له‌په‌راوێزی شه‌ڕی نێوان مزگه‌وت و رۆشنبیردا
رۆشنبیری كورد
له‌نێوان قه‌یرانی فیكری و گرێی ده‌روونییدا
د. فوئاد ره‌شید*
له‌م چه‌ند رۆژانه‌ی رابردوودا، له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی خۆماڵییه‌وه، چه‌ند به‌رنامه‌و دیدارێك له‌ژێر ناونیشانی (شه‌ڕی نێوان مزگه‌وت و رووناكبیر) په‌خشكراون، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش له‌په‌راوێزی ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌ك دوو نووسین و ده‌قدا هاتوونه‌ته ئاراوه…
له‌راستیدا من وه‌كو هاوڵاتییه‌ك كه له‌رێگای ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه ئاگاداری ئه‌م كێشه‌یه‌م و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌شم بینیوه و خوێندۆته‌وه كه (هه‌را)یان له‌سه‌ر كراوه، كاتێك له‌م ناونیشانه (شه‌ڕی مزگه‌وت و رووناكبیر) ورد ده‌بوومه‌وه بیریشم له هه‌ندێ قسه‌ی گووتراوی نێو ئه‌م شه‌ڕه ده‌كرده‌وه وه‌ك (به‌ره‌ی رووناكی له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگی تاریكی!!! كوشتنی ئازادی و داهێنان!!! گه‌ڕانه‌وه‌ی مێژوو بۆ تاریكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست!!!)… له‌و بیركردنه‌وه و وه‌به‌رچاو هێنانه‌دا سه‌رسامی دایده‌گرتم، ده‌یان پرسیار یه‌خه‌ی بیری ده‌گرتم… ده‌مگووت ئێستا كه‌سێك گه‌ر ئاگاداری ئه‌و به‌رهه‌مانه نه‌بێت كه ئه‌م شه‌ڕه‌یان ناوه‌ته‌وه، وا ده‌زانێت ڕووناكبیری كورد وه‌كو (گالیلۆ) و (نیوتن) و (كۆپه‌رینكۆس) و (ئه‌نیشاتن) تیۆر‌و روانینێكی زانستیان دۆزیته‌وه و داهێناوه كه‌چی (مزگه‌وت) لێناگه‌ڕێت ئه‌م زانسته بڵاوبێته‌وه…!!!
به‌ڵام نازانێت ئه‌وه‌ی ڕووناكبیری نێو ئه‌م شه‌ڕه بڵاویكردۆته‌وه، له‌جه‌وهه‌ریدا یان په‌ره‌گرافێكی پڕ نه‌سازیی و (ئینشا ئامێزه)، یان یه‌ك دوو ڕسته‌ی گاڵته‌جاڕییه له‌به‌رامبه‌ر خوا و پێغه‌مبه‌راندا، كه ئه‌گه‌ر هاتوو هاواری نه‌شیاوی یه‌ك دوو مه‌لا نه‌بێت كه‌س ئاوڕ له‌م جۆره به‌رهه‌مانه ناداته‌وه و له‌گه‌ڵا شاڵاوی ئه‌و زۆری و بۆرییه‌ی كه رۆژنامه‌گه‌ری كوردی گرتۆته‌وه به‌ئاودا ده‌ڕوات…
ئه‌وه‌ی ئه‌م تراژیدیه مه‌عریفیه دژوارتر ده‌كات ئه‌وه‌یه، یه‌ك دوو نووسه‌ری تر دێن، به‌چه‌ند وتارێك تێكه‌ڵا به‌وێنه‌كانی چه‌ند هزرڤان و فه‌یله‌سوفێكی ئه‌وروپی وه‌ك (نیتشه) و (میشێل فۆكۆ) و (گرامشی).و له میانی لێكدانه‌وه و پێكه‌وه‌گرێدانێكی چه‌واشه‌كارانه‌دا.. فه‌لسه‌فه‌مان به‌سه‌ردا ده‌خوێننه‌وه، له‌سه‌رێكه‌وه (دال) و (مه‌دلووله‌كانی) پشته‌وه‌ی هاواری مه‌لاكانمان بۆ ڕاڤه ده‌كه‌ن و له‌و سه‌ریشه‌وه ناڕاسته‌وخۆ خاوه‌نی ئه‌و ده‌ق و نووسینه شه‌ڕهێنه‌رانه‌مان وه‌ك (گالیلۆ) بۆ وێنا ده‌كه‌ن، یان وه‌ك (پاڵه‌وانێك) كه سیمبووڵی ئازادی ڕاده‌ربڕین بێت… ئیدی لێره‌وه ئاگری شه‌ڕێكی نه‌خوازراو بێهووده خۆشتر ده‌بێت، كه هه‌موو شتێكی لێبكه‌وێته‌وه، (زانست و مه‌عریفه‌ی) لێناكه‌وێته‌وه… به‌پێچه‌وانه‌وه كۆمه‌ڵێ چه‌واشه‌كاری و غه‌دری مه‌عریفی به‌رهه‌مدێنێ.
* ئه‌گه‌ر له‌ڕووی بونیادی ئیستاتیكی و به‌های زانستییه‌وه له‌م جۆره (نووسین و ده‌قانه) ووردبینه‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه (به‌هێزیی فیكر) و (سیحری ئیستاتیكی)نییه، كه ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی كردووه به بابه‌تی هه‌ڵڵاو هه‌رایه‌كی (ئیعلامی) به‌ڵكو ئه‌وه هات و هاواری هه‌ندێ مه‌لایه، خه‌ریكه نووسینی (ساكار)مان، لێده‌كه‌ن به (شاكار)….
له چركه ساته‌كانی بارودۆخی ئێستای كۆمه‌ڵگاكه‌مان و له‌نێو ئه‌م چوارچێوه سیاسییه‌ی ئێستادا و له‌نێو جه‌رگه‌ی ئه‌م هه‌مووقه‌یرانه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كارگێڕی و زانستییه‌دا، په‌لاماردانی خودا‌و پلارگرتنه پێغه‌مبه‌رێك له‌دوو توێی ڕسته‌یه‌كی گاڵته‌جاڕیدا، ئاخر ئه‌مه چ داهێنانێكی به‌خشیوه‌ته تاك و كۆی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، ئه‌مه له‌خزمه‌تی كوێی قه‌یرانه‌كانماندایه؟؟؟
ئاخر له‌نێو هه‌ولێر و سلێمانییه‌كدا به‌وته‌ی (خه‌ندان حه‌مه جه‌زا) خاوه‌نی كتێبی (ئۆقیانووسێك له‌تاوان) له‌هه‌ریه‌كه‌یاندا نزیكه‌ی هه‌زار ماڵی له‌شفرۆشی هه‌بێت(1)، لێره‌دا وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌ی (چیرۆكێك)ی سێكسی چ داهێنانێكه؟؟؟
به‌راستی ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئه‌مڕۆ كه هه‌ندێ به‌ناو رۆشنبیر به‌رپایان كردووه، وامان لێده‌كات بپرسین: ئه‌رێ ئه‌و جۆره نووسه‌رانه له‌لایه‌ك چۆن له (داهێنان و تازه‌گه‌ری) تێگه‌یشتوون، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌رك و په‌یامی رووناكبیری له‌چیدا ده‌بینن؟؟؟
پێم وایه ئه‌و نووسه‌رانه له‌قه‌یرانێكی فیكریدا ده‌ژین، یان گیرییان به‌ده‌ست گرێیه‌كی ده‌روونی خۆیانه‌وه خواردووه، بۆیه چاوی خۆیان له‌ئاست ئێش و ئارێشه‌كانی ئه‌م خاك و خه‌ڵكه ده‌نووقێنن و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له‌ڕێگای بابه‌تێكی دیاریكراوه‌وه خۆیان بكه‌نه قاره‌مانی شاشه‌ی تیڤییه‌كان و شكۆیه‌كی (وه‌همی) بۆ خۆیان دروست بكه‌ن…
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژووی بزاڤی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بیی كوردی بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌دیب و رۆژنامه‌نووس و هزرڤان و ته‌نانه‌ت خه‌باتكاری سیاسیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵا خودی ئایندا نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی هێنده‌ش پێگیرییان به ئایینه‌وه نه‌بووبێت، ئه‌وا به‌لانی كه‌مه‌وه دژایه‌تی ئاین و خوایان نه‌كردووه.
(خانی) و (حاجی قادری كۆیی) و (پیره‌مێرد) و (مه‌لای گه‌وره) و (قازی محه‌مه‌د) و (مه‌سعوود محه‌مه‌د) و چه‌ندانی تر.
ئه‌مانه پێشه‌نگی رێنیسانسی كوردیین و هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگری خه‌مێكی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بووه و هه‌ریه‌كه‌یان له‌بواری خۆیاندا دڵسۆز‌و هۆشیاری میلله‌تی خۆیان بوون. ئاخر كێ به‌قه‌د (خانی) خه‌می نه‌ته‌وه‌ی له‌كۆڵی خۆی ناوه؟؟ كێ به‌قه‌د (پیره‌مێرد) كاری بۆ ڕووناكبیركردنی میلله‌ته‌كه‌ی كردووه، ئێ ئه‌مانه نه‌ك هه‌ر سووكایه‌تییان به ئایین نه‌كردووه، به‌ڵكو باوه‌ڕداری ئایینی خۆیان بوون، زۆرچاك له‌وه‌ش گه‌یشتبوون كه ئاینه‌كه‌یان، نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵا خولیا‌و خه‌ونه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌عریفییه‌كانیاندا دژوار‌و نه‌ساز نییه، به‌ڵكو هه‌ندێ جار بڕگه‌و موفره‌داتی ئاینه‌كه‌یان كردووه‌ته ئامرازی رووناكبیری و هۆشیاركردنه‌وه.
ئه‌مڕۆ رۆشنبیری كوردی به‌ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانیه‌وه، ده‌یان گرفت و قه‌یرانی خۆی هه‌یه، ئه‌ركی سه‌رشانی رووناكبیرانه كه له‌رێگای دیالۆگی زانستی و توێژینه‌وه‌ی مه‌عریفیه‌وه، ده‌رگای ئه‌م قه‌یرانانه بكه‌نه‌وه و رۆڵی خۆیان ببینن له‌نێو كۆمه‌ڵگادا… رۆشنبیری راسته‌قینه له‌ناخه‌وه و به‌قه‌ناعه‌ته‌وه نه (وابه‌سته‌ی حیزبه) و نه(زوڕناژه‌نی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك) به‌ڵكو داكۆكیكارو باسكاری كێشه مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه، له‌پێناو پتر جوانتركردنی ژیان… رووناكبیری راسته‌قینه هه‌رایه‌كی بابه‌تی و زانستی ده‌نێته‌وه … نه‌ك هه‌رایه‌كی خودی و تاكه كه‌سی له‌پێناوی (پاره) و (شۆره‌ت) و (كورسی)…
په‌راوێز:
(*) له‌م وتاره‌دا زمانی ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ئه‌و جۆره نووسه‌رانه كراوه، كه جه‌مسه‌رێكی بابه‌تیی نێو وتاره‌كه‌ن، هه‌موومان ده‌زانین رۆشنبیری دلسۆزو به‌تواناشمان هه‌یه، كه باوه‌ڕیان به‌زانست و توێژینه‌وه‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕیان به هه‌راو هۆریای دروستكراو نییه.
(1) بڕوانه: رۆژنامه‌ی (ڕووداو) ژماره (135) له 25/10/2010 ل1، 12
(*) د.فوئادڕه‌شید (مامۆستای زانكۆ: زانكۆی سه‌لاحه‌دین- كۆلێژیپه‌روه‌رده‌ی بنیات- به‌شی زمانی كوردی)