
پێنج شیعری محه‌مه‌د كوردۆ
(1)
ژیان چه‌ند خۆشه
ژیان چه‌ند خۆشه
كه له پڕێكا و
كاتێك ده‌زانی
شاژنێكی شۆخ دێته ناویه‌وه
به عیشوه و ناز و
به له‌نجه‌كانی..
به نیگای ته‌ڕی پڕ له ئاماژه و
سڵاوی گه‌رمی سهرپهنجهكانی..
دڵت ده‌كاته
باخێكی گه‌وره‌ی پڕ له دره‌خت و
ئاوی دڵداری ده‌ڕژێنێته ژێر
گشت بنجهكانی..
ژیان چه‌ند خۆشه
كه ژنێكی شۆخ دێته ناویه‌وه و
له سه‌رانسه‌ری
زه‌مینی خوادا
له ناو ملیۆنان
پیاوی جیاجیادا
تۆ ده‌خاته ناو سه‌رنجه‌كانی..
ژیان چه‌ند خۆشه كه ژنێكی شۆخ
به تاقی ته‌نیا تۆ هه‌ڵده‌بژێرێ و
به تۆی ده‌به‌خشێ
مه‌مكه دڵته‌ڕ و
دڵگهنجهكانی..!!
(2)
خه‌ونی زه‌رد و سوور
ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ وه‌خت بوو
به دوای خه‌ونێكدا
چوومه قه‌راغی زه‌ریایه‌كی دوور
له پڕا بینیم ژنێكی زهری
نازانم ژن بوو، یان شه‌پۆلی نوور..؟
به پرچی ته‌ڕ.. و
گۆی مه‌مكی ته‌ڕ.. و
دڵی ته‌ڕه‌وه
له ناو زه‌ریاكه هاته ده‌ره‌وه
وه‌ك جه‌ژنی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابێ
ئه‌و ناوه‌ی پڕكرد له بۆنی بخوور
له ڕێی چاومه‌وه
هاته ناومه‌وه
شه‌ڵاڵی كردم له غیره و غروور
وامزانی ئیتر خه‌وبینین ته‌واو
به‌ڵام وا نه‌بوو
ئه‌وه‌ی كه ڕوویدا پێچه‌وانه بوو
ئێستا من هیچ نیم جگه له پیاوێك
كه بۆته كانگای
هه‌زاران هه‌زار
خه‌ونی زه‌رد و سوور..!
(3)
ئه‌م ئێواره‌یه دڵم خه‌مباره
ئه‌م ئێواره‌یه
دڵم خه‌مباره
هه‌ست ده‌كه‌م مێژووی مرۆڤایه‌تی
سه‌رتاپای خه‌م..و
ده‌رد و ئازاره
هه‌ست ده‌كه‌م مرۆڤ نابینایه‌كه
بیه‌وێ بڕوا به هه‌ر لایه‌كا
پێشی دیواره..
هه‌ست ده‌كه‌م مرۆڤ بێئومێدیكه
تا ده‌مرێت به دوای ئه‌وه‌دا وێڵه
خۆی دڵنیا كات:
ئومێده‌واره..
ئه‌م ئێواره‌یه دڵم خه‌مباره
وام له ناو چه‌قی نائومێدیدا
هه‌زاران هه‌زار
حه‌سره‌ت و مه‌راق
له دڵم باره..!
(4)
له لوتكه‌ی خه‌م و بێتاقه‌تی دام
ئازیز من ته‌نیام
ئازیز من ته‌نیام
ئازیز من ئێستا باڵندهیهكم
ئاسمانم ته‌مه..و
دارستانم زام..
ئێستا، كه بێ تۆم
ده‌ڵێی خه‌یامم ڕه‌زم سوتاوه
له لوتكه‌ی خه‌م..و
بێتاقه‌تی دام
تاقه تروسكه‌ی سه‌ر زه‌مینم تۆی
له پڕ په‌یدا بی..و
بگه‌یته فریام
توخوا ئازیز گیان بۆ دیارت نییه..؟
وا من پڕوكام
كه‌ی به په‌نجه‌ی نور
له ده‌رگای دووری ته‌نیاییم ده‌ده‌ی..؟
كه‌ی ده‌گه‌یته لام..؟
(5)
نازانم تا كه‌ی تۆ نابینمه‌وه
له دووری یاری نازهنینمهوه
خه‌زان به پڕتاو
خۆی كردۆته ناو باخی ژینمه‌وه
گه‌ڵا به گه‌ڵای
بهختهوهریمی
هه‌ڵوه‌راندووه
گریه‌ی خستۆته پێكهنینمهوه
سوێی كردۆته ناو
دڵی شپرزه‌م
خوێی ڕژاندۆته قه‌د برینمه‌وه
له لوتكه‌ی خه‌م..و
بێتاقه‌تی دام
نازانم تاكه‌ی تۆ نابینمه‌وه..؟!
سڵاو له‌و كاته‌ی
له پڕدا دێیت..و
وه‌ك خه‌ونێكی خۆش
دهڕژێیتهوه ناو
چاوی گریاوی پڕ ئهسرینمهوه..!
• ئه‌م شیعرانه له (رووبه‌ری داهێنان)دا بڵاوكراونه‌ته‌وه.