لاپەڕە دەڵێ" ئەم کوڕى قەحبەیە دەیەوێت چى بکات و دیارە مەبەست دکتۆرە"
ئەگەر چى ئەم کلتورە هى خودى سیستمە سیایە دیکتاتۆریەکانەو خودى گروپەکانیش کە زادەى ناو ئەم سیستمەن زۆربەى شتەکان کۆپى دەکەن و دەیڵێنەوە، (ئێڵ گۆڕى) چەکدار دەڵێ" سێ ساڵ لەوەوەبەر بینیم ژنەکەم بەخنکاوى هەڵواسرابوو، کچەکانیشم سەریان تاشراوەو رانیان لەخوێندایە"
بێگومان ئەم بەسەرهاتە کەسى ئاسایی بەرهەم ناهێنێت، هەربۆیە تێڵ گۆڕ دەبێتە چەکدارێک و وەکو لە دیالۆگ کۆتایى رۆمانەکەشدا لەلاپەڕە (106) دەڵێ" من لەهیچ پەشیمان نیم، دەبوایە شەڕمان کردایەو کردمان"
یان لەلاپەڕە (100)دا دەڵێ ئێمە جەنگاوەرى ناوجەنگ بوین…تادەڵێ" ئێمە باوەڕمان بە هێنانەدى دونیایەکى باشتر هەبووە"
"سەبارەت بە نوسەران زۆرجار وتراوە هەمنگواى کاتێ لەدونیا تێگەیشت کەزانى دەریا چییە، مەلاج ئەو رۆژەى خواى ناسى، بۆدلێر لەنەفرەت و هەڵە تێگەیشت"
دەمەوێت بڵێم" ئەلیساندرۆ باریکۆ" ئەوکات نهێنیەکانى خۆشەویستى دۆزیەوە، کە لەجەنگ تێگەیشت" هەربۆیە لەناو دڵى جەنگدا لەناو تۆڵەو کوشتاردا عشق و خۆشەویستى دەکاتە رایەڵەى نێوان بکوژو کوژراو، نێوان رق و تۆڵە، نێوان رابردوو و داهاتوو"
هەوڵدان بۆ سڕینەوەى پاشماوەکانى جەنگ و رق و کینەو تۆڵە، دیقەت بدەن لەلاپەڕە (43)ى ناو رۆمانەکەدا برایەکى (سالیناس) کە بەبریندارى کەوتۆتە دەست حکومەت و لەو نەخۆشخانەى دکتۆرە کاتێک سالیناس و گروپێکى هاوڕێ دەچن بۆ رزگار بونیان، براکەى کەبریندارە بە سالیناس دەڵێ" تکایە بمکوژە، سالیناس لەلاپەڕە (46)دا دەڵێ" لوولەى دەمانچەکەم کردە ناوچاوانى براکەم و تەقەم لێکردو کوشتم"
تا لە لاپەڕە (48)دا سالیناس بە دکتۆر دەڵێ" بەڵێ تۆ ئەوانت کوشت"
بۆیە سالیناس پێ دەڵێ" (300)کیلۆمەترم بڕیوە تا بگەینە لاى تۆ، دەتکوژم، دەتکوژم، دەتکوژم…
سەرئەنجام ئەم دۆخە دژوارە بەکوشتنى دکتۆر و کوڕە بچکۆلەکەى کۆتایى دێت و دوا تەقەى کۆتایى شەڕەکەش بەکوشتنى مرۆڤێکى تر کۆتایى دێت".
" نوسەرێک دەڵێ" لەوە زەحمەتر نییە کەلە تەمەنێکدا دەست بە نوسین بکەیت خەڵک تێدا لەوتنى هەموو شت بوبێتەوە" رەنگە ئەمە راست بێت بۆ (باریکۆ) بەو دەلیلەى ئەو لەسەر هێڵێیک دەنوسێت تازەیەو جیاواز لە نوسراوەکانى پێش خۆى.
گەرچى ناسینى ئێمە بۆ نوسینەکانى باریکۆ تازەیە، بەڵام خودى نوسینەکانى باریکۆش لە مێژینە نییە.
رەنگە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانى نوسینى باریکۆ چنینە جوانەکانى بێت، پاش ئەوەى دکتۆرو کوڕەکەى کوژران، نیناى کچى کە خۆى شاردبووەو یەکێک لەچەکدارەکان بینیشى، بەڵام نەیکوشت و پاش سوتانى خانوەکەشیان، پاش سێ رۆژ کابرای ئەسپ سوار نسینا دەبات و دەڕوات.
تا ئەو کاتەى نینا دەچێتە هەتیوخانەیەک و پاشان پیاوێک هەڵیدەگرێتەوە، دواتریش لەقوماردا نینا دەدۆڕێنێت و دەیفرۆشێت بەپیاوێک بەناوى (کۆنت) پاش ئەوەى سێ کوڕى لێ دەبێ و ناوەکەى دەگۆڕێت و دەیکات بە (دۆناسۆل).
بەشى دووەمى رۆمانەکە پاش (52) ساڵ، بەڵێ پاش (52)ساڵ دیالۆگێکى سەیر لەنێوان (تیتۆ)ى چەکدار کەکاتى خۆى (نینا)ى نەکوشت لەگەڵ (نینا)دا، دەستپێدەکات.
لەم بەشەدا شتێکى گرنگ سەرنجمان رادەکێشێ، ئەویش ئەو تراژیدیا بێ وێنەیە کەدژى ژن لە کۆمەڵگادا پەیڕەو دەکرێت و لەناوخوى رۆمانەکەشدا رەنگدانەوە هەیە.
(نینا) کە رەمزى ژنە لەناو رۆمانەکەدا، هەر لەسەرەتاوە چارەنوسى نادیارە، پاشانیش دەبرێتە هەتیوخانە و دواتریش رێکاردۆ تۆرییە دەیباتە لاى خۆى، جیا لەوەى دەیەوێت تەعداى لێبکات و جنسى لەگەڵ بکات کە هێشتا نسینا تەمەنى (11)ساڵە، دواتر شەوێک لە قوماردا دەیدۆرێنێت و دیفرۆشێت بە (کۆنت) پاش مردنى کۆنتى مێردى، بۆ بێ بەریکردن لەسەروەت و سامانى مێردەکەى خزمەکانى بەناوى شێت دەرى ئەکەن.
بەڵام دواجار لەسەر دەستى باریکۆ، ژن دەبێتە پاڵەوانى سەرەکى رۆمانەکەو نینا وەکو رەمزى ژن دەبێتە کارەکتەرى سەرەکى عشق و لێبوردن و پێشنیارى خۆشەویستى و سڕینەوەى کلتورى جەنگ و کوشتار عشق و جنس و خۆشگوزەرانى، بەڵام باریکۆ زۆر بەوردى رۆڵى ژن جارێک وەکو غەدرلێکراو جارێک وەکو بەخشندە باسدەکات.
جیالەوەش لەبەشى دووەمدا هەردوولا هەم (تیتۆ-پیدرۆ) و هەم (نینا-دۆناسۆل)دان بەگشت حەقیقەتەکاندا دەنێی و ئەمەش گەورەیەیە.
لەلاپەڕە (100)دا جارێکى تر حیوارى نێوان تیتۆ و نینا دەستپێدەکات.
-نینا دەڵێ" خۆت بە چاوى خۆت بینیت براکەم دەکوژرێ چۆن شتى وادەبێت…؟
-تیتۆ دەڵێ" ئێمە سەرباز بوین، باوەڕمان بەدونیایەکى باشتر هەبوو، من لەهیچ پەشیمان نیم"
سەرئەنجام (نینا) وەکو (حەوا) جارێکى تر لە عادات و تقالیدى زەمینى و خوایى و ئاسمانیەکان یاخى دەبێ و دەیەوێت هەموو ئاسەوارەکانى جەنگ و تۆڵە بسڕێتەوەو سەرکردایەتى یاخیبونێکى نامەنتق بکات، بۆیە دواجار بەتیتۆ دەڵێ" حەز دەکەى پێکەوە دڵدارى بکەین" ئەم قسەیە شۆڕشێکە دژى ئەو شۆڕشەى چەکدارەکان و حکومەت، کە کوشتنى ئیلهام بەخشى بووە، ئەمجارە لەسەر ماچ و سێکس و عشق و خۆشەویستى دەبێتە ئیلهام و بۆ هەیشە پێکەوە لەباوەشى عشقدا دەبن.
(خوێن)ێک دەڕژێ لەپێشەوە (بەبێ خوێن) کۆتایى دێت، نەک (خوێن)ێک لەپشتەوەو ترسنۆکانە.
تێبینى: سوپاس بۆ ئازاد بەرزنجى و چاپخانەى رەنج لەناساندنى رۆمانێک و رۆمانوسێکى تر بەخوێنەرى کورد کە لەم چیرۆکانەدا فێرى تێڕامان لەجەنگ و عشق و خۆشەویستى دەبێت.