شۆڕش و میلله‌تی ئازا…غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵا
ئه‌م ووته‌یه‌ی گیڤارا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بۆ ئازادیی گه‌لان، چ ئه‌و گه‌لانه‌ی كه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه راسته‌خۆ له لایه‌ن كۆلۆنیاڵهوه، یان له‌لایه‌ن به‌كرێگیراوه‌كانیه‌وه كه ئیداره‌ی ناوخۆییه، یان ئه‌وانه‌ی له‌رێگای ده‌سه‌ڵاتی گروپی حیزبی شمولیه‌وه بونه‌ته فه‌رمانڕه‌وا. میلله‌تی ئازا ده‌توانێ شۆرش دروست بكات ، نه‌ك سه‌ركرده‌ی ئازا، بۆ نموونه گه‌لی تونس وه‌كو میلله‌ت، كه‌چی محه‌مه‌د بو عه‌زیزی خاوه‌نی عاره‌بانه‌یه‌كی ده‌ستگێڕ بوو،گیڤارا نه‌بو، به جه‌سته‌ی گڕی شۆڕشی میلله‌تێكی بهشخورایی هه‌ڵگیرسان، كه‌چی گیڤارا وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی ئازا نه‌یتوانی گڕی شۆڕش له پۆلیڤیا هه‌ڵكات و سه‌ریخات، چونكه ئه‌و سه‌رده‌مه گه‌لی پۆلیڤیا ئه‌سیری ده‌سته‌یه‌ك له ژه‌نراڵه‌كانی سیای ئه‌مریكا و دواكه‌وتن بو، ته‌نانه‌ت دواكه‌وتویی ئه‌و گه‌له‌یش بوگیڤارای دابه‌ده‌سته‌وه به ژانراڵهكان! . شۆرشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا مه‌رگه‌ساته‌كانی ملێونه‌ها (جان ڤاڵجان)ی رۆمانی كڵۆڵه‌كانی –ڤیكتۆر هۆگۆ- و تهوسهكانی (ماری ئه‌نتوانێت) به گه‌لی فه‌ره‌نسا، كاتێك گه‌لی فه‌ره‌نسا دهڕژێَته سه‌ر جاده‌و داوای نان ده‌كات ، ماری ئه‌نتوانێت كه لویس پاشای فه‌ره‌نسا له جاده‌كان ههڵیگرتبوه و كردبوی به شاژنی فه‌ره‌نسا، له بالۆكۆنهكهیهوه ده‌ڵێ ئه‌وه چی‌یان ده‌وێ ؟ ده‌ڵێن نان نییه بیخۆین . ئه‌ویش ده‌ڵێ با پسكیت بخۆن!. ئه‌مانه قه‌یسه‌رو دكتاتۆر و شاههكان و سه‌رۆكه‌كان و لویسی رووخاند، گه‌رچی گه‌نده‌ڵی لویس نه‌گه‌یشتبوه ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی كه ئێستا له وڵاته‌كانی ئێمه‌دا هه‌یه. بڕوا ناكه‌م ماری ئه‌نتوانێت به قه‌د ساجیده خه‌یروڵا ته‌لفاح و له‌یلا ته‌رابولسی ئاڵتوونی گه‌لی فه‌ره‌نسای دزیبێت ، كه به‌ته‌نه‌ها ئاڵتوون مه‌زه‌نده ده‌كرێن ! بێگومان له‌یلا تهرابولسیهكان و ماری ئینتوانێتهكان و شابانۆكان، هه‌مان ئه‌قڵ به‌رێوه‌ی ده‌بردن وه‌كو ئه‌وانه‌ی كه ئێستا پێگه‌یشتوون و كامڵ بوون ، بینیمان ماركۆس دیكتاتۆری فلیپین كه ئه‌ویش ژنه‌كه‌ی له سه‌رجاده‌كان ههڵگرتبوهوهو كردی به خانمی یه‌كه‌می فلیپین و چیان به‌سه‌رهات، ژنه‌كه‌ی چاوچیسكۆیش وه‌كو ژنه‌كه‌ی زهینهڵعابدین بن عه‌لی هه‌موو سه‌روه‌تی رۆمانیهكانی خسته ده‌ست و گیرفانی خۆی، كه‌چی بینیمان میلله‌ت كونا مشكی لێ كردن به قه‌یسه‌ری و له تهویلهیهكیشدا گولله‌باران كران ، گه‌رچی ئه‌وانیش له رێگه‌ی ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌یانه‌وه و له رێگه‌ی حیزبه‌وه بوون به فه‌رمانڕه‌وا، زهینهڵعابدینیش به كۆده‌تا نه‌هات، بگره به ته‌زكیه‌ی حیزبی و حه‌بیب بورقیبهی سه‌رۆكی شه‌رعی پێشووی تونس بوو به سه‌رۆك كۆمار و، دواجاریش به هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبژێردرایه‌وه . ئه‌م فه‌رمانڕه‌وا ناعادیل و دكتاتۆرانه پێیانوایه، دوو جۆر دزیی هه‌یه ، دزی شه‌رعی كه خۆیان ده‌یكه‌ن و به‌رۆژی نێوه‌رۆ له گیرفانی میلله‌تی ده‌ردێنن و، ناشبێ كه‌س بڵێ ئه‌وه چی ده‌كه‌ن و ئه‌و دزیه بۆ كوێ ده‌به‌ن! ئه‌وه‌ی دیكه‌ی دزیی ناشه‌رعیه، كه ئه‌گه‌ر كه‌سێكی وه‌كو جان ڤاڵجان برسیه‌تی تهقهزای بدات نانێك بدزێت، ئه‌وا بۆ حه‌فتا پشتی ئاقڵی ده‌كه‌ن و لهسێدارهیشی ده‌ده‌ن!!. جاران ده‌یانووت سه‌گه‌كه‌ت برسیكه ملكهچت ده‌بێ و دوات ده‌كه‌وێت، هه‌موو دیكتاتۆره‌كان ، به تایبه‌تی دیكتاتۆره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین ئه‌م دروشمه پیاده ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ئێستا گه‌لی تونس ئه‌و دروشمه‌ی پێچه‌وانه كرده‌وه ، ئه‌گه‌ر سه‌گه‌كه‌ت برسی كه‌یت هارده‌بێت و پارچه پارچه‌ت ده‌كات! ئه‌گه‌ریش میلله‌ت توڕه بو له ده‌سه‌ڵاتێك ، هه‌زاران پشان پشان نایخوات، ئه‌و رۆژه‌یان پیشان ده‌دات كه (یوم لا ینفع المال و لا البنون). بۆ نموونه شای ئێران ئه‌مریكای ئاغای نهیگرتهخۆی و له میسر به سه‌رگه‌ردانی مرد و، ژنه‌كه‌یشی(فه‌ره‌ح) بێكه‌س له ژوورێكدا و له‌هه‌نده‌ران سه‌رینایه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌چنه زبڵدانی مێژوه‌وه. ئه‌مه كۆتایی هه‌موو دیكتاتۆره‌كانه له‌گه‌ڵ ده‌ست و پێوهنهكانیان. ئه‌وه‌تا ده‌یان له پیاوانی زهینهڵعابدین و كه‌س وكاری و گه‌وره گه‌نده‌ڵه‌كان راپێچی به‌ندیخانه ده‌كرێن و میلله‌تیش ئه‌و سه‌روه‌تانه‌ی كه دزیوانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گه‌ل.. جه‌واهیری ده‌ڵێ:(باق واعمار الگغاه قصار)، واتا: ماوم و ته‌مه‌نی تاغوته‌كان كورته.
هه‌نه ده‌پرسن بۆچی ماوه‌ی سی ساڵه له 1981بۆ 2011 حوسنی موباره‌ك فه‌رمانڕه‌وای میسره؟ وه‌ڵامه‌كه‌یش هه‌موو هاوڵاتیه‌كی عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌تی میسری ده‌یزانێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه میسر پێی ده‌ڵێن فه‌رمانده‌ی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به‌كان و دڵی لێده‌ری عه‌ره‌ب، زۆربه‌ی كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عه‌ره‌بی گرتوه‌ته ئه‌ستۆی خۆی، له سه‌روی هه‌مویانه كێشه موزمینهكهی فه‌له‌ستین . بۆیه میلله‌تی میسر ماوه‌ی سی ساڵه چاوپۆشی له ڕاوڕوت وگه‌نده‌ڵیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاره كردوه، ئاماده‌یه له زبڵدان پاشماوه‌ی خۆاردنی خواپێداوه‌كان هه‌ڵبگرێت و بیخوات، گه‌رچی خواپێداوه‌كان له‌سه‌ر حیسابی هه‌ژاریی ئه‌وان، كه بوونه‌ته گوربه قه‌ڵه‌وه‌كان – وه‌كو نه‌جیب مه‌حفوز ناوی لێناون-، كێشه نهتهوهیهكهیان به‌لاوه گرنگتر بووه، له‌وه‌ی كه ده‌ست بكه‌ن به لێپێچینه‌وه له ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ئیداریی و مه‌حسوبیه‌ت و برسی كردنی، میلله‌تێك كه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا برسییه. لهمهوپێش خه‌ڵكی میسر خۆپیشاندانی كردوه، به‌ڵام له سه‌ر كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عه‌ره‌ب بووه، بۆ نموونه خۆپیشاندانه‌كانی 1967 دژ به جه‌مال عبدولناسر دوای شكستی 5 ی حوزه‌یران به‌رامبه‌ر به ئیسرائیل ، یان دژ به رێكه‌وتنی كامپ دێڤد له گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا له‌سه‌رده‌می سادات . ته‌نها خۆپیشاندانه‌كه‌ی 1977 خۆپیشاندانی نان بوو كه ئه‌وه‌یش له‌سه‌رده‌می سادات بوو. گه‌لی میسر هه‌میشه كێشه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی له‌به‌رچاو بووه، بۆیه برسێتَی به‌لاوه گرنگ نه‌بووه ، هه‌ژاریی هه‌ڵبژاردوه له‌به‌رامبه‌ر سازش نه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه. به‌ڵام دوای یه‌كلابوونه‌وه‌ی كێشه‌ی فه‌له‌ستین و كێشه‌ی لوبنان، به دروستبوونی ئیداره‌یه‌كی فه‌له‌ستینی و جێگیربوونی كێشه‌ی لوبنان له هه‌ندێ رووه‌وه‌و، ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت و داگیركردنی هه‌موو جمگه‌كانی ژیانی ئابووریی و سیاسی و رۆشنبیریی، له‌لایه‌ن حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئیدی كاسه‌كه پڕبوو، كاسهیش پڕ بوو ده‌ڕژێت.. گه‌رچی به‌لای زۆر له شیكهره سیاسیه‌كانه‌وه وابوو كه ئه‌وه‌ی له تونس روویدا ده‌بووایه زووتر له میسر روویدابایه! چونكه پیێانوابو كه زه‌مینه‌كه‌ی تونس وه‌كو میسر زۆر له‌بار نه‌بو بۆ راپه‌ڕین. ئه‌وه‌ی ئاشكرایشه كهبارۆدۆخی زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب و رۆژهه‌ڵاتی ناوین ، یاری دۆمینۆیان به‌سه‌ردا پراكتیزه ده‌بێت، كه ئه‌گه‌ر پولی ئه‌وسه‌ری دۆمینۆكه رابكێشت هه‌مو پوله‌كان هه‌ره‌سدێنن، چونكه له‌بنه‌ره‌تدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه له سه‌ر بنه‌مای یاری دۆمێنۆ دامه‌زراون. واشپێدهچێت كه ئه‌م شۆڕشه‌ی تونس و میسر هه‌موو سنووره‌كان ده‌به‌زێنێت و، ئه‌م ئاگره‌یش به‌م زووه ناكوژێته‌وه تا ده‌سه‌ڵاته هاوشێوه‌كانیان نه‌سوتێنێ. روداوه‌كان ده‌ریانخست كه میلله‌تانی ناوچه‌كه میلله‌تانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردو نین، به تایبه‌تی گه‌نجان له كوڕانی ئه‌نته‌رنێت و فهیسبوكن، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆیش دێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان گه‌نجانی بهشخواروی ئه‌و وڵاتانه‌ن. زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌كانی ناوچه‌كه‌یش وه‌كو كوڕی دایك و باوكێك بن، له خه‌سڵه‌ته جینیهكاندا وه‌كو یه‌ك وان: كردنی ده‌سه‌ڵات به بنه‌ماڵه‌یی و به ویراسهكردنی سه‌رۆكایه‌تی وڵات، وه‌كو سوریا ومیسر ، دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر كوڕ و خزم و كه‌سوكار و خێڵ و ئه‌ندامانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدا، ته‌نانه‌ت دامه‌زراندنی خه‌ڵك له فه‌رمانگه‌كان به ته‌زكیه‌ی حیزبی و خێڵه‌كیی، بێده‌سه‌ڵاتیی په‌رله‌مانه‌كانیان و بێ پلانی حكوومه‌ته‌كانیان بۆ په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی وڵات ، ته‌شه‌نه‌كردنی بێكاریی به‌تایبه‌تی له ناو گه‌نجانی ده‌رچووی زانكۆكاندا. محه‌مه‌د بو عه‌زیزی بۆ نمونه ده‌رچوی زانكۆ بو، له‌سه‌ر عاره‌بانه ته‌ڕه‌ی ده‌فرۆشت ، هێشتا ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یشی پێڕه‌وا نه‌بینی و عارهبانهكهیان زه‌وت كرد ، بۆیه ئه‌ویش گڕی له‌خۆی به‌ردا و، ئه‌وه‌تا ئه‌و گڕه خه‌ریكه ناوچه‌كه ده‌ته‌نێ و، بوه سونبولێك بۆ گه‌نجانی ناوچه‌كه به هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانیه‌وه، به سیاسیكردنی هێزه چه‌كداره‌كان و، قۆرخكردنیان له‌لایه‌نی حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه، تهزویركردن له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانی و سهرۆكایهكاندا ، وه‌كو ئه‌وه‌ی موباره‌ك و ئه‌حمه‌دی نهجادو سه‌دام وعومه‌ر به‌شیرو به‌شار ئه‌سه‌دو زۆریتر كردیان، كه ئێستا ناویان چووه‌ته لیستی غه‌زه‌بی جه‌ماوه‌رو رووخانه‌وه. گه‌رچی ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتانه هێزی پۆلیس وزه‌بروزه‌نگ ناتوانێ بیانپارێزێت، نه‌خوازه‌ڵا قه‌ڵه‌مه له‌رزۆك و هه‌لپه‌رست و پارهپهرستهكان!. گه‌رچی ده‌بێ رۆشنبیر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه ، له گه‌ڵ ئه‌و قوڕگانه بێت كه له‌شه‌قامه‌كاندا داوای ئازادی ده‌كه‌ن بۆ گه‌له‌كانیان، نه‌ك بۆ سڕینه‌وه قه‌مچیه خوێناویه‌كانی ده‌سه‌ڵات به خوێنی رۆڵه‌ی گه‌له‌كانیان!!.
نوسه‌ری سه‌ر به‌میلله‌ت وه‌كو رۆمانوسی میسری (محه‌مه‌د سه‌لماوی)ه، كه له دوا رۆمانیدا (باڵی په‌پوله) پێشبینی ئه‌م راپه‌ڕینه‌ی میسری كردوه‌و خۆیش له خۆپیشاندانه‌كانی قاهیره به‌شداربووه. رۆمانه‌كه‌ی باسی گۆڕان ده‌كات له رێگه‌ی هێزێكی ناتهقلیدیهوه نه‌ك له رێگه‌ی حیزبه‌كان و سوپاوه، بگره له رێگای جه‌ماوه‌ره‌وه به ئامێره جۆراوجۆره‌كانی خۆیه‌وه بۆ گۆڕینی باودۆخی سیاسی. لاوانێك كه دیجتاڵن جیهانی خۆیان ده‌ژین و، له‌نێوان خۆیاندا په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن و راده‌په‌ڕن دژ به ده‌سه‌ڵات، چونكه خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌قلیدیه، یه‌كسه‌ر راپه‌رێنه‌كه به پیلانێك له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه، بۆیه هه‌مو سه‌كرده‌كانی ده‌ستگیر ده‌كرێن، به‌ڵام تۆپه به‌فره‌كه خل ده‌بێته‌وه‌و ئۆپۆزسیۆنیش به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌موان له راپه‌رینه‌كه به‌شدار ده‌بن، تا بارودۆخی میلله‌ت ده‌شێوێ و په‌ناده‌به‌نه به‌ر سوپا بۆ كپ كردنی ، به‌ڵام سوپا ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه به‌شدار بێت، هه‌روه‌ها پۆلیسیش ناتوانێ راپه‌رێنه‌كه سه‌ركوت بكات، تا میلله‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌یه‌ك جیاده‌بنه‌وه .. مه‌به‌ست له‌م نمونه‌یه كه نوسه‌ری راسته‌قینه خه‌ون به‌كێشه‌كانی گه‌له‌كه‌یه‌وه ده‌بینێ ، نه‌ك كاسه‌لێسی بۆ چهوسینهرهكانی بكات.. هه‌رچه‌نێ دیكتاتۆرێك ته‌مه‌نی درێژ بێت، یان رژێمێكی تۆتالیتا‌ر به‌زه‌برو زه‌نگ بێ، چاره‌نوسی له شای ئێران و زهینهڵعابدین و چاوچیسكۆ و حوسنی موباره‌ك وجه‌عفه‌ر نومه‌یری و عیدی ئه‌مین باشتر نابێت، بۆیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه له‌و شێوه‌یه‌ن نابێ به‌كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت پاڵی لێبده‌نه‌وه و حیساب بۆ میلله‌ته‌كانیان نه‌كه‌ن و بڵێن دنیا شامی شه‌ریفه. هه‌مو كه‌سیش ده‌زانێ كه حوسنی موباره‌ك هاوڕێی عه‌بدلناسر و ئه‌ندامی چالاكی ئه‌فسه‌ره ئازاده‌كانی میسر بوو، كه رژێمی پاشایه‌تی فاروقیان رووخاند و، رژێمی كۆماریان ده‌مه‌زراند و سیستمی سۆشیالیزمیان دامه‌زراند . كه‌چی ئه‌مرۆ ئه‌و مێژووه دادی موباره‌ك نادات و، سه‌رجه‌م گه‌لی میسر پێی ده‌ڵێ: (ئه‌ی ترسنۆك بڕۆ)..