ژنێك له دڵما خه‌و ده‌یباته‌وه …. محه‌مه‌د كوردۆ
دوو شیعری كورت
محه‌مه‌د كوردۆ
(1)
ژنێك له دڵما خه‌و ده‌یباته‌وه
گه‌ر بمتوانیایه
هه‌وڵم ده‌دا له‌م:
چركه‌ساته‌وه
نه له باكوور و باشووری زه‌وی.. و
نه له ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
هیچ شتێك ورته‌ی لێ نه‌هاتایه
نه‌مده‌هێشت ده‌نگێك ده‌نگ بداته‌وه
گه‌ر بمتوانیایه
بۆ تاوێك جووڵه‌ی دنیام ڕاده‌گرت
دنیام ده‌خسته
بارودۆخێكی كشوماتهوه
گه‌ر بمتوانیایه
نه‌مده‌هێشت ته‌رزه و باران ببارن
ڕه‌شه‌با له پڕ ههڵبكاتهوه
نه‌مده‌هێشت ئاگر نێڵه نێڵ بكا
تاڤگه په‌رچه‌می به‌ر بداته‌وه
چونكه ژنێكی شه‌كه‌ت و ماندوو
هاتووه له ناو دڵما بخه‌وێ،
وا هێدی هێدی خه‌و ده‌یباته‌وه..!
(2)
گه‌ردی خه‌مناكیی ڕوحی تهنییووم
ئای من ته‌زیووم
وای من تهزییووم
ئای من له زوقمی دوور له تۆییدا
چه‌ندێ ته‌زیووم؟
وای من تا دوێنێ
له سایه‌ی عیشقی زیوینی تۆوه
چه‌ند پڕ له تیشك..و
پڕ چریسكه بووم
ده‌تووت یه‌كپارچه ده‌ریاچه‌ی زیووم
ئێستا به ته‌نیام
ته‌نیایی تیشك و چریسكانهوهی
هه‌موو دزییوم
نازانم تا كه‌ی تۆ نابینمه‌وه
گه‌ردی خه‌مناكی ڕوحی تهنییوم
ده‌وه‌ره ئێستا
له پڕ په‌یدا به..و
باوه‌شم پیاكه..و
بمگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و كاتانه‌ی
ده‌تووت یه‌كپارچه ده‌ریاچه‌ی زیووم..!
*ئه‌م شیعرانه له( ئه‌ده‌ب و هونرهری كوردستانی نوێ)دا بڵاوكراونه‌ته‌وه.