
دیمانه له‌گه‌ڵ به‌رزان هه‌ورامی
به‌رزان هه‌ورامی:
توركیا و عێراق ناچارن ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر به‌شداریی راسته‌وخۆی كوردستان له پڕۆژه‌ی نابۆكۆدا ده‌رببڕن
دیمانه: ستیڤان شه‌مزینانی
*ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسێسه نه‌وتییانه له كوردستاندا پێگه‌ی هه‌رێم له هاوكێشه سیاسیی و ئابوورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پته‌و ده‌كات
* گه‌رچی پڕۆژه‌ی نابۆكۆ له رواڵه‌تدا پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی و ئابوورییه، به‌ڵام له بنچینه‌دا پڕۆژه‌یه‌كی سیاسییه
* ئه‌و گازه‌ی عێراق دابینی ده‌كات بۆ نابۆكۆ ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی كێڵگه‌كانی هه‌رێمیش بێت، هه‌ر ده‌بێت به خاكی كوردستاندا تێپه‌ڕێت
به‌رزان هه‌ورامی ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له لیژنه‌ی سامانه سروشتییه‌كان، له‌م دیمانه‌یه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر گرنگیی نه‌وت وه‌ك یه‌كێك له ژێده‌ره ئابوورییه‌كانی هه‌رێم و رۆڵی ئه‌و شله‌یه له پاراستنی قه‌واره‌ی سیاسیی باشووری كوردستاندا. پاشان تیشك ده‌خاته سه‌ر پڕۆژه‌ی هێڵی نابۆكۆ و كێشه و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و پڕۆژه گه‌وره نێوده‌وڵه‌تییه شی ده‌كاته‌وه و پاشان گرنگیی به‌ستنه‌وه‌ی گازی سروستی هه‌رێم به هێڵی نابۆكۆوه ده‌خاته روو.
ستیڤان: نه‌وت هه‌تا هه‌نووكه یه‌كێكه له ژێده‌ره به‌هێزه‌كانی ئابووری ده‌وڵه‌تان، یان به‌مانایه‌كی تر نه‌وت یه‌كێكه له‌و ماددانه‌ی كاریگه‌ریی جیددی هه‌یه له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی ئابووری به‌شێكی زۆری ده‌وڵه‌تان. من ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم نه‌وت چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر ئابووری داهاتووی كوردستان؟. ئایا تا چه‌نده ئه‌و تێزه به‌ربڵاوه له راستییه‌وه نزیكه كه پێیوایه نه‌وت به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردیی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشگوزه‌رانی كوردستانییه له ئاینده‌دا؟.
به‌رزان هه‌ورامی: لای هه‌موو لایه‌ك روون و ئاشكرایه كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردووه‌وه نه‌وت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی وزه رۆڵێكی گه‌وره و كاریگه‌ری بینی له پێشكه‌وتنه ئابوورییه‌كانی جیهاندا، به تایبه‌ت ده‌وڵه‌ته پیشه‌سازییه گه‌وره‌كان. بۆیه كۆمپانیاكانی نه‌وت نه‌ك له داڕشتن و ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا رۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌یه، بگره ده‌توانین بڵێین تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش ئه‌وان ته‌حه‌كوم به‌و سیاسه‌ته‌وه ده‌كه‌ن. ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسێسه نه‌وتییانه له هه‌رێمی كوردستاندا له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی نه‌وته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه پێگه‌ی هه‌رێم له هاوكێشه سیاسیی و ئابوورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پته‌و ده‌كات، هۆكارێكی گرنگیش ده‌بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كوردستان. چوونكه سروشتی پرۆسێسی نه‌وتی به‌شێوه‌یه‌كه پێویستی به سه‌دان ملیۆن و بگره ملیاره‌ها دۆلار هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنیان. وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌م سه‌رمایه گه‌وره‌یه‌ش له هه‌رێمی كوردستاندا له‌لایه‌ن كۆمپانیا بیانییه‌كانه‌وه، ده‌وڵه‌ته‌كانیان ناچار ده‌كات كه له حاڵه‌تی هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كدا بۆ سه‌ر هه‌رێم، به‌رگریی له سه‌رمایه‌كانی خۆیان بكه‌ن، به‌مه‌ش ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ئێمه پارێزراو ده‌بێت. باشترین نموونه‌ش له رابردوویه‌كی نزیكدا رزگاركردنی كوه‌یت بوو له چنگی ریژێمی پێشووی عێراق، له كاتێكدا كه سه‌نگ و پێگه‌ی سه‌ربازیی و سیاسیی و ئابووری عێراق چه‌ند به‌رامبه‌ری كوه‌یت بوو لای ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا و ناوچه‌كه‌ش. ته‌نانه‌ت زۆرجار عێراق به “كلیلی رۆژهه‌ڵات” ناوزه‌د ده‌كرا و په‌یوه‌ندییه‌كانیشی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا له باشترین ئاستدا بوو، به‌ڵام بوونی سه‌دان ملیار دۆلار له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كوه‌یت و ناوچه‌كه‌دا هۆكارێك بوو بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوه‌یت.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسێسه نه‌وتییانه له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێته سه‌ره‌تای هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ ده‌ربازكردن و رزگاركردنی ئابووری هه‌رێم له دۆخی پاشكۆیه‌تییه‌وه بۆ ئابوورییه‌كی سه‌ربه‌خۆ كه بتوانێت پشت به‌خۆی ببه‌ستێت و خۆی راگرێت له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌نگژه و قه‌یرانێكدا، كه له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه به به‌رده‌وامی و تائێستاش وه‌ك نه‌ریتێك و كارتێكی فشاری سیاسیی له‌به‌رامبه‌ر داخوازییه ره‌واكانی گه‌له‌كه‌ماندا بۆ هه‌رێمی كوردستانیان خوڵقاندووه و به به‌رده‌وامیش هه‌وڵده‌ده‌ن ئابووری هه‌رێم له دۆخێكی قه‌یراناویی و پاشكۆدا بمێنێته‌وه، بۆیه سه‌نگه‌ری دژایه‌تیكردنی پرۆسێسه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمییان كردۆته بنه‌مای كاریان و ته‌نانه‌ت فه‌توای ئاینیشی له دژ ده‌رده‌كه‌ن، چوونكه زۆرباش ده‌زانن كه ئابووری سه‌ربه‌خۆ، زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردن و داهێنان و “ئه‌قڵی سه‌ربه‌خۆ و سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و.. هه‌موو شته سه‌ربه‌خۆكان” له هه‌رێمدا ده‌ڕه‌خسێنێت و فاكته‌رێكی گرنگیش ده‌بێت بۆ گه‌شه‌ی سه‌رمایه له هه‌رێمدا كه له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری په‌یامی دیموكراسییه‌ت و مافی مرۆڤه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و ناوچه‌كه‌ش. بێگومان ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی خواست و حه‌ز و ئاره‌زووی ره‌گه‌زپه‌رستانه و شۆڤێنییانه‌ی داگیركه‌رانی كوردستانه. بۆ دانانی ئه‌و به‌ردی بناغه‌یه‌ی كه جه‌نابت له پرسیاره‌كه‌تدا ئاماژه‌ت پێداوه، زۆر گرنگه هه‌موو لایه‌ك ” به‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن و رۆشنبیران و گهلهكهشمانهوه” به‌وپه‌ڕی ئاستی به‌رزی لێپرسراوێتییه‌وه هۆشیارانه له چوارچێوه‌ی یاسا و لۆژیكدا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه هه‌ستیاره‌دا بكه‌ن، چوونكه لێپرسراوێتییه‌كی “تچامنیه” و هه‌موو لایه‌ك پابه‌ند و مه‌حكومین وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی به‌و شێوازه كار بكه‌ین.
ستیڤان: پرسیار ده‌كه‌م هێڵی نابۆكۆ چییه؟. ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م پڕۆژه نێوده‌وڵه‌تییه گرنگه چین؟. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا بڕیاره گازی سروشتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانییه‌وه به هێڵی “نابۆكۆ”وه ببه‌سترێته‌وه، كه ئه‌و هێڵه له رێگه‌ی توركیاوه گازی سروشتی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌گوازێته‌وه. من پرسیار ده‌كه‌م گرنگی به‌ستنه‌وه‌ی گازی سروشتی كوردستان به هێڵی “نابۆكۆ”وه له رووی ئابووری و سیاسیی و فه‌رهه‌نگییه‌وه له چیدا ده‌بیننه‌وه؟. به‌كورتیی ئێوه بایه‌خی ستراتیجی به‌ستنه‌وه‌ی گازی كوردستان به “نابۆكۆ”وه له‌چیدا چڕ ده‌كه‌نه‌وه؟.
به‌رزان هه‌ورامی: بیرۆكه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی هێڵی نابۆكۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2002. ئامانج له پڕۆژه‌كه له سه‌ره‌تادا بریتی‌بوو له گواستنه‌وه‌ی گازی سروشتی ئاسیای ناوه‌ڕاست به تایبه‌ت “توركمانستان، ئازه‌ربایجان” بۆ ئه‌وروپا له رێگه‌ی هێڵێكه‌وه به درێژایی 3300 كم كه توانای گواستنه‌وه‌ی “31” ملیار مه‌تر سێ جا گازی سروشتی هه‌یه. بڕی تێچوونی پڕۆژه‌كه نزیكه‌ی 10,600 ملیار دۆلاره و بڕیاره له ساڵی 2011 ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه بكرێت و له ساڵی 2014 قۆناغی یه‌كه‌می به كۆتا بگات. كۆمپانیا به‌شداربووه‌كان له پڕۆژه‌كه‌دا بریتین له كۆمپانیای “omv” نه‌مساویی و “rwe” ئه‌ڵمانی و “mol” هه‌نگاریی و كۆمپانیایه‌كی توركی و بولگار گازی بولگاریی و ترانسگازی رۆمانی. هێڵی نابۆكۆ له توركیاوه ده‌ستپێده‌كات و به‌هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی بولگاریا و رۆمانیا و هه‌نگاریادا تێپه‌ڕ ده‌بێت تاده‌گاته نه‌مسا و له‌وێشه‌وه بۆ به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا دابه‌ش ده‌كرێت. گه‌رچی ئه‌م پڕۆژه‌یه له رواڵه‌تدا پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی و ئابوورییه، به‌ڵام له بنچینه‌دا پڕۆژه‌یه‌كی سیاسییه و خاوه‌ن ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی جۆراوجۆره و چاودێران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه لایه‌نه سیاسییه‌كه‌ی به‌سه‌ر لایه‌نه ئابوورییه‌كه‌یدا زاڵتره. ئامانجی سه‌ره‌كیی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی سیاسیی و ئابووری روسیایه به‌سه‌ر بازاڕه‌كانی گازی سروشتی ئه‌وروپا و ده‌وڵه‌تانی ئاسیای ناوه‌ڕاست. بۆیه وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له پڕۆژه‌كه ده‌كه‌ن و روسیاش ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ دژایه‌تیكردن و شكستپێهێنانی پڕۆژه‌كه. هه‌رچه‌نده وڵاتانی ئه‌وروپا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه مه‌به‌ست له ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كه په‌ڕاوێزخستنی روسیا نییه و ته‌نانه‌ت ئاماده‌یشیان ده‌ربڕیوه كه روسیا ببێته پشكداری سه‌ره‌كیی پڕۆژه‌كه، به‌ڵام روسیا هه‌میشه به‌چاوی گومانه‌وه سه‌یری پڕۆژه‌كه ده‌كات.
هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا، پڕۆژه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا پشتی به هه‌نارده‌كردنی گازی ئازه‌ربایجان و توركمانستان “كه چواره‌م یه‌ده‌گی گازه له جیهاندا” ده‌به‌ست، به‌ڵام هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی داخراوی توركمانستان وایكردووه كه نه‌توانێت به ئاشكرا پشتیوانی له پڕۆژه‌كه بكات، چوونكه ته‌واوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هه‌نارده‌ی گازه‌كه‌ی ده‌بێت له رێگه‌ی روسیاوه بێت، سه‌ره‌ڕای بوونی كێشه‌ی قووڵی یاسایی و مێژوویی له نێوان هه‌ریه‌ك له توركمانستان و ئازه‌ربایجان له‌لایه‌ك و روسیا له‌لایه‌كی تر له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی ئه‌و نه‌وت و گازه‌ی كه له ده‌ریای قه‌زویندا هه‌یه و هه‌ژموونی روسیا له رووی سه‌ربازییه‌وه له‌سه‌ر ده‌ریاكه، یه‌ك له هه‌ره گرنگترین ئه‌و لهمپهرانهن له‌به‌رده‌م ئه‌و دوو وڵاته‌دا كه نه‌توانن به‌بێ ره‌زامه‌ندیی روسیا به‌شداریی له پڕۆژه‌كه‌دا بكه‌ن. روسیاش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه چه‌ندین رێوشوێنی گرتۆته به‌ر بۆ شكستپێهێنانی پڕۆژه‌ی نابۆكۆ هه‌ر له كڕینی گازی ئازه‌ربایجانه‌وه به‌نرخی بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا تاوه‌كوو خۆی بیفرۆشێته‌وه، تاده‌گاته جێبه‌جێكردنی هه‌ردوو پڕۆژه‌ی “هێڵی شه‌پۆلی باكوور و باشوور” بۆ گه‌یاندنی گازی سروشتی روسیا بۆ ئه‌وروپا به‌تایبه‌ت له رێی “هێڵی شه‌پۆلی باشوور” كه له رێگه‌ی بولگاریاوه ساڵانه 30 ملیار مه‌تر سێ جا گازی روسیا ده‌گه‌یه‌نێته هه‌ریه‌ك له رۆمانیا و هه‌نگاریا و چیك و نه‌مسا و ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا. له‌كاتی ئیمزاكردنی ئه‌و رێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ بولگاریا، روسیا رایگه‌یاند كه پڕۆژه‌ی هێڵی نابۆكۆی بۆ هه‌تاهه‌تایه ناشت. گه‌رچی وڵاتانی ئه‌وروپا نكۆڵی له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م پڕۆژه‌یه ببێته ركه‌به‌ری پڕۆژه‌ی نابۆكۆ، به‌ڵام له‌راستیدا هه‌وڵه‌كانی روسیا له به‌خشینی زۆرترین پشك و ئیمتیازاتی ئه‌م دوو پڕۆژه‌یه “باكوور، باشوور” به‌هه‌ریه‌ك له فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا وایكردووه كه ئه‌مه‌ریكا تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پاشه‌كشه بكات له دژایه‌تیكردنی ئاشكرای روسیا له ترسی ئه‌وه‌ی كه روسیا نه‌توانێت له رێگه‌ی ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نساوه ئاسته‌نگ بخاته به‌رده‌م سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا دژ به‌كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شداریی ناتۆ له شه‌ڕی دژه تیرۆر له ئه‌فغانستاندا.
روسیا سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌تۆمی ئێران سیاسه‌تێكی دووفاقی په‌یڕه‌و ده‌كات، له‌لایه‌كی پشتیوانی ئێران ده‌كات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه دژایه‌تی پڕۆژه‌ی نابۆكۆ ده‌كات كه له‌وانه‌یه ئێران رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بێت له سه‌رخستنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا، چوونكه چاودێرانی ئابووری له‌و باوه‌ڕه‌دان كه جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی نابۆكۆ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی ئابووری به‌كه‌ڵك به‌بێ به‌شداریی ئێران “وه‌ك دووه‌م گه‌وره یه‌ده‌گی گازی سروشتی له جیهاندا” سه‌ركه‌وتوو نابێت، چوونكه هه‌ریه‌ك له توركمانستان و ئازه‌ربایجان و عێراق، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێ رێگریش به‌شداریی له پڕۆژه‌كه‌دا بكه‌ن ناتوانن به ته‌نیا ئه‌و بڕی 31 ملیار مه‌تر سێ جا گازه بۆ پڕۆژه‌كه دابین بكه‌ن. سووربوونی هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاش بۆ دوورخستنه‌وه و په‌ڕاوێزخستنی ئێران له پڕۆژه‌كه‌دا وایكردووه كه وڵاتانی پشكداری سه‌ره‌كی پڕۆژه‌كه به‌پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا ته‌واوی هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌دیلێكی تر كه ئه‌ویش گازی هه‌رێمی كوردستانه. هه‌ر بۆیه كۆمپانیای “”RWE ئه‌ڵمانی وه‌ك پشكداری سه‌ره‌كیی پڕۆژه‌كه له مانگی 8-2010دا یادداشتێكی لێك تێگه‌یشتی “مژكره التفاهم” له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به بڕی 8 ملیار دۆلار واژۆ كرد، به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی كێڵگه گازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاوكارییكردنی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ راكێشانی بۆری گازی شاره‌كان و به‌ستنه‌وه‌ی گازی هه‌رێمی كوردستان به هێڵی نابۆكۆوه له رێگه‌ی توركیاوه به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا.
به‌داخه‌وه دوو رۆژ دوای راگه‌یاندنی ئه‌م یاداشته وه‌زیری نه‌وتی عێراق وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی راگه‌یاند و كه‌وته بانگه‌شه‌ی ناشه‌رعی و ناده‌ستووریی بوونی ئه‌م یاداشته. به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا له مانگی 9-2010دا رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ هاوتا توركییهكهیدا واژۆ كرد بۆ رێگرییكردن له هه‌نارده‌كردنی گازی سروشتی هه‌رێم به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیی ناوه‌ند بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره. به‌ڵام پاش به‌شدارییكردنی به‌ڕێز مالیكی له ئاهه‌نگی ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌ی نابۆكۆ له توركیا و ده‌ربڕینی ئاماده‌یی عێراق بۆ به‌شدارییكردن به‌بڕی 15 ملیار مه‌تر سێ جا گازی سروشتی له پڕۆژه‌كه‌دا ناڕاسته‌وخۆ هه‌رێمی كوردستان بووه پشكدارێكی پڕۆژه‌كه به‌وه‌ی كه ئه‌و گازه سروشتییه‌ی عێراق دابینی ده‌كات بۆ پڕۆژه‌كه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی كێڵگه‌كانی هه‌رێمیش بێت، هه‌ر ده‌بێت به خاكی هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕێت. سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كانی هه‌ریه‌ك له توركیا و عێراق بۆ به‌شدارییكردنی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له پڕۆژه‌كه‌دا، به‌ڵام من به‌ش به‌حاڵی خۆم گه‌شبینم كه دواجار هه‌ردوولا ناچار ده‌بن ره‌زامه‌ندیی ده‌رببڕن كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی له پڕۆژه‌كه‌دا پێگه‌ی خۆی هه‌بێت، له‌به‌ر دوو هۆكار:
یه‌كه‌م: سوودمه‌ندی گه‌وره له پڕۆژه‌ی نابۆكۆدا توركیایه، كه سه‌ره‌ڕای گرنگییه ئابوورییه‌كه‌ی، كارتێكی گه‌وره‌ی فشاری سیاسیی ده‌بێت به‌ده‌ستییه‌وه بۆ بوون به ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپادا. ئه‌مه‌ش خه‌ونێكی له مێژینه‌ی توركیا و هه‌لێكی زێڕینیشه كه به‌هیچ نرخێك له ده‌ستی نادات.
دووه‌م: عێراق به‌هۆی وشكه ساڵییه‌وه دووچاری قه‌یرانی كه‌میی ئاو بووه‌ته‌وه. سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ئاوی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقیش له توركیا و هه‌رێمی كوردستاندایه. بۆیه ناچاره بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست له‌گه‌ڵ توركیا بگاته رێككه‌وتنێك. بۆ ئه‌م كاره‌ش پێویستی به‌جۆرێك له سازش و نه‌رمی نواندن هه‌یه له به‌رامبه‌ر سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی نابۆكۆدا. ئاشكراشه به‌بێ به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌دیلێك كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا زۆر مه‌حاڵه بتوانن بڕی پێویست له گازی سروشتی بۆ پڕۆژه‌كه دابین بكه‌ن. بۆیه دواجار ناچارن هه‌ردوولا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر به‌شداریی راسته‌وخۆی هه‌رێمی كوردستان له پڕۆژه‌كه‌دا ده‌رببڕن. به‌مه‌ش كوردستان پێده‌نێته قۆناغێكی نوێوه و ده‌شبێته سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره و كرانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئابووری كوردستان به‌رووی جیهانگیریی ئابووریدا و هه‌رێمه‌كه‌شمان پێگه‌ی شیاوی خۆی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات و رۆڵی یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كیی له رێككه‌وتننامه و ئیلتیزاماته نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌شداربووانی ئه‌و پڕۆژه‌یه وه‌رده‌گرێت. ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیشی له په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسیی و سیاسیی دۆستانه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ په‌یوه‌ندیی بازرگانی و ئابووری به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا كه رۆڵی به‌رچاو و كاریگه‌ریان هه‌یه له ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌تی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیدا به قازانجی دۆزی سیاسیی گه‌له‌كه‌مان.
بۆیه ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستانه كه زۆر به هۆشیاریی و ژیرانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پڕۆژه سیاسیی و ئابوورییه نێوده‌وڵه‌تییه گه‌وره‌یه بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا گه‌ورانه‌دا گرێبه‌ست ئه‌نجام بدرێت بۆ په‌ره‌پێدانی كێڵگه گازییه‌كانی هه‌رێم كه سه‌نگ و قورسایی و كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵاته‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه ببنه رێگر و له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌وڵێكدا به‌مه‌به‌ستی په‌ڕاوێزخستن و دوورخستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و پڕۆژه‌یه‌دا. گرنگیی به‌شداریی هه‌رێم له‌م پڕۆژه‌یه‌دا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێم و عێراقیش، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات بۆ هه‌ردوولا، كێشه‌ی قه‌یرانی سووته‌مه‌نیش تا ئه‌ندازه‌یه‌كی به‌رچاو چاره‌سه‌ر ده‌كات و هه‌لێكی كاری زۆریش بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له دانیشتوان ده‌ڕه‌خسێنێت و متمانه‌ی كۆمپانیا بیانیی و ناوخۆییه‌كان به ئابووری هه‌رێم پته‌وتر ده‌بێت و هانیان ده‌دات كه كاری وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریی گه‌وره له سێكته‌ره‌كانی تری ئابووری كوردستاندا ئه‌نجام بده‌ن و به‌مه‌ش پێگه‌ی سیاسیی و ئابووری هه‌رێم له عێراقدا به‌هێز ده‌بێت و ده‌شبێته فاكته‌رێكی گرنگ بۆ سه‌قامگیریی و خۆشگوزه‌رانیی و ئاشتی له عێراق و ناوچه‌كه‌دا.