له نێوان (عه‌لی شه‌ریعه‌تی)و (سه‌یید قوتب)دا
هێمن خورشید
له ناخمدا هه‌ست به مه‌یلێكی سه‌یر ده‌كه‌م، تازه‌ش نییه هه‌ستم پێكردووه، مه‌یلی بهیهكگرتنو به‌راوردكردن. زه‌مانێكه نووسین ده‌رباره‌ی لێكچوونی نێوان بیریاران‌و فهیلهسوفانو ئه‌دیبان خولیای سه‌رمه .
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بیرم بۆ نووسینی باسێك چوو ده‌رباره‌ی ڕه‌شبینی لای هه‌ریه‌ك له ئهبولعهلائی مهععهڕڕی، فرانز كافكا‌و قانیعی شاعیر، هه‌ندێك شتیشم كۆكرده‌وه‌و چه‌ند لاپهڕهیهكیشم نووسی، وه‌لـێ دوایی وه‌ك عاده‌تی هه‌میشه‌ییم وهلامخستو به خۆمم وت ئیشی وا پێویستی به كات‌و لێبڕان هه‌یه‌و هه‌روا به‌سه‌ر پێوه ناكرێت، به‌راوردكردنی مه‌سعوود محه‌ممه‌دیش به چه‌ند بیریارێكی بێگانه كارێكه‌و ورده ورده پێوه‌ی خه‌ریكم، لـێ جارێ له سه‌ره‌تای كاردام .
(عه‌لی شه‌ریعه‌تی)و (سه‌یید قوتب)یش له خه‌یاڵمدا هه‌ندێ جار ده‌بن به یه‌ك. وه‌ختێك ده‌وترێت سه‌یید وێنه‌ی شهریعهتیو، كه باس له شهریعهتییش ده‌كرێت وێنه‌ی سه‌یید له شاشه‌ی زیهنمدا ده‌رده‌كه‌وێت .
د. عه‌لی شه‌ریعه‌تی (1933 _ 1977) بیریارێكی گه‌وره‌و خاوه‌ن ناوبانگی ئێرانییه، ئه‌و شیعهمهزههبێكی ئه‌فه‌ندی بوو، هه‌روه‌ها خه‌باتكارێكی گه‌وره‌ی دژی سته‌مكاری بوو. له وڵاتی فه‌ره‌نسا بڕوانامه‌ی دوكتۆرای له مێژوودا وه‌ده‌ست هێناوه‌و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئێران .
له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران ورده‌ورده له ڕێگه‌ی نووسین‌و وتاره‌كانییه‌وه له ناو خه‌ڵكدا ناسراو جێی به زۆر كهسو لایه‌ن له‌قكرد، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یارێكی زۆری بۆ درووست بێت .
به هۆی وتاره ئاگرینهكانییهوه _ به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له حوسه‌ینییه‌ی ئیرشاد پێشكهشیدهكردن_ ده‌سه‌ڵاتی شاهه‌نشاهی كه‌وته دژایه‌تیكردنی. به فیتی ناحه‌زان‌و ڕق له دڵان ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئه‌م دژایه‌تیكردنه توندتر بوویه‌وه، تا ئه‌وه‌ی له زیندانه‌كانی ڕژێمی شاهه‌نشاهی توندكراو چه‌ندین ساڵا له ژێر ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی جهستهییو ده‌روونییدا ژیانی گوزه‌راند، پاشان له‌به‌ر خراپی باری ته‌ندرووستیی بڕیاری ئازادكردنی درا، به‌ڵام له‌ژێر چاودێری (ساواك)دا بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا به بێئاگای دهسهڵاتو به هه‌زار ناری عه‌لی له ئێران دهرچووو خۆی گه‌یانده وڵاتی بریتانیا، وه‌لـێ ڕژێمی شا هه‌ر زوو به‌مه‌ی زانی‌و ڕێی ده‌رچوونی له هاوسه‌ره‌كه‌ی گرت‌و له ئێران‌دا گلیدایه‌وه، وه‌لـێ ڕێگه‌ی سه‌فه‌ری به دوو كچه‌كه‌ی دا .
به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای گه‌یشتنی به وڵاتی بریتانیا‌و هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ی دوو كچه‌كه‌ی گه‌یشتنه لای، شه‌ریعه‌تی ته‌ندرووستی تێكچوو و، له‌گه‌ڵا ده‌ركه‌وتنی گزنگی ڕۆژی دواتردا خزمه‌كانی بینییان گیانی سپاردووه .
هه‌رچه‌ند مردنه‌كه‌ی جێی گومان بوو و له كاتی خۆیدا پرسیاری زۆری وروژاند، هه‌ندێ كه‌س وای بۆ چوون له زینداندا ژه‌هرێكی ئه‌وتۆی پێدرابێت دوای ئازادبوونی به هێواشی بیكوژێت، لـێ پزیشكی دادوه‌ری هۆكاری مردنه‌كه‌ی بۆ جه‌ڵته‌ی دڵا (Myocardial Infarction) گێڕایه‌وه. ئاخر ئه‌و له ڕاده‌به‌ده‌ر جگه‌ره‌ی ده‌كێشا، ساڵانێكی زۆریش له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ژیابوو، خاوه‌نی نه‌فسێكی هێنده به‌رزیش بوو له باسكردن نایه‌ت، كه هه‌واڵی گلدانه‌وه‌ی پوورانی ژنیشی له‌لایه‌ن پیاوانی ڕژێمهوهی بیست زۆر بێتاقه‌ت بوو، هه‌موو ئه‌مانه كارێكی زۆریان كرده سهریو به یه‌كجاری دڵیان له لێدان خست .
كه ته‌ماشای سه‌ره‌تاو كۆتایی ژیانی هه‌ریه‌ك له عه‌لی شهریعهتیو سه‌یید قوتب ده‌كه‌یت زۆر خاڵی لهیهكچوونت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. من لێره‌دا ئه‌و لێكچوونانهتان بهردهستو به‌رچاو ده‌خه‌م، خوا یارو بار له‌بار بێت له داهاتوودا نووسینێكی قووڵتر‌و به‌پێزتر له‌و باره‌وه بڵاوده‌كه‌مه‌وه .
لێكچوونه‌كانی نێوان شهریعهتیو سه‌یید قوتب
1. هه‌ردووكیان له ماڵێكی ئایینی دا هاتوونه‌ته دونیاوه، ئه‌گه‌رچی ماڵی سه‌یید سوننی‌و ماڵی شه‌ریعه‌تی شیعه مه‌زهه‌ب بوون .
2. باوكی شه‌ریعه‌تی (محمد تقی شه‌ریعه‌تی) زانایه‌كی ئایینی به‌ناوبانگ بووه، باوكی سه‌ییدیش (شیخ قگب إبراهیم الشاژلی) پیاوێكی خاوه‌ن دیوهخانو خێرخواز بووه، دایكی هه‌ریه‌كێكیشیان ئیماندارێكی ڕووح سوك‌و ده‌روونپاك بووه .
3. شه‌ریعه‌تی له گوندی (مهزینان)ی ناوچه‌ی خۆراسان له دایكبووه، شوێنێكی چهپو وشك، تا مردنیشی خه‌یاڵی ئه‌و شوێنه‌و به‌دبه‌ختیی خه‌ڵكه‌كه‌ی له دڵا ده‌رنه‌چووه، سه‌ییدیش له گوندی (موشه)ی پارێزگای (أسوان) هاتووه‌ته دونیاوه، ئه‌گه‌رچی شوێنێكی خۆش بووه، وه‌لـێ دوور له سه‌نته‌ر بووه. سه‌یید له كتێبی (گفل من القریه)دا به وردی باسی سه‌رده‌می منداڵی خۆی ده‌كات، هه‌روه‌ها ساده‌یی خه‌ڵكی گوند‌و بیروباوه‌ڕیان ده‌رباره‌ی جنۆكه‌و عیفریتو ئه‌فسانه به شێوه‌یه‌كی به‌رزو ده‌ربڕینێكی ناوازه ده‌خاته‌ڕوو .
4. سه‌ره‌نجام باری گوزهرانو ناو‌و ناوبانگ‌و كاری نووسین‌و بانگه‌واز شه‌ریعه‌تی ده‌باته تاران‌و سه‌ییدیش به قاهیره، له كۆنیشدا وتراوه: (جێگه‌ی حووت ده‌ریایه)! . شه‌ریعه‌تی زۆر دره‌نگ ماڵی بردووه‌ته تاران‌و به‌ره‌نگارییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵا چوونه تاران‌دا كردووه، لـێ سه‌یید هه‌ر به زووییو بێ به‌ره‌نگاری چووه‌ته قاهیره .
5. شه‌ریعه‌تی بۆ ته‌واوكردنی خوێندن چووه‌ته فه‌ره‌نساو ماوه‌ی چه‌ندین ساڵا له‌وێ ماوه‌ته‌وه، له نزیكه‌وه به بیریارانێكی گه‌وره‌ی ڕۆژئاوایی وه‌ك ژان پول سارته‌ری دامه‌زرێنه‌ری ڕێبازی بوونگه‌رایی1و فرانز فانوون ئاشنا بووه. له كاتێكدا سه‌یید بۆ دیراسه‌كردنی مهنههجو پرۆگرام ڕه‌وانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كراوه‌و نزیكه‌ی دوو ساڵا(1948_1950) له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌و به وردی له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئابووری ئه‌و وڵاته ڕاماوهو كۆڵیویهتییهوه .
6. به پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له نووسه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له فه‌ره‌نسا خوێندنیان ته‌واوكردووه، له نموونه‌ی قاسم ئه‌مین، ته‌ها حسێن، سه‌لامه مو‌سا . . . شه‌ریعه‌تی كه له فه‌ره‌نسا گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئیمان‌و باوه‌ڕی نه‌ك به ئه‌وروپاو شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا زیادینه‌كردووه، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم ڕقیشی لـێ هه‌ستاوه‌و به چاوی نزمه‌وه لێی ڕوانیوه، به‌تایبه‌ت لایه‌نی ڕهوشتو په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی. واته ژیانی شه‌ریعه‌تی له وڵاتی فه‌ره‌نسا كاری پێچه‌وانه‌ی لێكردووه، ئه‌و له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتر به ئیسلامه‌وه پابه‌ند بووه، تا له دواییدا گیانی خۆیشی فیدای كرد .
ئه‌مه ڕێك له‌گه‌ل (سه‌یید)یشدا ڕوویدا، سه‌یید قوتب تا به‌ر له ڕۆیشتنی بۆ ئه‌مریكا هیچ به پابه‌ندییه‌كی به ئیسلامه‌وه نه‌بووه، ئه‌و نزیكه‌ی پانزه ساڵا هه‌ر له گێژاوی گومان‌و بێپهیامییدا خولاوه‌ته‌وه، چه‌ندین شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له به‌رده‌ستدان كه شایه‌تی ئه‌م ڕاستییه ده‌ده‌ن: هۆنراوه‌گه‌لی وه‌ك: (الشاگئ المجهول، سخریه اڵاقدار)، له ناونیشانه‌كانیانه‌وه دیاره خاوه‌نه‌كه‌یان له چ دۆخێكی ده‌روونی شڵه‌ژاودا ژیاوه .
كه‌چی له ئه‌مریكا دهگۆڕێتو ده‌بێته كه‌سێكی تر، بگره هه‌ر له‌و كه‌شتییه‌دا كه به‌ره‌و ئه‌مریكا ده‌یانبات گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت‌و بڕیاری ته‌سلیمبوون ده‌دات .
له دوای گه‌ڕانه‌وه‌یشی بۆ میسر هه‌ر به‌یه‌كجاری خۆی‌و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی خسته خزمه‌تی ئیسلام‌و فیكری ئیسلامییه‌وه، تا سه‌ره‌نجام دوای زێتر له ده ساڵا مانه‌وه له نێو زیندانه‌كانی ڕژێمی جهماڵا عه‌بدولناسردا (1954 _ 1966)، له 29ی ئابی 1966دا له‌سێداره درا .
7. شه‌ریعه‌تی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكی به بڕشت‌و زمانێكی پاراوو وروژێنه‌ر بوو، به جۆرێك له كاتی قسه‌كردندا دوژمنه‌كانی به‌ر له دۆسته‌كانی تووشی داوی جادووی ده‌ربڕینه‌كانی ده‌بوون، ئایه‌توڵڵا موتته‌هه‌ری له‌م باره‌یه‌وه ئێژێت: “شه‌ریعه‌تی له ده‌ربڕینی مهبهستو به‌كارهێنانی وشه‌دا بێوێنه‌یه”.
سه‌ییدیش له نووسینداو هه‌روه‌ها له قسه‌كردنیشدا كه‌موێنه بووه. ئه‌وه‌ی نووسینی سه‌یید بخوێنێته‌وه له ده‌ورووبه‌ری دادهبڕێتو ئاگای له هه‌موو شتێك ده‌بڕێت، هێنده به جوانی مه‌به‌ستی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته خوێنه‌ر ده‌توانم بڵێم له وڵاتی خۆماندا وێنه‌ی نییه، ئاخر گرنگه تۆ باس له شتی ئه‌بستراكت بكه‌یت، له بیر‌و فه‌لسه‌فه بتوێژیتهوهو له شێوه‌ی ته‌عبیری شیعریدا دایبڕێژیت، ئه‌وه‌تا (محه‌ممه‌د قوتب) كه باسی كتێبی (مقومات التصور الإسلامی) ده‌كات، ده‌ڵێت: ” هه‌ستده‌كه‌یت شیعر ده‌خوێنیته‌وه نه‌ك فیكر!”. له ده‌ربڕینیشدا ئه‌وانه‌ی گوێیان لێی بووه هه‌مان شتی له‌باره‌وه ده‌ڵێن .
8. خاڵێكی جه‌وهه‌ری له هه‌موو شت زێتر ئه‌و دوو زاته پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه، هه‌ریه‌ك له‌وان خاوه‌نی ده‌روونێكی میهرهبانو نه‌فسێكی به‌رز بوون، ئه‌وان له‌گه‌ڵا گریانی منداڵێكی بێباوكدا گریاون، كه‌چی وه‌ك كێ‌و له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و ته‌ماحی ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ستاون. چه‌ند به‌رانبه‌ر خه‌ڵكانی خوار خۆیان به‌سۆزو خاكی بوون، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌و زێتریش به‌رانبه‌ر به كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدارو كاربه‌ده‌ست دڵڕهقو نه‌فسبه‌رز بوون .
چاوخشاندنێك به ژیانی (شه‌ریعه‌تی)ی‌دا له‌سه‌روه‌ختی مامۆستایهتییدا له زانكۆ، به‌سه بۆ بینینی ئه‌و ڕاستییه، ئه‌و تا مردیش ملی بۆ بڕیاری ڕاگری كۆلێژ‌و ماستاوچییه‌كانی زانكۆ نه‌داو، هه‌میشه له‌گه‌ڵیاندا له كێشمه‌كێش‌و ده‌مه‌قاڵێدا بوو، به‌شێك له هۆكاری گرتنه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی له زانكۆوه دژی ئه‌و بۆ لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی وڵات به‌رزده‌كرایه‌وه .
له‌م لایشه‌وه بڕوانه ژیانی سه‌یید وه‌ختێك له وه‌زاره‌تی مه‌عاریفدا كاریكردووه، ئه‌و له دوای بیست ساڵا خزمه‌ت (1932_1952) له بواری په‌روه‌رده‌و به‌تایبه‌ت له وه‌زاره‌تی ناوبراودا، سه‌ره‌نجام ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه، له كاتێكدا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی نه‌بوو، هۆی ده‌ست لهكاركێشانهوهكهیشی ملنه‌دانی بوو بۆ ئه‌و بڕیار‌و ڕاسپارده ناماقوڵانه‌ی له وه‌زاره‌ته‌وه ده‌رهه‌قی ده‌رده‌كران!
له وه‌زاره‌تی مه‌عاریفدا ئه‌وه‌نده دژایه‌تی سه‌یید كراوه، پیاو ته‌نانه‌ت به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یش دڵی توند ده‌بێت .
9. هه‌ریه‌ك له‌وان له پێناو بیروباوهڕیانداو بۆ ئه‌و په‌یامه‌ی له پێناویدا ده‌ژیان گیانیان سپارد، كه‌چی خوێنیان بوو به پهیینو باڵای بیریانی به‌ره‌و ئاسمان برد، هه‌ریه‌ك له‌وان ده‌یانتوانی ته‌نها به سه‌رله‌قاندنێك كام پله‌وپایه به‌رزه‌و كاسهلێسهكانی ده‌ربار خه‌وی پێوه ده‌بینن به‌ده‌ست بێنن، وه‌لـێ كه‌سیان ئه‌وه‌یان نه‌ك هه‌ر قبوڵا نه‌كرد، به‌ڵكو به خایاڵیشیاندا نه‌هات .
10. سه‌ره‌ڕای بڕشتی قهڵهمو پاراوی زمانیان، سه‌رباری به‌خشینی گیانیان به بیریان، خاڵێكی گرنگی تر له پشت ئه‌و ناو‌و ناوبانگه‌ی هه‌ریه‌ك له‌وانه‌وه‌یه، ئه‌ویش ئیمانی ته‌واویانه به‌و قسانه‌ی دهیانكردو به‌و وشانه‌ی ده‌یاننووسی. ئه‌وه‌تا سه‌یید ده‌ڵێت: ” قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان ده‌توانن زۆر شت بكه‌ن، لـێ به مه‌رجێ: خۆیان بمرن تا بیریان زیندوو بمێنێ، بیربۆچوونیان له خوێن‌و له گۆشتی خۆیان تێر بكه‌ن. ئه‌وه بڵێن كه‌وا به هه‌قی ده‌زانن، خوێنیان بكه‌نه قوربانی وشه‌ی ڕاستی، بێگومان بیروبۆچوونو وشه‌كانمان جهستهگهلێكی بێگیانن تا ئه‌و كاته‌ی له پێناویان‌دا گیان ده‌ده‌ین یان به خوێنمان ئاویان ده‌ده‌ین، ئیتر ئه‌و وه‌خت ده‌گۆڕێن بۆ بوونه‌وه‌رێكی زیندوو و له نێو زیندوواندا ده‌ژین “. به‌ڕاستی ئه‌و شته‌ی وتی به جێی هێنا، شهریعهتییش هه‌مان شتی كرد .
11. هه‌ریه‌ك له‌وان له ماوه‌ی ژیانی زیندانیشیاندا هه‌ستیان به بێزاری نه‌كردووه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه ورهبهرزو لێوبه‌خه‌نده بوون، سه‌یید قوتب ئه‌و ڕوژه‌ی ده‌برێت بۆ ئیعدام ڕۆژنامه‌نوسه‌كان وێنه‌یه‌كی دهگرنو دوایی له زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی میسردا بڵاوده‌بێته‌وه، له‌و وێنه‌یه‌دا بزه‌یه‌كی له‌سه‌ر لێوه، لای هه‌ر كه‌سێك بینیبێتی ئه‌و وێنه‌یه بووه‌ته جیگه‌ی تێڕامان‌و سه‌رسوڕمان‌و له‌سه‌ر وه‌ستان، چۆن ده‌بێـت كه‌سێك بۆ مردن ببرێت‌و پێبكه‌نێت؟! شیعری ئه‌و شاعیره فارسه‌م بیر ده‌كه‌وێته‌وه كه ده‌ڵێت:
نشان مرد مۆمن با تو گویم كه چون مرگش رسد خندان بمیرد!
(شه‌ریعه‌تی)یش له زینداندا وه‌ختێ جه‌للاده‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵیدا كردووه، له نوكته‌و قسه‌ی خۆش نه‌كه‌وتووه. ئه‌و ڕێكخراوه‌ی شه‌ریعه‌تی له‌گه‌ڵیدا كاری ده‌كرد (سازمان مجاهدین) ئارمێكیان هه‌بوو ئه‌م ئایه‌ته‌ی له‌سه‌ر نووسرابوو: [وفچل الله المجاهدین علی القاعدین أجراً عڤیما]. ڕۆژێك (عه‌لی كه‌مانگه‌ر) یه‌كێك له جه‌للاده‌كانی (ساواك) (ده‌زگای ئیستخباراتی سه‌رده‌می شا) له شه‌ریعه‌تی ده‌پرسێت:
تۆ ئه‌م (فچل المجاهدین)و (علی القاعدین)ه ده‌ناسیت؟ _وا ده‌زانێت ناوی دوو سه‌ركرده‌ی ڕێكخراوهكهن!!_
(شه‌ریعه‌تی)یش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: (فچل المجاهدین) ناناسم، وه‌لـێ (علی القاعدین) خۆم هه‌وم! به كهودهنیی كابرا ڕاده‌بوێرێت!
سه‌یید قوتب له كاتی دادگاییكردنیدا به‌رانبه‌ر لیوا (فۆاد الدجوی) هه‌ندێ قسه ده‌كات، دهجهوی هێنده توڕه ده‌بێت ئاگای له خۆی نامێنێت، به قسه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵا سه‌ییددا بوون دهجهوی قه‌ت نه‌یوێراوه ته‌ماشای نێوچاوانی سه‌یید بكات! .
12. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی وێنه‌ی هه‌ریه‌ك له شهریعهتیو سه‌یید بكه‌یت، وێكچوونێكی زۆرت له نێوان شێوه‌و ڕووخساری هه‌ردووكیاندا بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ریه‌كێكیان: مرۆڤێكی لاواز، باڵا مامناوه‌ند، مووی سه‌ر ڕووتاوه، ڕیشتاشراو، چاكه‌ت‌و پانتۆڵا له‌به‌رو بۆینباخ له مل. واته دوو ئه‌فه‌ندی به هه‌موو واتایه‌ك، كه‌چی قهڵهمو نووسینیان ده‌خه‌نه خزمه‌تی ئیسلامه‌وه. (زانستی شێوه‌ناسی)یش پێمان ده‌ڵێت: دوو كه‌س كه شێوه‌یان زۆر له‌یه‌ك ده‌چێت زۆر ئاكاریشیان ده‌چێته‌وه سه‌ریه‌ك. ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه بۆ كه‌س ڕاست نه‌بێت، بۆ ئه‌م دوو پیاوه درووسته، له‌وه‌یش سه‌یرتر هه‌ردووكیان تووشی نه‌خۆشی دڵا ده‌بن! .
13. هه‌ریه‌ك له‌وان چه‌ند دۆست‌و یاریان هه‌یه، هێنده‌ش دوژمن‌و نه‌یاریان هه‌یه، دوژمنی ئه‌وان دوو جۆرن، یان جوانتر بڵێم له دوو لاوه دژایه‌تی بیروباوه‌ڕیان ده‌كرێت:
نهتهوهپهرستو سێكۆلاره‌كان. هه‌ندێ له پارته چه‌په‌كانی میسر كاتێك سه‌ییدو هاوڕێكانی چاوه‌ڕێی حوكمی دادگا بوون، خۆپیشاندانێكیان سازكرد‌و درووشمی (إژبح إژبح یا ناصر: سهریانبڕه سهریانبڕه ئه‌ی ناصر)یان به‌رزكردبووه‌وه! . له ئێرانیشدا پارته ماركسی‌و سێكۆلاره‌كان زۆر به شه‌ریعه‌تی قهڵسبوونو و پێیان قووت نه‌ده‌چوو، له كاتێكدا شه‌ریعه‌تی به چه‌پی ئیسلامی ناوده‌برا! .
نه‌یارێكی تر: مه‌لاو ئاخوونده‌كان بوون. ئه‌م باسه خۆی ته‌نیا بابه‌تی چه‌ندین كتێبه، لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم: له وه‌تی شه‌ریعه‌تی له حوسێنییه‌ی ئیرشاددا ده‌ستی به وتاردان كرد‌و ناوی بڵاوبووه‌وه، ورده‌ورده پیاوانی ئایینی لێی كه‌وتنه ته‌قه، هۆكاره‌كه‌شی ئاشكرا‌و ڕوون بوو، خۆری ناوبانگی ئه‌و ئه‌ستێره‌ی ناوی وانی له‌به‌ر چاوان ونكردو وه‌ك ده‌وترێت: (ناویانی له ناواندا نه‌هێشت)، وه‌لـێ ئه‌وان دانیان به‌م ڕاستییه‌دا نه‌ده‌نا، له بری ئه‌وه سه‌دان تۆمه‌تیان بۆی ههڵبهستو ده‌یان ناتۆره‌یان وه‌دوای خست، له نموونه‌ی: بێباوه‌ڕ، بیدعه‌چی، مونافیق، جاهیل، سمێڵتاشراو، كراوات(بۆینباخ) له مل … هتد.
ده‌بێت بزانیت هه‌میشه ئایینی مه‌لا شتێكی جودایه له ئایینی خودا! خوا نه پێویستی به مه‌لایه‌و نه به ئاخوونده، به قه‌ولی (د.عه‌بدولكه‌ریم سرووش) (ئایین پێویستی به چینی پیاوانی ئایینی نییه)، یان به قسه‌ی (كاك ئه‌حمه‌دی موفتی زاده) (نیشانه‌ی گه‌وره‌یی ئه‌م ئایینه ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده مه‌لا ههنو هێشتاش هه‌ر ماوه!).
(سه‌یید قوتب)یش گیانی خۆی له پێناوی ئیسلامدا به‌خشی، بێباكانه چووه سه‌ر دار‌و سه‌ری بۆ بێباوه‌ڕان شۆڕ نه‌كرد، كه‌چی خه‌ڵكانێكی كهللهوشكو بێ ڕووح، خه‌ڵكانێكی عه‌قڵا كورت‌و ڕیش درێژ، كه‌سانێك كه پاشا‌و فه‌رمانڕه‌واكان به خودا دهزاننو ده‌یانپه‌رستن، ئه‌و كه‌سانه له دوای مردنیش واز له گیانی سه‌یید قوتب ناهێنن‌و كتێب له دوای كتێب‌و نامیلكه دوای نامیلكه له دژی دهنووسنو بڵاوده‌كه‌نه‌وه. گوایه سه‌یید جنێوی به سه‌حابه‌ی پێغه‌مبه‌ر داوه‌و ڕه‌خنه‌ی له پێغه‌مبه‌ران گرتووه‌و بڕوای به بیرۆكه‌ی دۆنادۆن(وحده الوجود) بووه‌و قورئانی به درووستكراو(مه‌خلوق) زانیوه‌و. . .هتد! .
كه‌سانێك ئه‌م قسانه ده‌كه‌ن هێنده نزم‌و چرووكن ته‌نانه‌ت نا‌وێرن به گه‌وره‌كانیان بڵێن ئه‌و په‌رداخه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه مه‌ی تێدایه نه‌ك شه‌ربه‌ت، چۆن وا به ئاسانی دهینێیته سه‌ره‌وه؟!
كاتی خۆی ئاخوونده‌كانی ئێران ده‌یانوت: (عه‌لی شه‌ریعه‌تی بووه‌ته سوننی‌و وه‌هابی‌و له دینی باووپیرانی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه)، ئێستاش خه‌ڵكانێك به سه‌یید قوتب ده‌ڵێن (له ئایینی یه‌كتاپه‌رستی لایداوه‌و بێ‌دین بووه)!
14. هه‌م شهریعهتیو هه‌م سه‌یید ئیسلامیان به ئایینێكی بزوێنهرو پڕ جوڵه زانیوه، واته بڕوایان به ئیسلامی حه‌ره‌كی هه‌بووه‌و، ئیسلام وه‌ك بیرێك كه مرۆڤ هه‌ڵگریه‌تی نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها له نێو كتێبدا قه‌تیس بكرێت تێگه‌یشتوون. ئه‌وه‌تا شه‌ریعه‌تی ده‌ڵێت: ئیسلام تا ئیسلامی ئه‌بوزه‌ڕ بوو، ئایینێكی پڕجووڵهو بزوێنه‌ر بوو، كه‌چی وه‌ختێ بوو به دهوڵهتو شارستانییه‌ت، كه‌سانی وه‌ك ئیبن سینای به‌رهه‌مهێنا، جوڵه‌ی نه‌ما. پێویسته هه‌میشه ئیسلامی ئه‌بوزه‌ڕ له ناوا بێت، پێویستمان به ئیسلامی ئیبن سینا نییه! .
سه‌یید قوتبیش ده‌ڵێت: پێویسته ڕاسته‌وخۆ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ قورئان، بێ گوێدانه ته‌فسیرو قسه‌ی فڵان زانا‌و فیسار دانا، ئیسلام ئه‌و ئیسلامه‌یه كه دونیای گۆڕی .
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ” كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی چه‌ندین سه‌ده‌یه نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی كه هه‌یه ته‌نیا ناوه، پێویسته كۆمه‌ڵێك گه‌نج ئیسلام به كرداری وه‌ربگرن، تا كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی بگه‌ڕێته‌وه” .
سه‌یید دژی مامۆستا كۆنه‌كه‌ی خۆی (عباس محمود العقاد) هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌و زۆر هه‌ڵه‌ی لێگرت، ئاخر به بڕوای ئه‌و عه‌ققاد ته‌نها باسی له شتی تیۆری ده‌كرد، له كاتێكدا سه‌یید ئیسلامێكی كرداریی ده‌ویست .
(شه‌ریعه‌تی)یش شه‌ڕی له‌گه‌ڵا (سه‌یید حسێن نه‌سر)دا كه فه‌یله‌سووفێكی گه‌وره‌ی ئێرانییه‌و له‌م دواییه‌دا وه‌فاتی كرد هه‌ر ئه‌وه بوو. شه‌ریعه‌تی (نه‌سر)ی به: (روشنفكر إرتجاعی برج عاج نشین): (ڕۆشنبیرێكی كۆنه‌په‌رستی بورجی عاج نشین)! ناوده‌برد .
شه‌ریعه‌تی ڕه‌خنه‌ی له نه‌سر ئه‌وه بوو له ناو كتێبدا ده‌ژێت، ئاخر بنه‌ماڵه‌ی نه‌سر خزمه‌تكاری له مێژینه‌ی خاندانی شاهه‌نشاهی ئێران بوون، خودی نه‌سریش تا به‌رپابوونی شۆڕشی ئیسلامی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و خانه‌ی حیكمه‌ته بوو كه (فه‌ره‌ح)ی شاژنی ئێران دایمهرزاندبوو.
(عه‌ققاد)یش كابرایه‌كی بێههڵوێستو ترسنۆك بوو له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا. له كاتێكدا سه‌ییدو شه‌ریعه‌تی دوو شێر بوون‌و ئه‌وه‌ی ده‌یانوت به كردار ده‌یانسه‌لماند. وه‌ك ئاشكرایشه ئه‌و دوو جۆره بیركردنه‌وه‌یه ئاسمان‌و ڕێسمانیان نێوانه!
15. هه‌ریه‌ك له‌وان ڕێكخراوێكیان هه‌ڵبژاردو له‌گه‌ڵیدا كاریان كرد، ئه‌گه‌رچی كه‌سیان زۆر تاقه‌تی حیزبایه‌تییان نه‌بوو، ئه‌وان به‌ر له‌وه‌ی سیاسی بن چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، وه‌لـێ سته‌می زۆری ده‌سه‌ڵات ناچاری كردن كار له‌گه‌ڵا لایه‌نێكدا بكه‌ن، شه‌ریعه‌تی (سازمان مجاهدین)ی هه‌ڵبژاردو سه‌ییدیش (إخوان المسلمین) .
هیچكامێكیشیان ته‌مه‌نی كاركردنی سیاسی‌یان درێژ نه‌بوو، هه‌ردووكیان تا كه‌مێك به‌ر له مردنیان له پشت میله‌كانی زیندانه‌وه بوون، هه‌رچه‌ند شه‌ریعه‌تی كه‌مێ ئازادیی بینی، وه‌لـێ بیری هه‌ر له‌لای زیندان‌و سام‌و بیمی ژووره تاریكه‌كان بوو تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ری نایه‌وه!
16. به ئایدۆلۆژیاكردنی ئیسلام كارێك بوو ههردووكیانو هه‌ر یه‌كه‌ی له مه‌زهه‌بێكی ئیسلامییدا پێی هه‌ڵسان، ئه‌م به ئایدیۆلۆژیاكردنه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی هێنایه ئاراوه كه تا ئێستاش نهڕهوییهتهوه. لێره‌دا ده‌رفه‌تمان نییه به درێژی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه بڕۆین.
جیاوازییه‌كانی نێوان شهریعهتیو سه‌یید قوتب
یه‌كه‌م: شه‌ریعه‌تی له فه‌ره‌نسا خوێندوویهتیو سه‌یید بۆ ئه‌مریكا نێردراوه .
دووه‌م: شه‌ریعه‌تی به‌شی مێژووی ته‌واوكردووه‌و دوكتۆرایشی له كۆمهڵناسیو هه‌روه‌ها له مێژووی ئیسلامدا به‌ده‌ستهێناوه. سه‌یید به‌شی ئادابی عه‌ره‌بی كۆلێژی (دار العلوم)ی ته‌واوكردووه‌و ماوه‌یه‌كیش به وانه‌وتنه‌وه‌وه خه‌ریكبووه .
سێیه‌م: شه‌ریعه‌تی شیعه بووه‌و سه‌یید سوننی .
چواره‌م: عهرهبیزانیو سوونیبوونی سه‌یید قوتب وایكردووه له قورئاندا شاره‌زا بێت، ئه‌و له ده ساڵیدا قورئانی له‌به‌ربووه، بۆیه له زیندانیش‌دا هه‌ر خه‌ریكی نووسینی ته‌فسیره به‌ناوبانگه‌كه‌ی بووه، (فی ڤلال القرێ‌ن) به گهورهترینو گرنگترین شاكاری ئه‌و داده‌نرێت. له كاتێكدا شه‌ریعه‌تی هه‌م له‌به‌ر عهجهمبوونی_فارسبوونی_و، هه‌م له‌به‌ر شیعه‌بوونی_ شیعه زۆر گرنگی به خوێندن‌و له‌به‌ركردنی قورئان ناده‌ن_ كه‌م شاره‌زای قورئان بووه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار له كتێبی شهریعهتییدا ئایه‌ت ده‌بینرێت به هه‌ڵه نووسراوه! ئه‌مه‌یان ڕه‌نگه هه‌ڵه‌ی چاپ بێت، یان ئه‌وانه‌ی وتاره‌كانیان نووسیوه‌ته‌وه تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه بووبێتن ، به‌ڵام دیسانه‌وه‌یش شه‌ریعه‌تی ناگاته سه‌ییددا له قورئانناسییدا .
پێنجه‌م: ڕاسته سه‌یید قوتب له چاپی یه‌كه‌می كتێبی (العداله الإجتماعیه فی الإسلام)دا ڕه‌خنه‌ی له خه‌لیفه‌ی سێیه‌م (عوسمانی كوڕی عه‌ففان) گرتووه‌و بارودۆخی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وی به گه‌نده‌ڵی وه‌سفكردووه، وه‌لـێ له چاپه‌كانی دوایی ئه‌و كتێبه‌دا ده‌ستكاری ئه‌و بۆچوونانه‌ی كردووه, ئه‌وه‌یش ڕاسته له كتێبی (التصویر الفنی فی القرێ‌ن)دا باسی سرووشتی تووڕه‌ی مو‌سا پێغه‌مبه‌ری كردووه، به‌ڵام له دواییدا ئیسلامییه‌كی زۆر مولته‌زیمی لێده‌رچووه‌و توێژه‌ران ده‌ڵێن نیازی وابووه به هه‌موو نووسینه‌كانیدا بچێته‌وه، وه‌ك به ده جوزئی سه‌ره‌تای ته‌فسیره‌كه‌یدا چووه‌وه، له كاتێكدا شه‌ریعه‌تی هه‌ڵه‌ی زۆره‌و زۆریش ڕه‌خنه‌ی لێگیراوه، ڕه‌خنه‌گرتنی له سه‌حابه‌و هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر له هه‌ندێ شوێندا گه‌یشتووه‌ته ڕاده‌ی جنێوپێدان، هۆی ئه‌م قسانه‌یشی بۆ بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئاخر شیعه به‌لایانه‌وه قسه‌وتن به هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر نه‌ك ئاساییه به‌ڵكو لای هه‌ندێكیان به‌هه‌ڵه‌دا ناچم ئه‌گه‌ر بڵێم فه‌رزه!
هه‌روه‌ها شه‌ریعه‌تی به حوكمی كه‌م شاره‌زایی له بواری ئاییندا، تووشی هه‌ڵه‌ی كوشنده بووه‌و له هه‌ندێ شوێندا په‌تی بۆ خه‌یاڵی شلكردووهو قسه‌ی وای كردووه بۆنی كوفری لێدێت، بۆ نموونه كتێبی (هبوگ در كویر)، به تایبه‌ت له باسی دروستبوونی (ئاده‌م)دا قسه‌ی له‌و جۆره‌ی زۆر تێدایه، پێده‌چێت ئه‌و كتێبه‌ی له نووسینه سه‌ره‌تاییه‌كانی بێت .
شه‌شه‌م: تێڕوانینی سه‌ییدو شه‌ریعه‌تی له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت زانسته مرۆییه‌كان زۆر جیاواز بوو، شه‌ریعه‌تی به حوكمی خوێندنی له وڵاتی فه‌ره‌نساو ئاشنابوونی به‌و چهمكو تێرمانه‌ی له دونیای نوێی ڕۆژئاوادا به‌كارده‌هێنرێن، هه‌روه‌ها به‌هۆی خوێندنی زانستی كۆمه‌ڵناسییه‌وه كه ده‌توانین بڵێین كرۆكی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانه، سوودێكی زۆری له زاراوه‌كانی سه‌ر به‌و زانستانه وه‌رگرتووه‌و له هه‌ندێ شوێندا ته‌واوی مێژووی ئیسلامیشی پێ خوێندووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت بیریارێكی وه‌ك ئایه‌توڵڵا موته‌ههه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ی ڕه‌خنه‌ی توندی لێدهگرێتو تۆمه‌تی نه‌شاره‌زایی له زانسته ئیسلامییهكاندای وه‌پاڵ ده‌خات. شه‌ریعه‌تی زۆرجار تێرمو زاراوه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمۆنیستییشی ته‌وزیفكردووه، زاراوه‌گه‌لی وه‌ك ژێرخان، ژوورخان، فیوداڵا. . . زۆر له نووسینیدا به‌رچاو ده‌كه‌ون . به‌ڵام سه‌یید قوتب دوای چل ساڵا خوێندنه‌وه‌و موتاڵاكردنی به‌رده‌وامی ئه‌و زانستانه‌و شاره‌زابوونی ته‌واو لێیان، ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی ئه‌و زانستانه له خودی خۆیاندا دارای ئیشكالنو نابێت توێژه‌ری مسوڵمان سوودیان لێوه‌ربگرێت! ئه‌و ته‌نانه‌ت ئاماده نییه بیروبڕواو فه‌لسه‌ی ئیسلامی له كه‌سانی وه‌ك فارابی‌و ئیبن سیناشهوه وه‌ربگرێت، چونكه له‌ژێر كاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی گریكدا بوون! ئه‌م بۆچوونه‌ی سه‌یید قوتب ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبكرێت دابڕانێكی ته‌واو له نێوان دونیای ئیسلام‌و كه‌له‌پووری چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی ڕۆژئاوادا ڕووده‌دات، ئه‌مه‌یش به بڕوای من كاره‌ساتێكی بێوێنه‌یه. .
حه‌وته‌م: سه‌یید قوتب له (1906_ 1966) نزیكه‌ی شه‌ست ساڵا ژیاوه‌و بیستوشه‌ش كتێبی هه‌یه، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی چوارسه‌د وتاری له گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌كاندا بڵاوكردووه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا شه‌ریعه‌تی (1933_ 1977) نزیكه‌ی چل‌و سێ ساڵا ژیاوه‌و خاوه‌نی سه‌دو بیست كتێبه. ئێستا هه‌موو نووسینه‌كانی له سیوپێنج به‌رگدا كۆكراونه‌ته‌وه. وه‌ك (د.سرووش) ده‌ڵێت: شه‌ریعه‌تی له ڕووی چه‌ندێتی نووسینه‌وه جێی سه‌رنجه، ته‌مه‌نێكی كه‌می كردووه، كه‌چی نووسینێكی زۆری له پاش به‌جیماوه.
چه‌ند خاڵێكیش به نیسبه‌ت نووسینی سه‌یید قوتبه‌وه هه‌یه نابێت له بیریان بكه‌ین:
أ. سه‌یید نووسینێكی زۆری له ناوچوون. ئه‌گه‌ر چاوێك به پهراوێزو لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی كتێبه چاپكراوهكانیدا بخشێنیت ده‌بینیت ناوی چه‌ند كتێب نووسران، كه‌چی ئێستا هیچیان دیار نین، هه‌روه‌ها له چه‌ندین بابه‌تدا ئاماژه‌ی بۆ ناوی كۆمه‌ڵێك كتێب كردووه كه له ژێر چاپدان یان ئاماده‌ی چاپنو كه‌چی پێده‌چێت لهناوبرابێتن .
ب. ده‌سه‌ڵاتی جه‌مال عه‌بدولناسر بڕیاری سووتاندن‌و له‌ناوبردنی هه‌موو ده‌ستنووسه‌كانی سه‌یید قوتبی دا، یه‌كێك له‌وانه‌یش كتێبێكی ناوازه‌ی بوو به ناونیشانی (أمریكا التی رأیت)، كه سه‌یید خۆی له چه‌ند شوێنێكدا باسیكردووه، ئه‌و نووسینه باسێكی گه‌وره‌و گران بوو، له ساڵی 1954و له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی ئیخواندا، سه‌یید ده‌یداته ده‌ست دۆستێكییهوهو پێی ده‌ڵێت: ئه‌مه بپارێزه تا ئازاد دهبمو بارودۆخێك بۆ چاپكردنی ده‌ڕه‌خسێت، كه‌چی ئه‌و براده‌ره له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا ماڵه‌كه‌ی بپشكننو ئه‌و نووسینه‌ی تێدا بدۆزنه‌وه ده‌یسووتێنێت! دیاره هه‌ر ئه‌و نوسخه دهستنووسهیشی هه‌بووه، شه‌ریعه‌تی ڕووبه‌ڕووی شتی وا نه‌بووه‌ته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه دوای مردنی، خێزانهكهیو دۆسته‌كانی گه‌ڕان تا هه‌رچی وتار‌و نووسین‌و ته‌نانه‌ت نامه‌و یادگاریشی هه‌یه كۆیانكردهوهو نووسییانهوهو له چاپیان دا .
ج. زۆرێك له نووسینه‌كانی شه‌ریعه‌تی وتار‌و موحازه‌ره بوون، ئه‌و هه‌رچی قسه‌یه‌كی كردبێت تۆمار كراوه‌و پاشان له ڕێی قوتابی‌و دۆسته‌كانییه‌وه نووسراوه‌ته‌وه‌و چاپكراوه، كه‌چی سه‌یید دۆخی وای بۆ نه‌ڕه‌خساوه .
د. (فی ڤلال القرێ‌ن)ی سه‌یید قوتب، كه ڕاڤه‌یه‌كی ناوازه‌و نوێیه له دونیای ته‌فسیردا، كاتێكی زۆری له سه‌یید گرتووه‌و ده ساڵا زیاتر پێوه‌ی خه‌ریك بووه، نزیكه‌ی چوار هه‌زار لاپه‌ڕه‌یه‌و كاتی خۆی له شێوه‌ی سی كتێبی سه‌ربه‌خۆدا چاپكراوه، كه‌چی ئێستا به یه‌ك كتێب داده‌نرێت .
سه‌یید قوتب‌و شه‌ریعه‌تی كامیان ناسراوترو به‌ناوبانگترن؟
به بڕوای من ئه‌گه‌رچی شه‌ریعه‌تی تا ساڵانێ له‌مه‌وبه‌ریش كتێبه‌كانی له سه‌ره‌وه‌ی لیستی پڕ فرۆشترین كتێبه‌كانی ئێران‌دا بوون‌و، سه‌رباری ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانی بۆ زۆر زمانی زیندووی دونیا وه‌رگێردراون، هه‌رچه‌ند (پوران شه‌ریعه‌ت رچوی) پێی وایه شه‌ریعه‌تی هاوسه‌ری قابیلی به‌راوود نییه له‌گه‌ل (سه‌یید قوتب)دا‌و ناوبانگی شه‌ریعه‌تی زۆر زیاتر ڕۆیشتووه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ی وتران، من هێشتاش پێم وایه سه‌یید قوتب كاریگهرترو به‌ناوبانگتره!
ڕاسته ئه‌و شه‌ڕو كێشمه‌كێشه‌ی نێوان باڵی ڕیفۆرم‌و باڵی پارێزگاران له ئێرانی ئێستادا، درێژه‌كراوه‌ی شه‌ڕی نێوان شهریعهتیو ئاخونده كۆنه‌پارێزه‌كانی وه‌ك (میسباحی یه‌زدی)یه، وه‌لـێ هێشتاش كاریگه‌ری ئه‌و ناگاته ته‌ئسیری سه‌یید قوتب دا .
ئاخر دوای سه‌یید قوتب هه‌موو بزاوتی ئیسلامی گرده‌بڕ دابه‌شبوون بۆ دوو به‌ره، توندڕهوو میانڕه‌و، باڵی سه‌له‌فی جیهادیو ته‌كفیرییه‌كان هه‌موو له بیری سهییدهوه هاتنه‌ده‌ر، ئه‌گه‌رچی سه‌یید خۆی به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاوا بیری نه‌ده‌كرده‌وه‌و ئه‌وه‌ی نه‌ده‌ویست، وه‌لـێ هه‌ڵه لێكدانه‌وه‌ی (معالم فی الگریق)و ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی نێو زیندانه‌كان، بوونه مایه‌ی له‌دایكبوونی ئه‌و ڕه‌وته تهكفیرییهی ئه‌مڕۆ جیهانی ئیسلامی به ده‌ستییه‌وه گیرۆده بووه!
هه‌م (د.عه‌لی شه‌ریعه‌تی)و هه‌م (سه‌یید قوتب)یش تا هه‌تایه له ویژدانی مرۆڤایه‌تییدا به نه‌مری ده‌مێننه‌وه، خودا له هه‌ردوویان خۆشبێت .
سه‌رچاوه‌كان
بۆ نووسینی ئه‌م پێشه‌كییه سوودم له زۆر سه‌رچاوه وه‌رگرتووه، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه هه‌ندێكیانن:
1. سید قگب من المیلاد الی الإستشهاد، د.صلاح عبدالفتاح الخالدی، دار القلم، الگبعه الرابعه 2007 .
2. سید قگب من القریه الی المشنقه (تحقیق وپائقی)، عادل حموده، الگبعه الاولی، سینا للنشر، 1978.
3. البعد التأریخی فی فكر سید قگب، د.عماد ا‌لدین خلیل، دار القلم ودار الشامیه، الگبعه الاولی 1994 .
4. المجموعه الشعریه الكامله (سید قگب)، تقدیم: د.حسن حنفی، الگبعه الاولی .
5. گرحی از یك زندگی1 (زندگی و ێ‌پار)، پوران شریعت رچوی، چاپ یازدهم 1386. انتشارات پخش بنیاد فرهنگی دكتر علی شریعتی .
6. گرحی از یك زندگی2 (نقدها ونڤرها)، پوران شریعت رچوی، چاپ دووم 1383 هجری شمسی. انتشارات پخش بنیاد فرهنگی دكتر علی شریعتی .
7. استاد مگهری و روشنفكران، انتشرات صدرا، چاپ ده‌م 1383هجری شمسی .
8. پێگه‌ی ویكیپیدیا الموسوعه الحره. (ژیانی هه‌ریه‌ك له سه‌یید قوتب‌و عه‌لی شه‌ریعه‌تی) .
9. از شریعتی، عبدالكریم سروش، مۆسسه فرهنگی صراگ 1384 هجری شمسی .
10. إبن القریه والكتاب، ملامح سیره ومسیره. الجز‌و الپالپ، د.یوسف القرچاوی، دار الشروق، الگبعه الاولی 2006 .
11. فی ڤلال القرێ‌ن، سید قگب، الگبعه السابعه والپلاپون 2008، المجلد الاول، دار الشروق.
12. أمریكا من الداخل (بمنڤار سید قگب)، د.صلاح عبدالفتاح الخالدی، دار القلم ودار الشامیه، الگبعه السابعه 1995 .
13. مه‌شخه‌ڵی ڕێ، سه‌یید قوتب، وه‌رگێڕانی: كرێكار، زنجیره‌ی هزری هاوچه‌رخی ئیسلامی، نووسینگه‌ی ته‌فسیر، چاپی دووه‌م، 2008 .
14. وه‌ڵامێكی ئاشكرا‌و ڕوون بۆ ئه‌وانه‌ی به هه‌ڵه له سه‌یید قوتب گه‌یشتوون، ئامادهكردنو وه‌رگێڕانی: سامان مامڵێسی .
• ئه‌م نووسینه به‌شێكه له‌و پێشه‌كییه‌ی بۆ كتێبی (شادییه‌كانی ڕووح‌و چه‌ند وتاری تر)م نووسیوه. چاپی یه‌كه‌م، 2011، چاپخانه‌ی سیڤا_سلێمانی، لاپه‌ڕه‌كانی (33_51) .
ئیمهیلی نووسه‌ر: Hemnxurshid79@gmail.com