لاپه‌ڕه‌یه‌کی شاراوه‌ی عبدالرحمن قاسملو
” قاسملو و گفتوگۆی به‌عس – یه‌کێتی”
به‌شی زۆری مێژووی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و چه‌کداری کورد، چ له کوردستانی عێراق یا له کوردستانی تورکیا یا ئێران هێشتا یا نه‌نوسراونه‌ته‌وه یا به پێی به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌رامی سیاسی هێزهباڵادهستهکانی ناو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ، یا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستانه‌وه ، نه‌ک بێلایه‌ن و هه‌روه‌ک خۆی ( به‌وجۆره‌ی که ڕوویانداوه ) ، نووسراونه‌ته‌وه.
بۆ نموونه ، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هیچ سه‌رچاوه و دۆکیۆمێنت و فاکتێکی ڕۆشن نیه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که هه‌میشه ئه‌وترێت مه‌لا مسته‌فا بارزانی ئاماده نه‌بوو که چاوپۆشی له مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک بکات و هه‌ربۆیه‌ش ڕێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ڕژێمی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وکاتی عێراقدا به‌هیچ ئه‌نجامێک نه‌گه‌یشت.
یا هه‌ر دیسانه‌وه بۆ نموونه ئێستاش که‌س نازانێت بۆچی گفتوگۆکانی نێوان به‌ره‌ی کوردستانی له‌گه‌ڵ هه‌مان ڕژیمدا له‌ساڵی 1991 به‌بنبه‌ست گه‌یشت ؟ خاڵی جیاوازی و لێکتێگه‌یشتنه‌کان چی بوون ؟ ئایا جیاوازی هه‌بوو له‌هه‌ڵوێستی پارتی و یه‌کێتیدا ( که‌دیار بوو هه‌بوون و یه‌کێک له‌هۆیه‌کانی شکستی گفتوگۆکان بوون ) ؟ ئه‌و جیاوازیانه چی بوون ؟ ئایا لهوگفتوگۆیانهدا لایه‌نی کوردستانی و به‌عس هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر که‌رکووک چی بوو؟ .
ئه‌وانه و ده‌یان و بگره سه‌دان پرسیاری تر هێشتا و تا ئاینده‌یه‌کی نادیار له سنگی غه‌یبدا نوستوون و نه مروڤی کوردی خاوه‌ن مه‌سه‌له‌که و نه مێژوونووس و لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی ئه‌و بواره ده‌ستیان به‌هیچ به‌ڵگه و تۆمارێکی بابه‌تیی راسته‌قینه ناگات.
هیچ پاکانه‌یه‌ک بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیانه نیه . من خۆم پێموایه لایه‌نی کوردی یا کوردستانی به‌وپه‌ڕی ئاگاییه‌وه ئه‌و لاپه‌ڕانه دیزه‌به‌ده‌رخۆنه ئه‌که‌ن. ده‌رکه‌وتنی ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئه‌و قۆناغانه به‌شێکی زۆری هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌و لایه‌نانه بێپه‌رده نیشان ئه‌دات که پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ن که ئێستا ئه‌وترێ و ئه‌نووسرێته‌وه.
زۆر به‌ڕێکه‌وت له‌م ڕۆژانه‌دا که پشووی کۆتایی ساڵه خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند کتێب بووم سه‌باره‌ت به مێژووی عێراقی سه‌رده‌می به‌عس. یه‌کێکیان کتێبێکه به‌زمانی عه‌ره‌بی به‌ناوی : (( بطانة السلطان : اشباه رجال في دائرة الضوء ) ). طالب الحسن.2005 . دار اور للطباعة والنشر.
له‌یه‌که‌مین به‌شی ئه‌م کتێبه‌دا به‌ووردی باس له تاریق عه‌زیز ئه‌کرێت که یه‌کێک لهیارمهتیدهرهکانی سه‌ددام حسین بوو.
له‌چوارچێوه‌ی باسه‌که‌ی و وه‌کوو نمونه‌یه‌ک له‌شێوازی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی تاریق عه‌زیز وه‌کوو به‌عسیه‌ک له دژی هێزی دانوستانی یه‌کێتی ، دێته سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی وورده‌کاری یه‌کێک له کۆبوونه‌وه‌کانی گفتوگۆی ناوبراو له ساڵی 1983 دا ، که له کتێبێکی تر وه‌رگیراوه ، که به‌داخه‌وه من لام نیه به‌ڵام ناونیشانه‌که‌ی به‌مجۆره‌یه : التیارات السیاسیة في کردستان العراق 1946 – 2001 . صلاح الخرسان . الطبعة الاولی. مؤسسة البلاغ للطباعة و النشر و التوزیع، بیروت 2001.
دیاره نووسه‌ری کتێبه‌که زانیاریه‌کانی له جه‌ڵال تاله‌بانیه‌وه وه‌رگرتووه وئه‌ڵێ : (( ئه‌م نۆبهتهی گفتوگۆکان بۆ زیاتر شاره‌زابوون بوو به‌ڵام به‌دوای ئه‌وه‌دا وه‌فدێکی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌ندامه‌تی فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، عمر عبدالله ، مه‌لا به‌ختیار ، دوکتۆر خدر مه‌لا مه‌عسووم و عمر عزیز به‌شدرایان کرد. هه‌رچی وه‌فدی ڕژیمه ئه‌وه پێکهاتبوو له تاریق عه‌زیز وه‌زیری ده‌ره‌وه که سه‌رۆکایه‌تی وه‌فده‌که‌ی ئه‌کرد له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌تی هه‌ریه‌ک له فه‌ریق یه‌که‌می ڕوکن عبدالجواد ذوالنون سوپاسالار ، فه‌ریقی روکن هیشام سه‌باح الفخري سه‌رۆکی هه‌واڵگری گشتی که تازه له‌جێی به‌رزان تکریتی ئه‌و پۆسته‌ی پێ‌درابوو ، سعدی مه‌هدی ساڵح رازگری لقی باکووری حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار وعهمیدی دوکتۆر فازیک به‌ڕڕاک به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایش .
دانیشتنی یه‌که‌می گفتۆگۆکان ڕۆژی 10 / 12 / 1983 له باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هه‌واڵگری له شه‌قامی دیمه‌شق نزیک پردی خه‌ر ده‌ستی پێ‌کرد.
له‌یه‌که‌مین دانیشتن‌دا مشتومڕێکی تووند له‌نێوان جه‌لال تاڵه‌بانی و تاریق عه‌زیزدا ده‌ستی پێ‌کرد کاتێک قسه هاته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی زانکۆی سلیمانی که گوێزرابۆوه بۆ هه‌ولێر ( زانکۆی سه‌ڵاحه‌ددین ) . تاڵه‌بانی پێشنیاری ئه‌وه‌ی کرد که زانکۆی ناوبراو له جێی خۆیدا بمێنێته‌وه و زانکۆیه‌کی تر له سلیمانی به‌ناوی ( زانکۆی کوردستان ) ه‌وه بکرێته‌وه . ڵێره‌دا وه‌فدی ڕژیم ئه‌و پێشنیاره‌یان قبووڵکرد به‌و مه‌رجه‌ی جێبه‌جێکردنی بخرێته دوای کۆتایی شه‌ڕه‌وه . ( مه‌به‌ست شه‌ڕی عێراق – ئێرانه ). به‌دوای ئه‌ودا سۆپاسالاری عێراق جه‌واد ذوالنون ههڵیداێی و ووتی: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌یه که جه‌لال تاڵه‌بانی بڕوات بۆ لای موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی براده‌ری و پاره‌ی بنیاتنانی زانکۆی ناوبراو لای ئه‌و بهێنێت. له‌و کاته‌دا تاریق عه‌زیز لای خۆیه‌وه ووتی: به‌خوا هه‌ر که‌س دوای شه‌ڕ بڕوات و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بێگانه‌دا ببه‌ستێت ملی لێئه‌که‌ینه‌وه.
به‌ڵام وه‌ڵامی جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌روه‌ک خۆی ئه‌یگێڕێته‌وه به‌م شێوه‌یه‌بوو. من لای خۆمه‌وه ووشک بووم و شته‌کانم کۆکرده‌وه و کورسیه‌که‌م وه‌رگێڕا و دوای ته‌واو بوونی قسه‌کانی ووتی قسه‌بکه. منیش ووتم : ناتوانم و ئه‌ویش پرسی : بۆ ؟ وه‌ڵامم دایه‌وه: پێئه‌چێ ئێمه دیل وده‌سبه‌سه‌ر بین ، دوای ئه‌وه بۆ وا قسه ئه‌که‌یت؟ ئه‌و له‌وه‌ڵامدا ووتی : برا گاڵته‌م کرد ئه‌ی ئێوه‌ش ناڵێن به‌عسی فاشی . منیش له‌وه‌ڵامدا ووتم : ئێمه ئه‌و کاته ئه‌ڵێین به‌عسی فاشی که ئێوه نوکته له‌سه‌ر کورد ئه‌ڵێن به‌ڵام ئه‌وانه هه‌مووی له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆبوونه‌وه و گفتوگۆکانماندایه. ئه‌و له‌وه‌ڵامدا ووتی : قسه‌که‌م سه‌حب ئه‌که‌مه‌وه منیش ووتم : ڕازی نیم. پاشان ئه‌و داوای‌کرد که ئه‌و به‌شه‌ی قسه‌که‌ی له مه‌حزه‌ری دانیشتنه‌کان بسڕێته‌وه به‌ڵام من ڕازی نه‌بووم بۆیه سه‌ره‌نجام ووتی : بابه داوای لێبووردن ئه‌که‌م برایان ، له‌وکاته‌دا شه‌هید قاسملوو کاغه‌زێکی خستهناودهستم تیا نوسیبوو: تۆ خه‌ریکی زیاد له پێویست له‌سه‌ر ئه‌و شته ئهڕۆێت بۆیه سه‌ره‌نجام به داوای لێبووردنه‌که ڕازی بووم. )) . ڵاپه‌ڕه 67 له کتێبی ( بطانة السلطان ) وه‌رگیراو له کتێبی (( التیارات السیاسیة فی کردستان العراق لاپه‌ڕه 414 – 416 .
ئه‌و ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند سه‌رنج هه‌ڵئه‌گرێت:
1 / ئه‌وانه قسه و ڕیوایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانین نه‌ک شایه‌دێکی تر یا لایه‌ن یا ناحه‌زێکی کورد یا یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
2 / تا ئێستا به‌پێی ئاگاداری من که‌س ئه‌و ڕیوایه‌ته‌ی بهدرۆنهخستۆتهوه.
3 / ئاشکرایه ئه‌و داواکاریه‌ی تاڵه‌بانی دوای ئه‌وه هاتۆته ئاراوه که له‌سه‌ر مه‌سه‌له سیاسیه سه‌ره‌کیه‌کان ڕێکه‌وتن کراوه و ئه‌و داواکاریه له‌چاو ناوه‌ڕۆکی ڕێکه‌وتنه‌که‌دا مه‌سه‌له‌یه‌کی لاوه‌کیه.
4 / ئه‌و کۆبوونه‌وانه له باره‌گای ده‌زگای هه‌واڵگری ( مخابرات ) به‌ڕێوه‌چوه و به‌شداربووه‌کانی وه‌فدی ڕژیم زۆربه‌ی لێپرسراوی ئه‌و بواره‌ن.
5 / قاسملو له‌به‌رژه‌وه‌ندی ڕژیمی عێراق وتاریق عه‌زیز هاتۆته وه‌ڵام نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
ئه‌کرێ زۆر پرسیار و سه‌رنجی تر له‌سه‌ر لایه‌نی جۆراوجۆری ته‌کنیکی و شیوازی گفتوگۆکان و لایه‌نی سیاسی تر بورووژێنرێت به‌ڵام له‌هه‌مووی سه‌ره‌کی تر لێره‌دا یه‌ک پرسیاره :
حیکمه‌تی به‌شداری عبدالرحمان قاسملو چیه له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ناسکی له‌وجۆره‌دا؟ ئه‌و پیاوه چی ئه‌کات له‌وێدا و چی و کێ ئه‌وی هێناوه‌ته ناو ئه‌و شوێنه زۆر هه‌ستیاره. ئایا به ده‌عوه‌تی به‌عس یا یه‌کێتی به‌شداری ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ی کردووه ؟ ( ئاشکرایه که یه‌کێتی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بوو و هه‌روه‌ها پێویستی به‌وه نه‌بوو ئه‌و بباته ئه‌و شوێنه). سیفه‌تی به‌شداری کردنی ئه‌و، که دیاره به پێی ئوسوڵی کاری سیاسی و دیبلۆماسی پێشتر هه‌ردوولا له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون ، چی بووه؟ شایه‌د ؟ ئه‌ندامی وه‌فدی یه‌کێتی ؟ به‌شێک له‌وه‌فدی ڕژیم ؟ نوێنه‌رێکی لایه‌نێکی نێوده‌وڵه‌تی ؟ یا چی ؟
لێره‌دا به ناچار چه‌ند مه‌سه‌له‌ی زه‌ق لووت دهژهننه ناو باسه‌که‌وه:
1 / قاسملو هاووڵاتیه‌کی عێراقی نیه . نه کوردی کوردستانی عێراقه ، نه‌عه‌ره‌بی عێراقه. ئه‌و به‌هیچ بیانوویهکهکییاسایی و مه‌نتیقی مافی به‌شداری ئه‌و جۆره کۆبوونه‌وانه‌ی نیه . ئه‌و نه ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستانه نه هی حیزبی به‌عس و نه هیچ پۆستێکی ڕه‌سمی له ده‌سه‌ڵاتداره‌تی ئه‌و ووڵاته‌دا هه‌یه.
2 / حیزبی دیموکراتی کودستانی ئێران و هه‌موو هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی کوردستانی ئێران و ئێرانی به‌گشتی تا ئێستا یه‌ک وه‌ڵامیان هه‌بووه بۆ سروشت و پێویستی و حیکمه‌تی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئه‌وکاته‌ی عێراقدا : عێراق له‌شه‌ردا بوو له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌وان به‌پێی بنه‌مای سوود وه‌رگرتن له که‌لێنی نێوانیان و به‌پاراستنی بنه‌ماکانی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان و لایه‌نگری نه‌کردن له هیچ لایه‌کیان و ده‌ستێوه‌رنه‌دانی عێراق و ئه‌وان له‌کاروباری تایبه‌تی یه‌کتری ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یان دامه‌زراندوه و لانی که‌م تا ڕاپه‌ڕینی 1991 درێژه‌یان پێداوه. ( جێی پرسیاریشه بۆ دوای شه‌ڕی عێراق – ئێران و دوای ڕاپه‌ڕینیش و تا ڕووخانی رژێم ئه‌و په‌یوه‌ندیه هه‌ر درێژه‌ی بووه؟ یا پاکانه‌ی ئه‌و قۆناغه‌یان چی بووه و سروشته‌که‌ی چۆن بووه؟ ) .
3/ مه‌علوومه حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هێزێکی کوردستانیه، قاسملوش سکرتێری حیزبی ناوبراوه. هه‌روه‌ها ئاشکراشه که کوردستانی عێراق سه‌نته‌ر و به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕه‌کانی گۆڕه‌پانی کوردستانیه به‌گشتی چ به‌باره ئه‌رێنی یا نهرێنیهکهیهدا. له‌وێدا و له‌لایه‌ن هه‌مان ڕژێمه‌وه هه‌موو جۆره سیاسه‌تێکی پاکتاوکردنی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌سنیکی له‌دژی کورده‌کان په‌یڕه‌وکراوه که بۆ هه‌موو چاودێرێکی بێلایه‌نیش ئاشکرابووه چ جای بۆ حیزب و که‌سایه‌تیه‌کی دیاری وه‌کوو دیموکرات و قاسملو.
4 / قاسملو له‌ڕووی یاساییه‌وه ته‌به‌عه‌ی ئێرانه . ئه‌و هه‌ڵگری شوناسنامه ئه‌و ووڵاته‌یه. ئێران ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌تین شه‌ڕ و داگیرکاری بۆته‌وه له‌گه‌ڵ عێراقدا . کوردستانی ئێران پێش و دوای ئه‌و کۆبوونه‌وانه به‌بێ بوونی هیچ پاکانه‌یه‌کی سه‌ربازی و لۆجه‌ستیکی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه به چه‌کی جۆراوجۆر بۆردوومان کراوه. ناوبراو داوای دیموکراتی بۆ ئێران و خۆدموختاری بۆ کوردستانه‌که‌ی ئه‌کات.
ئه‌و ڕاستیانه و ده‌یان فاکته‌ری هاشاههڵنهگری تر په‌نجه‌ی گومانی گه‌وره ئه‌خه‌نه سه‌ر جۆر وسروشت وڕازو ئاستی په‌یوه‌ندی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران و که‌سایه‌تی قاسملو له‌گه‌ڵ ڕژێمی عیراقی ئه‌وکاتدا.
ئه‌م به‌ڵگه‌یه که له‌زمانی جه‌لال تاڵه‌بانیه‌وه باسی به‌شداری قاسملو له گفتوگۆکانی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان و به‌عس ئه‌کات گومان ئه‌خاته سه‌ر هه‌موو لایه‌ناکانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه و گشت ئه‌و بیانوانه‌ش پووچه‌ڵ ئه‌کاته‌وه که تا ئێستا باسکراون سه‌باره‌ت به بوون و پێویستی ئه‌و په‌یوه‌ندیه.
گه‌ر یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان وه‌کوو هێزێکی کوردستانی عێراق ، پاساوی خۆی هه‌بێت بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمی ناوبراودا ئه‌وا به‌شداری قاسملو هیچ پاکانه‌یه‌کی نیه. هه‌موو که‌سێکیش باش ئه‌وه ئه‌زانێت که گه‌ر به‌شداری قاسملو 10 % یش له‌قازانجی به‌ره‌ی کورد و یه‌کێتیی نیشتینمانی کوردستان بوایه ئه‌وا به‌عس نه‌ک هه‌ر ڕێی به‌به‌شداری ئه‌و نه‌ئه‌دا به‌ڵکوو به‌ده‌ردێکی خراپیشی ئه‌برد.
سه‌ره‌نجامیش هه‌موو چاودێرێکی مه‌سه‌له‌ی کورد له عێراق و ئێران‌دا مافی خۆیه‌تی بپرسێت : ئه‌بێ له‌ڕاستیدا له داڵانه کانی سیاسه‌تی ڕژێمی عێراق و به‌ناوی سوود وه‌رگرتن له‌شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران و قڵشتی نێوان به‌ره‌ی دوژمن چی گوزه‌رابێت و که‌ی جولیان ئه‌سانج و ویکیلیکسی کوردیش هه‌موو فایله شاراوه‌کان ئه‌خه‌نه‌ڕوو.
عدنان کریم / سدنی