
ئیسلامیه‌كان چی ده‌كه‌ن؟ ….. عه‌زیز ڕه‌ئووف
هێزه دینیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هێزگه‌لێكن كه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش ئامانجی كاركردنیان ڕوون نیه. ئه‌وان ئێستا بارێكی قورسیان هه‌ڵگرتووه كه نه ده‌توانن هێزگه‌لێكی دینی ڕاسته‌قینه بن و نه ده‌شتوانن سیاسه‌تێكی ڕاسته‌قینه بگرنه به‌ر. ئه‌وان ئێستا له‌نێوان سوننه‌ت و مۆدێرنه‌دا وه‌ستاون. نه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ترادسیۆن و نه ده‌سبه‌رداری مۆدێرنه ده‌بن و نه به‌یه‌كجاری پشت ده‌كه‌نه ڕابردوو به مودێلێكی نوێیه‌وه كار ده‌كه‌ن. ئه‌وان پێیه‌كان له‌ناو مزگه‌وتایه و پێیه‌كه‌ی تریان له پارله‌مان، بڕوایان به زانستی حوجره‌ی ه‌و ده‌سبه‌رداری زانكۆش نابن. باس له ده‌سه‌ڵاتی یاسا ده‌كه‌ن و خۆشحاڵن به‌وه‌ی مه‌لاكان له مینبه‌ره‌كانه‌وه خوێنی نوسه‌ران حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن.
ئه‌م دوو هێزه ” مه‌به‌ست كۆمه‌ڵ ویه‌كگرتووه ” تا ئێستاش خۆیان یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه كه به‌ڕاستی ئۆپۆزسیۆنن یان به‌ڕاستی ده‌یانه‌وێت شه‌ریكی ده‌سه‌ڵات بن. ئه‌مه‌ش بێشك بۆ ئه‌و باره قورسه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌سه‌ر شانیانه كه ئایا ئه‌م هێزانه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن یان ته‌قوا؟ بڕوایان به سیسته‌می پارله‌مانی هه‌یه یان په‌یڕه‌وی كتێبی پیرۆز ده‌كه‌ن؟ هه‌رچۆنێك بێت ئێستا ئه‌م دوو هێزه له‌به‌رده‌م ئیشكالئامێزترین چركه‌ساتی خۆیاندا ده‌ژین و ئه‌م جۆره له فێڵكردن و ناڕۆشنیه له سیاسه‌ت و ڕه‌فتار، تاسه‌ر كۆمه‌كیان ناكات.
له‌لایه‌كه‌وه ئه‌م هێزانه بانگه‌شه‌ی ئازادی بیروڕا ده‌كه‌ن و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌رامبه‌ر به وشه‌یه‌ك ده‌یكه‌ن به‌ڕۆژی خۆیان. ئه‌وان جیاوازی نێوان تابلۆی هونه‌ری و وێنه‌ی سێكسی ناكه‌ن، كه‌چی ده‌یانه‌وێت نوێنه‌ری خودابن له‌سه‌ر زه‌وی. ئه‌وان له پارله‌ماندا باس له ماف و ئازادی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و له مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانیشه‌وه خوێنی نوسه‌ر و شاعیرانمان حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن.
كۆمه‌ڵی ئیسلامی یه‌كێكه له‌و هێزانه‌ی تا پرۆسه‌ی ئازادی عیراقیش بڕوای ته‌واوی به‌وه هه‌بوو كه جیهاد دژ به به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه بكات، به‌ڵام كه بۆمبی ئه‌مریكیه‌كان له ده‌ریای سوره‌وه له‌ناوچه‌قی باره‌گاكانیانیدا له هه‌ورامان، ئینجا چه‌كه‌كانیان فڕێ‌دا و تا ئێستاش بۆی ڕوون نه‌كردینه‌وه كه ئایا ته‌فسیریان بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیكولار له هه‌رێمی كوردستان چییه، چونكه ئه‌وان جارێك وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن و داوای پۆستی ئیداری و دامه‌زراندنی هێزی چه‌كدار له حكومه‌ت ده‌كه‌ن و جارێكیش كه گه‌ر ئه‌وانه‌یان بۆ نه‌لوا ده‌ڵێن ئێمه ئۆپۆزسیۆنین و به‌شداری حكومه‌ت ناكه‌ین . ئه‌م هێزه تا ئێستاش وه‌ك هێزێكی نامۆ به شار ده‌بینرێت و وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی هه‌لێكی تر بكه‌ن تا بچنه‌وه شاخ. ئه‌م هێزه گله‌یی له پارتی و یه‌كێتی و به‌رپرسان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پۆستی ده‌سه‌ڵات، كه‌چی ئه‌میره‌كه‌یان له پارله‌مانی به‌غدایه و ئاماده‌ش نیه ئه‌میری بۆ برایه‌كی موسوڵمانی پارته‌كه‌ی جێبێڵێت( سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز بۆ خوشكێكی موسوڵمانی جێناهێڵێت).
سه‌باره‌ت به یه‌كگرتووی ئیسلامیش هه‌ر دروسته. یه‌كگرتووی ئیسلامی كه له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كان سه‌ری هه‌ڵدا هه‌ناسه‌ی ئه‌وه‌ی تێدابوو ببێته ئۆپۆزسیۆنێكی جدی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، به‌ڵام ئه‌م هێزه ئه‌وه‌نده شه‌رمن بوو كه ساڵی 2005 له بادینان باره‌گاكانیان كه‌وته به‌ر هێرشی چه‌كداره‌كانی پارتی و چوار كه‌سی لێ كوشتن، ئه‌م هێزه به سوڵحی عه‌شایه‌ری له‌گه‌ڵ پارتیدا كێشه‌كانی به وه‌رگرتنی چه‌ند ملیۆن دۆلارێك چاره‌سه‌ر كرد. هێزێك خوێنی برا موسوڵمانه‌كانی به قه‌ره‌بووكردنه‌وه و پاره‌وره‌گرتن له ئه‌نجامده‌رانی وه‌ربگرێت، چۆن ده‌كرێت ببێته ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاسته‌قینه؟ لانی كه‌م گه‌ر یه‌كگرتوو بیویستایه یاسا سه‌روه‌ر بێت، ده‌بوو بیوتایه ئێمه خوێنی برا موسوڵمانه‌كانمان به یاسا وه‌رده‌گرینه‌وه نه‌ك به پاره.
ئێستا هێزه ئێسلامیه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی ته‌واو قورسدان. ئه‌وان ده‌بێت خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه له‌نێوان سیاسه‌ت و شه‌ریعه‌تدا. یان لانی كه‌م ده‌بێت سود له ئه‌زموونه‌نی پارتی عه‌داله و ته‌نمیه‌ی توركیا وه‌رگرن، به‌وه‌ی كه ئه‌م پارته ده‌زانێت توركیا پڕه له جیاوازی و هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ جیاوازیه‌كاندا هه‌ڵبكات، بۆیه توانی له توركیای كه‌مالیدا پۆسته‌كانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران داگیر بكات و حكومه‌ت پێك بێنێت، بێ ئه‌وه‌ی ته‌كفیر و ته‌خوینی كه‌س بكات.
به‌ڵام هێزه دینیه‌كانی ئێمه نازانن شیعر بخوێننه‌وه، كه‌چی هانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه شاعیران و نوسه‌ران له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا سوكایه‌تی به ئاینی ئیسلام ده‌كه‌ن، له پارله‌مان باسی ئازادی ده‌كه‌ن، كه‌چی دوو گه‌نج ببن له مه‌سیحی هاواریان لێ هه‌ڵده‌سێت و گه‌ر مرۆڤێكی داماو له خۆرئاواش ببێته موسوڵمان، به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه له ڕاگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه باسی ده‌كه‌ن. هێزگه‌لێكی سه‌یرن، قبوڵیانه مرۆڤ له‌خۆرئاوا موسوڵمان بێت، كه‌چی ته‌نگه‌تاو ده‌بن له گه‌نجانێك كه به ئازادی ئاینێك بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن.
ئیسلامیه‌كانی ئێمه هێزگه‌لێكی سه‌یرن. له‌كوردستان ده‌ڵێن ناعه‌داله‌تی هه‌یه و سه‌رۆكی هه‌رێم یاسای خراپ واژۆ ده‌كات، له به‌غداش ده‌ڵێن سه‌رۆك بارزانی مه‌رجه‌عی سیاسی هه‌رێمی كوردستانه. جارێك ده‌ڵێن ده‌بێت ئازادی ڕاده‌ربڕین فه‌راهه‌م بكرێت و به‌یاسا ڕێك بخرێت، جارێكی تر په‌نا ده‌به‌نه‌وه به‌ر مینه‌ری مزگه‌وته‌كان و پشت له یاسا ده‌كه‌ن. ئه‌وان به‌یه‌كجار نه ده‌سبه‌رداری سیاسه‌ت و پارله‌مان ده‌بن و نه مینبه‌ری مزگه‌وت جێده‌هێڵن و نه ئۆپۆزسیۆنێكی كارا ده‌بن و نه به‌یه‌كداری ده‌چنه‌وه سه‌ر سفره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات.
برایانی موسوڵمان بڕوا بكه‌ن نه سیاسه‌ت وا ده‌كرێت و نه ئیمانداریش به‌و شێوه‌یه قبوڵ ده‌كرێت. گه‌ر به‌م شێوه‌یه سیاسه‌ت بكه‌ن، مرۆڤ له‌م دنیا متمانه‌تان پێناكات و گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ئیمانداری بكه‌ن خودا‌ش لێتان قبوڵ ناكات.