من ، له ده‌قێكی سێ گۆشه‌ییدا ….. مارف عومه‌ر گوڵ
نه‌منوسی ! هه‌تا ووشه ، زویر زویر نه‌هاته لام
نه‌منوسی ! هه‌تا گه‌ڵا ، دانه دانه به دره‌ختی چاوه‌ڕوانیدا دانهوهری
نه‌منوسی ! هه‌تا ڕه‌شه‌با لوولی نه‌دام به لاولاوی ئۆقرهیهكی ته‌مه‌ن درێژه‌وه
نه‌گریام ! تا خواوه‌ند نه‌یدامه ده‌ست شه‌پۆله سه‌رشێته‌كانی ژیان
نه‌گریام ! تا په‌ڵه ههورێكم له سه‌ر ده‌ستی خۆم دانهگرته خوارێ
نه‌گریام ! تا ئه‌و هه‌وره‌م لێ نه‌بووه ڕێژنهیهك له سه‌را بستانێكدا
پێ نه‌كه‌نیم ! هه‌تا به‌هارێكم لێ نه‌بوو به بهیارێك ،
بهیارێكم لێ نه‌بوو به به‌هارێك
پێ نه‌كه‌نیم ! هه‌تا خوڕه‌می ئاوێكم لێ نه‌بووه چك چك ،
پلوسكێكم لێ نه‌بووه چه‌م
پێ نه‌كه‌نیم ! هه‌تا كاروانهرێ نه‌بووه تووله رێ یه‌كی نه‌هات ،
ههڵهموتێكم لێ نه‌بووه ڕاسته ڕێ
ههڵنهپهڕیم ! تا زه‌ماوه‌ندێك له لیته‌دا نه‌بوو به ڕه‌شبه‌ڵه‌ك ،
بووك و زاوا به دوو ئاڕاسته‌ی جیادا ئاوا نه‌بوون
ههڵنهپهڕیم ! تا ژێ یه‌ك له گه‌ردنی كه‌مانێك جیا نه‌بۆوه ،
په‌نجه‌ی ژه‌نیار به دوای نۆتهیهكدا ههڵنهپهڕی
ههڵنهپهڕیم ! تا ئاهه‌نگی خه‌فه‌ت له ڕۆژی له دایك بووندا جۆشی نه‌سه‌ند
شێت نه‌بووم ! تا باڵنده‌یه‌كی سه‌رگه‌ردان له ناو كڵپهدا نه‌نیشته‌وه
شێت نه‌بووم ! تا گڕ له پووشهڵانی باڵام به‌ر نه‌بوو
شێت نه‌بووم ! تا له دوونیایه‌كی جه‌نجاڵدا ماڵێكم نه‌كرد له خه‌رابات !
25/2/2006 سلێمانی