له‌شکرێک له پشت (Paltalk)ه‌وه
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌یه‌کی کورت به وشه‌ی پاڵتۆک بکه‌م، که به هه‌ڵه له نێو کورددا ده‌وترێت “پاڵتاک”. پاڵتۆک وشه‌یه‌کی لێکدراوه و له دوو بڕگه پێک هاتووه، (Pal) و (Talk). وشه‌ی یه‌که‌م کورتکراوه‌ی (Phase Alternate Line)ە. ئه‌م وشه‌یه له داهێنانه‌کانی ئه‌ندازیاری ئه‌ڵمانی (Walter Bruch)ه، که له کۆمپانیای (Telefunken) له چاره‌کی کۆتایی سه‌ده‌ی ڕابووردودا کاری ده‌کرد. سیستمی کۆنی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی ڕه‌شوسپی له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوودا بریتی بوو له (NTSC). کاتێک زانایان ویستییان له بری ڕه‌شوسپی ڕه‌نگ بگوازنه‌وه ئه‌م سیستمه کێشه‌ی هه‌بوو له گواستنه‌وه‌ی هه‌رسێ ڕه‌نگه ڕه‌گه‌زییه‌که‌ی شین، سوور و سه‌وز. له‌وێدا ئه‌ندازیاری ناوبراو بیری له‌م سیستمه کرده‌وه به‌ناوی (Phase Alternate Line)، واته “هێڵی قۆناغێکی ئه‌ڵته‌رناتیڤ” بۆ جێگرتنه‌وه به سیستمه کۆنه‌که. وشه‌ی (Talk)یش وه‌کو هه‌موومان پێی ئاشناین وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه و به‌مانای قسه‌کردن دێت. ئه‌م وشه‌یه وتنه‌که‌ی (pronunciation) به “تۆک” ده‌خوێندرێته‌وه نه‌ک “تاک”، که‌واته وشه‌که به لێکدراوه‌یی ده‌بێته “پاڵتۆک” نه‌ک “پاڵتاک”، هه‌رچه‌ند ده‌شێت ته‌نها وشه‌ی (Talk) له ئاكسانتی ئه‌مریكیدا به “تاك” بووترێت.
پاڵتۆک ناوی ئه‌و پرۆگرامه ئهلیکترۆنییەیە، که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا په‌ره‌ی سه‌ندووه و بووه‌ته هۆیه‌کی کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له ڕێگای ئه‌نته‌رنێته‌وه به‌بێ له به‌رچاوگرتنی جێکه‌وته‌ی جوگرافییان. ئه‌م پرۆگرامه یه‌کێکه له هۆکاره ئه‌لیکترۆنییه گرنگه‌کانی سه‌رده‌م بۆ کۆکردنه‌وه و بهیهکهوهگرێدانهوهی خه‌ڵک له شوێنی جیاجیای دونیاوه، به مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا و ته‌نانه‌ت به‌ستنی کۆنفرانس به ده‌نگ و ڕه‌نگه‌وه. ئه‌م (application)ه کۆمپیوته‌رییه ڕۆڵی سویچبۆردێکی ته‌له‌فۆنی ده‌بینێت، که تێیدا زیاتر له که‌سێک له ناو ژووره‌کاندا ده‌توانن به‌شدار ببن له‌و گفگتوگۆیهدا، به‌ڵام یه‌کجه‌مسه‌ره، واته ته‌نها که‌سێک له‌کاتێکدا ده‌توانێ قسه بکات، ئه‌وانی تر ده‌بێ گوێ بگرن، ئه‌مه‌ش به وشه‌ی پاڵ(Pal) ده‌توانرێت پاسادان بكرێت. ئه‌م پرۆگرامه ده‌توانرێت سوودی زۆر گه‌وره‌ی لێ ببینرێت، وه‌کو ئه‌وه‌ی کۆمپانیا گه‌وره‌کان بۆ به‌ستنی کۆنفرانس و کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیان به کاری ده‌هێنن.
هه‌رچه‌ند مێژووی دروستبوونی پاڵتۆک کورته، به‌ڵام هاوته‌مه‌نه له‌گه‌ڵ کۆچکردنی توێژێکی فراوانی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، که له‌و ده‌روازه‌یه‌وه توانیویه‌تی هه‌سته نامۆکانی خۆیی پێ پڕ بکاته‌وه، ئاگاداری هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان بێت و قسه‌ی له‌سه‌ر دیارده و ڕووداوه‌کان هه‌بێت.
ئه‌م توانایه‌ی له به‌رده‌ستدایه ده‌کرێت زۆر باش سوودی لێ وه‌ربگیرێت، نه‌ک ته‌نها له بواری بازرگانی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، به‌ڵکو له بواری سیاسی و ڕاگه‌یاندنیشدا، وه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ گفتوگۆکردن و بیروڕا گۆڕینه‌وه له سه‌ر بابه‌تی ڕۆژ.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ڕاڤه‌یه‌کی کورت بۆ ڕاده‌ی سوودوه‌رگرتنی کورده‌کان له‌و که‌ناڵه میدیایه ئازاده بکه‌م و لایه‌نه پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌کانی ده‌ربخه‌م، به‌ڵام ده‌مه‌وێ له کولتووری جوێندان و جوێنه‌وه ده‌ست پێ بکه‌م.
جوێندان له زمانی لاتینیدا به (profanity) ناسراوه. جوێندان هه‌میشه به‌شێک بووه له کولتووری کۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تییه جۆراوجۆره‌کان به درێژایی مێژوو. ڕه‌گه‌زی ئه‌م وشه‌یه له کولتوری سیکۆلاره سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه دژ به ئیمان و ئیمانداره‌کان له شیعر و جۆره‌کانی تری هونه‌ردا سه‌رچاوه‌ی گرتووه. پاش ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌رکی به‌وه کردووه، که هه‌ندێک له ئاژه‌ڵان بۆ نموونه مه‌یموون خه‌ریکی میزی خۆی یا پاشه‌ڕۆی خۆیه‌تی، یاخود هه‌وڵی خواردن و خواردنه‌وه‌یان ده‌دات تێگه‌یشتووه، که ئه‌وجۆره له سلوک قێزه‌ونه و نیشانه‌ی ناکامڵیی (Immature)یە. لێره‌وه مرۆڤ هاتووه ئه‌و سلوکه ناکامڵانەی خستووه‌تە پاڵ ئه‌و که‌سانه‌ی لە خۆی نەچوون، یان لەو دابونەریتە لایان داوە، کە لای کۆمەڵگا پەسەند بوون. نه‌ک هه‌ر پاشه‌ڕۆ و سکریشنەکان (Secretions)ی جه‌سته، به‌ڵکو هه‌رچی کاروکرده‌وه‌یه‌کی نه‌ویست و قێزه‌وون له نێو کۆمه‌ڵگاکاندا هەیە کراوه‌ته ده‌سته‌واژه‌ی جوێن. خۆ ئه‌گه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ش قوت ببیته‌وه، گوایه بۆچی هه‌ندێک وشه‌ی له جۆری “میز”، “گوو”، “سه‌گ”، “سه‌گباب”، یاخود ده‌یان وشه‌ی تر ده‌بنه مایه‌ی بێزاری و هه‌ستکردن به تێکشکاندنی که‌سایه‌تی. ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له یاد بێت، که ده‌سته‌واژه و وشه‌ی جیاواز له کۆمه‌ڵگای جیاوازدا ده‌خوێندرێته‌وه. به واتایه‌کی تر، له ئه‌ورووپا گه‌ر بشڵێین “سه‌گباب” که‌س گوێی پێ نادات و تێی ناگه‌ن، که ئه‌وه جوێنه، به‌ڵام بۆ نموونە وشه‌ی دۆزەخ و به‌راز نیشانه‌ی توڕه‌یی و جوێندانن. به‌ڕای من ئه‌و جۆره ناو و وشانه هه‌مو ئه‌وانه‌ن، که سه‌رچاوه و مۆڵگه‌ی به‌کتریا و ڤایرۆسن، به‌کتریا و ڤایرۆسیش هۆکاری نه‌خۆشی و نیشاندانی لاوازیی مرۆڤن له به‌رانبه‌ر ژیان. به‌پێی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه کاتێک که‌سێک یه‌ک له‌و وشانه‌ی ده‌خرێته پاڵ به مانای ئه‌وه دێت ئه‌و که‌سه لێکه‌وتووه، سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشییه، یه‌کسانه به ئاژه‌ڵ، ناکامڵه، بێتوانایه و هیچ لهبارنههاتووه، واته زه‌بوونه و بنه‌ماکانی بوونی خۆی وه‌کو مرۆڤێکی ساده له ده‌ست داوه. له کولتووری ڕۆژهه‌ڵاتیدا هه‌ستیارترین چه‌مک چه‌مکی شه‌ره‌فه. قه‌ڵغان و قه‌ڵای پاراستنی ئه‌م کولتووره له‌و به‌شانه‌ی دونیادا ڕه‌گه‌زی مێینه‌یه. ئه‌و قه‌ڵایه به سه‌ختترین قه‌ڵای کولتووری ڕۆژهه‌ڵاتی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، که بڕین و گرتنی زۆر سه‌خته، هه‌ر که‌س هه‌وڵی گرتنی ئه‌و قه‌ڵایه بدات ده‌بێت چاوه‌ڕوانی به‌رپه‌رچی سه‌خت بکات. بۆ تێکشکاندنی ئه‌و قه‌ڵایه ده‌کرێت هێرش بکرێته سه‌ر خوشک یان دایک، ئه‌گه‌ر نه‌بوو ئه‌وا پوور و خاڵۆژن و نه‌وه‌کانیان، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بوو ئه‌وا هێرش ده‌کرێته سه‌ر به‌شه هه‌ستیاره‌کانی له‌شی نێرینه خۆی. ئه‌م تێڕوانینه وا له لایه‌نی جوێنپێدراو ده‌کات به‌رپه‌رچی سروشتیی خۆیی هه‌بێت به‌هه‌مان وشه و ده‌سته‌واژه. ئه‌مه به مانای داخستنی ده‌رگاکانی دیالۆگ و بیروڕاگۆڕینه‌وه‌یه، به‌ڵکو کردنه‌وه‌ی ده‌رگای توندوتیژی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی جه‌سته‌ییه. له‌ڕوی ده‌روونییه‌وه جوێندان له ئاکامی نه‌بوونی گفتوگۆی عه‌قلانی (Rational argument) یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و په‌لاماری جه‌سته‌یی لێ دەکەوێتەوە. ده‌روونناسان وای بۆ ده‌چن، که ئه‌و تاکانه‌ی ئه‌و جۆره ده‌سته‌واژانه‌یان ده‌خرێته پاڵ هه‌ست به تێکشاندنێکی ده‌روونیی گه‌وره ده‌که‌ن، متمانه‌یان بۆ به‌رانبه‌ره‌که‌یان دادهبەزێته نزمترین ئاست و خاڵی یه‌کگرتن و هاوکاری له سفر نزیک ده‌بێته‌وه، ته‌نها ڕێگایه‌ک بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه بریتی ده‌بێت له هێرشی جه‌سته‌یی و سڕینه‌وه‌ی یه‌کتری.
لەمانەدا دەگەینە ئەوەی، کە جنێو میکانیزمێکی بەرگرییە، یان بە مانایەکی تر حاڵەتێکی دەروونیی مرۆڤە و ئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتوورییە. جنێو لە کۆمەڵگای خێڵەکیدا مانایەکی جیاوازی لە هیی کۆمەڵگای مۆدێرندا هەیە. لەو کۆمەڵگایانەی دیاڵۆگیان تێدا نییە، یان گیانی دیاڵۆگیان تێدا لاوازە، جنێو زیاتر بوونی هەیە وەک لەو کۆمەڵگایانەی لە ڕێگای دیاڵۆگەوە بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، بەوەی جنێو تەعبیرێکە بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر. مرۆڤی جنێودەر خاوەنی مێژوویەکی گەورەی پڕ لە سەرکوتکردنە. لە سەردەمی تەکنەلۆجیای ئێنتەرنێت و مۆبایلدا جنێو لە کۆمەڵگای کوردی و هەموو ئەو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیانەی تر زیادی کردووە، چونکە وەک ڕێگایەکی لەبار بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو هەموو کەبتە پەنگخواردووانە بە کار هاتووە. بەوەدا جنێو هەستێکی سێکسییانەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، ئەوا ئێنتەرنێت و مۆبایل ڕێگایان بۆ دەربڕینی خۆش کردووە، بەوەی دەکرێت مرۆڤ بەبێ ترس جنێو بدات، مادام ڕووبەڕوو ئەو کارە ناکات، چونکە مرۆڤی جنێودەر هاوکات کەسایەتییەکی لاوازی هەیە و شەرمنیشە.
له یه‌کێک له توێژینه‌وه به‌ریتانییه‌کاندا ئه‌وه سه‌لمێندراوه، که جوێندان زۆرکات له سووربوون له‌سه‌ر شتێک یاخود له بوون به یه‌قینه‌وه لە ئاستی شتێک سه‌رچاوه‌ی گرتووه، واته کاتێک یەکێک زۆر دڵنیا و یهقینە به‌رانبه‌ر به شتتێک، ئەوسا ئه‌گه‌ر ئەوەی بەرانبەری باوه‌ڕی پێ نه‌کات، ئه‌وه ئەو ناچار ده‌کات، که به یه‌کێک له پۆخڵه‌واته‌کانی بچووێنێت، یان هێرش بکاته سه‌ر قه‌ڵا سه‌خته‌کانی.
به پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردییه‌ن، که بەر لە 10 ساڵ ده‌رچووه، زیاتر له 64% ی کۆمپانیا و کارگەکان له ئاستی جیهاندا جوێندانیان قه‌ده‌غه کردووه و سزای توندی له‌سه‌ره! هۆکاری ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه، که‌سی جوێنپێدراو جگه له‌وه‌ی له‌ڕووی که‌سایه‌تییه‌وه تێک ده‌شکێت له هه‌مانکاتیشدا نیشانه‌ی جددینه‌بوونی جوێنده‌ر ده‌رده‌خات. من خۆم بۆ زیاتر له ده ساڵ ده‌چێت له کۆمپانیایه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌وروپی کار ده‌که‌م، له ڕێکه‌وتێکدا یه‌کێک له هاوکاره‌کانم، که خه‌ڵکی فنله‌ندا بوو ته‌نها له‌به‌ر وتنی وشه‌ی “Fuck” له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فه‌رمی کۆمپانیاکه‌دا له کار لابرا و ئیتر بۆی نه‌بوو تاکو 5 ساڵ پێیوه‌ندی به‌و شوێنی کاره‌وه بکاته‌وه، بگره بۆی نه‌بوو نانی نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌ش له‌وێ بخوات.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كرێت، كه جوێندان به دیوه پۆزه‌تیڤه‌كه‌یدا له هه‌ندێك حاڵه‌تدا گوزارش له شتی سهروونۆرمهڵ ده‌كات. نمونه: “سه‌گباب ده‌تگووت به‌رازه، به‌تاقی ته‌نیا پڕی پیاكردو بردی”، یاخود له نێو گه‌نجاندا ئه‌و دیوه پۆزه‌تیڤه‌ی جوێن به‌كاردێت بێ ئه‌وه‌ی ببێته هۆكارێك بۆ درووستكردنی حاڵه‌تی كرژی و نائاسایی.
به ڕای من پاڵتۆکی کوردی و جوێندان دوو شتی لێکدانه‌بڕاون، به واتایه‌کی تر پاڵتۆک هه‌ر له سه‌ره‌تای پۆپیۆلاریتیبوونییهوه تاکو ئێستاش به سه‌رچاوه‌یه‌کی گۆڕینه‌وه‌ی جوێن و شکاندنی که‌سایه‌تیی تاکه‌کانی به‌شداربووی ئەو ژوورانەی پاڵتۆک ناسراوه. هۆکار زۆرن له پشت ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌وه، له‌وانه ئاسانیی ئینستۆڵ (install)کردن و به‌کارهێنانی ئه‌و پرۆگرامه به‌بێ به‌رانبه‌ر، واته به خۆڕایی. جگه له‌وه که‌سه‌کان بە شێوەی ئه‌لیکترۆنی پێکه‌وه کۆ ده‌بنه‌وه له ڕێگه‌ی مایکه‌وه و له پشت کۆمپیوته‌ره‌وه، نه‌ک ڕووبه‌ڕوو دابیشن و گفتوگۆ بکه‌ن، که ئه‌م جۆره‌یان ڕێگه زۆر که‌م بۆ گۆڕینه‌وه‌ی جوێن جێ دێڵێت. هۆکارێکی تری گرنگ ڕه‌نگه هاتنه‌ژووره‌وه‌ی ئاماده‌بووان بێت به ناوی وه‌رگیراوه‌وه، واته خه‌ڵک زۆر به ده‌گمه‌ن به ناوی ڕاستەقینەی خۆیانه‌وه دێنه ژووره‌کان، که ئه‌مه ده‌می ئاماده‌بووان زیاتر ئازاد ده‌کات بۆ به‌کارهێنانی هه‌ر وشه‌یه‌ک، ئاره‌زوو بکه‌ن. دوا هۆکار، که ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م، ڕه‌نگه ئاسانیی هه‌ڵهاتنی که‌سه‌کان بێت له ژووره‌که له کاتی درووستبوونی کرژی و هێرشکردنه سه‌ر یه‌کتری بۆ ڕاکردن له لێپێچینه‌وه. کاتێک که‌سێک هێرشی ده‌کرێته‌سه‌ر له ڕێگه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی پڕجوێنهوه ئه‌و که‌سه زۆر به ئاسانی و له ڕێگه‌ی کلیکی ماوسێکهوه له چرکه‌یه‌کدا له ژوور ده‌توانێ هه‌ڵبێت. ئه‌مه پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته، به‌و مانایه‌ی که‌سێک گه‌ر بیه‌وێت هێرش بکاته سه‌ر که‌سێکی تر له‌نێو ئهدمینهکاندا یاخود به‌شداربوواندا بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه، ده‌توانێت به‌خێراییه‌کی بێئه‌نداز ناوێکی تری وه‌رگیراو بۆ خۆی دروست بکات و بچێته ژووره‌وه، مایکه‌که بفڕێنێ و جوێنی خۆی بدات و به کلیک(click)ێک یه‌کسه‌ر ژوور به جێ بهێڵێت.
کارکردن به‌م ئاراسته‌یه ترسناکه، ده‌شێت ببێته هۆکاری خوڵقاندنی له‌شکرێک له گه‌نجی خوێنگه‌رمی ئه‌م ئه‌وروپایه و بارگاویکردنیان به جوێن، بەو مەبەستەی هێرش بکەنە سەر یه‌کتر. دواجار ده‌بێته خوڵقاندنی کولتوورێکی بێئارگیومێنت، توندوتیژ و هێرشبه‌ر بۆ سه‌ر قه‌ڵا سه‌خته‌کانی کولتوری شه‌ره‌ف. ده‌کرێت ژوورێک هه‌بێت بۆ ته‌نفیسکردن و به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئاره‌زووه جوێنییهکانی هه‌ندێک، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه هه‌ندێک له‌و ژوورانه‌ی بانگەشەی ئه‌وه ده‌که‌ن، گوایه بابه‌تی مه‌عریفی ده‌ورووژێنن و جوێندانیان قه‌ده‌غه کردووه، جوێنی زۆر زیاتر و پرۆفیشناڵانهتری تێدا ده‌بیسترێت وه‌ک له‌و ژوورانه‌ی خۆیان به چاخانه و جوێنفرۆشان ناوناوه. ئه‌و ژوورانه هه‌میشه ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک گۆیان لێ ده‌گرێت، له‌شکرێکیان له پشته و خۆشیان به قه‌لای ئۆپۆزسیۆن و ژووری فشار له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. جگه له كولتوری جوێندان و سووككردن له ناو پاڵتۆكدا كولتوری دووباره‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه و وشه‌ی سوواوی نیمچهجوێنی سیاسی به‌دی ده‌كرێت، له‌وانه: مافیا، مه‌سینه‌هه‌ڵگر، بنه‌ماڵه‌ی دز و ده‌یان وشه‌ی تر، كه وتنه‌وه‌یان سواوه و هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له سه‌ر شێوازی زمانی خیتابیی خه‌ڵك نه‌ماوه. ئه‌مه نیشانه‌ی نهپێكاندنی ئامانج و نه‌بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤه.
هه‌موو ئه‌وانه وایان کردووه، ده‌سته‌ڵات و لایه‌نه ڕه‌سمییه‌کان، بگره كه‌سایه‌تیه ڕۆشنبیره‌كانیش زۆر به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ژوورانه و له‌شکره‌کانیان بکه‌ن، زۆر سڵی لێ ده‌که‌نه‌وه و هیچ ددانی پێدا نانێن، وه‌کو به‌شێک له ڕاگه‌یاندنی ئازاد نایناسن، که ڕاستییەکەی ورووژێنه‌ری بابه‌تی زۆر گرنگن و ده‌کرێت وه‌کو میدیایه‌کی ئازاد چاوی لێ بکرێت.
پرسیارێک لێره‌دا خۆی قوت ده‌کاته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: چۆن ده‌تواندرێت سوود له‌م توانا میدیا ئه‌له‌کترۆنییه گه‌وره‌یه وه‌ربگیرێت؟
ئه‌م پرسیاره به مانای ئه‌وه نییه، که تاکو ئێستا ئه‌و ژوورانه هیچ شتێکی باشیان له‌خۆیان نه‌گرتبێ، نه‌خێر، به‌ڵکو ئه‌دمینی ژووره‌کان، كه خۆبه‌خشن و به پاره‌ی گیرفانی خۆیان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن هه‌ندێکیان کۆمه‌ڵێک هه‌وڵی جوانیان داوه بۆ هێنانهسهرهێڵی هه‌ندێک که‌سایه‌تی له بواری جیاجیادا. زۆرکات بابه‌تی گه‌رمی ڕۆژانه جوان و لۆژیکانه ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر کراوه و خه‌ڵکی لێ ئاگادار کراوه‌ته‌وه. هه‌ندێك كات وتاری باش و سه‌ركه‌وتوو له ژووردا خوێنراوهتهوه، تیایدا سه‌دان كه‌س گۆیان لێگرتووه و دواتریش گفتوگۆی گه‌رمی له‌سه‌ر كراوه. سه‌رباری ئه‌مانه ژووره‌کانی پاڵتۆک له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بوونه‌ته هۆی پێکهێنانی چه‌ندین ڕێکخراوه‌ی مه‌ده‌نی و گرووپی فشار بۆ سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێم، که له‌ڕێگه‌یانه‌وه ده‌یان شاڵاوی باش بۆ به‌رگری له ماڤی مرۆڤ و مافه نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ڕێوه چووه. به گشتی ژووره‌کانی پاڵتۆک هه‌میشه سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر خێرای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕووداوه‌کانی کوردستان و دەرەوەی بوون.
ئه‌م ڕۆله ده‌کرێت کاراتر و ئاکتیڤتر بکرێت له ڕێگه‌ی ئه‌م پێشنیازانه‌ی خواره‌وه:
ئه‌دمینه‌کان ده‌توانن دهستوورکارێک بۆ خۆیان دابنێن، تێیدا قه‌ده‌غه‌ی جوێن بکه‌نه بنه‌مای ده‌رکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌نها وشه‌یه‌کیش بێت وه‌کو جوێن له ده‌میان ده‌رده‌چێت.
• ئه‌دمینه‌کان ده‌کرێت کاتی کردنه‌وه و داخستنی ژووره‌کان زیاتر سیستماتیک بکه‌ن و به پێی پرۆگرامی تایبه‌تی له کاتی دیاریکراودا بیکه‌نه‌وه و به‌هه‌مان شێوه له کاتی دیاریکراودا دایبخه‌نه‌وه، چونكو كردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ناسیستماتیكی ٢٤ كاتژمێریی ژووره‌كان پاسادانی ده‌سته‌واژه‌ی(زۆر و بۆر)ی ده‌كات.
• ژووره‌کان ده‌توانن له شار و شارۆچکه‌کانی کوردستاندا و له پایته‌ختی وڵاتانی ده‌ره‌وه نوێنه‌ر بۆ خۆیان په‌یدا بکه‌ن و هه‌واڵ و ده‌نگوباسیان بۆ ڕه‌وانه بکه‌ن، به‌تیابه‌ت ئه‌و هه‌واڵانه‌ی، که ده‌زگا ڕه‌سمییه‌کان سڵی لێ ده‌که‌نه‌وه و هیچ ڕوماڵێکی بۆ ناکه‌ن.
• ده‌کرێت ژووره‌کان چه‌ند سهرهکاتژمێرێک دیاری بکه‌ن تێیدا ئه‌و ده‌نگوباسانه بخوێننه‌وه، که له ڕێگای نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه بۆیان ڕه‌وانه کراوه و به‌شێوه‌یه‌کی نیمچهپرۆفیشناڵانه و دۆکیومێنتکراوهوه.
• له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌کرێت ژووره‌کان پێشتر پرۆگرامی هه‌فتانه‌ی خۆیان ڕابگەیەنن له ڕێگه‌ی ئیمایل و پاڵتۆک خۆیه‌وه بڵاوی بکه‌نه‌وه.
ئاراس وه‌هاب
araswahab@hotmail.com