Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
من لە بلورا یان نارەوەنێک لەسەر ئاو

من لە بلورا یان نارەوەنێک لەسەر ئاو

Closed
by February 9, 2011 چیرۆک

چیرۆک
من
لە بلورا یان نارەوەنێک لەسەر ئاو
توانا ئه‌مین

تۆ سڵ لە نوسینی چیرۆک دەکەیتەوە.. تیا ماویت! بینوسیت.. نەینوسیت.. بینوس…. با خۆم پێتان بڵێم؛ ئەگەر سەرەنجام من خۆم یەکلایی کردەوە و ئەم چیرۆکەم نووسی، بزانن کە ئەوە ئەو چیرۆکە نییە کە دەمەوێ بینوسم.. ئاوهایت.. خۆشت بەزەحمەت پەی بەخۆت دەبەیت.. هەردەم ئەوشتەی کە وتووتە ئەوە نەبووە کە ویستوتە بیڵێی. ژیانیشت هەروا دەستیپێکرد، پڕ بەدڵ حەزت دەکرد لە بەشی شێوەکاری کۆلێژی هونەر بخوێنی، کەچی چوویتە پزیشکی ددان.. لەمنداڵییەوە خولیات بوو گەشت بکەی، دنیا ببینی.. نەکەویتە ماڵەوە هەر بەشارانەوە بیت.. هەر لەسەفەردا.. کەچی لەهەموو ژیانتا پێت لەم شارە نەبردە دەرەوە..!

تەنانەت کە بیرت لە خودا دەکردەوە شەوان پێغەمبەری ئازیزت لە خەونەکاتدا دەدەی.. کە لەگەڵ خۆتدا دەکەوتیتە ئینکاری و ئەمجارە بیرت لە پێغەمبەر دەکردەوە.. هیچت نەدەبینی هیچ.. باش بوو هیچت نەدەبینی ئەگەرنا وەک)مستەفا مەستور(ی ڕۆمانووسی هاوچەرخی ئێرانی کە بیری لەخودا دەکردەوە، کە خودا بینیین ببوو بە بابەتی کارە نایابەکانی، تا شەوێکیان لەخیابانی)ئیمام عەباس(  لە شاری)کاشان (بەدەم بیرکردنەوە لە نووسینی ڕۆمانێکی نوێوە کە ڕایەڵەی کارەکانی كۆمەڵێک مەشقی سەختە بۆ بینینی خودا، لەناکاو لەو مانگەشەوەی هاویندا، مانگ چوون چرایەک لە ناوەڕاستی ئاسماندا بۆ چرکەیەک خامۆش دەبێ و خودای جەلەجەلال وەک ڕوناکییەکی لێڵ، چەشنی نورێکی ڕەش، بەسەر سەری مەستورەوە بە ئاسمانی خۆێدا تەجەللا دەبێت و لەو شەوە بەدواوە مەستور وەک دێوانەیەک بە جادەکاندا ڕادەکات و سەیری ئاسمان دەکات و هیچ ناڵێ.. هیچ.. من لە ئەزمونی خوابینیی مستەفا مەستورەوە زانیم ئەوانەی تەنیا یەکجار خودایان بینیبێ ناتوانن هیچ ببینن.. هیچ.
تۆ کە چیرۆک نانوسیت لە یەک شت دەترسی؛ چارەنووس.. تۆ شەوێک هەستت بەمەکرد؛ دوای چوونەوە سەر یەکێک لە کتێبەکانت و خوێندنەوەی چیرۆکێک، ڕەنگت تێکچوو.. دڵت پەلەتر خۆی دەدە بە قەفەزەی سنگتا و بە گوژمێک لە بەشی چەپی سینەتدا خۆی ون دەکرد.. ئەو شەوە زانیت کە تۆ خۆت پێش چارەنووسی خۆت کەوتوویت.. ئێستاش نازانی ئالەو دوانزە چرکەیەدا چۆن زەینت فڕی بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان باسی مەرگی خۆیانکردووە و دوایش دروست ئاوا مردوون..! بیرت بۆ وەستای بەلوعە چاکردنەکە چوو؛ ئەو پیاوەی کە دەیگوت  »بەوەنییە من هەر ئیشی ئاو دەکەم و بۆری ماڵان دادەمەزرێنم، من لە کۆتایدا بە کارەبا دەمرم« دوایش لە دابەزاندنی ماتۆرێکی ئاودا بۆ ناو بیرێکی شێوە هەندەسەی ئێرانیی کۆن، کارەبا دەیگرێت و دەمرێ.. یا منداڵی ئەو ئەکتەرە قەڵەوەی هەموو خەڵکی شار دەیناسن و ئێواران لەسەر کورسی بەردەم قاوەخانەیەک دادەنیشێ و هەمیشە بەجۆرێکی غەریب لە ماشێنەکان ڕادەمێنێ. ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای ساڵی هەشتاکاندا لە یەکێک لە تەمسیلییە ئامۆزشییەکانیدا کە دەیەوێت هەندێ ڕەسمیاتی ناو پرسەکان لەناوببات، منداڵەکەی خۆی بە ماشێن دەمرێنێ.. زۆر نابات و لە دوای نمایشکردنی تەمسیلییەکە لە تەلەفزیۆن، هەمان ئەو منداڵە بەکارەساتی ئۆتۆمبیل دەمرێ و باوکی ناچار دەبێ هەموو ئەو نەریتانە لە پرسەکەیدا وەکو خۆی جێبەجێ بکاتەوە.. یا نازانی چۆن ئاوا خێرا و هەر لە هەشتاکاندا خەیاڵت دەفڕێتە سەر ڕووداوی سوتانی کچێکی گۆرانیبێژ، بە ئاگرێکی بێ خۆڵەمێشی  وەک گاز.. ئەو کچەی تاقە یەک گۆرانی هەیەو تێیدا زۆر بەسۆزەوە دەڵێت» ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش.. دڵی منە وا«….. بەخۆدا دێیتەوە، نیشتویتەتە سەر عارەق.. لە خوێندنەوەی چیرۆکەکەی خۆتەوە دەزانی ئێمە هەموومان ڕۆژێک لەڕۆژان پێشبینییەکی ڕاستەقینەی مەرگی خۆمانمان کردووە و وەک دیمەنێکی خێرا و تیژتێپەڕیش بینیومانە، بەڵام بەسەریدا ڕۆیشتووین و دواتر بووە بەیەکێک لەو هەشت ملیۆن دیمەنەی ساڵانە مێشک لە یادەوەری خۆیدا دەیسڕێتەوە.
ئەم دێڕانە دەسڕیتەوە.. سەرلەنوێ دەستپێدەکەیتەوە.. ئەچیتە)چیرۆکی سەرخۆشان(.. لە ئۆردوگایەکی زۆرەملێی نزیک شارۆچکەی)كفری( لە دەشتێکی لمینی کاکی بەکاکیدا، لە دامێنەوە خۆت دەکەیت بە ماڵێکی داڕوخاودا.. ماڵێک؛ هیچ ڕەنگێکی تیدانییە..! دیوارەکان بە سقڵێکی بێ ڕەنگ سواخ دراون و تان وپۆی ماڵەکە بە قرژاڵی پەمەیی تەنراوە، قرژاڵی سک و ورگ هەڵدڕاو، دەڵێی خاوەنی ئەم ماڵە لە لابورێکی زیندوەرزانیدا ڕفاندونی بۆ ئێرە..
لابورێک کە دوو کچەخوێندکار تێیدا سەرقاڵێ باسکردنی کوڕە دکتۆرێکن کە هەردووکیان شێت و شەیدای بوون و وا ئیستا کە قسە دەکەن وا خویان دەردەخەن کە کوڕەکەیان زۆر لەلا هیچە و زوو زووش بیری یەک دێننەوە کە ئەم  »مراوییە ناهێنێ کاتی پێوەبکوژین!« ئەو کاتانەی ئەم قسانە دەکەن لەم گەردوونەدا دووشت ڕوودەدات.. من هەندێ جار بیردەکەمەوە ناشێت لە یەکساتدا هەمووشتەکان ڕووبدەن.. نا ساتێک خانەی پراکتیکەڵی دوو ڕووداو زیاتری تێدا نییە، ئێستاش تەنیا دووشت ڕوو دەدەن؛ یەکەم هەردووکیان سوور دەزانن درۆ دەکەن و لەڕووی یەکی نادەن و لە خودا داواکارن ئەم باسە زۆرتر بکێشێ و… دوومیان کە ئەوان لە خەیاڵی هێنانە جێگای دکتۆردا چاوانیان لێڵ بووە، من فرسەت دەهێنم و هەموو قرژاڵە پەمەیەکان کۆدەکەمەوە و وەک سیحربازێک دەیڕفێنم بۆ ماڵی کاراکتەرێکم لە)كفری( لەناو سیخوایەک مەگەز و کۆتایی گەرمای تەموزدا خۆت دەکەیت بەم ژوورەدا کە هەوایەکی خنکێنەر سکی پڕ کردووە و وا خەریکە یەق دەداتەوە.. تەنیاسەرنشینی ناو ئەم خەرابەیە پیرێکی 72 ساڵەیە.. ئەو پیاوە بێ ئەوەی ئەلف و بای پزیشکی بزانێ گەیشتۆتە تیۆرێک سەبارەت بەو پیاوانەی بەمەستیی سەرجێیی لەگەڵ ژنەکانیان دەکەن؛
»مناڵی ئەم جۆرە سەرجێییانە)ئەو ناوی ناوبوو شەوانی مەستان( کوڕانیان چاوکەژاڵ و کچانیان چاوخومار دەبن..« ئەو قەڵتاغە 38 ساڵبوو بۆ ناولێنانیان، چووبووە سەر هەر مەلۆتکەیەک، لە چاویانی ڕوانیبوو تا دواجار تیۆرەکەی خۆی پێ دەوڵەمەند بکات.. کە من جێمهێشت خەریکی ئیشکردن بوو لەسەر بیردۆزێک کە پەیوەندی نێوان ڕۆح و مەراقی دەسەلماند. ئەو خۆی ناوی نابوو)بیردۆزی ئازارە قەرزەکان( ئەو دەیگوت»هەموو ئەو ئازارانەی ئێمە دەیچێژین، ئازاری خۆمان نین.. بەڵکو سزای ناو ڕۆحە کۆنەکەمانە کە 92 ملیار ساڵ بەر لە ئێستا ژیاوە و هەر تاوانێکی کردبێ و خواوەند فریانەکەوتبێ لە تەمەنی کورتی خۆیدا سزاکەی پێ ڕەوابفەرموێ، قەردەکەی هێشتۆتەوەو لە دووبارەو چەندبارەی هاتنی نێو جەستەی نوێیشدا دیسان ناچاریکردووە ئەم بارە هەڵگرێ.. لێرەوە ئەم جەستە نوێیەش هەرچی بکات ناتوانێ كاتی ڕاستەقینەی خۆی بژی و ئەو کاتەشی بە فریای دانەوەی قەرزی گوناهی ژیانەکانی تری ناکەوێت ئیتر ئەمیش دەبێ بەژمارەیەکی تر و گوناهگەلێکی تر لەم ڕۆحە شەکەتەی خۆی بار دەکات.. « بەمجۆرە ڕۆژێک منداڵانێک لەدایک دەبن کە یەک پارچە تاوانن و چوون میمۆریەک جگە لەباری سووری پڕ تاوانی خۆیان جێگای هیچی تریان تیانابێتەوە.. هیچ نازانن و هیچ نافامن و لە هیچ ناگەن.. وا دێتە پێشچاو وڕ و دەبەنگبن، کەچی دوایی چیرۆکەکە ئاوها کۆتایی نایەت.. دەچیتە سەر چیرۆکێکی تر.. لە تاقیگەی بلوریی پیتاندنی تۆوین لە)بۆستۆن(.. هیچ ناکەیت.. هیچ.. گوێت هەڵخستووە بۆ دەمەتەقێی دوو پرۆفیسۆری پیر..
– وانییە.. مرۆڤایەتی لەناو ناچێ!
– لەناو دەچێ.
– کتێبی پیرۆز بخوێنەرەوە.. لەدوای کارەساتی لوت-ەوە خودا پەیمان دەدات جارێکی تر ئەم یارییە لەگەڵ ئینسان نەکات.
– دەزانم.. خودا نایکات.. من و تۆ دەیکەین.
– چۆن؟!.. ئێمە لێرەین خزمەتی مرۆڤ بکەین.
– بەڵکو لێرەن کە بیکوژین..!
– ئۆ..و..و.. دکتۆر نیڵسن، ئاوا هەمیشە تەمومژاوی قسان دەکەیت.
– نا.. کوا..؟ تەمومژێک لە ئاراد نییە.
-ئەی خێرە ئێمە بووین بە بکوژ؟
– تازەبووین.
– مەبەستت ئەوەیە ئێمە کاتێک پیتاندنێکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدەین و کۆرپەلەیەک دروستدەکەین.. بە مانا شۆپنهاورییەکەشی )هەر دروستکردنی ئینسانێک، مەحکومکردنێتی بە مردن)  ئاوا ئێمە بووین بە بکوژ؟
– نا.. ڕێک ئاوهاش نا..
– چۆن؟
– دکتۆرە سیلین ئادام هۆ… گوێبگرە..
…….. –
– تۆ دەزانی لە پیتاندنی دەستکرددا ئێمە نمونەیەک لە سپێرمی پیاوێک وەردەگرین.. دەڵێم نمونەیەک، ناڵێم چۆن نمونەیەک.. ڕێ وشوێنە پزیشکییەکان دیارییان نەکردووە چۆن نمونەیەک.. واهاتووە تەنیا سەمپڵێک وەربگرین.
– بەڵێ دواتریش لە منداڵانێکی دەسکردی شوشەیدا لەگەڵ هێلکەی ژنێک دەیپیتێنین و لێئەگەڕیین گەشەبکات.
– نا… لێدەگەڕێین بمرێ!!!
– واوو.. دکتۆر.. دیسان؟
– سیلین، با من و تۆ لەگەڵیەک ڕاستگۆبین؛ دەزانی لە پیتاندنی سروشتیدا لە بۆرییەکانی منداڵاندا ماراسۆنێکی گەورە بەڕێوەدەچێ.. دڵنیام دەزانی و ئەوەشت لەیادە کە لە ملیۆنان سپێرمی ناو تۆوەکە تەنیا دانەیەک یان لەحاڵەتی ڕیزپەڕدا دووان و چەند دانەیەک خۆیان دەگەیەنن بە هێلکەکان و ئەوانی تر هەموویان دەمرن.
– شتێکی تازە لەم باسەدا نییە.. دکتۆر!
– سیلین هەیە، بەڵام نەتبینی.. تۆ دەزانی ئەوانەی لەماراسۆنەکان دا یەکەم دەبن، بەهێزترینن نەک لاوازترین.. بۆ ئێرەش هەر وایە.. کەسێک کە شایەنی ئەوەیە بێتە ژیان و ئەو هەموو ئازارە لەخۆی بنێ؛ ئەوە تەنها کەسێکی ئازایە.. ئەگەر ئەم چانسە بۆ سپێرمە لاوازەکانیش هەبوایە.. ئێستا کۆمەڵگایەکی لاواز و کەمئەندام و نەخۆشبووین لەسەر ئەم هەسارەیە.
– مەبەستت ئەوەیە ئێمە لێرە بێ لەچاوگرتنی تاقیکردنەوەیەکی وەکو ڕاکردن، سپێرمەکان بە هێلکەکان دەگەیەنین؟
– ئێستا کە توانای تێگەیشتنت لاوزە دەبێ دوو شت بڵێم؛ یەکەم بەتەواوه‌تی مەبەستم ئەوەنییە کە تۆ بۆی چوویت. دووەم کە ئەمەیان با سوپرایز بێت؛ سیلین تۆ بۆخۆت منداڵی تاقیگەیت…
…………………………. !!!…………….. -،………….؟………….،
…………………. …………… !

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.