
پرشی خه‌یاڵی فه‌یله‌سووفێك
(ئه‌و وڕێنانه‌ی له قسه‌ی ناو خه‌یاڵی فه‌یله‌سووفێكی پیر ده‌چن)
هێمن خورشید
مرۆڤ كائینێكی سه‌یرو نامۆیه، كوانوویهك له تاوان‌و كوانهیهك له پاكیی له قه‌فه‌سی سنگیدا شاردراونه‌ته‌وه، مرۆڤ له پشتی دڵییه‌وه شتێكی هه‌ڵگرتووه سیخناخه به نهێنی، ته‌ژییه به ڕق‌و پڕپڕه له خۆشه‌ویستی!
لوتكه‌ی به‌دبه‌ختی مرۆڤ له كه‌ماڵی عاقڵیه‌تی ئه‌ودایه، مرۆڤ تا كامڵتر بێـت بهدبهختره، (متنبـی) جوان باسی لێوه كردووه:
ژو العقل یشقی فی النعیم بعقله وأخو الجهاله فی الشقاوه ینعم
ئاخر ئه‌و ساتگهلێكی له ژیانی خۆیدا بینیوه تیایدا هه‌ستی به كه‌ماڵی عه‌قڵیی كردووه، (خه‌ییام) زانایه‌كی ئایینی گه‌وره بوو، هه‌ر فره گه‌وره به قه‌ولی براده‌رێكم، هه‌ر ئه‌و گهورهییو كه‌ماڵی عه‌قڵییه وای لێ‌كرد تووشی بێباوه‌ڕی بێت، هه‌ڵبه‌ت بێباوه‌ڕی به (مه‌فهومی عام)، له چاوی خه‌ڵكی ساده‌وه كه هه‌میشه زۆرینه‌شن، خۆ شایه‌د كه‌ماڵی باوه‌ڕ ئه‌وه بێت كه ئه‌و پێی گه‌یشتووه، ئه‌ی عیرفان ئیتر چییه؟! (خه‌ییام) له به‌یتێكدا ڕووی ده‌می له خودا دهكاتو لێی دهپرسێـت: خودایه به‌ڕاستی من له كاری تۆ سه‌رم سووڕماوه، ئاخر منێك به‌م نهزانیو دڵڕه‌قییه‌ی خۆمه‌وه دڵم نایه‌ت په‌رداخی مه‌ی خواردنهوهكهم له خۆڕا بده‌م به ئه‌رزاو بیشكێنم، كه‌چی تۆ به‌و گهورهییو میهرهبانیو دانایی‌و زاناییه‌ی خۆته‌وه، چۆن هه‌روا له په‌سا لاقو باسكی ناسك، چاوی باده‌می، برۆی كه‌وانی، قامه‌تی عه‌رعه‌ری، زۆڵفی سییا، ڕووخساری مانگئاسا، كه‌مه‌ری باریك . . . هتد درووست دهكهیتو پاشانیش وردوخاشی دهكهیتو له‌ناوی ده‌به‌یت؟!
سه‌رخۆش دڵی نـــایه پیاڵه‌یه‌ك بشكێنێ
هه‌ر تۆزێ لـــهبـارو ڕێك و پێك بنوێـنێ
خوا ئه‌و هه‌موو لاشــــه ناسك و لاوچاكه
بۆچ ڕێكی ده‌خاو له داخی كێ دهیـڕزێـنێ
ئیقتیزای ئیمانی ته‌واو پرسیاری ته‌واوه، شوانێك كه ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵا مه‌ڕو بزندا به‌سه‌ر بردبێت گه‌وره‌ترین پرسیارێك ختوكه‌ی مێشكی بدات له به‌راوردی نێوان پشقلی بهرخو پشقلی كار، له‌وه‌ڕگای باش‌و له‌وه‌ڕگای خراپ، مه‌ڕی گهرحاو كاوڕی شكێر یان به‌رخی په‌رو به‌رخی عهشم تێناپه‌ڕێت، كامیان باشترن؟ كێههیان جوانترن؟
مرۆڤ كائینێكی سزاواره، به ده‌ست خۆی ته‌ڵه بۆ خۆی ده‌نێـته‌وه، به په‌نجه‌كانی ئاگر له خه‌رمانی عومری خۆی به‌رده‌دات، خودایه ئه‌وه كێ بوو چه‌قۆی داهێنا؟ مرۆڤ! بۆ؟ تا براكه‌ی بكوژێت . . ئه‌وه كێ بوو تفه‌نگی درووستكرد؟ مرۆڤ! بۆ؟ تا هۆزه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر ئه‌و دۆڵه‌ی پێ ته‌فروتونا بكات! ئه‌وه كێ بوو تانك‌و زریپۆش‌و مووشهكو بۆمب‌و بۆمباو فڕۆكه‌ی جه‌نگیی داهێنا؟ مرۆڤ! . . ئاخر بۆ؟! تا میلله‌ته‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر ده‌ریاو ئۆقیانووسه‌كانی پێ له‌ناو بدات . . خودایه ئه‌وه كێ بوو بۆمبی ئه‌تۆمی دروستكرد، قونبه‌له‌ی نه‌وه‌وی داهێنا . . بۆمبای هێشوویی به‌دیهێنا؟ مرۆڤ! ئاخر بۆ؟ تا دونیا له‌سه‌ر نه‌خشه بسڕێـته‌وه . . تا ئاگر له ماڵی خۆی به‌ر بدات . .
* * *
فه‌لسه‌فه درۆیه‌كی گه‌وره‌یه! خودایه تاوه‌كو ئێستا كێ تۆی ناسیوه؟ ئاخر كه‌ی ده‌ریا له په‌رداخێكدا جێی ده‌بێته‌وه؟ ئاوه‌زی منی بچووك كه‌ی ده‌توانێت ئیحتیوای زاتی بێپایانی تۆ بكات؟ .. خه‌یاڵی من باڵی كه‌ی هێنده درێژه بگات به قولله‌ی به‌رزی تۆ؟ . . هه‌ركێ وتی خودا وایه‌و خوا ئه‌مه‌یه هه‌ر له خۆیه‌وه وا ده‌ڵێ؟ . . نه هێشتا كه‌س تۆی ناسیوه‌و نه كه‌سیش ده‌زانێت تۆ كێیت. .!
زانست درۆیه‌كی گه‌وره‌تر! . . مرۆڤ هه‌رچی داهێناوه له یه‌ك چركه‌دا دۆزیویه‌تیه‌وه، له ساتێك‌دا كه بڵێسه‌ی ئاگرێك له‌و دیوی نه‌بینراوه‌وه ده‌روونی ڕووناك كردووه‌ته‌وه‌و دهستهبهجێیش كوژاوه‌ته‌وه، هه‌ر ته‌نها ئه‌و ساتهیهو ئیتر ته‌واو . . پێم ناڵێیت ڕادیۆ، ته‌له‌فزیۆن، سه‌ته‌لایت، كۆمپیوته‌ر، ئینته‌رنێت، ته‌له‌فوون . . ئه‌مانه چین؟! وه‌ره بڕۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌له‌فزیۆنی دروستكرد بهێنه لام، تا لێی بپرسم چۆن من كه له لادێیه‌كی دووره‌ده‌ستی وڵاتێكی ئاسیاییدا ده‌ژیم، له یه‌ك چركه‌دا مناڵێكی چڵمنی نیكاراگواییو پیره‌پیاوێكی ئۆگهندیو شاجوانێكی ئوسترالیش ڕاسته‌وخۆ ده‌بینم؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێویسته په‌نجه له‌سه‌ر دوگمه‌ی كۆنترۆڵی سهتهلایتهكهم داگرمو كه‌مێك فشاری بخه‌مه سه‌ر.. ئاخر ئه‌وه خودی ئه‌وانن یان وێنه‌كانی ئه‌وان؟ وێنه یانی چی؟! باشه چه‌ند سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه؟ چه‌ند (ئۆباما) هه‌یه؟ چه‌ند (مارادۆنا) هه‌یه؟ چه‌ند (عادل ئیمام) هه‌یه؟ یه‌كێك.. دووان.. ده.. سه‌د.. هه‌زار ملیۆن.. ملیار؟! من وا ده‌زانم به قه‌د ژماره‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی دونیا (عادل ئیمام) هه‌یه . . ئه‌گه‌ر هه‌ر ته‌نها یه‌ك (عادل ئیمام) هه‌یه، چۆن له هه‌مانكاتدا له گوندی (سه‌ییده)و له (صه‌عید)ی میسریشدا هه‌یه؟ خودایه چه‌ند نوسخه (ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) هه‌یه؟ چه‌ند (هۆگۆ شافێز) هه‌یه؟ . . ئاخر بۆ له هه‌موو ماڵێكدا ئه‌مانه هه‌ن؟ . . سه‌رده‌می تاك مرۆڤی به‌سه‌رچوو . . ئێستا مرۆڤ قه‌ت ناخه‌وێت . . تۆ بڵێ قه‌ت نامرێت! . . تۆ بڕوانه له كاتێكدا (كاكا) له (ڕیو دی جینیریۆ) له شیرین خه‌ودایه، هه‌ر له‌و كاته‌دا له ماڵی ئێمه له (گه‌رمیان) خه‌ریكی گۆڵا تۆماركردنه! . . (بۆش) له (كۆشكی سپی)دا نان ده‌خوات، كه‌چی له ماڵی دراوسێكه‌ماندا كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی هه‌یه . .
ئایا (هیتله‌ر) مردووه؟ (مۆسۆلۆنی) مردووه؟ (عه‌لی مه‌ردان) كۆچی دوایی كردووه؟ . . ئه‌گه‌ر مردوون بۆ ڕۆژانه ده‌یانبینم؟! ئه‌رێ به‌ڕاست مردن مانای چییه؟ مردوو به كێ ده‌وترێت؟ ئه‌ی ئه‌و وێنانه‌ی ده‌یانبینم هی ئه‌وان نین؟ ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌یانبیستم هی ئه‌وان نین؟ ئه‌دی كه‌سێ كه ڕه‌نگی مابێـت، ده‌نگی مابێـت، جووڵه‌ی مابێـت، قسه بكات، دابنیشێت، هه‌ڵبسێت . . ئیتر چی نه‌ماوه؟ كه‌ی مردووه؟!
ڕابردوو چییه‌و ئێستا چییه؟ هه‌ندێك له‌و ئه‌ستێرانه‌ی شه‌وان هێنده سه‌رسامت ده‌كه‌ن به سه‌عات چاویان له‌سه‌ر ههڵناگریتو له بینینیان تێر نابیت، ده ملیار ساڵی تیشكی له تۆوه دووره، واتا شه‌ش ملیار ساڵا به‌ر له‌وه‌ی مرۆڤ دروست بێـت تیشكهكهی ئاراسته‌ی خواره‌وه كردووه! تۆ تازه ده‌یبینیت، ڕه‌نگه له ساتی تهماشاكردنیدا له‌لایه‌ن تۆوه، ئه‌و پێنج ملیار ساڵا بێت تهقیبێتهوهو نه‌ما بێت، تۆ تیشكی ده ملیار ساڵا به‌ر له ئێستای ئه‌و ئه‌ستێره‌یه ده‌بینیت! ئاخر پێم ناڵێیت ئێستا چییه‌و داهاتوو چییه؟ زهمانو مه‌كان دوو درۆ زیاتر نین! خه‌یاڵا بكه توند باوه‌شت له كچێكی جوان داوه، دوای ده ده‌قیقه ده‌گه‌ی به ئۆرگازم، ئایا ئه‌وه خه‌یاڵه؟ ئه‌گه‌ر خه‌یاڵه، ئه‌ی بۆ له واقیعدا به‌رهه‌می هه‌یه؟ كێ ده‌ڵێت هه‌ر به‌ڕاست له‌گه‌ڵا ئه‌و كچه‌دا ئاوێزانی یه‌ك نه‌بوون؟ تۆ به‌ره‌نجامی كارت ده‌بینیت، بیر له خواردنێكی خۆش بكه‌ره‌وه یه‌كڕاست ئاو به ده‌متدا دێته خواره‌وه، كێ ئێژێت ئه‌و خواردنه‌ت نه‌خواردووه..؟! زه‌مان چییه؟ مه‌كان چییه؟ كاتێك ڕۆمانێك ده‌خوێنیته‌وه، بۆ نموونه (شیكاگۆ)ی (عهلاو ئه‌سوانی)، سنووری مه‌كان ده‌بڕیت، تۆ له (ناڵپارێز) دانیشه‌و كتێبه‌كه له‌سه‌ر كۆشت دانێ، به ده خولهك له ناو ئه‌مریكادا پیاسه ده‌كه‌یت . . كێ ده‌ڵێت هه‌ر به‌ڕاست له ئه‌مریكادا نیت؟ ئه‌و ڕۆمانه دانێ‌و (سینۆهه)ی (میكاڤالتاری) به ده‌سته‌وه بگره‌و ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی بكه، بیست خولهك نابات دوو سێ هه‌زار ساڵا گهڕاویته دواوه، كێ ده‌ڵێـت هه‌ر به ڕاست خه‌ڵكی میسری فیرعه‌ونی نیتو ئه‌و به‌رده زلانه به شانی تۆ ده‌یان كیلۆمه‌تر ڕانهكێشراون؟!
تۆ ڕووحێكی سه‌رگه‌ردانیت.. كێ ده‌ڵێـت تۆ خۆتیتو من نیت؟! ئه‌ی بۆ له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دێڕانه‌دا وه‌ك من بیر ده‌كه‌یته‌وه؟! من، تۆ، ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشت ده‌وێت، ئه‌وه‌ی ڕقت لێیه‌تی، ئه‌و مناڵه‌ی كاتی خۆی شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا كردی، ئه‌و مناڵه‌ی هێشتا له پشتت دایه‌و له پاشه‌ڕۆژدا شه‌ڕت له‌گه‌ڵا ده‌كات، هاوسه‌ره‌كه‌ت كه هێشتا نازانیت كێیه. . هه‌موومان، هه‌ر هه‌موومان یه‌كێكین، یهكێكو به‌س!
تۆ چیت مرۆڤ وا هێنده له خۆت بایی بوویت؟! تۆ شایه‌دحاڵی مه‌رگی سه‌دانی وه‌ك خۆتی‌و سه‌دانی وه‌ك خۆیشت شایه‌دحاڵی مردنی تۆ‌و سه‌دانی وه‌ك تۆن. . ده‌زانی دوای دووسه‌د ساڵی تر نهوهكانیشت ناوت نازانن؟ ئه‌وانه‌ی وا له پشتی تۆوه هاتوونه‌ته ده‌ر. .!
خودایــــا من كێم؟ ئه‌ی تۆ كێیت؟ خودایا بمبه‌خشه، تا لێت نزیكدهبمهوه نا ئاشناتر ده‌بیت له‌لام، تا زیاتر بیرت لێده‌كه‌مه‌وه پڕ نهێنی تر ده‌بیت . . خودایا خۆمم پێ بناسێنه پێش ئه‌وه‌ی خۆتم پێبناسێنیت!
21 / 6/ 2009 صمود