
عێراق‌و تونس …… هه‌ندرێن شێخ راغب
ئێوه سه‌یر بكه‌ن له‌ماوه‌ی ئه‌م ده ساڵه‌دا، دوو دیكتاتۆر له‌سه‌ر زه‌مینی رۆژهه‌ڵاتی ئێمه گۆڕان‌و له‌ده‌سه‌ڵات نه‌مان. یه‌كه‌میان ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری صه‌دام حسێن بوو، دووه‌میان ده‌سه‌ڵاتی بن علی تونس بوو. جیاوازیه‌كی هێجگار گه‌وره له‌نێوان ئه‌م دوو گۆڕانه هه‌یه. چونكه ئه‌گه‌ر بوارم بده‌ن بۆتانی روون ده‌كه‌مه‌وه:
عێراق: دیكتاتۆری عێراق به‌گه‌له‌كه‌ی نه‌رووخا، سه‌ربازی بیانی‌و ده‌ستی دهرهكیو زلهێزه‌كان له‌م سه‌ری دنیا بۆ ئه‌م سه‌ری دنیا كۆبوونه‌وه‌و به‌زه‌بری سه‌ربازو تانك‌و بۆمب‌و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانی دنیا وڵاتی له‌چنگ ده‌رهێنرا. به‌ڵام عێراق بووه گۆمی خوێن، ژێرخانی ئابوری ته‌فروتونابوو، قهرزدارێكی زۆر بوو، سیسته‌مه‌كه‌ی بێ ئه‌ندازه شلۆقو پڕگرفتو روبه‌روی مه‌ترسی بۆوه، بێكاری ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، تایهفهگهریو یه‌كتركوشتن سه‌ریهه‌ڵدا. سه‌روه‌ری كه‌وته ده‌ست ده‌وڵه‌تانی دنیاوخۆی له‌ژێر ره‌حمه‌تی ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو ئهمریكاو به‌ریتانیاو ده‌وروبه‌ر بینیه‌وه. به‌هه‌زاران كه‌س ئێستاش لهتهقینهوهو كوشتن ده‌ربازیان نه‌بووه‌و ده‌مرن، به‌هه‌زاران كه‌س ئاواره‌ی دهوڵًهتانی ده‌وروبه‌رو جیهان بون، ئه‌زمونی عێراق له‌لای سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی دنیا ئه‌و هه‌سته‌ی خوڵقاند كه گۆڕانكاری به‌بێ زلهێزهكانو ده‌ستی دهرهكیو ده‌وڵه‌تانی دنیا ناكرێ، واته به‌كورتی ده‌ستی خه‌ڵك ماچ بكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی رزگارت بكات له دیكتاتۆریه‌ت. ئه‌مه‌ش وایكرد گرنگی‌و پێگه‌ی زلهێزه‌كانی زۆر به‌رزكرده‌وه له لای گه‌لانی دنیا‌و ناوچه‌كه به‌جۆرێك ئومێده‌كانیان ده‌خسته سه‌به‌ته‌ی ئه‌وانه‌وه. ئینجا سه‌رباری ئه‌و هه‌موو منهتباریهی كه گه‌لانی عێراق بۆ ده‌وڵه‌تانی دنیا‌و زلهێزه‌كانیان هه‌یه. گۆڕانكاری عێراق هه‌ستێكی خوڵقاند كه ئیتر گه‌ل له‌ناوخۆ ناتوانێت به‌ته‌نیا دیكتاتۆر بڕوخێنێت، سه‌دان جار گوێم لێبووه كه ده‌یانگوت: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا نه‌بوایه هه‌رگیز صه‌دام حسَن نه‌ده‌ڕوخا..!
به‌ڵام ئه‌زمونی گۆڕانكاری تونس سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی ئاوه‌ژوو كرده‌وه، دنیای سه‌رسام كرد، ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماند ئیتر ئۆپۆزسیۆنی هیچ دیكتاتۆرێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت گۆڕانكاری بكات پێویستی به ئهمریكاو هاوپهیمانانو ده‌ستی ده‌ره‌كی نیه، تونسیه‌كان سه‌لماندیان به‌بێ تانك‌و بۆمب‌و فڕۆكه‌ی جهنگیو هه‌زاران سه‌ربازو كوشتنی ملیۆنان كه‌س ده‌توانرێت رهگو ریشه‌ی دیكتاتۆر لهوڵاتو حوكمڕانی هه‌ڵبكه‌نێت. تونسیه‌كان له‌بری بۆمب به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی صهمونێك ده‌سه‌ڵاتیان گۆڕی، تونسیه‌كان ترسی گه‌وره‌ی دوای نه‌مانی دیكتاتۆریه‌تیان ره‌وانده‌وه چونكه هه‌ر دوای دوو رۆژ له‌نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان ژیانیان به‌ره‌و ئاسایی برده‌وه‌و ئه‌وان گه‌وره‌ترین شۆڕ‌شیان كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی قه‌رزداری زۆری وڵاتانی دنیا ببن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ههزارانو ملیۆنان فیشهكو بۆمب‌و هاوه‌ن له‌سه‌رخاكی وڵاتیان بتهقێنرێو ژینگه‌یان ژه‌هراوی بێت.. ئه‌وان گه‌وره‌ترین شۆڕ‌شیان كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری وڵاتیان تهفروتونابێت به‌ڵكو هه‌وڵی بنیادنانه‌وه‌و نه‌مانی بێكاری زۆر به‌خێرایی دهدهنو ئه‌وه‌تا ده‌شیان بینین. ئه‌وان شۆڕ‌شیان كرد‌و نه‌كه‌وتنه ژێر هیچ یاسایه‌كی تاقه‌ت پروكێنی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌وان كاتێك شۆڕ‌شیان ده‌ستپێكرد ئه‌نجومه‌نی ئاسایش خه‌ریكی قاوه خواردنه‌وه‌بوون! تونسیه‌كان به‌م شۆڕشه نه‌ك هه‌ر سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان نه‌خسته ژێر ده‌وڵه‌تانی دنیا به‌ڵكو هه‌موومانیان ناچاركرد بهبوێرو پاڵه‌وان ناویان بێنین‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی دیكتاتۆری دنیا‌و ناوچه‌كه‌یان تۆقاندووه، تونسیه‌كان دوای نه‌مانی دیكتاتۆر به‌هه‌زاران ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌بون، به‌ڵكو به‌هه‌زارانیان ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه وڵات. تونسیه‌كان دیكتاتۆر‌و ره‌مزه‌كانیان له‌ده‌سه‌ڵات دوورخسته‌وه‌و منه‌تی كه‌سیشیان نه‌كه‌وته سه‌ر..ئاخر بۆچی بوێر نیه ته‌نها به‌ئیراده‌و بهخوێنو ئاره‌قه‌ی خۆیان شۆڕ‌شیان كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی منه‌تێك لهسهربازێكی ئهمریكیوبهریتانیو كۆمكاری عهرهبیو هیچ ده‌وڵه‌تێكی تر هه‌ڵبگرن. بێگومان ئه‌مه هێجگار ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌و ده‌وڵه‌مه‌نده.
دوای نه‌مانی دیكتاتۆری عێراق، ده‌وڵه‌تانی دنیا عێراقیان كردۆته مه‌یدانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی حساباتهكانیانو به‌ئاسانی دێنه ناوی. به‌لام گۆڕانكاری تونس به‌جۆرێك بوو ده‌وڵه‌تانی دنیا به‌تایبه‌ت ئه‌وانی ناوچه‌كه نا‌وێرن به‌لاشیدا بچن‌و خواخوایانه گه‌رده‌لولی تونس به‌رۆكی ئه‌وانیش نه‌گرێ. به‌راستی ئه‌مه ئه‌زمونێكی هێجگار جێگای سه‌رنجه!.
عێراق به‌بێ ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی‌و زلهێزه‌كانی وه‌كو ئهمریكاو به‌ریتانیا ناتوانن حكومه‌تێك پێكبهێنن، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی گه‌لی عێراق له‌هه‌ڵبژاردنێكی په‌رله‌مانیدا ده‌نگیدا، كه‌چی دوای حه‌وت مانگ‌و چاوه‌ڕوانیه‌كی گه‌وره نه‌توانرا حكومه‌ت پێكبهێنرێت، به‌ڵام تونسیه‌كان نه‌ك به‌چه‌ند مانگ‌و هه‌فته‌و رۆژ، به‌ڵكو دوای چه‌ند سه‌عاتێك حكومه‌تی كاتیان راگه‌یاند به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌جێندای ده‌وروبه‌رو ئیقلیمی‌و دنیا له‌ناو حكومه‌ته‌كه‌یان كاریگه‌ری هه‌بێت. من لهگۆڕانكاری دیكتاتۆری عێراق كه‌م ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام گۆڕانی تونس به‌ته‌واوی بۆچونه‌كانی گۆڕین له‌سه‌ر چۆنیه‌تی نهمانو لادانی هه‌ر دیكتاتۆرێك! واته به‌بێ خوێنرشتنێكی ده‌یان ساڵه‌و به‌بێ سه‌ربازو بۆمب‌و تانك ده‌كرێ بهصهمونێك دیكتاتۆر بگۆڕین. وه‌كو چۆن گه‌لی تونس به‌كردوه كردی.