Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
ئـــه‌و كێــیــه‌؟ ….. حه‌سه‌ن مسته‌فا

ئـــه‌و كێــیــه‌؟ ….. حه‌سه‌ن مسته‌فا

Closed
by February 3, 2011 چیرۆک

چیرۆك

 

 زۆربه‌ی باڵاخانه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی شار، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆكه‌ نا كه‌ ڕشتنی ئاره‌ق ده‌ستێكی نه‌بووه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یاندا، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی دوێنێ‌ كه‌ فلس فلس خراوه‌ته‌سه‌ریه‌ك له‌گه‌ڵ تنۆكه‌ ئاره‌قه‌كانی ژێر گه‌رده‌ خۆره‌ سووتێنه‌ره‌كانی هاوینی شار تێكه‌ڵ به‌ فڕ وفێڵ ‌و خه‌ڵه‌تاندن ‌و ریشوه‌ به‌خشین به‌ پیاوانی ئه‌وسای ده‌وڵه‌ت ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ باڵاكردنیان، هی ئه‌و بوون… به‌ڕاستی ئه‌و كێیه‌؟ ئێستا ئه‌و، ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی شار نیه‌ له‌چاو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر حازری ‌و ئه‌وه‌نده‌ی سوودیان له‌ ئازادیه‌كانی نیشتمان وه‌رگرت نیو ئه‌وه‌نده‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان نه‌چه‌قیوه‌ته‌ دڵ . بای ئه‌وه‌نده‌ نیشتمانپه‌رستن كه‌ بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی نوێی تیا داده‌نێن یان ژماره‌ی كۆمپانیایه‌كی تر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ژماره‌یه‌كی تر. ئه‌و رۆژه‌ گرفتی ئه‌وه‌مان هه‌بوو كه‌ ده‌بێت ئه‌و كۆمپانیایه‌ هی كێبێت؟ بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ی تا دره‌نگ راستییه‌كمان ده‌ستنه‌كه‌وت تا یه‌كێك له‌وێ‌ گوتی:  ئه‌مه‌شیان هه‌ر هی ئه‌وه‌  !؟ ئه‌ویش هه‌ر له‌ خۆیانه‌… ده‌سته‌واژه‌ی له‌خۆیانه‌ ئیدیۆمێكه‌ هه‌موومان ده‌خاته‌ خانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی. باشه‌ بۆ ده‌بێت ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بین، خۆ به‌یه‌كه‌وه‌بووین تا ئازادیمان به‌ده‌ست هێنا.. به‌یه‌كه‌وه‌بووین كه‌ شارمان جێهێشت، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ناونراوه‌ كۆڕه‌و.. هه‌میشه‌  به‌یه‌كه‌وه‌بووین یان راستتر بڵێم ئێمه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كان ‌و ئه‌وانیش ئیسنادمان بوون له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ .. ئێمه‌ جه‌ماوه‌ر ‌و ئه‌وان سه‌روه‌ر. بۆ ئێمه‌ چه‌پڵه‌ لێدان ‌و بۆ ئه‌وانیش وتاری ئاگرین .. له‌ ئێمه‌ خوێن ‌و له‌وانیش فرمێسكی تیمساحی یان په‌شیمان بوونه‌وه‌ له‌ رابردووی شه‌ڕه‌كان، كه‌ ئێمه‌ خۆراكه‌كه‌ی بووین.
با له‌وه‌ گه‌ڕێین ‌و  به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ودا بچین، ئێستا ئه‌و بێئومێدبووه‌ له‌ خۆشیه‌كانی ژیان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ مزگه‌وتێكی گه‌وره‌ دروستبكات، كه‌ له‌ مزگه‌وته‌كانی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان بچێت ‌و پڕ بێت له‌ گومبه‌ت ‌و مناره‌، ئه‌و به‌ دوو مناره‌ ‌و گومبه‌تێك رازی نیه‌، ئه‌و له‌ هه‌موومان زیاتر ده‌یه‌وێت خوا له‌خۆی رازیبكات ‌و یه‌كسه‌ر ده‌رگاكانی به‌هه‌شتی بۆ بێنه‌سه‌ر پشت ‌و به‌ دووباڵی فریشته‌یی چڵاوچڵ بفڕێته‌ ناوی.  خوا هه‌ر بۆ خۆی ده‌زانێ‌!!
وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی له‌ نێوان باڵ ‌و فڕینی رۆحدا هه‌یه‌، له‌ شاره‌كه‌شماندا په‌یوه‌ندییه‌كی دیاله‌كتیكی له‌ نێوان باڵ( قۆڵ) ‌و پاره‌دا هه‌یه‌، ئه‌وه‌نیه‌ رۆژانه‌ ده‌بیستین: ده‌بێت قۆڵی چه‌ند كه‌سی بڕیبێت ئاوا ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌؟ ده‌ستكه‌وتنی قازانجیش باڵ بۆ مرۆڤ دروستده‌كات، ته‌نه‌كه‌ی سوك ده‌كات ‌و هه‌ستێكی وا بۆ مرۆڤ دروستده‌كات له‌ هه‌ستی فڕینه‌وه‌ نزیك بێت. ئه‌و جاران به‌سه‌ر شاردا ده‌فڕی ‌و تێر له‌ باڵاخانه‌كانی ده‌ڕوانی، به‌ڵام ئه‌مكاتانه‌ نیگه‌رانی دایده‌گرت كه‌ باڵاخانه‌كانی وه‌ك سه‌رێكی ته‌خت ‌و پانی قووتیلكه‌یه‌كی چوارگۆشه‌ ده‌هاتنه‌ به‌رچاو..بۆیه‌ ئه‌م خه‌فه‌ته‌ قووڵه‌ باری شانه‌كانی قوڕس ده‌كرد ‌و هه‌رزوو دایده‌گرته‌ خواره‌وه‌ وه‌ك چۆن باشوكه‌یه‌ك رووده‌بێته‌ نێچیره‌كه‌ی ‌و له‌سه‌ری ده‌مێنێته‌وه‌ تا ده‌یكوژێت، ئه‌ویش ئاوای ده‌كرد به‌دیار باڵاخانه‌كه‌ داده‌نیشت ‌و ئه‌مجاره‌ له‌ خواره‌وه‌ لێی ده‌ڕوانی ‌و له‌گه‌ڵی ده‌گه‌شایه‌وه‌ وه‌ك چۆن باشوكه‌ له‌ دوایین تروسكایی چاوه‌كانی نێچیره‌كه‌ی وردده‌بێته‌وه‌ ‌و شادده‌بێت به‌بینینی چاوه‌ كه‌وتووه‌كانی ‌و مله‌ به‌لایه‌كدا كه‌وتووه‌كه‌ی.
 ئه‌و ژیانی له‌ نێوان فڕین ‌و كه‌وتندا گوزه‌راند، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ده‌ستی ده‌رده‌چوو هه‌زاران ئه‌وه‌نده‌ی پاشه‌كه‌وت ده‌كرد، پاشه‌كه‌وت بۆ  به‌رزكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌كی تر.. كڕینی گه‌راجێك له‌ باكوری شار، كردنه‌وه‌ی سینه‌مایه‌كی مۆدێرن ..یان بۆ گه‌شتێكی توركیا ‌و بولغاریا، بۆ سه‌ر لێواره‌كانی ده‌ریای ئیجه‌ ‌و گه‌رماوه‌كانی ئیتاڵیا، كه‌ كچانی پاكیزه‌ داوابكات بۆ شێلان. ئه‌مانه‌ خواستی گه‌نجێتی بوون، ئێستا ئه‌و جۆرێكی تره‌، هه‌میشه‌ كڵاوێكی سپی كه‌ حه‌جاجه‌كان بۆیان هێنابوو له‌سه‌ریدابوو له‌گه‌ڵ ته‌زبیحێكی سه‌دویه‌ك ده‌نكی كه‌ له‌ دووره‌وه‌ ده‌بریسكانه‌وه‌ ‌و هه‌موو ره‌نگیان دێنا.. ره‌نگبێت ئه‌ویش هه‌ر له‌مه‌ككه‌وه‌ هاتبێت. تا ئه‌م دواییانه‌ش وه‌ك خوی هه‌میشه‌یی ده‌هاته‌ سه‌ر پڕۆژه‌كانی تا له‌ بناغه‌یه‌وه‌ بیانبینێ‌  ‌و بزانێ‌ چۆن باڵاده‌كه‌ن، به‌ گۆچانه‌ قه‌فه‌ قه‌ف ‌و  كۆڵراوه‌كه‌ی كه‌ نه‌خشه‌ی جووتمارێكی له‌سه‌ر نه‌خشێنرابوو، لایه‌كی كه‌له‌كه‌ی ده‌خسته‌سه‌ر به‌ یارمه‌تی ده‌ستی راسته‌ی كه‌ خۆی پێده‌گرت ‌و ده‌ستی چه‌په‌ی ده‌كرده‌ چه‌تر ‌و به‌ باڵایدا ده‌یڕوانی ‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یێكی درێژی بۆ ده‌ركرد ‌و بێویستی خۆی سه‌رێكی باده‌دا ، پاش كه‌مێك مانه‌وه‌ سواری مارسیدسه‌ مۆدێل كۆنه‌كه‌ی ده‌بووه‌وه‌ ‌و خۆی ده‌خزانده‌ گوشنه‌كانی دواوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ شوفێرێك به‌ولا كه‌س له‌ پێشه‌وه‌ دانه‌ده‌نیشت، كه‌ له‌ كاتی دابه‌زینه‌كانی جه‌نابدا ئه‌و دانه‌ده‌به‌زی. رۆژێكیان بانگی قاله‌ فیلی كرد، به‌سۆزێكی باوكانه‌وه‌ ده‌ستێكی خسته‌ سه‌ر شانی چه‌په‌ی‌و پرسیی چیه‌ ده‌تبینم هه‌میشه‌ گۆرانی ده‌ڵێیت؟ ئه‌وه‌ به‌چی وا دڵت هێنده‌ خۆشه‌؟ خۆزگه‌م به‌خۆت رۆڵه‌ خۆزگه‌ منیش كرێكارێك ده‌بووم له‌گه‌ڵتاندا ‌و تێر به‌ ورگی خۆم ده‌مخوارد ‌و ده‌مخوارده‌وه‌ ‌و ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشییه‌ هه‌میشه‌ییانه‌ ته‌نگیان پێهه‌ڵنه‌ده‌چنیم ‌و وه‌ك تۆ پڕ به‌ گه‌رووم ده‌مچریكاند. چ له‌ سامانی دونیا بكه‌م كه‌ ده‌بێت زوو بچمه‌وه‌ سه‌ر داو ‌و ده‌رمانه‌كانم. هه‌ر خوا بۆ خۆی ره‌حممان پێبكات.
ئه‌و له‌ ناخه‌وه‌ كه‌سێكی به‌گرێوگۆڵ نه‌بوو زۆر ساده‌ ده‌هاته‌ به‌رچاو ‌و ساده‌ییه‌كه‌ی ره‌نگبێت په‌یوه‌ندی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ لێواره‌كانی گلكۆوه‌ هه‌بێت، ئه‌وانه‌ی ده‌زانن له‌ مردن نزیك بوونه‌ته‌وه‌ زۆر ته‌نك ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیارده‌بن له‌ بچووكترین شت راده‌په‌ڕن. هه‌موو جه‌سته‌یان ده‌بێته‌ گوێ‌. به‌ نوێّژ ‌و مزگه‌وته‌وه‌ ده‌یگرن، له‌ ئیمانیان وه‌ گومان ده‌كه‌ون، به‌ نوێژێك ‌و دووان دڵیان داناسه‌كنێ‌، ئه‌ویش وه‌كو هه‌موو ئه‌وانه‌ی رووبه‌ڕووی ئه‌م باره‌ ده‌بنه‌وه‌ ئاوای لێهاتبوو، به‌ڵام ئه‌و مه‌ولودی ده‌خوێندنه‌وه‌، مزگه‌وتی دروستده‌كرد، نوێژه‌كانی به‌ جه‌ماعه‌تده‌كردن، له‌گه‌ڵ مردووانی گه‌ڕه‌ك بۆسه‌ر قه‌بران ده‌چوو، بۆ خێراته‌كانیشی  له‌ نووسینگه‌كه‌یدا بانگه‌وازی هه‌ڵده‌واسیی به‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رج، سه‌ردانی خزمه‌ نزیكه‌كان ‌و دۆسته‌ دێرین ‌و تازه‌كانی زیادكردبوو، كه‌چی له‌ هاتنه‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی كه‌مته‌رخه‌م ببوو.
له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا به‌دیاریكراویش له‌دوای ته‌مه‌نێك له‌ ئه‌زموونیی بازرگانیی ‌و بازاڕدا  به‌ پاڵپشتی خزمان ئه‌مجاره‌ كه‌وته‌ دروستكردنی حزب، پرۆژه‌یه‌كیان نووسیی ‌و پێشكه‌ش په‌رله‌مانیان كرد ‌و مۆڵه‌تی ره‌سمیان وه‌رگرت. ئه‌و ده‌یه‌ویست له‌ سیمبولبوون نه‌كه‌وێت، جاران كه‌ له‌شاردا ئه‌و تاكه‌ سیمبولی ده‌وڵه‌مه‌ندیی بوو، ئێستا باش ده‌زانێ‌ ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌ی پولێك نایه‌نێ‌ ‌و له‌چاو ئه‌وانه‌ی حازری ئه‌و هیچی وای نیه‌ كه‌شخه‌ی پێلێبدات. بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ سیمبولی كه‌سێتیه‌كه‌ی له‌ سیاسه‌ت چڕ ده‌كاته‌وه‌ ‌و ده‌بێته‌ سه‌رۆكی حزب. ئه‌و پێچه‌وانه‌ی سیاسییه‌كان، له‌ بازرگانییه‌وه‌ بۆ سیاسه‌ت گواستیه‌وه‌، كه‌چی ئه‌وانی تر له‌ سیاسییه‌وه‌ ده‌بوونه‌ بازرگان . ئه‌و گاڵته‌ی به‌م هاوكێشه‌یه‌وه‌ ده‌هات، به‌ڵام هی خۆی پێڕاستتربوو، نموونه‌ی به‌ زۆر سه‌ركرده‌ی سه‌ركه‌وتووی دونیا دێنایه‌وه‌ كه‌ پێشتر بازرگانی سه‌ركه‌وتووبوون ‌و ئێستا سیمبولی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یانن. به‌ تیزه‌وه‌ ده‌یگوت چه‌ند خه‌وشه‌ كه‌سی سیاسیی بازرگانی بكات، بازرگانیی به‌چی؟ به‌ پاره‌ ‌و پوڵی ده‌وڵه‌ت ‌و خه‌ڵك.. له‌ باره‌ی هه‌ژارانیشه‌وه‌ ده‌یگوت: هه‌ژاره‌كان ئه‌وكاته‌ هه‌ژارتر به‌دیارده‌كه‌ون كه‌ ده‌كه‌ونه‌ گه‌ڕه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندنشینه‌كان… ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان كێن؟ له‌ كوێوه‌ هاتوون؟ ئایا له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی تره‌وه‌ هاتوون؟ ئه‌ی ئه‌وانیش كوڕی ئه‌و میلله‌ته‌ نه‌بوون؟ ئه‌و هه‌موو كۆشك ‌و ته‌لار ‌و دۆنم زه‌وییه‌یان له‌كوێ‌ هێنا؟، له‌ میراتی باوكیان بۆیان به‌جێماوه‌؟…؟؟؟رۆژانه‌ ئه‌مانه‌ی ده‌كردنه‌ مانشێتی رۆژنامه‌كه‌ی “بانگی ئازادی ”  تا وای لێهات ئه‌مڕۆ بۆته‌ تاكه‌ سه‌ركرده‌ ‌و ته‌ق ته‌ق به‌ گۆچانه‌ نه‌خشێنراوه‌كه‌یی ‌و كڵاوه‌ سپییه‌ مه‌كییه‌كه‌ی له‌ ده‌رگای كۆشكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌رده‌كه‌وێت تا یه‌كه‌مین دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڕێوه‌ ببات.

 

25\9\2010 ره‌واندز

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.