مافی چاره‌نووس
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له هاوینی 1963دا، له قاته‌کانی کفری، دوو شه‌ڕی گه‌وره له نێوان، پێشمه‌رگه و له‌شکری عیراقدا، ڕووی دا. له یه‌کێک له‌و شه‌ڕانه‌دا، عه‌لی سه‌لیم به‌گی جاف، سه‌رۆکی هێزی چه‌کداری پێشمه‌رگه و چه‌کداره‌کانی دیکه‌ی خێڵ و هۆزه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو، که ئه‌وانیش، به‌شدارییان له شه‌ڕدا دژی له‌شکری عیراق ده‌کرد. عه‌لی سه‌لیم به‌گ، باسی ئه‌وه‌ی بۆ چه‌کداره خێڵه‌کییه‌کان کردبوو، که بۆ ڕزگاری کوردستان و ئازادی ده‌جه‌نگن. ئه‌وانیش لێیان پرسیبوو: “ئه‌ی دوای ئیتر خۆمان ئه‌وینه خاوه‌ن نه‌وته‌که‌ی که‌رکووک؟” ئه‌ویش گوتبووی: ئا. ئه‌وجا چه‌کداره خێڵه‌کییه‌کان، خۆش خۆش به عه‌لی سه‌لیم به‌گیان گوتبوو: “عه‌لی به‌گ نه‌که‌ی وه قسه‌ی عاره‌ب و حوکمه‌ت بخهڵهتێی، به‌خوا توێ نه‌وته‌که‌یان له‌ته‌کا وهکهوچک و وهگوێل و وهجام به‌ش که‌ی، که‌وچکی بۆ خۆمان، که‌وچکی بۆ ئه‌وان، گوێلێ بۆ خۆمان، گوێلی بۆ ئه‌وان، جامێ بۆ خۆمان، جامێ بۆ ئه‌وان”.
“مافی چاره‌ی خۆنووسین”، وه‌ک ده‌ربڕینێک، که زمانشێوێنهرانی کورد، هێناویانه‌ته نێو زمانی کوردییه‌وه، هه‌ڵه‌یه و هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌لێک ناحه‌ز و دزێویشه، ڕێک وه‌ک ئه‌وه وایه، مرۆڤ ڕوومه‌ت و ده‌موچاوی خۆی بنووسێت و ڕه‌نگ بکات، وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕوومه‌ت و ده‌موچاو، تابلۆیه‌ک، کاغه‌زێک، ته‌خته‌یه‌ک یا دیوارێک بێت و تۆ بێیت له سه‌ری بنووسیت و نیگار بکێشێت. ده‌ربڕینی “مافی چاره‌نووس” که به عه‌ره‌بی ده‌بێته”حق تقریر المصیر” و به ئینگلیزی ده‌بێته” Right of self-determination” یا ته‌نێ “Self-determination” ده‌ربڕینێکی دروسته و گه‌ره‌که هه‌ر وه‌ک خۆی به‌کار ببرێت و بگوترێت و بنووسرێت، ده‌نا به‌و جۆره‌ی”مافی چاره‌ی خۆ نووسین” که ئێستا کورد به‌کاری ده‌بات، هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌ی زه‌قی وه‌ک: “بهروار” و “پێشنیار” و سه‌دانی دیکه، ده‌خرێته سه‌ر ئه‌و خه‌رمانه هه‌ڵه و باره‌گرانه‌ی زمانی کوردی.
ساڵی 1963 و پێش 1963 و له شۆڕشه‌که‌ی چیای ئاگری و شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هرییه‌وه تا ده‌گاته ئه‌وانه‌ی شێخ مه‌حموودی حه‌فید و قازی موحه‌ممه‌د و سمکۆ و بارزانی و باکوور و ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان و هه‌موو یاخیبوون و ڕابوونێکی خه‌ڵکی کورد، ئه‌گه‌ر سه‌رکرده و ڕێبه‌ر و به‌رپرسانی ئه‌و ڕابوون و یاخیبوونانهش، به مه‌به‌ستێکی که‌سه‌کی خۆیان یا به نه‌خشه‌ی ده‌ره‌کی، ده‌ستیان دابێته چه‌ک، دژی داگیرکارانی کوردستان، ئه‌وا خه‌ڵکه ساکار و سافیلکهکهی خواره‌وه، ته‌نیا یه‌ک مه‌به‌ستیان هه‌بووه، ئه‌ویش ئازادی و ڕزگاربوون له ژێرده‌سته‌یی، که ده‌کاته تاکه یه‌ک شت، ئه‌ویش”مافی چاره‌نووس” واته: دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردستانیی له ته‌نیشت و له نێوان ده‌وڵه‌تانی تورکیا، ئێران، عیراق و سووریادا.
له گوته‌که‌یدا له‌به‌رده‌م ئاماده‌بووانی کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتیی دیموکراتی کوردستان، مه‌سعوود بارزانی، جه‌ختی له‌سه‌ر دوو خاڵ کرده‌وه، که کرۆک و بڕبڕه‌ی پشتی پرسی باشووری کوردستان و تا ڕاده‌یه‌کیش ته‌واوی کوردستانن. ئه‌و دوو خاڵه‌ش: مافی چاره‌نووسی باشووری کوردستان و کێشه‌ی که‌رکووکن، که هه‌ردوویان،گرێدراوی یه‌کدین. خه‌ڵکی کورد ده‌زانێت ئه‌و دوو پرسه گرێ‌دراو و ته‌واوکه‌ری یه‌کدین و بێ که‌رکووک، کوردستانی سه‌ربه‌خۆ چ واتایه‌کی نییه، به‌ڵام مه‌رج ئه‌وه‌یه سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسی کوردستانیش له‌و باوه‌ڕه‌دا بێت و ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌لفبێی سیاسه‌ت وه‌رگرتبێت.
مافی چاره‌نووسی باشووری کوردستان، بێ که‌رکووک(مه‌به‌ست ته‌نێ باژێڕی که‌رکووک نییه، به‌ڵکه که‌رکووک وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ ته‌واوی ستانی که‌رکووک و ته‌واوی گه‌رمیان و مووسڵ و دیاله و کووت و حه‌مرین و هه‌موو بسته خاکێکی باشووری کوردستانه)، ده‌کاته: هیچ(ده‌وڵه‌تی کوردستان – که‌رکووک = سفر/هیچ). ئه‌گه‌ر مافی چاره‌نووس، ته‌نێ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ئێستا، که ناوی هه‌رێمی کوردستانی لێ نراوه، بگرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌و مافه، هه‌موو عیراق و ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌ب و تورکیا و ئێرانیش به کوردی ڕه‌وا ده‌بینن. سه‌ددام حوسه‌ینیش ئه‌وه‌ی به کورد ڕه‌وا ده‌بینی و ئاماده‌ش بوو ددانی پێدا بنێت، به‌ڵام ئایا ئه‌وه ڕاست و ڕه‌وایه!
سه‌رانی کوردیش، وه‌ک سه‌رانی هه‌موو گه‌لانی جیهان و وه‌ک هه‌موو سیاسه‌تکارێکی پیشه‌یی و کارا، ئه‌مڕۆ شتێک ده‌ڵێن و سبه‌ی شتێکی دیکه. ئه‌مڕۆ یه‌کێکیان ده‌نگ بڵند ده‌کاته‌وه و به قازانجی کورد و بهڕووداوهستانی ده‌وڵه‌تی داگیرکا‌ر، قسه‌یه‌ک ده‌کات، سبه‌ی هه‌ر خۆی یا جێگره‌که‌ی یا یه‌کێک له سه‌رانی حیزبه‌که‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه له‌و قسه‌یه ده‌رده‌بڕن. گه‌لێک جاریش، سه‌رێکی دیکه‌ی حیزبه ڕکابه‌ر یا هاوپه‌یمانه‌که‌ی ئه‌م ڕێبه‌ره، یا حیزبه، گوته‌یه‌کی ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌دات و هه‌موو ڕیسه‌کانی ئه‌م ده‌کاته‌وه به خوری. سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان، لای هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی کورد خه‌ونی شاعیرانه و لای هه‌ندێکی دیکه‌ش، زۆرجاران ته‌نێ بۆ چاوزه‌قکردنه‌وه له هێزێکی دیکه‌ی ده‌ره‌کی یا ناوه‌کی، یا ته‌نێ بۆ خڕکردنه‌وه‌ی چه‌پڵه‌لێده‌ر له‌خۆ و له هه‌ندێ کاتدا ده‌گوترێته‌وه.
من پێشتریش گوتوومه و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه، سه‌رانی کورد و حیزبه کوردستانییه‌کان، ده‌بوو هه‌ر پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، دروشمی مافی چاره‌نووسیان به‌رز کردبایه‌وه و بیانکردبایهته مه‌رج بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی عیراقی و ئه‌مه‌ریکادا و دوای ڕووخانی ڕێژیمیش ده‌سبه‌جێ تا ئه‌و جێگایه‌ی کورد خۆی به کوردستانی ده‌زانی(که‌رکووک، مووسڵ، دیاله، کووت و به‌شێکیش له عه‌ماره)گرتبا و بیانخستبایه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه و ته‌واوی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنیان له کوردستان وه‌ده‌رنابا و دوای ئه‌وه، داوای ده‌نگدانیان بکردبایه بۆ جیابوونه‌وه‌ی باشووری کوردستان له عیراق. وه‌ها کارێک، به کورد، که گه‌وره‌ترین هێزی چه‌کداری له عیراقدا دوای ئه‌مه‌ریکا هه‌بوو، به ئاسانی ده‌کرا.
ئه‌وانه نه‌کرا و سه‌رانی کورد، که ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست و خۆیان به سه‌ر ته‌خته‌وه دیت، له‌بری که‌رکووک و مافی چاره‌نووس، که‌وتنه ملانێ و ڕکابه‌ری و ڕاونانی یه‌کدی و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ڕاوهموڵک و دۆلار و ژن و که‌شخه‌یی و تیفتیفه و گه‌شت. بوونه سه‌رمایه‌دار و خاوه‌نی به‌هێزترین ده‌سگای سه‌رکوتکردن و چه‌وساندنه‌وه. هه‌ژاریان هه‌ژارتر و ده‌وڵه‌مه‌ندیان ده‌وڵه‌مه‌نتر کرد. ته‌نانه‌ت حیزبه‌کانیشیان، کرده کۆمپانیا و حیزبی خێزان.
مانگی یه‌که‌می 2005 خه‌ڵکی باشووری کوردستان، له‌و ڕیفراندهمهی، که ڕێکخراوێکی ناحوکوومه‌تی له کوردستان، کاریان له سه‌ر کرد و کرا، نێزیکه‌ی 98%ی خه‌ڵکی باشووری کوردستان، ده‌نگیان بۆ جیابوونه‌وه‌ی باشووری کوردستان له عیراق دا. سه‌رانی کورد، ئه‌وه‌شیان تاساند و لاقرتێیان پێ کرد.
ئێستا، که باس له مافی چاره‌نووس ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له مافی چاره‌نووس، ئازادی کوردستان و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانه، چونکه ده‌ربڕینی مافی چاره‌نووس ده‌یان لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ چۆن لێکیده‌داته‌وه و له‌سه‌ری پێکدێ، ده‌کرێ ئه‌م هه‌رێمۆکه‌ی ئێستای (هه‌ولێر، دهۆک، سلێمانی) و ئۆتۆنۆمییه‌که‌ی سه‌ددام حوسه‌ین و نانێوه‌ندی و زۆری دیکه‌ش به مافی چاره‌نووس دابنرێ، با پێشتر، ته‌واوی خه‌ڵکی باشووری کوردستان له‌سه‌ر یه‌ک ڕای سه‌ربه‌خۆیی خڕبنه‌وه و پێک بێن، با دووکارگێریهتی و دوولهشکری و دووسه‌ری و دوو گوتاری، له سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسی کوردستاندا نه‌مێنێت و با گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کانی کوردستان، بۆ سه‌ر کوردستان مسۆگه‌ر بکرێ، ئه‌وجا ئیتر کاره‌که هێنده سه‌خت نابێت.
ئه‌و کورده گوندی و خێڵه‌کییه‌ی له 1963دا له قاته‌کانی کفری باسی به که‌وچک و گوێل و به جام به‌شکردنی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا ده‌کرد، ئێستاش، هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ن و ئێستاش، هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌و ئازادی و سه‌ربه‌خۆییه‌ن، که هه‌میشه خه‌ونیان پێوه بینیوه و خه‌باتیان بۆ کردووه و که هه‌میشه‌ش سه‌رانی کورد، له‌بیریان بردوونهوه و هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تاندوون.
چه‌نده ده‌سه‌ڵاتداری وڵاته داگیرکاره‌کانی کوردستان و چه‌ند نه‌ته‌وه‌کانی تورک و فارس و عه‌ره‌ب و تورکمان و سریان و ئاشووری و کلدان و ئازه‌ری، به باسکردنی و له مافی چاره‌نووسی کوردستان ده‌ترسن و تووشی داچڵه‌کین و شڵه‌ژان و که‌لله‌ییبوون ده‌بن، هێنده‌ش، سه‌رانی کورد بۆ خۆیان له‌و باسه ده‌ترسن و به شه‌رمه‌وه و له ژێر لێوه‌وه و وه‌ک نووزه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر ده‌ریبڕن و به زاریاندا بێت، به زۆری ده‌زانن و هه‌ر که بهرانبهرهکانیشیان ورته‌یه‌کی ناڕه‌زاییان لێوه هات، ئه‌مان ده‌سبه‌جێ پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه و ده‌ڵێن، مه‌به‌سته‌که‌ی ئێمه به هه‌ڵه لێکدراوه‌ته‌وه، ده‌نا ئێمه عیراقی و به‌چکه عیراقی عه‌یار بیستوچوارین.
گه‌یشتن به مافی چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، ئه‌گه‌ر پێشتر مێشک و دیدی خه‌ڵکی کورد و ته‌واوی ئاماده‌کاری و بنگه و ژینگه و زه‌وینه‌یه‌کی بۆ خۆش نه‌کرێت و نهسازێندرێت، هه‌رگیز به هاتوهاوار و قسه‌ی ڕه‌ونه‌قدار نایه‌ته دی. ڕه‌نگه تا که‌رکووک نه‌گه‌ڕاوه‌ته سه‌ر کوردستان، سوودوه‌رگرتن له عیراق و عیراقیبوون، به قازانجی گه‌لی کوردستان بێت. دوای گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو ده‌ڤه‌ره دابڕێنراوه‌کان، ئیدی جۆشدانی خه‌ڵکی کورد، بۆ مافی چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی، جێی خۆیه‌تی و ئه‌رکه و ئه‌نجامنه‌دان و نه‌کردنی هه‌ڵاتنه له خواست و ئومێد و مێژووی کورد و ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی.
به‌ڵام کام ده‌وڵه‌ت و چ جۆره کوردستانێک؟ په‌یامبه‌ری ئیسلام گوتوویه‌تی:”سید القوم خادمهم” واته: سه‌رداری خه‌ڵک، گه‌ل، نه‌ته‌وه، وڵات نۆکهریانه. عه‌بدوڵڵای کوڕی عه‌بباس ده‌ڵێ: له ده‌ڤه‌ری زی قار”ذي قار” لای ئیمام عه‌لی بووم، دیتم که‌وشه‌که‌ی خۆی پینه ده‌کات، لێی پرسیم و گوتی:”به‌های ئه‌م که‌وشه چه‌نده؟”. گوتم:”هیچ به‌هایه‌کی نییه”. ئه‌ویش گوتی:” والله لهي أحب الي من إمرتکم إلا ان اقیم حقا او ادفع باطلا”، واته: سوێند به خودا، ئه‌م که‌وشه لای من له فه‌رمانڕه‌وایی ئێوه خۆشه‌ویستتره، مه‌گه‌ر به هۆی ئه‌و فه‌رمانڕه‌واییه‌وه دادێک(حهققێک) به‌رپا که‌م و نادادییه‌ک(ناحهققییهک) دوورخه‌مه‌وه”. چێ‌کردنی ده‌وڵه‌تێکی کوردستانیی پڕ له نادادی و ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵی و پڕ له ده‌سه‌ڵاتداری دز و جه‌رده و سه‌ردارانی “ڕاکبهم” بن، واته: سواری خه‌ڵک، گه‌ل، نه‌ته‌وه، وڵات بن، وه‌ک ئێستای ئه‌م هه‌رێمه، نه‌ک نۆکه‌ریان”خادمهم” بن و جڤاکێکی نایه‌کسان و پڕ له سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رپرسی مشه‌خۆر و چاوچنۆک و پڕ له هه‌ژاری و کوێره‌وه‌ری و چه‌وساندنه‌وه، هه‌رگیز پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێت. کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان نه‌بێ و ده‌وڵه‌تی خه‌ڵک نه‌بێ و خه‌ڵکه‌که‌ی ئاسووده و یه‌کسان و خۆشگوزه‌ران(که مرۆڤی کورد هه‌میشه خه‌باتی بۆ کردووه) نه‌بن تێیدا، بوون و نه‌بوونی وه‌ک یه‌که. نموونه‌ی ئه‌و جۆره ده‌وڵه‌تانه له جیهاندا زۆرن و ئه‌وده‌می کوردستانیش ده‌چێته ڕیزی ئه‌وانه‌وه و ته‌نێ ژماره‌یه‌ک له ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کاندا زیاد ده‌کات.
17- 12- 2010