Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
سه‌رژمێر‌و ته‌عریب …. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

سه‌رژمێر‌و ته‌عریب …. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

Closed
by February 7, 2011 گشتی

ڕۆژ نیه‌ ده‌یان ماڵ خورماتوو مه‌خمور‌و كه‌ركوك ‌و خانه‌قین‌و شاره‌كانی دیكه‌ به‌جێ‌ نه‌هێڵن ، حكومه‌تی هه‌رێم زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێ بڕوات له‌ په‌روه‌رده‌كانی چه‌مچه‌ماڵ‌و كه‌لار‌و سلێمانی‌و هه‌ولێر‌و شوێنه‌كانی تر پرسیاری ڕاستی‌و ناڕاستی ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئێمه‌ بكات، به‌دۆزه‌خ بوونی ئه‌و شوێنانه‌‌و نیشاندانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌هه‌شت هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كانی ئه‌م ڕاگواستنه‌ خۆماڵیه‌ یه‌ ، دیاره‌ هۆگه‌لی دیكه‌ش زۆرن له‌سه‌روی هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی به‌رپرسه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ خۆیان ماڵه‌كانیان له‌و شوێنانه‌ نییه‌ ، ئێ‌ خه‌ڵكیش كه‌ده‌بینێ‌ ، به‌رپرس‌و پله‌ به‌رز‌و خوا پێداوه‌كان نه‌خۆیان‌و نه‌منداڵیان له‌وێنده‌ر ناژین ئه‌وانیش هه‌رئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ده‌یكه‌ن ، ڕاستییه‌كه‌ی چه‌ند ماڵ‌و خێزانی كورد ئه‌و شارو شاروچكانه‌ جێ‌ ده‌هێڵن ، له‌به‌رانبه‌ردا له‌وه‌ زیاتر خێزانی عه‌ره‌ب دێًنه‌ شوێنه‌كانیان، ئێستا له‌و ڕووه‌وه‌ زۆرێكمان به‌نوسین، مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌مان نیشانداوه‌ ، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ڕابواستێت ، ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی‌و میدیاو ڕاگه‌یاندنه‌كانیش به‌ئاشكرا وه‌كو پێویست له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكی به‌رچاویان نه‌بووه‌ ، ئه‌و شار‌و شاروچكانه‌ی كه‌ له‌ده‌ستوری عێراقدا به‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر ناسراون ، ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌دان ، كێشه‌ی ڕه‌وی كوردان له‌لایه‌ك ‌و هاتنی عه‌رب له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا كه‌ركوك ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ سته‌می لێكرابێت نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی ، هه‌ر ئه‌وه‌ی كورده‌كه‌ كه‌ شه‌وێن‌و ڕێ‌ ی خۆی به‌جێ‌ ده‌هێڵێت له‌م واتایه‌ زیاتر ناگه‌یه‌نێ‌ ئێستا ئێمه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م سه‌رژمێریه‌كی چاوه‌ڕوانكراوداین ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌سه‌ر كاته‌كانیدا نه‌یه‌ت ، بڕوام وایه‌ پێویسته‌ به‌رپرسان‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌تایبه‌ت له‌ كورده‌كه‌ له‌ئێستاوه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ چی بكرێت ، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ته‌نانه‌ت ئه‌و فۆرمه‌ی بۆ  سه‌ر ژمێری دانراوه‌ سته‌مێكی گه‌وره‌ له‌ كورد ده‌كات ئه‌گه‌ر وا تێپه‌ڕبێت ، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ خزمه‌تی  ته‌عریبدایه‌ ، ئاخر له‌و فۆرمه‌دا كه‌ نازانم ئاخۆ هیچ نوێنه‌ری كورد هه‌بووه‌ له‌و لیژنه‌یه‌دا كه‌ كاتی خۆی دورستیان كردووه‌، به‌شێك له‌كورده‌كه‌ به‌ بیانوی جیاجیا له‌ كورد داده‌بڕن ، بۆ نمونه‌ به‌پێ‌ ی فۆڕمه‌كه‌ یه‌زیدی‌و شه‌به‌ك‌و فه‌یلی ناویان هاتووه‌‌و به‌ جیا له‌كورد ده‌نوسرێن ، ده‌شێ‌ بڵێین ڕه‌نگه‌ له‌ نێو فه‌یلی‌و یه‌زیدی ‌و شه‌به‌ك هه‌بن خۆیان به‌كورد بنوسن ، به‌ڵام هه‌ر بوونی ناوه‌كانیان نیشانه‌ی پارچه‌ پارچه‌كردنی كورده‌!! بڕواناكه‌م سه‌ركردایه‌تی كورد به‌و فۆڕمه‌ ڕازی بن ، به‌ڵام وه‌كو ڕاگه‌یاندنی  فه‌رمی تائێستا دیار نییه‌ ، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر ناوچه‌ داگیركراوه‌كان كه‌ به‌ناوچه‌ی كێشه‌ له‌ سه‌ر ناسراون ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ زیاد بووندایه‌‌و نه‌یارانی پێكه‌وه‌ ژیانی  ئاشتیانه‌ش ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر پیلانه‌كانیان سه‌رده‌گرن .

Previous
Next