باڵنده به‌خێوکردن ، خولیایه یان بازرگانی؟
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی ژیان له‌سه‌ر زه‌وی ،ئاژه‌ڵ به گشتیی و باڵنده به تایبه‌تیی وه‌ک هه‌ر زینده‌وه‌رێکی تر له کێشمه کێشی له‌ناوچوون و مانه‌وه‌دا بووه.ناسین و په‌یوه‌ندی باڵنده له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه به گوێره‌ی سه‌رده‌مه‌کان گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه .مرۆڤ بۆمانه‌وه‌و به‌رده‌وامی ژیانی خۆی , په‌نای بۆ ڕاوکردنی ئاژه‌ڵه چوارپێيه‌کان و زینده‌وه‌ره ئاويیه‌کان و باڵنده بردووه. گه‌رچی تاکو سه‌رده‌می ئێستاشمان گۆشت و پێست و په‌ڕ و شیری ئاژه‌ڵ وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به سوودی مرۆڤ داده‌نرێت ،به‌ڵام دوای به‌کارهێنانی زه‌وی له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه وه سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌رهه‌م هێنان بۆ به‌رده‌وامی ژیان , په‌یوه‌ندیه‌که گۆڕدراوه و هه‌ندێک جار بۆ به‌رگری له خۆ و به‌کارهێنانیان بۆ ئه‌نجامدانی کاری ڕۆژانه سوودیان لێوه‌رگرتووه. دروستبوونی به ماڵیکردن و خۆشه‌ویستی و خولیا بوونی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به ئاژه‌ڵ چه‌ند هه‌زار ساڵیکه سه‌ری هه‌ڵداوه وه‌ک ئاشکرایه لای هه‌مووان، خاک و سروشتی کوردستان جێگه‌یه‌کی زۆر گونجاو بووه بۆ ژیانی ئاژه‌ڵ و باڵنده..
کوردیش له‌و په‌یوه‌ندیه دانه‌بڕاوه‌و زۆر زوو هه‌ستی به ناسین و به‌کارهێنان و به‌ماڵیکردنی باڵنده‌کردووه. ئه‌م سه‌رده‌مه‌شمان به‌خێوکردنی باڵنده لای کورد وه‌ک خوولیایه‌ک ده‌بینرێت. دوای ئازادکردنی باشووری کوردستان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و بوژانه‌وه‌ی خه‌لکی کورد له‌و ده‌ڤه‌ره , ئه‌و خوولیایه په‌ره‌ی سه‌ندووه و له شاره‌کانی دهۆک و هه‌ولێر و که‌رکوک و سلێمانی که‌سایه‌تی شاره‌زای بواری به‌خێوکردنی باڵنده له زۆربوندان. به تایبه‌ت شاری سلێمانی له به‌خێوکردنی باڵنده‌دا خه‌ڵکانی پسپۆڕ و شاره‌زای زۆر تیاهه‌ڵکه‌وتووه و تاکو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن له به‌خێوکردنی باڵنده‌و چه‌نده‌ها شوێن و فرۆشگه‌ی باڵنده کراوه‌ته‌وه‌و بۆته سه‌رچاویه‌ک له بژێوی ژیان
به‌ر له‌شه‌ڕی که‌نداو ، کوردستان سه‌رچاوه‌ی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی باڵنده بوو بۆ شاره‌کانی تری عێراق و له‌وێوه‌ش بۆ ووڵاتانی ده‌ره‌وه، به‌ڵام مه‌خابن ئێستا کوردستان بۆته ساخکردنه‌وه‌ی زۆر له‌و باڵندانه‌ی که له ووڵاتانی تره‌وه دێن وه‌ک ئێران و سوریا و لوبنان که زۆر به ده‌گمه‌ن بازرگانه‌کان خۆشه‌ویستی و ڕینماییه ته‌ندرووستیه‌کان و کواليتێتی ئه‌و باڵندانه ڕه‌چاو نه‌کراوه و وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی بازرگانی به‌کاریان ده‌هێنن.له لایه‌کی تریشه‌وه له سیستمی په‌روه‌رده‌و خوێندندا مناڵان فێری ناسینی جۆره‌کانی باڵنده‌و خۆشه‌ویستی بۆیان، بۆشاییه‌که هێشتا پڕنه‌کراوه‌ته‌وه.له‌کاتێکدا له ووڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی دنیا هه‌ر له باخچه‌ی ساوایانه‌وه مرۆڤ فێری خۆشه‌ویستی سروشت و ئاژه‌ڵ و باڵنده و گیاندارانیتر ده‌که‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه له ووڵاتانی ئه‌وروپا ، به‌خێوکردن و ڕاگرتنی باڵنده، به پله‌ی یه‌که‌م وه‌ک خوولیا و ئاره‌زوو دێت وه کردنه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌زگا و سه‌ندیکا و کۆمه‌ڵه‌ی ئاژه‌ڵ پارێز بۆ ئه‌و که‌سانه کراونه‌ته‌وه و یارمه‌تی و پشتگیریان لێده‌کرێن له کردنه‌وه‌ی پێشانگای ناوخۆیی و ده‌ره‌کی و جیهانی .. ڕۆشنبیری و تێگه‌یشتن له مافه‌کان و ڕێنماییه‌کانی باڵنده له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و ده‌زگاو سه‌ندیکایانه‌وه بۆته هۆکارێک که خۆشه‌ویستی سروشت و باڵنده له‌ناو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌رده‌وام بن . بۆیه ئه‌ندامان و ئاره‌زودارانی ئه‌و خولیایه له‌ناو کۆمه‌ڵگادا ڕێزی تایبه‌تیان لێده‌گیرێت به‌نده‌ش، وه‌ک که‌سێک هه‌ر له مناڵیمه‌وه خۆشه‌ویستیی ئاژه‌ل و به‌تایبه‌ت باڵنده له دڵما چه‌سپیوه و تاکو ئێستاش به‌و خوولیایه‌وه سه‌رقاڵم و ئه‌زموونێکی زۆرم کۆکردۆته‌وه له به‌خێوکردنی باڵنده به‌هۆی به‌سه‌ربردنی ژیانم له ووڵاتێکی پێشکه‌وتووی وه‌ک ئه‌ڵمانیا. هه‌ر ئه‌و خوولیا و خۆشه‌ویستیه‌مه بۆته هۆکارێک بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌و په‌یامێک بنێرم بۆ لێپرسراوانی هه‌رێم له‌م بواره‌داو کۆمه‌ڵگه‌که‌م له کوردستان.
جێی خۆیه‌تی لێره‌وه داوا له به‌رپرسانی هه‌رێم بکه‌م یارمه‌تیده‌ر بن بۆ شاره‌زایان و پسپۆڕانی ئه‌م بواره بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیریی تاکی کورد به‌ره‌و خۆشه‌ویستی و ڕێزگرتن له سروشت و پارێزگاریکردن له ئاژه‌ڵ و به‌چاوێکی میهره‌بانیه‌وه بڕوانینه باڵنده‌و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵیان. جێی داخه ساڵانێکه باشووری کوردستان بۆته ساخکردنه‌وه‌ی چه‌نده‌ها باڵنده‌ی جۆراوجۆر که له سوريا و لوبنانه‌وه به‌هۆی چه‌ند بازرگانێکی عه‌ره‌به‌وه ده‌نێردرێنه کوردستان و به‌ده‌گمه‌ن ڕێنمایه‌کانی باڵنده‌یان تێدا ده‌بینرێن و ته‌نها وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی بازرگانی به‌کاریان دهێنن. له‌کاتێکدا که کوردستان خاوه‌نی سروشتێکی جوان و ده‌وڵه‌مه‌نده له ئاژه‌ڵ و باڵنده
ڕێگرتن له‌م کاره نه‌شیاوه به پله‌ی یه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌زگاکانی حوکمه‌ت و به‌رپرسان که چیدی ڕێگه نه‌ده‌ن به که‌سانێک باڵنده‌ی نه‌خۆش و جۆری خراپ بهێننه کوردستان و چاودێرێکی ووردی بازاڕه‌کانی باڵنده بکه‌ن له‌ژێر ڕێنماییه‌کانی ژينگه پارێزی و پاراستنی جۆری باڵنده‌و پرسوڕا به‌و که‌سانه بکه‌ن که ئه‌زموونێکی زۆریان کۆکردۆته‌وه له‌و بواره‌دا به هاوکاری ئه‌و که‌سانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌ژین .ئه‌م وه‌رگرتنی هه‌ڵوێسته‌ی به‌رپرسان ڕێخۆشکردنه بۆ ئاره‌زوودارانی باڵنده وئاژه‌ڵ به تایبه‌ت چینی لاو‌و گه‌نجان که سه‌رقاڵبن به ئاره‌زوویه‌که‌وه سوود به سروشت و باڵنده بگه‌یه‌نن و کوردستانیش له‌و بواره‌دا بگاته ئاستێک هیچی که‌متر نه‌بێت له ووڵاتانی پێشکه‌وتوو له به‌خێوکردنی باڵنده . له لایه‌کیتره‌وه ،به‌رهه‌می خۆماڵی ئاژه‌ڵ و باڵنده، کاریگه‌ریه‌کی باشی ده‌بێت بۆ بوژانه‌وه‌ی به‌شێک له ژێرخانی ئابووری و بوژانه‌وه‌ی بژێوی ژیانی چه‌نده‌ها خێزان . له‌وێشه‌وه ئه‌توانین ڕێگر بیین له به‌رده‌م هاورده‌ی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی نه‌خۆش و جۆری خراپ له لایه‌ن چه‌ند بازرگانێکه‌وه که له ووڵاتانی دراوسێوه ده‌نێردرێنه کوردستان.
دارمشتاد…….. ئه‌ڵمانیا
09.01.2011