
یه‌کسانیی جێنده‌ر: هه‌نگاو به‌ره‌و گوتارێکی فره‌ره‌هه‌ند و شڕۆڤه‌کار
ئایین له پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه به‌ده‌ر نیه و ناکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی گوتاری ره‌خنه‌ئامێزه‌وه […] ره‌خنه‌گرتن له ئایین نابێ چیتر وه‌کو کوفر و گوناه سه‌یربکرێ، به‌ڵکو پێویسته وه‌کو پێشکه‌وتنێکی مه‌عریفی ببینرێ بۆ شڕۆڤه‌کردن و تێگه‌یشتن له واقیعی کۆمه‌ڵگه
قسه‌کردن له سه‌ر یه‌کسانیی جێنده‌ر و مافی ژن بابه‌تێکه که له رووی پێشکه‌وتنی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه رووخساری راسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌خاته روو. به پله‌ی یه‌که‌م، قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دوو هێزی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به روونی پیشان ده‌دات: هێزی پێشکه‌وتووخواز و هێزی کۆنه‌خواز. هه‌ردوو هێزه‌که له‌ناو جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا رهگاژۆن، به‌ڵام هێزی کۆنه‌خواز به‌بره‌وتر و زاڵتره. ئه‌و گوتار و دێباته ههڵهئامێز و چه‌واشه‌کارانه‌ی به‌م دواییه له کوردستان له‌مه‌ڕ تێرمی جێنده‌ر دروست بوون گوزارشت له‌م واقیعه ده‌که‌ن.
یه‌کسانیی جێنده‌ر چیه؟
جێنده‌ر تێرمێکی ئینگلیزیه و له‌وانه‌یه وه کو چه‌مکێک بۆ زۆرکه‌س واتاکه‌ی به ئاسانی نه‌گیرێت، بۆیه ئاساییه که تێگه‌یشتن لێی ئاڵۆز بێت، به‌ڵام هیچ ئاسایی نیه که چینێکی دیاری ناو کۆمه‌ڵگه بێت ته‌واو به هه‌ڵه لێکی بداته‌وه و به‌کارهێنه‌ران و داکۆکیکارانی یه‌کسانیی جێنده‌ر به “شه‌ڕانگێز” و “تێکده‌ری شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی” تۆمه‌تبار بکات.
جێنده‌ر تێرمێکه واتای جیاوازیی کۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان ژن و پیاو ده‌گه‌یه‌نێ که له‌سه‌ر بنچینه‌ی جیاوازییه بایۆلۆژییه‌کان دروست ده‌بێت. مه‌سه‌له‌ی نایه‌کسانی له ماف و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن و دانانی به بوونه‌وه‌رێکی لاواز و بێده‌سه‌ڵات نمونه‌ی ئه‌و جیاوازییه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ن که ژن‌بوون و پیاوبوون له کۆمه‌ڵگه دروستیان ده‌کات. له هه‌موو کۆمه‌ڵگه مرۆڤایه‌تیه‌کان ئایدیۆلۆژیایه‌کی زاڵ هه‌یه که ره‌وایه‌تی به‌م سهرداریهی پیاوان و لاوازییه‌ی ژنان ده‌به‌خشێ. هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێك میکانیزمی کۆمه‌لایه‌تی هه‌ن له‌ناو کۆمه‌ڵگه که بێده‌سه‌ڵاتی و بێمافکردنی ژن و نادادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌کو حاله‌تێکی سروشتی داده‌نێت. ئه‌م تێرمه له ساڵانی حه‌فتاکانه‌وه وه‌کو بوارێکی ئه‌کادیمی له زانکۆ به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌مریکا و دواتر به‌ریتانیا به ناوی لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر (جێنده‌ر سته‌دیس) گه‌شه‌ی کرد. هه‌روه‌ها به هۆی خه‌باتی ژنانی داکۆکیکار له ماف و یه‌کسانی له رۆژئاوا له‌ناو هه‌ندێ رێکه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی جێگیرکراوه.
بواری ئه‌کادیمی جێنده‌ر یا لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ری گرنگی ده‌دات به توێژینه‌وه و شرۆڤه‌کردنی نایه‌کسانیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ژن‌بوون و پیاوبوون، واته نایه‌کسانیی جێنده‌ر. وه‌کو بواری کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و زۆری تر، ئه‌مڕۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر له زۆربه‌ی زانکۆ به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا به‌شی تایبه‌تی هه‌یه و شایان و رێزێکی زۆری لێدهگیڕێ، چونکه ده‌یه‌وێ له رێگای زانستی و ئه‌کادیمیه‌وه نادادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و نایه‌کسانیی نێوان ژن و پیاو ئاراسته بکات و چاره‌سه‌ری دروست بۆ کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان پێشنیار بکات.
مه‌سه‌له‌که نامۆیی ئه‌م تێرمه نیه به فه‌رهه‌نگی کوردی، به‌ڵکو دژایه‌تیکردنی مافی ژن و یه‌کسانیه
ئه‌مڕۆ فه‌رهه‌نگی کوردی پڕیه‌تی له زاراوه و وشه‌ی بیانی که پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژی و سیاسی نه‌ک ته‌نها به‌سه‌ر کورد به‌ڵکو به‌سه‌ر زۆر نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ی سه‌پاندووه. بۆ نموونه وشه‌ی وه‌کو په‌رله‌مان، ئینته‌رنێت، مۆبایل، فه‌یسبووک، ویکیلیکس، هتد.، زاراوه‌ی بیانین و له‌ناو فه‌رهه‌نگ و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک جێیان بۆته‌وه و گوزارشتیش له کرانه‌وه و پێشکه‌وتنی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه ده‌که‌ن. به‌کارهێنانی زاراوه و چه‌مکی جێنده‌ریش گوزارشت له پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردی ده‌کات، نه‌ک ئه‌وه‌ی که مه‌لاکان ده‌یڵێن که گوایه “پلانی رۆژئاوایه بۆ تێکدانی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی” و “زه‌واجی هاوره‌گه‌زی و هتد”.
دیاره ئه‌و وتارانه‌ی مه‌لاکان له مانگی رابردوو (کانوونی یه‌که‌می 2010) له مزگه‌وته‌کانی کوردستان ده‌رباره‌ی مه‌ترسی جێنده‌ر رایانگه‌یاند و هه‌روه‌ها ئه‌و کتێبه‌ی که به‌ڕێز مه‌لا فه‌رمان خه‌رابه‌یی به ناوی “راستیه‌کی ونبوو” نووسیویه‌تی گوزارشت له به هه‌ڵه تێگه‌یشتنی ئه‌و مه‌لایانه له‌و تێرمه ده‌کات. ئه‌مه‌ش ئاساییه و ده‌کرێ له رێگای دیالۆگ له‌گه‌ڵ چالاکوانان و به هۆی خولی راهێنانه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێت. به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه‌ی که له‌م کتێبه و له گوتاری مه‌لاکان له‌مه‌ڕ ئه‌م تێرمه به‌دی ده‌کرێ ئه‌وه‌یه که ئه‌و گروپه دژایه‌تی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و داکۆکیکارانی ماف و یه‌کسانیی ژنان ده‌که‌ن له کوردستان. به‌ڕێز مه‌لا فه‌رمان خۆی یه‌کێکه سوود له مۆدێرنیتێ و فیکر و به‌رهه‌می رۆژئاوا وه‌رده‌گرێ؛ ئه‌و له رێگای ته‌کنۆلۆژیای مۆدێرنه‌وه (بۆ نمونه ئینته‌رنێت و مۆبایل و یوتیوب) ماڵپه‌ڕی خۆی هه‌یه و په‌یوه‌ندییه‌کانی رێکده‌خات و گوتاره‌کانی ده‌خاته سه‌ر یوتیوب. ئه‌مانه‌ش هیچیان به‌شێک نین له قورئان و ده‌ستکه‌وتی موسڵمانان، به‌ڵام له‌به‌ر گرنگیان له ژیانی مرۆڤی سه‌رده‌م، به‌کارده‌هێنرێن.
هه‌روه‌کو پێشتر وتم، به‌کارهێنانی زاراوه‌ی جێنده‌ر و هه‌وڵدان بۆ ئاراسته‌کردنی نادادوهرییهکانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له رێگای ئه‌م چه‌مکه‌وه به‌شێکه له پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه و ئه‌و چینه‌ی که به‌کاری ده‌هێنێ. ئه‌مه لادان نیه له “عورف و عاداتی کورده‌واری” هه‌روه‌کو مه‌لاکان باسی ده‌که‌ن، به‌ڵکو پڕۆسه‌یه‌کی ئاسایی گۆڕانکاریه که گوزارشت له هۆشیاری و ره‌تکردنه‌وه‌ی چه‌وسانه‌وه ده‌کات. ناکرێ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ژن به ژنه و گه‌وره به بچووکی و خه‌ته‌نه‌کردن و فره‌ژنی و کوشتن له‌سه‌ر عه‌شق قبوڵ بکرێت. ناکرێ داوا له ژن بکرێ ئه‌گه‌ر لێی بدرێ و وه‌کو کاڵا به‌کاربهێنرێ و بکرێته ئامرازی چێژی پیاوان، ئه‌وا بێده‌نگ بێت و به شێوازی سه‌ده‌کانی رابردوو بژیت و به‌رگری له مافی خۆی نه‌کات. له‌گه‌ڵ رێزم بۆ هه‌موو ئایینێك، به‌ڵام ئایین له ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه نیه و ناکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی گوتاری رهخنهئامێزیشهوه. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌ڵێم و وتومه که ئایینه یهکخوداییهکان هه‌موویان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌قلیه‌تی پیاوسالاریی بنیاتنراون و به درێژایی مێژوو سهرداریهتیی پیاو و بێده‌سه‌ڵاتیی ژنیان به‌رجه‌سته کردووه. له کاتێکدا مه‌لاکان هیچ نکوڵی له هێنانی چه‌مک و ته‌کنۆلۆژیای مۆدێرن ناکه‌ن و به‌ڵکو بۆ چاککردنی ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان و گه‌یاندنی ئایدیۆلۆژیاکه‌یان سوودی لێوه‌رده‌گرن، که‌چی ئه‌م مافه به ره‌وا نازانن بۆ ژن؛ ئه‌وان به ره‌وای نازانن که ژن له رووی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ژیانی خۆی چاک بکات و به‌رگری له مافی خۆی بکات تا بتوانێ وه‌کو مرۆڤێکی کامڵ و خاوه‌ن که‌رامه‌ت بژیت، نه‌ک وه‌کو ملکه‌چ و ژێرده‌سته و ئامرازێک بۆ چێژ و داواکارییه‌کانی پیاو. پیاویش ته‌نها ئه‌و کاته ئازاد و کامڵ ده‌بێت، که گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی له‌و ئاره‌زوو و داواکاریه سروشتیانه‌ی ژن تێبگات و رێزی لێبنێت، ئه‌مه‌ش کڕۆکی یه‌کسانی جێنده‌ریه.
چه‌وسێنه‌ر هه‌رگیز حه‌زی نه‌کردووه چه‌وساوه بێته گۆ و به‌رگری له مافی خۆی بکات
بۆ مرۆڤی کوردی ژێرده‌سته و داگیرکراو ئاشکرایه که داگیرکه‌ر و سه‌رکوتکار نایانه‌وێ ژێرده‌سته‌کانیان هۆشیار بن و خه‌بات بۆ دابینکردنی مافه‌کانیان بکه‌ن. له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستان به‌ڕێوه ده‌به‌ن (تورکیا، ئێران، سوریا، عێراق)، داگیرکه‌ر و چه‌وسێنه‌ره‌وه کانی کورد هه‌میشه و به جۆره‌ها شێوه هه‌وڵیان داوه کورد بێده‌نگ بکه‌ن تا نه‌توانێ ئازادی و مافی خۆی دابین بکات. کاتێ کورد هۆشیار بۆته‌وه و خۆی رێکخستووه و له شێوه‌ی حیزب و رێکخراو خه‌باتی کردووه بۆ رزگاری و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی، ئه‌وه له لایه‌ن رژێمه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی که‌مالیزمی تورکی و به‌عسی عێراقی و سوری و ئاخونده‌کانی ئێرانی وه‌کو “تێرۆریست” و “یاخی” و “مورته‌د” و “گێڕه‌شێوێن” له قه‌ڵه‌م دراوه. ئه‌مانه به‌شێكن له سیاسه‌تی سه‌رکوتکردن و پێشێڵکاری و ئه‌مڕۆ له کوردستان به‌ره‌یه‌کی توندڕه‌وی کۆنه‌خواز بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خۆی له دژی پێشکه‌وتووخوازان و داکۆکیکارانی ئازادی و مافی مرۆڤ/ژن به‌کاری ده‌هێنن. لێره‌دا له جیاتی ره‌تکردنه‌وه‌ی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه، توندوتیژی و سیاسه‌تی ئه‌و رژێمانه له دژی ژن به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه. ئامانجی سه‌ره‌کیش بێده‌نگ کردن و ملکه‌چکردنی چینی پێشکه‌وتووخوازه ، به تایبه‌تی ژنانی چالاک و ئازاد له کوردستان، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌شی تاریکستانی سه‌رده‌می براکوژیه که له جاده‌کان ئه‌سید به ژندادهکرا. دیاره هۆشیاری و خه‌باتی ژن مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه دروست ده‌کات، بۆیه به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌یه‌وێ یه‌کسانیخوازان ناوبه‌د بکات و کۆمه‌ڵ له دژیان هان بدات.
ئایدیۆلۆژیای توندڕه‌وی ئه‌مجۆره مه‌لایانه هه‌روه‌کو له کتێبه‌که‌ی به‌ڕێز مه‌لا فه‌رمان خهرابهییدا ده‌رده‌که‌وێ داوه‌تی خه‌ڵک ده‌کات بۆ به‌ربه‌ره‌کانێی ژنانی یه‌کسانیخواز که ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه توندوتیژی و تاوانی گه‌وره‌ی لێبکه‌وێته‌وه. دژایه‌تیکردنی مافی ژن و یه‌کسانی کڕۆکی ئایدیۆلۆژیای ئه‌و چینه‌یه که ره‌گی له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی داکوتاوه. ئه‌وه ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیه که ئه‌و مه‌لایانه وا لێده‌کات دژایه‌تیی به‌ره‌ی پێشکه‌وتووخواز بکه‌ن و به کرده‌وه‌ی “شه‌ڕانگیز” تۆمه‌تباریان بکه‌ن و وێنه‌یه‌کی ناشیرینی ئایینی ئیسلامیش پێشکه‌ش به جیهان بکه‌ن.
ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی
کرۆکی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بریتیه له مه‌سه‌له‌ی جێنده‌ر؛ واته ئه‌و ره‌وته ژنی کردۆته سه‌نته‌ری ئایدیۆلۆژیاکه‌ی. به‌ره‌ی سه‌ر به‌م ئایدیۆلۆژیایه باوه‌ڕی وایه که له رێگای کۆنترۆلکردنی جه‌سته و ره‌فتاری ژن یه‌کانگیریی کۆمه‌ڵگه ده‌پارێزێ؛ یه‌کانگیرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی که له ژێرده‌سته‌یی ژن و سهرداریهتیی تاکڕه‌هه‌ندانه‌ی پیاوانه‌دا ده‌یبینێ، واته له سه‌پاندنی ترس و تۆقان و چه‌وساندنه‌وه ده‌یبنێ نه‌ک له گفتوگۆ و ئه‌رک و ماف و رێزی هاوبه‌شی نێوان ژن و پیاو.
ئه‌مڕۆ ئیسلامی سیاسی له کوردستان وه‌کو هێزی چه‌کدار بوونی نیه، به‌ڵام حیزبی ئیسلامی هه‌ن که سه‌ر به‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ن. ئه‌و حیزبانه به کاریگه‌ریی سعودیه و ئێران و ئیخوان ئه‌لموسلمین له سه‌رده‌مێکی حه‌ساس له کوردستان ده‌سه‌ڵاتیان په‌یدا کرد و ئێستاش له ژێر کاریگه‌ریی ئاماده‌یی ئه‌مریکا به‌رگی مه‌ده‌نیه‌تی حزبی ناچه‌کدار و میانڕۆیان پۆشیوه و به‌شدارن له ده‌سه‌ڵات. له راستیدا ئه‌و حیزبانه به ئایدیۆلۆژیایه‌ک چه‌کدارن که ئه‌گه‌ر بۆیان بلوێ و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو بگرنه ده‌ست، ئه‌وه کوردستان ده‌که‌ن به تالیبستانی ئه‌فغانی و پێش هه‌موو شتێک ژن زیندانی ناو ژوور‌و حیجاب و بورقا ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌م حیزبانهشن، کاتێ بیانه‌وێ له چینی پێشکه‌وتووخواز و پڕۆژه و سیاسه‌تی ریفۆرمخوازی کوردستان بده‌ن، ئه‌وه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر مزگه‌وت و مه‌لاکان هان ده‌دان بۆ به‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر (1). دژایه‌تیکردنی پرۆژه یاسای یه‌کسانیی جێنده‌ر و هه‌رای مه‌لا توندڕه‌وه‌کان، دژایه‌تیکردنی هه‌موو پرۆژه‌یه‌کی پێشکه‌وتووخوازی حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیشه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م هێزه له کوردستان زاڵه و له ناو ده‌سه‌ڵاتیش رۆلی هه‌یه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا چینێكی پێشکه‌وتووخواز هه‌یه که ته‌حه‌دای ئه‌م ره‌وته کۆنه‌خوازه ده‌کات و هه‌ر ئه‌مه‌شه گره‌وی دابینکردنی دوارۆژێکی ئینسانی و رۆشن بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌باته‌وه.
کتێبه‌که‌ی به‌ڕێز خه‌رابه‌یی داوه‌تێکه بۆ چاندنی رق و کینه له ناو خه‌ڵک
بۆ داڕشتنی گوتارێکی جوان و پته‌و ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵگه و پێشنیارکردنی چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کان، مرۆڤ پێویستی به تێگه‌یشتن له کۆمه‌ڵگه و واقیع هه‌یه هاوتا له‌گه‌ڵ به توانایی له شرۆڤه‌کردن. کتێبه‌که‌ی به‌ڕێز مه‌لا فه‌رمان دووره له‌مه و به نه‌فه‌سێکی پڕ له رق و کینه نووسراوه به ئامانجی یاریکردن به هه‌ست و سۆزی خه‌ڵک و هاندانیان له دژی بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ژنان له کوردستان.
به پێی راپۆرتێکی ئه‌کادیمی ده‌رباره‌ی توندوتیژیی په‌یوه‌ست به شه‌ڕه‌ف که به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر و توندوتیژی له زانکۆی بریستڵ، له‌سه‌ر بنچینه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کورد له کوردستانی عێراق و له‌ناو کۆمیونیتێی کورد له به‌ریتانیا ئه‌نجامدراوه، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که کۆمه‌ڵێک هۆکار له پشت ئه‌و توندوتیژیانه‌ن: هۆکاری سیاسی، جیۆپۆلیتیکی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و هه‌روه‌ها ته‌کنۆلۆژیای مۆدێرن. چاوپۆشین له هه‌ریه‌ک له‌م هۆکارانه واتای ناتێگه‌یشتن له کۆمه‌ڵگه و واقیعی کوردی ده‌گه‌یه‌نێ. مه‌لا فه‌رمان که بێئاگایه له بزووتنه‌وه‌ی فێمینیزم و بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر، هاتووه هه‌موو کێشه‌کانی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی وه‌کو ژنکوشتن و سووتان و خۆسووتانی ژنان و زیادبوونی رێژه‌ی ته‌لاق و دیارده‌ی له‌شفرۆشی ده‌خاته ئه‌ستۆی ژن، له ناو ژنانیش ئه‌وانه تۆمه‌تبار ده‌کات که په‌رده له رووی نادادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و زوڵم و زۆرداریه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی داده‌ماڵن و داوا له مرۆڤی کورد به ژن و پیاوه‌وه ده‌که‌ن که رێز له یه‌کتری و ماف و ئازادیی یه‌کتر بگرن. دیاره ئه‌م به‌هایانه له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی یه‌کناگرنه‌وه، چونکه بۆ هه‌ڵگرانی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه ژن بوونه‌وه‌رێکی لاواز و بێده‌سه‌ڵاته و ده‌بێ له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پیاودا له‌ناو ماڵ چه‌شتنی به‌ندکراو رام بکرێ، ئه‌گینا له ده‌ست ده‌رده‌چێ. ئازادی له مه‌فهومی ئه‌م چینه واتای “به‌ڕه‌ڵڵایی – که مه‌لا فه‌رمان به ئیباحه ناوی ده‌با له کتێبه‌که‌ی” ده‌گه‌یه‌نێ، نه‌ک به‌هایه‌کی باڵای مرۆڤایه‌تی.
بێگومان داکۆکیکردن له مافی ژن و یه‌کسانی و ئازادی هه‌رده‌م ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر ئایین و رۆلی ئایین له به‌رجه‌سته‌کردنی سیسته‌می پیاوسالاریدا. ره‌خنه‌گرتن له ئایین نابێ چیتر وه‌کو کوفر و گوناه سه‌یربکرێ، به‌ڵکو پێویسته وه‌کو پێشکه‌وتنێکی مه‌عریفی ببینرێ بۆ شڕۆڤه‌کردن و تێگه‌یشتن له واقیعی کۆمه‌ڵگه. هه‌موو ئایینه‌کانیش شایانی ره‌خنه و خستنه‌ژێر پرسیارن. دیاره ئه‌وه ئیسلامی سیاسیه که ئیسلامی له رێڕه‌وی ئاسایی ئاییندا، واته له خوداپهروهری و چاکه‌خوازی و به‌خشنده‌یی، لاداوه و رێگه به به‌ڕێز مه‌لا فه‌رمان و زۆر مه‌لای دیکه ده‌دات گوتاری رقئامێز و دژ به پێشکه‌وتن دابڕێژن.
ئایین ده‌بێ له سیاسه‌ت جیابکرێته‌وه و له بازنه‌ی ئایدیۆلۆژیا و حیزبایه‌تی بێته ده‌ره‌وه و بگه‌ڕێنرێته‌وه ناو په‌رستگاکانی خودا. جگه له‌مه ئایین ده‌بێ وه‌کو پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی سه‌یربکرێ که شایانی ریفۆرم و گونجاندنه له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌م. هه‌روه‌کو زۆر نووسه‌ر و رۆشنبیری عه‌ره‌بی وه‌کو فاتیمه مێرنیسی ده‌ڵێن، بۆ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی، پێویسته ئیسلام خۆی له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌م بگونجێنێ نه‌ک داوا له مرۆڤی موسڵمان بکات به پێی سه‌ده‌کانی رابردوو ژیانی رۆژانه‌ی رێکبخات، ئه‌مه‌ش دژایه‌تیکردنی ئایین نیه، به‌ڵکو له ئامێزگرتنی پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن وگونجاندنی ئایینه‌کانه له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌م.
به‌ڕێز مه‌لا فه‌رمان له‌به‌رئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنیکی عیلمی و قووڵی نیه بۆ کۆمه‌ڵگه و له روانینێکی سیاسیانه‌ی ئایینیه‌وه ده‌ڕوانێته کۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی له مێژوو و پاشخانی بزووتنه‌وه‌ی فێمینیرم تێنه‌گه‌یشتووه، لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه ده‌خاته روو. ئه‌و لێکدانه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌شێ خوێنه‌ر به لاڕێدا به‌رن و توندوتیژی لێبکه‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یکات هه‌وڵدان نیه بۆ تێگه‌یشتن له دیارده‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه و پێشنیارکردنی چاره‌سه‌ر، به‌ڵکو ئاره‌زوو و هه‌وڵێکی توندڕه‌وانه‌یه بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازانی کوردستان و چینی پێشکه‌وتووخواز. ئه‌و هه‌وڵه‌ی مه‌لا فه‌رمان بره‌و به رق و کینه ده‌دات و داوه‌تێکه بۆ وروژاندنی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵک و هاندانیان بۆ توندڕه‌وی و به‌ربه‌ره‌کانێی ژنانی ئازادیخواز.
به‌ڕه‌وڕووبوونه‌وه‌ی دوو به‌ره: به‌ره‌ی توندڕه‌و و کۆنه‌خواز به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی پێشکه‌وتووخواز
شه‌ڕی براکوژیی نێوان یه‌کیێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌و سه‌ره‌نجامانه‌ی که لێی که‌وتنه‌وه هاوتا له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی، گوتارێکی زاڵیان له هه‌رێمی کوردستان دروست کرد که هه‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردی به هۆکاری هه‌موو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و کێشه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه ده‌زانێت. ئه‌م بارودۆخه زۆرجار رێگر بووه له‌به‌رده‌م قووڵبوونه‌وه له شڕۆڤه‌کردنی واقیعی کورد و تێگه‌یشتن له سه‌رجه‌م کێشه و گرفته‌کانی. هه‌ربۆیه کێشه‌ی جێنده‌ر و ئایین گرنگی زۆریان پێنه‌دراوه. بۆ نمونه توندوتیژیی په‌یوه‌ست به شه‌ڕه‌ف که ره‌گی له‌ناو ستره‌کتور و عه‌قلیه‌تی کوردی داکوتاوه، تا ئه‌م راپۆرته‌ی ئه‌م دواییه‌ی زانکۆی بریستڵ، وه‌کو پێویست سه‌رنجی لێنه‌دراوه و سه‌ره‌ڕۆیانه قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه، له میدیاکانیش پاکانه بۆ زۆر له کوشتنه‌کانیش کراوه. گوتاری چینی رۆشنبیری کوردی گوتارێکی تاکڕه‌هه‌نده و مه‌سه‌له‌ی جێنده‌ری وه‌ده‌رناوه، واته کاتێ دێته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی و مافی ژن جیاکاری جێنده‌ری پیاده ده‌کات/ماف و ئازادی به گوێره‌ی ژن‌بوون و پیاوبوون دابه‌ش ده‌کات.
له راستیدا، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستان ده‌گوزه‌رێ بریتیه له جۆرێک له شه‌ڕ له نێوان به‌ره‌ی پێشکه‌وتووخواز و به‌ره‌ی توندڕه‌و و کۆنه‌خواز. هه‌ردوو چینه‌که له ناو ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر هێزیان هه‌یه. ده‌سه‌ڵات زۆرجار مساوه‌مه‌ی کردووه له‌گه‌ڵ چینی کۆنه‌خوازان، ئه‌مه‌ش وایکردووه چینی پێشکه‌وتووخواز ته‌نها و تاکڕه‌هه‌ند بێت له ده‌ربڕینی بیروڕا و ره‌فتاریدا. دیاره له نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا، هه‌روه‌کو گرامشی پێشنیاری ده‌کات، فه‌زایه‌ک هه‌یه بۆ کار و گۆڕانکاری که پێویسته رۆشبیر و فێمینیست و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به که‌ناله‌کانی میدیاوه رۆلی تێدا ببینن. بۆ سه‌رکه‌وتن له‌م شه‌ڕه دژی ئایدیۆلۆژیا و پلانی چینی توندڕه‌و و کۆنه‌خواز که ئیسلامی سیاسیی به‌رجه‌سته ده‌کات و مه‌به‌ستیه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌کو به‌شه‌کانی دیکه‌ی عێراق به‌ره‌و تێرۆریزم و تاریکستانی ببات، پێویسته پشتگیری له پرۆژه و کاری چینی پێشکه‌وتووخواز بکرێت چ له سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵات و چ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری. پێویسته چیتر له‌سه‌ر حسابی پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ سازش له‌گه‌ڵ کۆنه‌خوازان نه‌کرێت. ئه‌مه تاکه گارانتیه بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و نه‌ته‌وه‌ی کورد تا جێگای خۆی له جیهانی مۆدێرن بکاته‌وه و مافی کورد له سه‌ربه‌خۆیی و رزگاری دابین بکات.
* * *
(1). له چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌ی ئاوێنه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی کۆمه‌ڵی ئیسلامی، عه‌بدولستار مه‌جید، به‌ڕێز مه‌جید دان به‌وه‌دا ده‌نێت که حزبه‌که‌ی “به شێوه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ هانی مه‌لاکانی داوا دژی جێنده‌ر بوه‌ستنه‌وه”، بڕوانه: “کۆمه‌ڵی ئیسلامی: به ناڕاسته‌وخۆ هانی مه‌لاکانمان دا دژی (جێنده‌ر) بوه‌ستنه‌وه”، وێبسایتی ئاوێنه، 5/ 1/ 2011:
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Babet&Cor=Chawpekewtin&jimare=1956
تێبینی: ئه‌م وتاره له هه‌فته‌نامه‌ی رووداو، ژماره 145، 10/ 1/ 2011 بڵاوبۆته‌وه.
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی
شاعیر و نووسه‌ر- زانکۆی بریستڵ
سه‌رنووسه‌ری لومۆند دیپلۆماتیک