په‌یكه‌رێك له‌ئێسقان ….. هه‌ردی شه‌فیق
ئه‌ی به‌له‌می خنكاو
ڕۆژگارێك بوو
تۆ ڕۆحی زیندووه‌كانت به‌ئاوه‌كانا ئه‌گێڕا
ئێستا له‌مه‌ستیدا بۆخۆت بگه‌ڕێیت شێتیه
تاكو له‌باده‌ده خۆت ونبكه‌یت زیاتر دیاریت
بۆفریشته سپیه‌كه‌ی عیشق،ئه‌و كه‌سه‌ی تاهه‌تایه جێت خاڵیه
سڵاوی وێرانه‌بوون و كۆڵه‌واری
نه‌گبه‌تی عیشق ئه‌وه‌یه چه‌ند لێی هه‌ڵدێ ی ئه‌وه‌نده زیاتر له‌ناویدای ،كاتێكیش كه‌تۆ هه‌ست ئه‌كه‌یت هه‌زار ساڵ لێی دوركه‌وتویته‌وه و گۆڕی فه‌رامۆشی‌و گوزه‌ركردنی ساڵه‌كان هه‌مووشتێكیان له‌ده‌رونتدا سڕیوه‌ته‌وه ،ناگه‌هان شتێك وه‌ك فڕینی پاساریه‌ك ،گریانی كوكوختیه‌ك ،ژاكانی گوڵێكی سور پێت ئه‌ڵێت (بێهوده له‌ده‌ست عیشق هه‌ڵدێی كه‌ئه‌و له‌به‌رده‌متدا بازگه‌ی بۆداناوی ،مایه‌پوچ خۆتی لێئه‌شاریته‌وه كه‌ئه‌و په‌یكه‌رێكی هه‌یه له‌دڵتدا،به‌خۆڕایی ڕه‌نج به‌خه‌سار ئه‌ده‌یت‌و دڵت ئه‌پێچی كه‌ئه‌و برینێكه له‌ڕۆحتدا.)
گوڵی خه‌یاڵ…..هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ له‌هه‌موو شیعرێك‌و خڕۆكه به‌خڕۆكه‌ی خوێنما و دونیا نازداره‌كه‌ی ڕۆحما بوونت هه‌یه، حه‌زم نه‌كرد له‌م كتێبه‌شدا جێت خاڵی بێت .بمبوره كه‌من به‌شی ئه‌وه دنیای تۆم تاریككرد نه‌توانی ڕوناكی بكه‌یته‌وه ،به‌ڵام منیش نه‌مئه‌توانی وێرانكارێك نه‌بم‌و به‌سوپای ئه‌م كه‌ساسیه كاولكاره‌وه ڕو نه‌كه‌مه ماڵی ڕۆحت.تۆ پێت وتم عیشق ئه‌وه‌نده ئه‌رزشی هه‌یه هه‌زارجار بۆی بمریت ،به‌لا َم كه‌مردن به‌ردێك نه‌خاته سه‌ربه‌ردێك‌و جار له‌دوای جار خاپوربوونێكی تری به‌دواوه بێت‌و ناچاریشبیت دیسان به‌زیندوویی بمریت،ئه‌بێت هه‌ناسه‌ساردانه بیر له‌گۆرانیه‌كی تربكه‌یته‌وه بۆ ئه‌م دنیا بێئه‌خلاقه بشێت ،بمبوره كه‌نه‌متوانی وابم و زۆر هه‌وڵی بێسودیشمدا
ویستم تۆ له‌ناودڵی خۆمدا بكوژم‌و بۆ هه‌تاهه‌تایه ئه‌و عیشقه سه‌ره‌خۆره بخه‌مه‌گۆڕ،به‌ڵام ئاسان نیه كه‌سێك له‌ناو دڵتدا زینده‌به‌چاڵبكه‌یت به‌رله‌وه‌ی تۆ ده‌ستبكه‌یته‌وه نیگا خه‌مباره‌كانی وه‌كوچه‌قۆ ئه‌تبڕێ،ئاسان نیه وه‌كو ئیحساسیی شاعیرێك به‌رله‌وه‌ی گوڵێك بپچڕێت هه‌ڵئه‌وه‌رێت،هه‌ڵوه‌رێیت،ئه‌و ئه‌وینه به‌خاك بسپێریت وه‌كو نه‌شته‌رێكی ژاراوی له‌ناخه‌وه ئه‌تبڕێت.ویستم له‌هه‌مووشتێك هه‌ڵبێم ،له‌وخاكه‌ی گوڵی تیاسه‌وز نه‌بوو ،له‌ویاده‌وه‌ریانه‌ی له‌هه‌ر ئاینده‌یه‌كدابم له‌ناویاندام ،له‌و كۆڵانه‌داخراوانه هه‌ڵبێم ئه‌چنه‌وه شه‌قامه خوێناویه‌كانی دڵی خۆم،ویستم هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌درۆوه‌ش بێت ،ته‌نانه‌ت جۆرێكیش بێت له‌خۆ گێلكردن‌و خۆ فریودان ،هه‌ستبكه‌م ئیتر من به‌خته‌وه‌رم ،هه‌ستبكه‌م ئیتر ئه‌توانم بیر له‌كه‌سێكی تربكه‌مه‌وه‌و تۆ خه‌یاڵم وێران نه‌كه‌یت ،ویستم ئیتر هیچ یه‌كێك له‌و ده‌موچاوانه نه‌بینم دیواری گۆڕه‌كه‌ی خۆمم بیر ئه‌خه‌نه‌وه،به‌ڵام نه‌كرا ڕوئیا.
لێت ناشارمه‌وه دوای تۆش من ویستم ئه‌وینداربم ،ڕاستیه‌كه‌ی عیشقێك بوو بۆئه‌وه‌ی عیشقێكی تری تیادا بكوژم ،ساتێك بوو بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ساتانه‌ی تیادا له‌ناو به‌رم تۆی تیادا بووی ،به‌ڵام بێفایده‌بوو تابتوانم ئه‌و كچه‌م خۆشبووێ له‌تۆ نه‌ئه‌چوو،ئه‌و كچه بێچاره‌ی له‌زانكۆدا ئه‌یخوێندو له‌ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه ناسیم. له‌ماوه‌ی ساڵێكیشدا ته‌نیا جارێك ده‌سته‌كانیم گرت ،دۆخێكی سه‌یربوو له‌ده‌سته‌كانیا من هه‌ستم به‌ده‌سته‌كانی تۆ نه‌ئه‌كرد،له‌چاوه‌كانیا چاوه‌كانی تۆم نه‌ئه‌بینی ،به‌چاوێكی پڕله‌گومانه‌وه پێی وتم ده‌سته‌كانت بۆ واساردو سڕن؟له‌نیگا ڕازدارو په‌شۆكاوه‌كانی ئه‌و كچه كه‌ساسه‌دا ئاینده‌ی خۆمم ئه‌بینی وێران ئه‌بوو ،ترسام له‌وه‌ی كه‌من ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه مردووم و ده‌ستێك نیه زیندوم بكاته‌وه ،ترسام له‌وه‌ی ئیتر من كه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌م پێوه‌نیه .ئاخر عیشقی من ته‌نیا شه‌رابێك بوو بۆئه‌وه‌ی تاهه‌تایه تۆم بیرچێته‌وه ،به‌ڵام بێفایده‌بوو ،كاتێك له‌چاوه بێگوناهه‌كانیم ئه‌ڕوانی چاوه بێگوناهه‌كانی تۆ سه‌یریان ئه‌كردم ،گوناهم كرد ڕوئیا….ته‌نانه‌ت جارێكیش له‌كۆفی نێته‌كه دانیشتبووین پێی وتم تۆخه‌یاڵت له‌جێگایه‌كی تره ،هه‌ستئه‌كه‌م كێشه‌یه‌كت هه‌یه ،بڕۆ جارێكی تر پێكه‌وه قسه‌ئه‌كه‌ین.ئێستاش چاوه بێگوناهه‌كانی ئه‌و كچه بێگوناهه ئه‌مكوژێت له‌دوا ئێواره‌دا پێم وت بمبوره له‌ده‌سته‌كانی تۆدا بۆده‌سته‌كانی كه‌سێكی تر ئه‌گه‌ڕام ،ویستم ئه‌وعیشقه‌ی من ده‌ستم نه‌ئه‌چووه خوێنی تۆ بیكوژیت ،به‌ڵام نه‌كرا.بێچاره ده‌رده‌دارو داخدار ئه‌گریا ،تائه‌و ساته‌ش عه‌لاگه‌كه‌ی ده‌ستی هه‌ڵگرتبووم بێئه‌وه‌ی بچوكترین گلله‌یش بكات ،پێم وت بێنه باخۆم هه‌ڵیگرم ،وتی قه‌ینا دوائێواره‌یه حه‌زناكه‌م تۆ هیلاك بیت شتیترت پێه ،بێئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بچوكترین گله‌یش بكات بێده‌نگ فرمێسكی ئه‌ڕشت ،حه‌زم لێ‌بوو دنیایه‌ك قسه‌ی سوكم پێبڵێ ،به‌ڵام نه‌یكرد .ڕه‌نگه خۆیشی زانیبێتی به‌میهره‌بانی زیاتر ئه‌توانێت بمكوژێت.ڕوئیا بیرم لێئه‌كرده‌وه كێ ئه‌ڵێت ئه‌ویش هه‌ربه‌و هه‌موو جوانیه‌وه خۆشت ویستم خۆشی ناوێم ؟به‌ڵام ڕوئیا خۆزگه قسه‌ی دڵ شتێكی تر نه‌ئه‌بوو ،خۆدڵ ئاگای ئه‌م شتانه نازانێت،ئێستاش دواهه‌مین ڕسته‌ی ئه‌وكچه چاو فرمێسكاویه وه‌ك گوێزانێك له‌هه‌ناوه‌وه له‌تله‌تم ئه‌كات وتی :ته‌مه‌ننای ئاسوده‌یت بۆئه‌كه‌م و بیرت نه‌چێت من تاهه‌تایه خۆشم ئه‌وێ‌ی .ئێستاش غه‌می بۆئه‌خۆم كه‌منیش بوومه ئه‌و كوڕه دڵشكێن و ڕۆحه غه‌ریبه‌ی كاره‌ساتێك به‌سه‌ر ژیانی ئه‌وه‌وه به‌جێبێڵم ،به‌ڵام خۆناكرێت له‌تاریكی ڕۆحی خۆت هه‌ڵبێیت‌و بۆناو ئاگرێكی سوتێنه‌ر بچیت،ساده‌وه ئاسان بچیته ژیانی كه‌سێكه‌وه دڵت لاینه‌بێت،گوناهمكرد ڕوئیا به‌رامبه‌ر به‌ئه‌و ،به‌رامبه‌ر به‌عیشقی تۆ .بۆیه ئه‌مه وام لێئه‌كات هه‌رگیز له‌خۆم نه‌بورم كاتێك به‌و هه‌سته پاك‌و دورله‌خیانه‌ته‌وه خۆشی ویستم‌و نه‌متوانی پاڵه‌وانی خه‌ونه‌كانی بم .سه‌یركه هێشتاش خه‌ریكی كاولكردنی منی .
ئه‌و ئێواره خه‌مێكی زۆرم لێخوارد‌و سبه‌ینێ كاتێك ته‌له‌فونم بۆكرد تاپێی بڵێم( ئه‌كرێت هێشتا هاوڕێ بین و له‌ژیانیشدا زۆرهاوڕێیه‌تی هه‌یه ئه‌توانێت له‌عیشق جوانتر‌و پیرۆزتربێت )،تاپێی بڵێم( تۆ ئه‌توانیت كه‌سێكی ترت خۆشبووێت‌و دڵخۆشبه له‌م سه‌ره‌تانه‌ی من به‌دوریت) ،به‌ڵام هه‌ر ئه‌وڕۆژه ژماره ته‌له‌فونه‌كه‌ی گۆڕیبوو ،ته‌نانه‌ت به‌ئیمه‌یله‌كه‌شیه‌وه له‌سه‌ر خه‌تی ئینته‌رنێت ڕێكه‌وتم نه‌كرده‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌مكاره‌ی پێم بڵێت (هیچ هاوڕێیه‌تیه‌ك جێگای عیشقی پێ پڕناكرێته‌وه).وه‌ك ئه‌وه‌ی پێم بڵێ( كچان هاوڕێیه‌تی دوای عیشق به‌درۆیه‌كی پوچ ئه‌زانن.)
تۆش خراپتكرد له‌كاتی ئه‌و ئه‌وینه‌دا وه‌كو تارمایی گه‌ڕایته‌وه. هاتی بۆئه‌وه‌ی ئه‌و په‌ڕه‌گوڵانه جێبێڵیته‌وه له‌ناو دڵی مندا په‌ژمورده‌نابن ،ئاخر تۆیادگاری ڕۆژگارێكی له‌م ته‌مه‌نه دورو درێژه‌دا ته‌نیا ئه‌و ساڵه پڕمیهرو جوانیانه به‌شی منبوون تۆی تیادابووی .ڕۆحسوك‌و دڵئێشاو له‌ژیان‌و به‌ڕۆحێكی شه‌كه‌ت و دڵێكی برنداره‌وه ته‌سلیمی ئه‌و قه‌ده‌ره بوویت چركه‌كانی چه‌قۆیان به‌دڵتدا ئه‌هێناو ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕابردوویه‌كی بریندارت به‌دوای خۆتدا ڕائه‌كیشا، وه‌كو جه‌سته‌ی مارێكی هه‌لاهه‌لا نه‌ئه‌توانی له‌كۆڵی دڵی خۆتی بكه‌یته‌وه‌و نه‌ئه‌توانی به‌وباره قورسه‌شه‌وه ڕێبكه‌یت.ئاخر هیچ شتێك له‌وه سه‌ختتر نیه ساڵانێك له‌ناو خۆتدا بكوژیت خۆشت ئه‌وێن ،ئه‌و برینانه خه‌به‌ر كه‌یته‌وه له‌ناو دڵتدا خه‌وتوون ،لاپه‌ڕه‌ی كۆنه ئه‌وینێك هه‌ڵبده‌یته‌وه ،یا ئه‌لبومی دڵداریه‌ك بكه‌یته‌وه لاپه‌ڕه له‌دوای لاپه‌ڕه وه‌ك ئه‌وه وایه برین بكولێنیته‌وه ،زه‌مانه‌یه‌ك بهێنیته‌وه یاد ڕۆحت ئه‌كرۆژێ.تۆ ئه‌زانیت چه‌نێك سه‌خته له‌بری ئه‌وه‌ی گوڵی ئاینده ئاوبده‌یت به‌دیار ژاكانی گوڵی یادگاریه‌كانته‌وه بگریت ،وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ته‌قه‌لایه‌كی بێسوددا له‌ده‌ست جانه‌وه‌رێك هه‌ڵبێی له‌ناو ڕۆحی خۆتدا.ئێستاش وه‌كو جاران ته‌نیا ده‌زویه‌ك منی به‌م دونیا بۆگه‌ن و بێزاركه‌ره‌وه به‌ستووه‌ته‌وه ئه‌ویش تۆی،ته‌نیا تۆ!ته‌نیا كه‌سێك زیندووبوون‌و عیشقی قیمه‌تی مردنی هه‌بوو له‌پێنایویدا تۆ بوویت ،من و هه‌ركه‌سێكی دی دوودونیای ته‌واو پێچه‌وانه‌ین،ئه‌زموونی دوای تۆ وای پێوتم ڕوئیا.پێی وتم كێ ئه‌توانێت له‌داهاتووی وێڵگه‌ردێكدا ببێت به‌شه‌رێك له‌ڕابردوویدا غه‌رقی خوێن بووه ؟مه‌ستی وه‌كو دیوێكی فریوكاری ئه‌بینێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازاره‌ی له‌دڵیدا وه‌كو دۆزه‌خ ئه‌یسوتێنێ.
گوڵی خه‌یاڵ …….ئه‌زانم سه‌خته وه‌كو پاساریه‌كی سه‌ربڕاو سه‌ما بكه‌یت‌و چه‌پڵه‌ت بۆ لێبده‌ن،وه‌كو كه‌ناریه‌كی بریندار گۆرانی بڵیت و وابزانن دڵخۆشی ،من نازانم ڕۆژگاری بێپاره‌یی و كه‌ساسی بوو وایكرد له‌م دنیا بێئه‌خلاقه‌دا هه‌ڵبێم و له‌ناو كتێبه‌كانا خۆم مه‌ستبكه‌م ،یا كتێبه‌كان بوون ئه‌و ڕۆژگاره تاڵانه‌یان به‌من ئاشناكرد !پێیان وتم عیشق هه‌مووشتێك ئه‌كات به‌قه‌ره‌بروت جگه‌له‌خۆی ،كتێبه‌كانیش ته‌نیا وه‌همت ئه‌ده‌نێ ،به‌ڵام اخ ئه‌ی ئاسمانی ڕه‌ش ئه‌و یادگاریانه ئاینده‌ی منیان وێران‌كرد ،به‌جۆرێك له‌ناو خۆیانا ونیانكردم له‌بیرم چوو ڕۆژانێكیتر له‌دوای ئه‌وان بوونیان هه‌یه .منیش سه‌یرم لێدێت تۆپێیه‌كت له‌م دونیایه‌داو پێیه‌كه‌ی ترت ئه‌وه‌تانێ له‌دونیاكه‌ی تردا ،له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی موعجیزه‌یه‌كدا ده‌سته‌كانت هه‌ڵئه‌بڕی له‌كاتێكا خوێن ئه‌باری‌و موعجیزه داینه‌كرد .ئاخر هه‌تا ئه‌وانه‌ش یه‌قینێكی ته‌واویان هه‌یه به‌گومانن‌و دڵنیانین له‌دونیاكه‌ی تر چی ڕوئه‌دات،نازانن ئه‌وه‌ی ڕوئه‌دات ئه‌و وێنه ناوازاه‌و شكاوانه‌ن به‌خه‌یاڵی خۆیان كێشاویانن ،یا ئه‌و سزا‌و به‌دبه‌ختیانه‌ی ساڵه‌های ساڵ له‌ده‌ستی هه‌ڵاتوون .له‌نامه‌یه‌كدا بۆت نوسیبووم ناته‌وێت له‌وێنه خه‌یاڵیه‌كه‌ی ناو ناخی ئه‌وان بچیت‌و ئه‌ته‌وێت ئه‌و وێنه‌بیت كه‌هه‌یت ،به‌ڵام ئه‌شێت خودا‌ش له‌وێنه خه‌یاڵیه‌كه‌ی ناو ناخی كه‌سمان نه‌چێت ،وێنه‌یه‌ك هه‌ریكه‌مان به‌خواستی خۆمان كێشاومانه‌و به‌هه‌شت‌و جه‌هه‌ننه‌مان به‌سه‌ر دۆست‌و دوژمن‌دا دابه‌شكردووه ،ئه‌شێت به‌هه‌شت‌و جه‌هه‌ننه‌می خودا‌ش له‌به‌هه‌شت وجه‌هه‌ننه‌می ناو ناخی كه‌سمان نه‌چێت ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا ئه‌و ئه‌زانێت چی له‌ژێر مێزه‌كانا ڕوئه‌دات (ئاخر قوماری راسته‌قینه هه‌میشه له‌ژێر مێزه‌كانا ئه‌كرێت ،له‌وشوێنه‌دایه كه‌تۆ چاوت نایبینێ،له‌و جێیه‌دا كه‌تۆ ئاگات له‌فڕێدانی كاغه‌زه‌كان نیه )ئاخر ته‌نیا ئه‌و ئه‌زانێت له‌ناو دڵا چی ئه‌گوزه‌رێت ،ته‌نیا ئه‌و ئه‌زانێت ئێمه چ دۆزه‌خ‌و به‌هه‌شتێكمان هه‌بووه له‌ناو دڵماندا بۆ ئه‌وانی دی ،چه‌ند پیلان‌و گریانمان هه‌بووه بۆكه‌سێك بێئاگابووه له‌ناو دڵمان .ئێستا منیش وه‌ك باڵنده‌یه‌ك باڵه‌كانی له‌قومارا دۆڕاندبێت ئاسمانێكم نیه بۆی بچم، سه‌رزه‌مینێكم نیه بۆنی خوێن و غوربه‌تێكی ئه‌به‌دی لێنه‌یه‌ت.ئه‌شبێت تۆش له‌دوای مردنیش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت ده‌ست نه‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی ئه‌م دونیا وێران ئه‌كه‌ن چیان لێدێ؟
من زوو پێم وتی مردنیش كاتێك جوانه شتێك له‌باری ئه‌م دونیا لاسه‌نگه هاوسه‌نگ بكاته‌وه ،به‌ڵام تۆ ئه‌ته‌وێت به خۆكوشتنت چی به‌خودا بڵێیت كه‌ئه‌و هه‌مووشتێك ئه‌بینێ‌و زیارتر له‌هه‌رگوناهێك له‌خۆ كوشتنی مرۆڤێك توڕیه؟!ئایا خۆكوشتن نكۆڵی كردن نیه له‌و جوانیه‌ی خودا دروستیكردووه؟ئایا خۆكوژیش تاوانبار نیه به‌كوشتنی كه‌سێك؟تاوانبارنیه به‌سڕینه‌وه‌ی به‌شێكی شوێن ده‌سته‌كانی خوا له‌سه‌ر زه‌وی ؟؟ئه‌زانم ئه‌وانه‌ی تێزاب ئه‌كه‌نه بنی گوڵه‌كانی جوانی به‌خه‌یاڵی خۆیان ئاویان ئه‌ده‌ن ،ئه‌زانم عیشق وه‌ك تلیاك وایه ته‌نیا یه‌كه‌مجار ئه‌تگه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسمانه‌ی باڵه‌كانت بكه‌یته‌وه‌و دووه‌مجار له‌ژێر هه‌وره‌كانه‌وه ئه‌فڕی به‌بێ ئه‌وه‌ی باران ببارێ و سێهه‌مجاریش سه‌رقاڵی باڵه ته‌پێی و واش ئه‌زانیت ئه‌فڕیت ،به‌ڵام هه‌زار ساڵ به‌م حاڵه‌وه به‌رده‌وامبیت ناگه‌یته ئه‌و ئاسمانی جوانیه‌ی دڵ‌و ڕۆحت داوای ئه‌كه‌ن .نابووتی ئه‌م دونیاش ئه‌وه‌یه كاتێك عیشق ئه‌وه‌ستێت ژیان ئه‌ڕوات كاتێك عیشق ئه‌ڕوات دیسان ژیان ئه‌ڕوات.ئیتر ئه‌بێت ئه‌مه‌ش به‌شی ئێمه‌بێت و به‌وه‌نده‌ش ڕازی بین‌و هه‌زارجایش شوكربین نه‌كه‌وتینه ده‌ورو زه‌مانێكه‌وه له‌سه‌ر شاشه‌ی مۆبایله‌كان عیشق به‌مردوویی له‌دایك بێت و به‌نابوتی بمرێت.
گوڵی جوانی …..به‌كۆڵانی هه‌ر خه‌یاڵێكدا هاتبی جێپێكانت دیارن ،له‌هه‌ر داڵغه‌یه‌كدا گوڵت ناشتبێت شوین ده‌سته‌كانت سه‌وزن ،نازانی چه‌نێك كه‌سه‌رم خوارد له‌گه‌ڵ بادا هاتی‌و له‌گه‌ڵ نه‌سیم ڕۆشتی ،له‌گه‌ڵ به‌هار هاتی و له‌گه‌ڵ گوڵه‌كانی ڕۆشتی ،ئێستاش كه‌بیر له‌دروستبوون و ڕێكه‌وتی ئه‌و هه‌موو قه‌ده‌ره ئه‌كه‌مه‌وه له‌وه‌ئه‌چێت ده‌ستێك یاری به (تێكدان)یا (میكانۆ)یه‌ك كردبێت‌و جێگۆڕكێی به خانه‌كان كردبێت واتۆی كرد به‌هاوده‌می ئه‌و كوڕه‌خه‌یاڵپه‌رسته‌ی به‌نیگا دڵبڕه‌كانت ئه‌تكرد به‌دیل ،به‌بزه دڵنشینه‌كانت ئه‌تكرد به‌عاشق‌و به‌كۆیله ،یاده‌ستێك ویستبێتی كوێره‌وه‌ری دنیا له‌سه‌ر ژیانی من‌و تۆ تاقی بكاته‌وه و ئه‌و هه‌موو ئازار‌و خوێن وبرینه له‌ڕۆحی دوومرۆدا سه‌یر بكات ،ڕه‌نگه كاری به‌مانه‌ش نه‌بووبێت و سه‌رقاڵی یاری كردنی خۆیبێت به‌تێكدان و دروستكردنه‌وه‌ی ملیاره‌ها خانه‌ی وه‌ك من‌و تۆوه ،من‌و تۆش نزیكبوونه‌وه‌ی پارچه‌ی میكانۆ كه‌مان به‌ده‌رفه‌ت زانیبێ و ئه‌ویش له‌سه‌ر یاسای یاركردنی خۆی به‌رده‌وام بووبێت (تێكدان و دروستكردنه‌وه)هه‌تا هه‌ریه‌كێكمان كه‌وتبینه دووگۆشه‌ی دووره ده‌ستی ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری دونیا .
زۆرجار پێم ئه‌وتیت عیشقی ڕاسته‌قینه مردن له‌چاویدا هه‌رزانه ،پێم ئه‌وتیت ئه‌وانه‌ی حیكایه‌تێكیان نیه بۆ گێڕانه‌وه ،یادگاریه‌كیان نیه بۆی بژین،چڵه‌گیایه‌كیان جێنه‌هێڵاوه شایسته‌ی مردنن.ئێستاش هه‌ر هه‌نگاوێك له‌تۆ دورئه‌كه‌ومه‌وه هه‌ست ئه‌كه‌م له‌مردن و له‌تۆ نزیك ئه‌بمه‌وه ،به‌ڵام مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی له‌م زه‌لكاوه‌دا نه‌خنكێت ئه‌بێت ڕۆحی خۆی بدات به‌كۆڵیدا و ڕوبكاته خه‌ڵوه‌تی عیشق ،بۆ ئه‌وه‌ی گوڵبێت ئه‌بێت ته‌مه‌ن كورت و جوان بژی تائه‌و كاته‌ی هه‌ڵئه‌وه‌رێت،ئه‌بێت گوێ له‌دڵ‌و ڕۆحی خۆی بگرێت ،ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌كرد له‌سه‌ر شانۆی ئه‌م تڕۆهاته ئیدی ئه‌و ئه‌كته‌رێكی مردووه.ڕوئیا …چی ئه‌ڵێیت له‌گه‌ڵ ده‌ورو زه‌مانێك مرۆڤێك دۆزه‌خ ئه‌وه‌تا به‌كۆڵیه‌وه‌و بۆدۆزه‌خ ئه‌چێت ،شێتیه گوڵی ژاكاو …له‌دۆزه‌خێكه‌وه به‌پێی په‌تی گه‌یشتویته ئه‌وسه‌ری هاوار بكه‌یت …ئاه من چه‌ند به‌خته‌وه‌رم !شێتیه له‌م زه‌لكاوی خوێنه‌دا گۆرانی بۆئه‌و باڵنده خه‌یاڵیه بڵێیت له‌هێلكه‌دا باڵیان شكاند،بچیت و یادگاری سه‌ر ئه‌و دره‌ختانه بخوێنیته‌وه كه‌س نازانێت ئه‌و عاشقانه‌ی له‌سایه‌یاندا دائه‌نیشتن ده‌ردی ئه‌وین بۆكوێ ی بردوون.به‌هارێك بیت و خه‌زان له‌ناختا سه‌وز بووبێت ،هه‌موو كارێك بكه‌یت بۆئه‌وه‌ی له‌عیشق هه‌ڵبێیت و له‌ناو دڵتا بێت ،واهه‌ستبكه‌یت یه‌ك سه‌ده‌له‌ده‌ردو مه‌ینه‌تی دوركه‌وتوویته‌وه‌و ئه‌و ڕۆحت بخوات .
تۆ پێت وتم به‌ڕابردووت سزای خۆت مه‌ده ،به‌په‌شیمانیت خۆت مه‌كوژه،به‌ڵام ئێستا ئه‌م دڵپه‌روه‌رو جواندۆسته پێت ئه‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌حه‌قیقه‌تا مرد له‌خه‌یاڵا زیندوو ناكرێته‌وه .تۆ پێت وتم كاتی ئه‌وه هاتووه بیرێك له‌وه بكه‌یته‌وه به‌بێ من بژیت ،به‌بێ من به‌خته‌وه‌ری دروستبكه‌یت ،ئێستاش ته‌نیا شتێك له‌یاده‌وریدا بۆی بژیم ئه‌و په‌ڕه‌گوڵه شادی به‌خشو جه‌رگبڕانه‌ی تۆن ،تۆ ته‌نیا جوانیه‌كی دڵنشینی وه‌ك له‌شێكی غه‌ریب‌و ڕۆحێكی ئاشنا ،وه‌ك جوانیه‌كی ناسك و دڵكوژ،وه‌ك ڕاوچیه‌كی دڵپێكراو و بریندار ،تاهه‌تایه وه‌ك گوڵێكی ژاكاو هه‌لت ئه‌گرم ،وه‌ك ئه‌و په‌ڕه‌گوڵه نیازدارانه هه‌ڵت ئه‌گرم له‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی (شه‌وه‌سپیه‌كان)ا پێتبه‌خشیم وپێت ئه‌ڵێم (كه‌سێك گوڵه‌كانی ڕۆحی ژاكاون مه‌حاڵه به‌دوای گوڵدا بچێت)
من ئه‌زانم دڵخۆشی بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی هه‌واڵی له‌سێداره دانی خۆیی پێدراوه ،فریو كاریه‌كی گه‌مژانه‌یه له‌گه‌ڵ خۆیدا ،ئه‌زانم سه‌خته گۆرانی وتن بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی بریندار‌و بیمار به‌ناو تاریكیا ئه‌ڕوا ،سه‌خته وه‌كو باڵنده‌یه‌كی مردووی سه‌رئاو كه‌توتوو به‌ده‌م شه‌پۆلێكه‌وه سه‌مابكه‌یت هاژه‌ی ده‌نگی به‌ئاوازی دڵته‌نگی تۆ نامۆیه ،له‌ودۆزخه‌دا به‌هه‌شت دروستبكه‌یت بۆیان تاو داویت .من ئه‌زانم ئه‌و كه‌سه‌ش شه‌وان چه‌نێك ئه‌گری كاتێك جوانیه‌كه‌ی ئه‌بینی برینێكت لا به‌جێدێڵێ،به‌ڵام جوانیش بۆ ئه‌و دیوێكی تری موسیبه‌ته ،جوانیش وه‌كو خه‌یاڵ زۆرجار به‌و دنیایه‌ت غه‌ریب ئه‌كات تیایدا ئه‌ژیت،من ئه‌زانم له‌ناو ئه‌و هه‌موو دڕكه‌دا ژیان سه‌خته بۆ ئه‌و گوڵئه‌ندام و گوڵنازه‌ی ڕابردووی هه‌میشه برینداری ئه‌كات‌و كه‌سیش دنیایه‌ك برینی ئه‌رشیفكراوی نابینێ،به‌ڵام بمبوره له‌وه‌ی پێم وتی بۆ ئه‌وه‌ی ببین به‌مرۆڤ پێویسته ئازار بچێژین ،كه‌سێك تێك‌شكان وئازار نه‌چێژێت له‌ئازاری دیگه‌ران تێناگات ،من ده‌مویست پێت بڵێم پێویسته ئازار بچێژیت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئازار تێبگه‌یت ،به‌ڵام ئه‌مڕۆكه‌سانێك ئه‌بینم ئه‌وه‌نده‌ی گرفتارت ئه‌كه‌ن به‌ئازاره‌وه ئه‌وه‌نده هه‌وڵناده‌ن له‌ئازارت كه‌مكه‌نه‌وه ،ئه‌وه‌ی كه‌من ئه‌مویست ئه‌وه بوو له‌ئازار تێبگه‌یت نه‌وه‌ك موعتاد بیت پێی.ئاخر كه‌سانێك هه‌ن تائه‌و ساته‌ی له‌ناخی یه‌كتری تێنه‌گه‌ن به‌یه‌كتری ئاشنان ،تا ده‌رباره‌ی ناخی یه‌كتری بزانن به‌یه‌كتری نامۆ ترئه‌بن،هه‌رچه‌ند زیاتر به‌ناخی یه‌كتری ئاشنابن له‌یه‌كتری دورئه‌بن،تاله‌یه‌كتری نزیكبنه‌وه له‌یه‌كتری دور ئه‌كه‌ونه‌وه .ئه‌وان ئاسكیان نه‌دیوه به‌برینداری بگری ،شه‌وانێك له‌مه‌ستیدا نه‌گریاون و خاوه‌نی ڕۆحێك نین گرفتاری و ده‌رده‌داری بناسێت ،به‌شته بچوك وكه‌مبایه‌خه‌كان سه‌رسام ئه‌بن ،سه‌ره‌تا گره‌و له‌سه‌ر دڵ و ڕۆحت ناكه‌ن ،گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وشته ڕاگوزه‌رانه‌ئه‌كه‌ن تۆزی زه‌مانه كاڵیان ئه‌كاته‌وه‌و نایان هێڵێت ،ئه‌وه‌نده‌ی به‌جوانیه‌كه‌ت شه‌یدا ئه‌بن ئه‌وه‌نده ڕۆحت ناناسن ،هه‌میشه به‌دیوه ڕوكه‌ش وبازاڕیه‌كه‌ت شه‌یدا ئه‌بن و ڕه‌نج بۆ بینینی دیوه‌كه‌ی ترت ناده‌ن ،بۆیه ناتوانن به‌عیشقه‌كانیان تاهه‌تایه له‌خه‌یاڵتا بژین و هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌شه جه‌سته‌ت ئه‌كه‌نه قه‌فه‌ز،ئه‌وانه گره‌و له‌سه‌ر جوانی و ئاینده‌ت ئه‌كه‌ن نه‌وه‌ك له‌سه‌ر عیشق ،ئاخر ئه‌وه‌ی ئاینده‌یی خۆی له‌تۆ ئه‌وێ ڕه‌نگه موحیبه‌تی لێت نه‌وێت و موحیبه‌تت نه‌داتێ،ئه‌وه نیه ئه‌م وڵاته پڕه له‌خێزانی وا؟ئه‌وه‌ی ئاینده‌ی له‌تۆ ئه‌وێ له‌ئاینده‌یه‌كی ڕوخاوا به‌جێت دێڵێ ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی عیشقی له‌تۆ ئه‌وێ هیچ ڕۆژگارو وێرانكردنێك سه‌نگه‌ره‌كه‌ی پێ چۆڵناكات.ئه‌وان ئه‌یانویست له‌ماڵه‌ڕازاوه‌كه‌یاندا بژیت و و له‌دڵیاندا نه‌بیت ،من ئه‌م ویست له‌خه‌یاڵما بژیت و له‌ناو دڵما بێیت و بچیت و ماڵیشت هه‌رله‌وێدا بێت .ئه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دونیا بۆگه‌نكردووه دوربكه‌وینه‌وه له‌خه‌یاڵمانا ماڵێك دروستبكه‌ین و له‌سه‌ر زه‌مینی حه‌قیقه‌تیش كوخێك له‌گه‌ڵا پایزیه‌كان ،ئه‌بوو گوڵه‌كانی ڕۆحمان خزمه‌ت بكه‌ین.ئاخر ناكرێت گوڵ بیت و پێستی پڵنگ له‌به‌ر بكه‌یت ،پڵنگ بیت و به‌په‌ڕه‌ی گوڵ خۆت داپۆشیت ،ئاخر ناكرێت له‌قه‌فه‌زێكه‌وه بۆ قه‌فه‌زێكی تربفڕیت و بڵێیت من ئازادم ،من شادمانم،له‌دۆزه‌خێكه‌وه بۆ دۆزه‌خێكی تر وه‌كو گوناهكارێك بڕۆیت و بڵێیت من به‌ختیارم ،سه‌یرم لێدێت كه‌سێك له‌شی له‌باوه‌شی تۆدابێت و دڵی له‌ناو دڵی كه‌سێكی تردا‌و بڵێت من ئاسوده‌م و خۆشبه‌ختت بكات!تۆ پێویستت به‌كه‌سێك بوو هه‌موو شه‌وێك به‌عیشق ئاگرت تێبه‌ربدات ،ئاگر له‌ناو دڵتدا بكاته‌وه نه‌ك له‌سه‌ر له‌شت،كه‌سێك به‌عیشق ئاگرت تێبه‌ربدات نه‌ك به‌شقارته ،كه‌سێ بێت تاشه‌وی داهاتوو له‌و خه‌یاڵه‌دا غه‌رق بیت چۆن له‌ڕوتبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌تدا له‌ززه‌تت لێببینێ‌و له‌ززه‌تی لێببینی ،به‌و خه‌یاڵه‌وه گیرۆده‌تكات چۆن ئه‌مجاره خۆتی بۆ بڕازێنیته‌وه نه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی ئه‌تككردن بتكوژێت .ڕوئیا …له‌به‌ر یه‌ك كه‌وتنی له‌شه‌كاندا ڕۆح ئاماده‌گی نه‌بێت هه‌موو جۆره تێكه‌ڵاو بوونێك له‌كارێكی شه‌رمئاوه‌رو قیزه‌ون ئه‌چێت ،مه‌گه‌ر سێكسی سۆزانیه‌كان‌و له‌شكڕه‌كانیش هه‌روانیه؟؟كاتێك له‌ده‌ست و په‌نجه‌ی بزێوی پیاوێكدا یاری له‌گه‌ڵ لێوی مه‌مكه‌كانت ئه‌كات ،ڕۆحێكی ئه‌ویندار هه‌ست پێنه‌كه‌یت ،لێوی گیانت به‌ماچ نه‌شوات ،په‌ڕه په‌ڕه‌ی جوانیت بۆن نه‌كات ،شێت و نیان نه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گوڵێكدا به‌رخورد بكات ،له‌چاوه‌كانیا ڕۆحێكی شه‌یداو دور له‌ده‌مامك نه‌بینی ،له‌لێوه‌كانیا ڕۆحی عاشقێكی تامه‌زرۆ هه‌ست پێنه‌كه‌یت ،له‌ئاوازی هه‌ناسه‌یدا تاسه‌ی دڵێكی ئه‌ویندار د‌رك پێنه‌كه‌یت ئه‌وكاته تۆ بۆ مردن ڕوت ئه‌بیته‌وه نه‌ك بۆ عیشق.ئه‌و كاته تۆ له‌گه‌ڵ كه‌سێكدایت دڵكوژو دڵخنكێن ،كه‌سێك له‌و كه‌سانه‌ی مرۆڤ وه‌كو قاپێكی سه‌فه‌ری ئه‌بینن و له‌بری ئه‌وه‌ی جوانیه‌كه‌شت له‌پاڵ ئه‌ودا به‌خته‌وه‌ریت بداتێ سه‌رت ئه‌خوا.
گوڵی سپی تۆ ژیانت ڕه‌شكردم و وات لێكدرم بیر له‌مردن نه‌كه‌مه‌وه ،وات لێكردم له‌ناو هه‌ر گوڵێكدا به‌شێك له‌و جوانیه‌ی تۆ ببینم هه‌ڵئه‌وه‌رێت ،وات لێكردم له‌هه‌ر گوڵێكدا بۆ جوانی تۆ بگه‌ڕێم ،من ئه‌ڵێم ئه‌وه عیشقه مرۆڤ ئه‌كات به‌گوڵ‌و وا له‌هه‌ستی ئه‌كات دڕكی تیا سه‌وز نه‌بێت.
سه‌یركه هه‌ندێك له‌م دنیایه ئه‌ڕۆن و هیچ شوێنێك له‌دوای خۆیان جێناهێڵن وه‌ك چۆن هیچ بۆشاییه‌كیشیان پڕنه‌كرده‌وه تا له‌دونیادا بوون ،ئاخر ئه‌وه‌ی ئه‌م دونیا وێرانه دروست ئه‌كاته‌وه خوێن به‌خشو دڵبه‌خشه‌كان نین ،ڕۆحبه‌خشه‌كانن .نه‌گبه‌تترین وبه‌دبه‌ختترین كه‌سی دونیاش ئه‌وه‌یه له‌ئامێزی هاوسه‌ره‌كه‌یدا ته‌نیایی ئه‌یكرۆژێ نه‌ك ئه‌و ته‌نیایه‌ی به‌دوای مه‌عشوقه‌یه‌كی ونبوودا ئه‌گه‌ڕێ‌و نایدۆزێته‌وه ،نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوای كه‌سێكی له‌ده‌ستچوو خۆی هه‌ڵئه‌كێشێت له‌خوێن ،نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوای گۆڕی عیشقێك ئه‌ڵێ ی خۆڵی گۆڕی به‌سه‌را باریوه .من ئه‌زانم ئه‌وه‌ش مردنه كه‌سێك بچێته‌وه جێگای یادگاریه‌كانی وبیان هێنێته‌وه یادی كاتێك خه‌یاڵو داڵغه‌ش هیچ كۆمه‌كێكی ناكه‌ن جگه له‌ئازار،یا تا هێزت تێدایه جێنێو به‌م دونیا حیزه‌بده‌یت جێگای دوو دڵی تێدانابێته‌وه ،له‌ژێر ئاسمانی ئه‌و شه‌وه‌دا بگریت هه‌رگیز ئه‌ستێره‌ی له(یل‌و مه‌جنون) به‌یه‌ك ناگه‌ن .من ئه‌زانم هه‌موو هه‌ڵاتنێك له‌حه‌قیقه‌ت ڕاكردنه به‌دوای كاره‌ساتدا ،من ئه‌زان ئه‌وه دیوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆ كوشتنه به‌دوای خه‌یاڵه دڵكوژو دڵهه‌ژێنه‌كاندا تا ئه‌و سه‌ری نامورادی بچیت ،به‌ڵام هێشتا له‌گۆرانی ئه‌و ئارزوو په‌رستانه جوانتره كاتێك ستایشی عیشق ئه‌كه‌ن زینده‌به‌چاڵی ئه‌كه‌ن ،من ئه‌زانم ئامێره‌كان له‌گه‌ڵ هاتنیاندا مرۆڤیشیانكرد به‌ئامێر، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و ڕۆژگاره نامرێت مرۆڤ به‌دیار مۆم وپه‌روانه‌وه خه‌ڵوه‌تی بۆ عیشق ئه‌كێشاو شیعری بۆ ئه‌نوسی .
گوڵی نیانی و به‌رائه‌ت ……ئیتر عیشق قومارێكه ئاگات لێی نه‌بێت خۆتی تیا ئه‌دۆڕێنیت ،ته‌نیا ئازارێكه ئه‌توانیت له‌ززه‌تی لێوه‌رگری ،ته‌نیا سوتانێكه له‌تاریكیدا ئه‌توانیت نه‌مریت ،كێ ئه‌ڵێت هێزێك له‌سه‌روی ده‌سه‌ڵاتی من و تۆوه كاتێك ئه‌م هه‌موو تاسان‌و سوتانه‌ی دیوه ،زانیویه‌تی له‌به‌ریه‌ك كه‌وتنی من وتۆدا ئه‌و جوانیانه تیائه‌چن و ئه‌بن به‌هه‌ڵم،هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ش بۆ هه‌تاهه‌تایه به‌دوریو ئازار مه‌حكومی نه‌كردوین‌و پێی حه‌یفبووه ئه‌و عیشقه له‌تێكه‌ڵاو بوونی جه‌سته‌كانا ببێت به‌هه‌ڵم ،ئاخر هه‌موو ئه‌وانه‌ی عیشق تاسه‌ر ئێسقان هه‌ڵی كۆڵیون ئه‌ڵێن عیشق له‌دوریو ئازارا جوانتره.
یه‌كه‌م نیگا ئه‌ویندارانه‌كه‌تم له‌یاده له‌چاوه‌كانتا نوسیبووت ،(چه‌ند هه‌ژارن ئه‌وانه‌ی هه‌مووشتێكیان هه‌یه‌و غیشقیان نیه )ڕه‌نگه له‌خه‌یاڵی خۆتا وتبێتت ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌سه‌رو دیلی ئه‌كه‌م ،به‌ڵام من هه‌ر له‌سه‌رتاوه دیل بووم .ئه‌و ڕۆژه‌ش دڵم پێی وتم (تاكه‌ی له‌ناو ئه‌و خوێنه‌دا گوڵه‌كانت سه‌وز ئه‌كه‌یت ؟)تێگه‌یشتم ئیتر ئه‌وه ئێمه‌ین ئه‌ڕوخێین نه‌ك دیواره‌كان ،ئه‌وه ئێمه‌ین دا ئه‌خرێین نه‌ك ئه‌و كۆڵانانه‌ی به بنبه‌ست گه‌یشتوون ،چومه‌وه شوێنی ئه‌و نیگایه‌و سه‌یری تۆمكرد ،دڵم ئه‌یوت بێچاره ئه‌ویش ڕۆژگارۆێك بوو زیندووبوو ،كه‌وته‌وه بیرم ئێمه هه‌موومان كۆن ئه‌بین وه‌كو ئه‌و چڵه گیایه‌ی سه‌ره‌نجام له‌شێوه‌ی چڵه پوشێكدا بائه‌یبا.تێگه‌یشتم هه‌مووشتێك له‌م دونیایه‌دا كۆن ئه‌بێت و ئه‌مرێت وه‌ك ئه‌و سێوه‌ی له‌چاوه‌ڕوانی ده‌ستێكی ئاشنادا ئه‌مرێت ولێ‌ی ناكاته‌وه و سه‌ره‌نجام ئه‌كه‌وێت ،دواتریش فه‌یله‌سوفێك دێت له‌بری ئه‌وه‌ی یاسای مردنی پێبدۆزێته‌وه ،بیر له‌یاسای كێش كردنی زه‌وی ئه‌كاته‌وه .هه‌مووشتێك له‌م دونیا پیره‌دا ئه‌مرێت بۆیه ئه‌كرا نیوتنیش یاسایه‌كی تری بدۆزیایه‌ته‌وه بۆ ژیان، بۆنمونه یاسای نه‌مردن.ته‌نیا شتێك نامرێت خودی عیشقه ،ته‌نیا شتێك جێئه‌مێنێ وه‌ك جێپێیه‌كی سیحراوی و جاویدانی ئه‌و په‌نجانه‌ن تابلۆی ئه‌وینیان له‌سه‌ر دیواره خوێناویه‌كانی ژیان كێشاوه .ئه‌گه‌ر ئه‌م كوڕه‌ش مرد ئه‌وه بزانه دڵی خۆشه وێرانبوونی ئه‌و وه‌كو گوڵێك به‌یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌ته‌وه‌یه .
ڕوئیا….من ئێستا له‌شوێنی باخچه چكۆلانه‌كه‌ی ئه‌وسای تۆدا دانیشتووم ،بیر ده‌كه‌مه‌وه ڕۆژگارێك بوو ده‌سته‌كانی تۆ شوێنی ئه‌م باخچه چۆڵه‌ی ئاو ئه‌داو گوڵی تیاداسه‌وز ئه‌بوو ،تۆ هه‌ر لێره‌دا سه‌یری گوڵه‌كانت ئه‌كردو جارجاره‌ش به‌ده‌سكێك ڕه‌یحانه‌ی ئه‌م باخچه بێتاقه‌ته‌وه ئه‌هاتی ،ئێستاش نازانم بۆ ئه‌وه‌نده حه‌زت له‌ڕه‌یحانه‌و نازناز بوو ؟!ئاخر ناز ناز به‌و هه‌موو شه‌وقو زه‌وقه‌وه ،تۆش به‌و هه‌موو خه‌مه‌ده‌رونخۆره‌وه ،به‌و هه‌موو تاریكیه‌وه ده‌ستی له‌بیناقاقاتا بوو چی شتێك كۆی ئه‌كردنه‌وه جگه‌له‌جوانی ؟!ئاخۆ لێره‌دا چه‌ند جار بیرت له‌من كردبێته‌وه‌و خه‌مت خواردبێت ،چه‌ند جار گوڵه‌كانی ئه‌م باخچه بێ ئاسه‌واره چاویان له‌گریانی تۆ‌و، كه‌سه‌رو پیاسه‌ی شه‌وانت بووبێت ،چه‌ند جار لێره‌دا فرمێسكه‌كانت به‌سه‌ر بێنازیاو ته‌نیاییه دڵكوژه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌و خه‌می بێ هاوده‌میتا هه‌ڵوه‌راندبێت و ڕۆژگاری ته‌نیایی وبێكه‌سیت به‌سه‌رقاڵی و سه‌یری گوڵه‌كانیه‌وه به‌ڕێكردبێت؟؟ ڕوئیا تۆنازانیت یادگاریه‌كانی تۆ چه‌ند ئازارم ئه‌ده‌ن!!
ڕوئیا ….ژیان خیانه‌تی له‌ئێمه كرد ،بریا ئێمه له‌یه‌كتریمان كردبا بۆئه‌وه‌ی ئاسان یه‌كتری له‌بیر بكه‌ین .سه‌یركه له‌دوای ئاوابوونی جوانی سه‌رده‌مێكی به‌سه‌ر چوو ئه‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌ئه‌توانیت بگه‌ڕێیته‌وه ناوی‌و نه‌داڵغه‌ش به‌ردێك ئه‌خاته‌وه سه‌ر بنیاد نانه‌وه‌ی بینای ڕوخاوی ژیانت ،ئێستا ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه له‌دنیادا شانۆی عیشقێكی كوژراوه له‌نێو بینه‌رێكی خاڵی له‌وه‌فاو خاڵی له‌ویژداندا ،تۆش ڕێگای خۆت بگره‌و بڕۆ و ئه‌م برینانه مه‌كولێنه‌وه، ئیتر هه‌رچه‌ند سه‌یریان بكه‌یت ئه‌وه‌نده ئازاریان زیاتره ،ئێمه‌ش ئیتر ئه‌بێت ئه‌و بوونه‌وه‌ره زه‌لیلانه‌بین ئاخریه‌كه‌ی چۆك دابده‌ین و عاده‌ت به‌م ژیانه باو و سواوه‌وه بگرین .ئه‌بێت له‌كۆتاییه‌كه‌یدا ترسی خه‌ڕۆ بوون و مردن و كاره‌سات و ئاینده‌و عادات ته‌حه‌كوم به‌سه‌ر ژیانمانه‌وه بكات ،نه‌وه‌ك عیشق.ژیانیش چیه جگه له‌په‌ڕی كۆنی باڵنده‌یه‌ك له‌ئاسمانا فڕێی ئه‌دات؟چیه جگه له‌و شه‌رابه هه‌راسانكه‌رو گێژكه‌ره‌ی به‌رله‌وه‌ی له‌ززه‌تی نۆشینی بكه‌یت به‌سه‌ر چووه ،پڕیان كردووه له‌خوێنی حه‌رام؟
ڕوئیا ماڵاواییه‌كان هه‌مییشه تاڵن ،هه‌ربۆیه هه‌میشه له‌ناویانداین و لێیان ڕائه‌كه‌ین ،ئاخر ئه‌وانه یاده‌وه‌ری سه‌رده‌مێكی به‌سه‌رچووت نیشان ئه‌ده‌ن تۆ ناته‌وێت تێپه‌ڕن ،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش مرۆڤ وێنه ئه‌گرێت،هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌شه مرۆڤه جوانه‌كان مه‌حكومن به‌وه‌ی خه‌یاڵیان بۆ ئه‌و به‌شه تاڵه‌ی ژیان ته‌رخانبكه‌ن .هه‌میشه ڕێگا ڕاسته‌كان ناگه‌نه‌جێ ئه‌مه ئیتر بیر‌و باوه‌ڕی منه و لاشم وایه ئه‌مه عاده‌تی ژیانیشه ،عیشقیش دوژمنی ڕێگا پێچاو پێچه‌كانه‌بۆیه عیشقه‌كان به‌ناكامی ئه‌گه‌نه بنبه‌ست.دڵم پێی وتم ئه‌گه‌ر ژیان بوو به‌قومار به‌ئازیزترین كه‌ستی بدۆڕێنه، به‌ڵام ئه‌فسوس ڕوئیا ئێمه قومارمان نه‌كرد بۆ یه دۆڕاین ،وتم ئه‌بێت ئێمه به‌سه‌ر واقیعدا سه‌ركه‌وین و قوماره‌كه‌ی لێببینه‌وه، به‌ڵام ئه‌فسوس ڕوئیا ئێستاكه ئیتر ناچارین باوه‌ش به‌ماڵاوایدابكه‌ین ،ئه‌وشته‌ی ساڵه‌های ساڵ له‌ده‌ستی هه‌ڵئه‌هاتین .