ئه‌وه منم ….. رێبوار ره‌زا چوچانی
– 1 –
ئێواره‌یه‌ك له خه‌می ون بوونیدا، خه‌ریكی ناشتنی خۆم بووم، ئه‌و رۆیشت و ئیتر بۆ ئه‌به‌د منی خسته ناو گێژاوه‌وه، من دوای ئه‌و وه‌ك چیرۆكێكی ته‌واو نه‌كراو، به‌دوای كه‌سێكدا وێڵ بووم كۆتاییه‌كه‌م بخوێنێته‌وه، وه‌ك به‌ندكراوێك وابووم، كه هیوا كوژراو بێت و بیر له بینینه‌وه‌ی تیشكی خۆر نه‌كاته‌وه، له دوای ئه‌و وه‌ك ژورێكی بێپهنجهره وا بووم، وه‌ك ده‌رگایه‌كی قوفڵدراو وا بووم كاتێك كلیله‌كه‌ی بزر ده‌بێت.
ئیتر نه‌متوانی بێمه‌وه ناو روناكی، چونكه ژیان، روناكی و بیركردنه‌وه‌ی پێبه‌خشیم، ژیان كردمی به مرۆڤێك لێكدانه‌وه‌م بۆ بوون و ده‌وروبه‌ر جیاواز بێت، كه‌چی هه‌ر ژیانیش له په‌لوپۆی خستم و نه‌یویست بوونم پێببه‌خشێته‌وه، ژیان ئه‌وی پێناساندم و لێشیسهندمهوه، ژیان وای كرد هه‌میشه چاوم له سه‌ر ئه‌و تابلۆیه بێت، كه ماوه‌یه‌كی زۆری دوای یه‌كتر ناسینمان پێی نیشاندام.
جاران تابلۆكه به‌لامه‌وه گرنگ نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا هێدی هێدی هێزی راكێشانی خۆی زیاد ده‌كات و له سه‌ر من تاقی ده‌كاته‌وه، تا دێت خه‌یاڵم ئاڵۆز تر ده‌كات.
جارێكیان پێی وتم “من تابلۆیه‌كت پێ‌نیشان ده‌ده‌م، ژورهكهمی پڕ كردووه له خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماناكان”، دواتر وتی “ئه‌زانی خوشكه گه‌وره‌كه‌م، گوڵعه‌مبه‌ر هه‌میشه داوای ئه‌و تابلۆیه ده‌كات، منیش تا ئێستا به‌ڵێنم نه‌داوه پێی ببه‌خشم؟!”.
ئه‌و كاتێك رۆشت تابلۆكه‌شی له‌گه‌ڵ خۆی برد، منیش له‌گه‌ڵ ون بوونی تابلۆكه‌دا هه‌ستم به غه‌ریبی خۆم كرد، ئێستا تابلۆكه له‌لای من ته‌نها وێنه‌یه‌كی ته‌ڵخی له خه‌یاڵی مندا ماوه، كه‌چی خه‌ریكی سه‌رگێژ كردنی منه.
من ده‌زانم مرۆڤ هه‌میشه له ناو خه‌یاڵدا به‌دوای مانای وشه‌یه‌كی نه‌وتراوه‌وه وێڵه، ئه‌وه‌ش ده‌زانم ئێستا خه‌یاڵ و مانای وشه نه‌وتراوه‌كان بونیان نه‌ماوه، دوری نێوان خه‌یاڵ و مرۆڤ، رۆح و جه‌سته، بون و مه‌رگ، ته‌نها وێنه‌ی وشه‌كانی هێشتۆته‌وه، ئه‌و وشانه‌ی پڕن له ره‌ونه‌ق، به‌ڵام خاڵێن له مانا!
تابلۆكه له لای من مانایه‌كی نه‌دۆزراوه‌ی هه‌بوو، هه‌ڵگری دنیایه‌ك بوو له جوانی، دنیایه‌ك له گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و نوستهلژیا و پاكی و ساده‌یی سه‌ره‌تاكانی مرۆڤ بوون، هه‌ر بۆیه ئێستاش بۆته به‌شێك له بیركردنه‌وه‌كانم، چونكه له كاتی ونبوونی ئه‌و تابلۆیه‌وه، خه‌یاڵێك ده‌مبات به‌ره‌و رۆحی تابلۆكه و ونبوونی زیاتری ئه‌و، ئێستا ئه‌و بۆته به‌شێك له رابردووی من، تابلۆكهش بۆته ئێستام، بۆیه هه‌ر ده‌گه‌ڕێم تا له خه‌یاڵێكدا بگه‌م به‌و رۆحه‌ی خاوه‌نی ره‌سه‌نی تابلۆكه‌یه.
– 2 –
دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له كار، له باڵكۆنهكهدا دانیشتبووم، سه‌یری ئاوابوونی خۆرم ده‌كرد، سه‌یر كردنی خۆر له ده‌می ئاوابووندا، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی له باره‌ی كۆتیای شته‌كانه‌وه ده‌كرێت، پرسیارێك رهگوڕشهكهی له سه‌ره‌تادایه و كۆتاییه‌كه‌شی له ئێستایه، چونكه ئێستا هه‌م سه‌ره‌تایه و هه‌م كۆتایی، ئێسته وێزگه‌ی لێكدابڕانی سه‌ره‌تا و كۆتاییه، ده‌ست لێك به‌ردانه له‌گه‌ڵ رابردوو و ده‌ست گرتنی داهاتووه، ئێستا بۆ من وێزگه‌ی پشودانه له دوای فڕینێكی بێ مه‌ودا، به‌ڵام بێ ئه‌نجام.
دواتر سه‌یری ئه‌و كۆڵانه‌م ده‌كرد، كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ رۆحی ئه‌ودا پیاسه‌م تێدا ده‌كرد، ئه‌و هه‌رچه‌نده دووریش بوو، به‌ڵام هه‌میشه رۆحی له‌گه‌ڵمدا بوو، هه‌میشه بونێكی هه‌بوو له ناو رۆحمدا، زۆرجار له‌گه‌ڵی پیاسه‌م ده‌كرد، له‌گه‌ڵی ده‌دوام، له‌گه‌ڵی ده‌ستبازیم ده‌كرد و له‌گه‌ڵی ده‌خه‌وتم و ……
((له ناو ئه‌و خه‌یاڵاتانه‌دا نقوم ببووم، له ناكاو زه‌نگی موبایله‌كه‌م به‌ئاگای هێنام، ویستم وه‌ڵام نه‌ده‌مه‌وه، وتی وه‌ڵام بده‌وه!!!))
هه‌ستێك هه‌میشه له پێشهاته‌كان ئاگاداری ده‌كردمه‌وه، من نه‌مده‌زانی چیه، “ئایا ئه‌وه هه‌ستی خودایه، یان رۆحی شه‌یتانه؟”، هه‌میشه توشی سه‌ر گێژی ده‌كردم، هه‌میشه باوه‌ڕی پێ ده‌هێنام، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانم له پێشبینییه‌كانی ده‌ربچم، من هه‌ندێكجار ده‌موت “ئه‌وه هه‌ستێكی نه‌فره‌تی و شه‌یتانییه”، كه‌چی هیچ كاتێك ئه‌وه نه‌ده‌بووه بڕوایه‌كی ره‌ها بۆم، زۆرجار قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم، ئێستاش گومانم هه‌یه كه ئه‌وه هه‌ستێكی رووت بێت، به‌ڵكه پێموایه رۆحێكه و چاودێریم ده‌كات، چ رۆحێك؟
ئه‌مه‌یان نازانم.
وتی وه‌ڵام بده‌وه، بزانه چی ده‌وێت، وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كه‌م دایه‌وه…
به‌ده‌نگێكی كپ و كزه‌وه وتی “ئه‌زانی ئێستا دیواره‌كان زیاتر ده‌بن، ئێستا دیواره‌كان ورده ورده وات لێده‌كه‌ن هیچ تابلۆیه‌ك نه‌بینیت؟”.
دوای كه‌مێك بێده‌نگی، وتم “ده‌كرێت بزانم تۆ چ رۆحێكی گیرۆده‌یت؟”.
ئه‌و به‌ده‌نگه هێمنه‌كه‌ی خۆیه‌وه كه‌وته‌وه دوان، هێمنییه‌ك له ده‌نگیدا بوو، وه‌ك ئه‌وه وابوو مردوییهك بێت و له گۆڕه‌وه له‌گه‌ڵم بدوێت، یان ده‌نگی مردوویه‌ك بێت و له گوێم‌دا بزرنگێته‌وه، وتی “هه‌موومان له ناو گیرۆدهیدا بزر بووین، گیرۆده‌یی بۆته به‌شێك له ژیانی ئێمه، بۆیه هیچ كاتێك ناتوانین بیر له خۆمان بكه‌ینه‌وه”، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵێت كێیه په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی پچڕاند.
من ده‌مزانی ئه‌و رۆحانه‌ی هه‌میشه عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی وشه نهوتراوهكانن گیرۆده‌ن، چونكه جیهانێكی نهێنی و شاراوه له ناو رۆحی خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن، خه‌می مرۆڤ و ده‌روبه‌ر وایان لێده‌كات گیرۆده و وێڵ بن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌م و خه‌یاڵه‌كان ئاوێته بكه‌ن، تا مانایه‌كی ون و نه‌وتراو بۆ وشه‌كان بدۆزنه‌وه.
-3-
هاته ژوره‌وه ده‌ستێكی به‌روخسارم دا هێنا، له‌گه‌ڵ گه‌رمایی له پی ده‌ستی، له و خه‌ونه قوڵه به ئاگاهاتم، كه چه‌ند چركه‌یه‌ك بوو له دنیای جه‌نجاڵ دوری خستبوومه‌وه، سه‌یرم كرد چاوی بڕییووهته ناوچاوم، چاوێكی فرمێسكی لێده‌بارێت و چاوه‌كه‌ی تری تووڕه‌یی، به ده‌ستێكی گوڵێكی سیس و وشكی بۆ هێناوم و به ده‌سته‌كه‌ی تری دارێكی ئاگراوی، به‌ر له وه‌ی بڕوات ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی وت “من ئێستا بیر له رۆحێكی تر ده‌كه‌مه‌وه، تۆش به ژیانی خۆته‌وه خه‌ریك به”.
بیستنی ئه‌م رسته‌یه بۆ من له گرتنی قه‌ڵایه‌كی پڕ له سه‌ربازی خۆكوژ سه‌خت تر بوو، من هێشتا ماندوێتیم ده‌رنه‌چوو بوو، چونكه له رێگادا بووم بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌مه لای ئه‌و، كه‌چی ئه‌و وشه‌یه هه‌نگاوه‌كانی خه‌یاڵی كوشتم.
من له سه‌ره‌تاوه ده‌مزانی به‌دوای سه‌رابێكی شێته‌وه وێڵم و دوای رۆحێكی ون كه‌وتووم، به‌ڵام هه‌ر خه‌ریكی خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بووم، ده‌شمزانی به‌دوای كوشتنی رۆحی خۆمه‌وه هه‌نگاو ده‌نێم، ئه‌و له و ناو رۆحی ده‌ریاكاندا سه‌وڵ لێده‌دات و به ئازاره‌كانی من پێده‌كه‌نێت، منیش له مبه‌ری ده‌ریاكانه‌وه ده‌مه‌وێت بفڕ‌م.
ده‌مه‌وێت بفڕ‌م تا پێی بڵێم “ژیان له ناو رۆحی تۆدا خه‌ریكه ده‌كوژرێت.
بگه‌ڕێوه… شه‌پۆله كان ده‌تبه‌ن به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه.
ئیتر بۆ هه‌میشه بزر ده‌بیت و
كه‌سێك نابێت بیرت لێ بكاته‌وه.
بزر ده‌بیت و
ئیتر رۆحێكت نابێت لێوڕێژ بێت له مانای وشه نه‌وتراوه‌كان.
تۆ ئیتر ده‌بیته جه‌سته‌یه‌كی به جوڵه، به‌ڵام بێ‌ڕۆح!”.
– 4 –
نیوه شه‌وێك حه‌زم له فڕین بوو، باڵه‌كانم به‌رز كرده‌وه و هه‌ستم كرد ده‌توانم بفڕ‌م، فڕین له ناو ژیانی مندا مانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، فڕین هه‌میشه سه‌ره‌كی ترین خه‌یاڵی ناو چیرۆكی ژیانی من بوو، بۆیه هه‌میشه سه‌رسامی به‌سه‌رهاتی عه‌باسی كوڕی فیرناس بووم، ئه‌و پیاوه‌ی به‌دوو باڵی ده‌ستكرده‌وه، بیرۆكه‌ی فڕینی مرۆڤی خستنه مێشكمهوهدا، ئه‌و یه‌كه‌م مرۆڤ بوو، كه توانی فێره بیركردنه‌وه‌م بكات له فڕین.
كاتێك ویستم بفڕ‌م هاته لام وتی” هه‌موو نیشتنه‌وه‌یه‌ك دوای فڕین دۆڕاندنی باڵه *1″، من نه‌متوانی هیچ وه‌ڵامێكی بده‌مه‌وه، چونكه ده‌مزانی هه‌موومان له مێژه باڵه‌كانمان دۆڕاندووه و له مێژه له به‌رزاییه‌وه به‌ره‌و خوار بووینه‌ته‌وه، له مێژه له لوتكه‌وه گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ پێده‌شت، له مێژه عه‌قڵمان له مشتماندایه، له مێژه عه‌قڵمان ته‌سلیمی دڵمان كردووه و ئه‌ویش به‌پێی ئیحساسهكانمان یاری پێده‌كات، له مێژه كه‌سمان له‌م رۆژههڵڵاتهدا مرۆڤێكی عه‌قڵانی نین، مرۆڤێكین ئیحساسه شێتانهكانمان قه‌ده‌ر و چاره‌نووسمان دیاری ده‌كات، له مێژه به دوای قه‌ره‌باڵغیدا ده‌ڕۆین و ترسمان له تاك بوونه‌وه‌یه، بۆیه ئیتر نیشتنه‌وه‌ی دوای فڕین، ئه‌گه‌ر دۆڕاندنیش بێت بۆ من ئاساییه، چونكه ئێمه ژیانمان قومارێكه پڕ له بردنه‌وه‌و دۆڕاندن…
5 –
ویستی پێمبڵی تۆ هه‌ڵه‌یت دوای ئه‌و خه‌یاڵه‌ت كه‌وتوویت، له چاوه‌كانیدا هه‌ستم كرد ده‌یه‌وێت شتێك بڵێت، سه‌رێكم بۆ له‌قاند، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ گوێگرتنم له قسه‌كانی، به‌ڵام ده‌شمزانی ئه‌و هه‌ر كاتێك ده‌دوێت، له ناخه‌وه توڕه‌م ده‌كات.
وتی “كه‌مێك هۆش بهێنه‌وه سه‌ر خۆت، تۆ ههڵهێت ئه‌وه وه‌همی خه‌یاڵه‌كانی خۆته لێت بۆته فریشته”.
من هه‌ر زوو قسه‌كه‌م لێ وه‌رگرته‌وه و به‌سه‌ریدا هاوارم كرد.
“تۆ درۆ ده‌كه‌یت.
ئه‌و فریشتهیهكهو رێگه‌ی لێ ونبووه.
من ده‌بێت بیهێنمه‌وه بۆ ناو سروشتی خۆی.
ئه‌و رۆحی خودایه”.
گریان چاوه‌كانی كردم به تاڤگه‌یه‌ك له زیو، كه‌چی له رۆحه‌وه ئاسووده بووم، چونكه هه‌ستم ده‌كرد، ویژدانم ئازارم نادات.
كه‌وته‌وه وتن، ئه‌مجاره‌یان له دهربڕینهكانییا، هه‌م توڕه‌یی و هه‌م نیگه‌رانی و هه‌میش بێئومێدی پێوه دیار بوو، وتی” ئه‌ی بێ ئاگاترین رۆح له دنیا.
ئه‌زانی ئیتر واقیع به‌رگه‌ی تۆ ناگرێت و
فڕێت ده‌داته ده‌ره‌وه؟
تۆ ئیتر له ناو واقیعدا بونت نامێنێت”.
باكم نه‌بوو به وتنه‌كانی، به جۆرێك بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد، وه‌ك ئه‌وه وابوو بۆ په‌یكه‌رێكی بێ رۆح بدوێت، هه‌ر وه‌ستا به‌لامه‌وه و له وتن به‌رده‌وام بوو، به چركه نه‌ده‌وه‌ستا، ده‌توت راسپێردراوه تا ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌رونیی من بدات، ئه‌وه‌نده‌ی وت، تا به‌ته‌واوی ماندوو بوو.
به‌ر له وه‌ی بڕوات وتی” ئه‌وانه‌ی كه‌له واقیع داده‌بڕین
باكییان به‌ژیان و ده‌وروبه‌ر نیه.
ئه‌وانه بێباكترین كه‌سن و
شایانی رێز نین!”.
ئه‌و ده‌یزانی من ته‌نها ماندوێتیم بۆ ده‌مێنێته‌وه، چونكه پێشتر شاره‌زای ئه‌و رۆحه بوو كه پێی وتم “من ئێستا بیر له رۆحێكی تر ده‌كه‌مه‌وه، تۆش به‌ژیانی خۆتهوهخهریك به”.
– 6 –
گه‌ڕامه‌وه بۆ منداڵی، بۆ ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ك، له سه‌ر ماڵۆچكه‌یه‌ك شه‌ڕمان ده‌كرد و دواجار به‌گریان ده‌یان ناردمه‌وه بۆ لای دایكم، له وكاتانهدا هه‌میشه دایكم ده‌یوت “كوڕم بیانبووره تۆ ده‌بێت لێبورده‌یی له رۆحتدا جێگه بكه‌یته‌وه”، من ئه‌و كات و ئێستاش له مانای لێبورده‌یی تێنه‌گه‌شتم، وامده‌زانی ژیربوونه‌وه له گریان و كۆتایی هێنان به ههنسكهكانم، ده‌مگه‌یه‌نێته جه‌وهه‌ری لێبورده‌یی، به‌ڵام دایكم ده‌یوت “ده‌بێت ئه‌وانه‌ش ببووریت، ماڵۆچكهكهیان لێكداویت و لێیان داویت، ئه‌وانه‌ش كه لێناگه‌ڕێن له‌گه‌ڵییان یاری بكه‌یت”.
ئێستاش نازانم لێبوورده‌یی یانی چی، ئاخر بۆ ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ی ئه‌وان، كه رۆح و جه‌سته‌مان شه‌ڵاڵی خوێن و برین ده‌كه‌ن، له بیری خۆمانیان ببه‌ینه‌وه، ئایه ئه‌مه هیچ هێمایه‌كی عه‌قڵانی تێدایه، یان ئه‌مه خۆ گێل كردنه له ئاست واقیع، بۆ ده‌بێت رۆحمان به‌ده‌ست ئازاره‌وه بناڵێنێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه ببورین كه وای به‌سه‌ر هێناوین، ئایا ئه‌مه لێبورده‌ییه یان خۆ گێل كردن؟!
ئێستاش خه‌یاڵێكی شێتانه له میشكمدایه، هه‌میشه ئه‌و كه‌سانه‌ی ئازارییان داوم، دوو رێگه‌ی تهریبمان گرتۆته به‌ر له به‌رانبه‌ر یه‌كدا، هه‌موومان بۆ یه‌ك راساتهدا ته‌مان ده‌مبات به‌ره‌و كۆتایی، به‌ڵام له هیچ وێزگهیهكدا به‌یه‌ك ناگه‌ینه‌وه، سلا,ێك له یه‌ك بكه‌ین، دایكم ده‌یوت “ئه‌وانه گیرۆده‌ی ژیانن و بوغز و گومڕایین”، منیش ده‌پرسم “ئه‌مه بۆ ده‌بێت وابێت؟!”.
7 –
من ئه‌وكات وه‌ك بێچوه چۆله‌كه‌یه‌ك ته‌نها بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه كه ده‌نوك بكه‌مه و شتێك فرێ بدرێته قوڕگمه‌وه، تا له برسان نه‌مرم، ئه‌وكات جگه له دایكم رووناكییه‌كی تر نه‌بوو له ژیانمدا، چونكه به ته‌نها دایكم ئاگای لێمبوو، كه‌چی ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه زۆره‌م، هێشتا رۆحی دایكم پاسه‌وانیم ده‌كات، هه‌میشه ژیانم پڕ ده‌كات له مۆسیقا، بۆ ئه‌وه‌ی وێرانه رووم تێنه‌كات، كه دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، ژیان و سیاسه‌تی قۆڕی وڵاتێكی پڕ له عه‌سابه، هه‌موو منداڵییهكانیان لێسه‌ندمه‌وه و به به‌رچاوی خۆمه‌وه كوشتیان.
ئیتر من له‌و كاته‌وه رێگای گه‌ڕانه‌وه‌م به‌ره‌و منداڵی لێ بزر بووه.
ئیتر من له‌و كاته‌وه، جگه له چیرۆكه‌كانی جه‌نگ و كوشتن و پێ لهقهدان له دیله‌كانی جه‌نگ، هیچ شتێكی ترم له بیر نه‌ماوه، چونكه وه‌ك سه‌ربازێكی كوژراو، كه ته‌رمه‌كه‌ی له سوپایه‌كی به‌زیو به‌جێ مابێت، توانای دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ل و داڵانشم نیه، كه خه‌ریكی پارچه پارچه كردنی جه‌سته‌من.
من ده‌مێكه رێگه‌ی بیركردهوهم لێ بزربووه، رابردوشم له ناو زاكیره‌مدا به‌جۆرێك سڕاوه‌ته‌وه، كه ناتوانم به‌هۆی ئه‌و رابردووه كوژاروانهی خۆشمه‌وه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ناو خۆم، بزانم له كوێدا ته‌رمی یاده‌وه‌رییه كوژراوه‌كانی خۆم ده‌بینمه‌وه.
كه‌چی ئێستا نازانم چۆن وا له ناكاو گه‌ڕامه‌وه، نازانم ئه‌وه چ رێگایه‌ك بوو هه‌ڵمبژارد و به‌كوێدا گه‌ڕامه‌وه بۆ ئه‌وێ، من له‌م گه‌ڕانه‌وه‌شم نیگه‌رانم، چونكه له منداڵیمه‌وه به به‌رده‌وامی دڵشكاوترین كه‌سم، بۆیه له گه‌وره‌یشدا هه‌میشه شاهێدی دڵشكاندنهكانی خۆمم، هه‌ست ده‌كه‌م گوناهترین مرۆڤی ئه‌م دنیایه‌م، به‌ڵام ئه‌و راستییه‌ش ده‌زانم، هه‌میشه كه‌سه گوناهه‌كان گوناهبار ترین بونه‌وه‌ری دنیان!!!
8 –
هاته‌لام به‌بێ ده‌نگی راوه‌ستا، دوای كه‌مێك تێڕامان له سه‌رو سه‌كوتی من، بزه‌یه‌ك كه‌وته سه‌ر لێوی، ده‌ستی خسته سه‌ر شانم.
وتی “تۆ ئێستا پیرێكی به‌د به‌ختیت.
تۆ ئێستا له سه‌ره‌تادایت كه خاڵی كۆتاییه!
ئه‌و نور نه‌بوو، به‌ڵام نه‌فره‌تیش نه‌بوو.
ئه‌و تابلۆیه‌ك بوو، به فڵچه‌یه‌كی یاخی نه‌خشێندرابوو!
رۆحی ئه‌و…
هه‌ناسه‌یه‌كی به‌جێماو بوو
له تاریكی شه‌وێكی پڕ له وه‌رینی گه‌ڵای دره‌ختی پایزان.
ئه‌زانی ئه‌و هه‌ناسانه‌ی كه له رێبواره كوژراوه‌كانه‌وه به‌جێده‌مێنن
سه‌رابێكی شێتن!
ده‌ڕۆن و هه‌ر بهدواوهیانهوه ماندووین.
به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر له دووره‌وه بانگمان ده‌كه‌ن
كه‌چی هه‌رچه‌ند خێراش بڕۆین پێیان ناگه‌ین.
ئه‌وان رۆحیان نیه!
عیشقیان نیه!
نازانن ژیان چیه!
ئه‌وان خۆیان به‌جێماون و
له سینه‌ی رێبواره كوژراوه‌كانه‌وه هاتوونه‌ته‌ده‌ر!
ئه‌وان نازانن سروشت چیه!
نازانن رۆح و ویژدان چیه!
به‌ڵام ترسناكیش نین!
چونكه ئه‌وان
هه‌موویان قوربانی جه‌نگه به‌رده‌وامه‌كانی ویژدانن!
ئه‌وان گوناهن گوناه!!!
ئه‌ی پیری ماندوو.
ئێستاش ده‌ته‌وێت بیدۆزیته‌وه؟
ئه‌و رۆشت و دوای كوشتنی تۆ به ده‌ستی خۆی.
ئیتر بۆ هه‌میشه له بیری كردیت.
ئه‌زانی تۆ ئێستا به وههمێكهوه خۆت سه‌رقاڵ كردووه.
تۆ ئه‌ته‌وێت سروشت له سروشتی خۆی ده‌ربهێنیت و ئاراسته‌ی بگۆڕیت!!
ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه مه‌حاڵ”.
له وكاته‌دا هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵم هه‌ڵكێشا…
به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری بكه‌م وتم “من ئیتر به كه‌ڵكی مردن نایه‌م!
مردنیش ناتوانێت كۆتایی بهمن بهێنێت!
ئازاره‌كانی من له دوای مردنم سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌شیان رابردووی من ده‌نووسنه‌وه.
رابردوویه‌ك پڕه له ئازار
پڕه له هه‌ناسه‌ی كوژراو و به‌جێماو
دور نیه دووباره ژیانی ئه‌م كه‌لاوه‌یه پڕ بكه‌نه‌وه له كاره‌سات!!!”.
9 –
من زانیم گه‌ڕاوه‌ته‌وه، تازه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ویش به كه‌ڵكی من نایه‌ت، له بیرمه به‌ر له‌وه‌ی كهنفتی سه‌ر جێگا بم، له كونجی زه‌مه‌نێكی له بیركراودا دۆزیبیانهوه، به‌ڵام مهسبوون به ژیانه‌وه رێگه‌ی نه‌دا بێته‌وه و بیبینم، ئێستاش دوای ماوه‌یه‌كی زۆر هاتۆته‌وه و له ژورسهرمهوه وه‌ستاوه، زه‌رده‌یه‌ك له سه‌ر لێویه‌تی، نازانم په‌شۆكاوه یان به من پێده‌كه‌نێت، ئه‌و پێشتریش هه‌ر پێده‌كه‌نی، پێكه‌نینێكی هێمن و سیحراوی رووپۆشی روخساری ئه‌وی كردبوو، به‌ڵام پێكه‌نینی ئێستای بۆ ئه‌وه‌یه، كه‌باوه‌ڕی نیه له‌م ژیانه‌دا رۆحێك هه‌بووه‌و به‌دوای ئه‌ودا وێڵ بووه، چونكه خۆی هه‌میشه وێڵی دوای رۆحه‌كان بوو و هیچ كاتێك نه ده‌هات به خه‌یاڵیدا رۆحێك هه‌بێت و وێڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بووبێت.
ئێستاش له بیرمه تا رۆحم ده‌رچوو و چاوه‌كانم زه‌ردبوون و له پهلاقاژێ كه‌وتم، هه‌ر ئه‌وم بانگ ده‌كرد و كه‌سیش نه‌یده‌بیست، هه‌ر چاوم ده‌گێڕا به‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ده‌وروبه‌رمه‌وه وه‌ستا بوون و شاهێدی مردنی من بوون، هه‌ر چاوه‌ڕێ بووم تا له دوا چركه‌ی ژیانمدا ببیبینمهوه…
گوێم لێ‌بوو یه‌كێك له ژور سه‌رمه‌وه وه‌ستابوو ده‌یوت “هه‌ر چاو ده‌گێڕێت چاوه‌ڕوانی ره‌حمی خوایه”.
یه‌كێكی تر وتی “نا چاوه‌ڕوانی ئیزرائیله”.
یه‌كێكی تریش وتی “ره‌نگه قه‌رزاری كه‌سێك بێت و چاوه‌ڕێی لێخۆشبوو‌ن بكات”…
به‌ڵام ئه‌م قسانه هیچییان راست نه‌بوون، من ته‌نها چاوه‌ڕێی هاتنی ئه‌و بووم و هه‌ر نه‌هات.
10 – كۆتایی-
هێدی هێدی له ساتی رۆح كێشان نزیك بوومه‌وه، هێدی هێدی سه‌رم گێژیخوارد و جه‌سته‌م بێهێز بوو، دڵم تێكه‌ڵ ده‌بوو و توانای هێڵنج دانیشم نه‌بوو، هه‌ستم ده‌كرد ده‌ستێك له گه‌روومدایه و ده‌یه‌وێت هه‌ناسه‌م لێببڕێت، ئه‌وكات زانیم ئیتر كاتی رۆح كێشانم هاتووه، كاتێكیش رۆحییان ده‌رهێنام، وه‌ك ئه‌وه‌وابوو ته‌لێكی دڕكاوی له سینگمدا بێت و له پشته سه‌رمه‌وه ده‌ری بهێنن، ئێستاش ئازاری ئه‌و رۆژه‌م بیر ناچێته‌وه، ئازارێك هیچ عه‌قڵێك ناتوانێت بیری لێبكاته‌وه، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی چاوه‌كانم هێدی هێدی بینینیان كه‌م بوو و ده‌سه‌ت ولاقم له په‌له قاژێ كه‌وتن، هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌و بووم، ئه‌وه دوا ئاهی من بوو و نه‌متوانی له دڵم ده‌ری بكه‌م، ئه‌وكات زانیم من گوناهترین و گوناهبارترین كه‌سی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌م، تا ئه‌و كاته‌ش كه ده‌ستێكی زبر پێڵووی چاوه‌كانی لێكنام، هه‌ر چاوه‌ڕێی هاتنی بووم، ده‌شمزانی بێهوده‌یه ئه‌م ژیانه، بێهوده‌یه چاوه‌ڕوانی.
ئێستاش ئه‌وه‌تا له سه‌ر ژور سه‌رمه‌وه وه‌ستاوه و سه‌یری ئه‌و كێله‌ی قه‌بره‌كه‌م ده‌كات، كه به خه‌تێكی نیمچه قه‌وی لێی نووسراوه…
“ئه‌وا من په‌ڕه كۆنه‌كه ههڵدهدهمهوهو
له سه‌ری په‌ڕێكی نوێ‌دا
له سه‌ره‌تای دێڕ ده‌نوسم:
خۆشمده‌وێیت
خۆشمده‌وێت
خۆشمده‌وێیت. *2″.
من له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئازار و ته‌نیاییه‌ی به ده‌ستی ئه‌و چه‌شتم، كه‌چی پڕ به‌دڵ حه‌ز ده‌كه‌م بزانم بیر له چی ده‌كاته‌وه، ئایا بیر له كوشتنی چه‌ند جاره‌ی رۆحم ده‌كاته‌وه؟
یان بیر له گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی رۆحێكی تردا ده‌كاته‌وه؟
یان ئێستاش هاتووه و ده‌یه‌وێت پێم بڵی “من ئێستاش بیر له رۆحێكی تر ده‌كه‌مه‌وه، تۆش به‌ژیانی خۆتهوهخهریك به!”.
*1- هیوا قادر
*2 – غاده ئه‌لسه‌ممان
Facebook: rebwar raza chuchani
E.mail: rebwar-983@hotmail.com