دیمانه‌ی مامۆستا سه‌لاح جه‌لال
شه‌نگ.م.سه‌لاح جه‌لال نوسه‌رێكی دیاری بواری (عه‌ره‌بی و كوردی)یه، زۆربه‌ی نوسینه‌كانی له رۆژنامه‌كانی (ئه‌لمه‌شریق، ئه‌لئه‌دیب، ئه‌لموئته‌مه‌ر….هتد) بڵاوكردۆته‌وه، به ده‌یان لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر شیعر و رۆمانه‌كانی له‌بواری عه‌ره‌بی و كوردیدا نوسراوه، لای هه‌مو كه‌س به‌سه‌ركێش و یاخی ناو ده‌برێت. ئه‌و په‌رتوكانه‌ی كه چاپی كردون (كفن پۆش و كه‌ون، جه‌نگی جیهانی سفر، سقوگ الكون، ئاوێنه‌ی بوركانی ژه‌نه‌راڵ، مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته، كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی گه‌ردوون،ئوقیانوسی مه‌رگه‌سات و چیای ئاو) له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی بووه و ته‌نها په‌رتوكی(سیمیا له شانۆدا) تیپی شانۆی سالار چاپیان كردووه)، پتر له 20 په‌رتوكی گرنگی ئاماده‌ی چاپه‌و هیچ كه‌س و لایه‌نێك ئاوڕی لێ نه‌داوه‌ته‌وه‌و تا ئێستاش به‌كه‌م ده‌رامه‌تی ده‌ژی و هه‌میشه‌ش پڕ به‌رهه‌مه و به‌رده‌وام له رۆژنامه عه‌ره‌بی و كوردیه‌كاندا ئاماده‌بوونی هه‌یه.له‌بواری شانۆ‌و شیعر‌و رۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌و رۆژنامه‌نوسیدا رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له میدیا‌و رۆژنامه‌كان خۆی ده‌شارێته‌وه، به هه‌وڵێكی زۆر له ئۆفیسی شه‌ن راسته‌وخۆ ئه‌م چاو پێكه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵدا كرد، كه به چێژێكی زۆره‌وه به‌ده‌م دانیشتن و پیاسه كردنه‌وه وه‌ڵامی داینه‌وه.
شه‌نگ/چۆن له دوا گۆڕانكاریه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداری عێراق ده‌ڕوانیت؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ هیچ گه‌شبینیه‌كم نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی گه‌لانی عیراق متمانه‌ی پێنه‌كرا، به‌هۆی ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی جیهانیه‌وه، ئه‌مه رونی كرده‌وه كه گه‌مه‌یه‌كی سیاسی زۆر گه‌وره له عیراقدا هه‌یه،كه له هه‌موو جیهاندا وێنه‌ی نییه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه بۆ ماوه‌یه‌كی بێ‌سنوور نه‌توانرا حكومه‌ت پێكبهێنرێت، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌بێت چ چاوه‌ڕوانیه‌ك بۆ باشتر بوونی گوزه‌رانی گه‌لانی عیراق بكرێت له‌و هه‌موو شێوازه ئاڵوگۆڕییه‌ی ئه‌م كورسی بۆ ئه‌و و ئه‌و بۆ ئه‌وی تر.
شه‌نگ/ پێتوایه ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی وڵاتانی دراوسێ گه‌وره‌ترو كاریگه‌رتره له ئیراده‌ی سه‌ركرده سیاسیه‌كانی عێراق؟َ
م.سه‌لاح جه‌لال/ به‌ڵێ به‌پێچه‌وانه‌وه لیستی ئه‌لعیراقیه ده‌رچوو بوو.به‌ڵام هه‌ر قسه‌ی مالیكی سه‌ریگرت، ئه‌مه مانای چی؟بۆ ئه‌وان وازیان له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان هێنا ئه‌گه‌ر قورساییه‌كی گه‌وره‌یان نه‌خرابێته سه‌ر؟.ئه‌ی جه‌عفه‌ری بۆ لابرا؟ئه‌وه راستیه‌كه كه عێراق بۆته یاریگای هه‌مو ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی جیهان و دوگۆڵی تیادا ده‌كه‌ن.
شه‌نگ./ ئه‌م بێئیراده‌ییه چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كان هه‌یه؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ به‌ڵێ كاریگه‌ری هه‌بوه و هه‌یه‌تی ،له‌لایه‌ك ئێمه‌ش به‌شێكین له‌و ئیراده‌و گۆڕانكاریانه‌ی عێراق و له‌لایه‌كی تره‌وه دیسان هه‌مان سیناریۆ دوباره بوه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كامه‌یان پیشتیوانی ده‌ره‌كی هه‌بێت كورسی وه‌ربگرێ و ئه‌وه‌شی كورسی زۆری بوبێت نه‌یدرێتێ، بۆ نمونه گۆڕان.
شه‌نگ./ نوری مالیكی له مه‌راسیمی راگه‌یاندنی كابینه‌كه‌یا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له به‌غدا ده‌ڵێت “ئه‌م كابینه‌یه ئاواته‌كانی من و هیچ عیراقیه‌ك ناهێنێته دی” ئه‌مه چ ئاماژه‌یه‌كه؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ ئه‌و ده‌زانێت كه كلیلی عێراق لای كێیه، ئه‌وه راستیه‌كه كه ئێمه له‌تاوی ئازار‌و سته‌م ئه‌مریكامان هێنا كه به غه‌یبی ره‌گ و ریشاڵی له‌ناو هه‌موو خاكی عیراقدا داكوتیووه، به چ شۆڕشێك ده‌كرێته ده‌ره‌وه، گه‌لانی عیراق كه‌وتونه‌ته داوێكی ئۆتۆماتیكی كاره‌بایی واوه به‌سه‌ده‌یه‌ك شۆڕش رزگاریان نابێت..ئه‌وه‌ش من ده‌یڵێم و پێشبینی ده‌كه‌م گه‌وره‌ترین كێشه و روبه‌روبونه‌وه و جه‌نگ ئه‌وه‌یه كه نه‌وه‌كانی ئاینده روبه‌روی ده‌بنه‌وه ئه‌ویش جه‌نگی ئه‌مریكایه.
شه‌نگ./ كاریگه‌ریه ئیجابی و سلبیه‌كانی ئه‌م كابینه نوێیه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چین؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ له‌هه‌موو بارێكه‌وه ده‌بێت كورد به شێلگیرانه‌و یه‌كگرتوویی و عه‌قڵێكی كراوه‌وه بتوانێت سلبیاته‌كان بگۆڕێت به ئیجابیات و ئه‌ویش زیاد بكات، ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی كوردستانی بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی باش مامه‌ڵه بكه‌ن؟. خۆ ده‌توانن وه‌ك گوندی (وڵاخلو) بكه‌ن كه له‌ناو دێكه‌دا یه‌كیان ده‌كوشت و كه ده‌چونه ده‌ر لای به‌ردێك ئامانه‌تیه‌كه‌یان داده‌ناو ده‌بونه برا، تا ده‌گه‌ڕانه‌وه ئه‌وسا ئه‌مانه‌تیه‌كه‌یان هه‌ڵده‌گرته‌وه و یه‌كیان ده‌كوشته‌وه، به‌رژه‌وه‌ندی كورد له هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك زیاتره تاكه‌ی ئه‌م هێزانه ناتوانن ته‌نانه‌ت پیاده‌ی ئاكاری ئه‌و گونده بكه‌ن؟
شه‌نگ/ پێتوایه بتوانن وابكه‌ن؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ پێویسته هه‌موو لایه‌ك له‌و عه‌قڵه ره‌شبگیریه ده‌ربچین كه تیاماندا هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر ئێمه‌ی گرتۆته‌وه.
شه‌نگ./ ئێستا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا بۆ یه‌كمجاره ئۆپۆزسیۆن هه‌یه، ئه‌ویش لایه‌ن یان هێزێكی كوردییه، له‌م دۆخه چۆن ده‌ڕوانیت؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ ئه‌م پرسیاره زۆر مانا‌و سه‌ره‌داوی لێده‌بێته‌وه ده‌كرێت چڕی بكه‌ینه‌وه: بونی لایه‌نێك به‌كورسی كه‌مه‌وه و به‌بێ پشتیوانی كورسیه‌كانی تری به‌ره‌ی كوردستانی و عێراقی ئه‌و قورساییه‌ی نابێت و به‌شداریشی له په‌ڕله‌ماندا به‌بێگومان كه‌مێك ره‌نگی ئۆپزسیۆنیش كاڵا ده‌كاته‌وه.به‌ڵام هه‌ر ده‌توانێت ببێته كه‌ناڵێكی كاریگه‌ر به‌وه‌ی كه بوونی ئۆپۆسیۆن خۆی داهێنانه و بوونێكی جوانه ده‌شبێت به‌و شێوه‌یه ئۆپۆزسۆنی كورد جوانیه‌كانی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بهێڵێته‌وه‌و له په‌ڕله‌ماندا و تێكینه‌دات، ئه‌مه‌ش به داهێنان ئه‌كرێت له‌و كارانه‌ی كه به‌رده‌وام ده‌بێت كه خستنه سه‌رو نوێبونه‌وه و جیاكاری هه‌بێت.
شه‌نگ./ له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ت به‌وه كرد كه كابینه نوێكه دیاری ده‌ستی وڵاتانی ده‌ره‌كیه، به‌ڵام ئه‌و هێزه كوردیه‌ی كه ئۆپۆزسیۆن بوونی هه‌ڵبژارد ده‌توانێت چی بۆ عێراق به‌گشتی و كورد به‌تایبه‌تی بكات.؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ لێره‌دا ئه‌بێت به قوڵی كۆمه‌ڵێك شیكرده‌وه بكه‌ین ، كه‌ناكرێت ته‌واو شیكاریه‌كی دوور و درێژ بكه‌ین، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ماكان بۆ شۆڕشی راسته‌قینه، گه‌لانی عیراق هه‌تا ئێستا به شداری هیچ شۆڕشێكی پیشه‌سازی و بۆرژوازی و كشتوكاڵی و ریشه‌یی و به‌شداری شۆڕشه گه‌وره‌كانی جیهانی نه‌كردووه، لێره‌دا كه كابینه‌كه ده‌وڵه‌ت داده‌مه‌زرێنێت به‌رئه‌نجامی رابردوویه‌تی كه خاوه‌نی ئه‌و شۆڕشه ریشه‌ییه نییه، بۆیه‌ش تواناكانی ئه‌و مێزه پڕ له كه‌موكڕیانه‌یه كه ده‌بینرێت، نمونه‌مان هه‌یه ئه‌مانه توشی ماوسیتۆنگ نه‌هاتن.؟ چونكه ئه‌و به‌ر له هاتنه سه‌ر كار هه‌موو بنه‌ماكانی گۆڕی، ئه‌م گۆڕانه‌ی شۆڕشیش كه به ریشه‌یی كرا مانای ره‌گ و ریشاڵی هه‌موو چه‌مكه له كه‌ڵك كه‌وتوه‌كان ئه‌گۆڕێت به چه‌مكی نوێ، به‌ڵام كابینه‌ی عێراق به گه‌رده‌لولێكی سیاسی هه‌ریه‌كه له وڵاتێكه‌وه هاتنه سه‌ر زه‌وی كاولبووی عیراق و ململانێكه‌یان له فیكر‌و داهێنانه‌وه ته‌نیا بوو جه‌نگی به كورسی به كورسی، ده‌رباره‌ی ئۆپۆزسیۆنیش دیسان توشی هه‌مان گه‌رداو ده‌بێته‌وه چونكه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌چێته سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی كه به‌و شێوه‌یه به‌ر جه‌سته بووه‌و هه‌ڵگری ئه‌وه نییه كه گۆڕان دروست بكات، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه ده‌توانێت به‌رده‌وام ئاماده‌گی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز نیشان بدات و ده‌بێته ته‌لیسمێك بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام روانینه‌كان سڵه‌مینه‌وه‌ی لێبكه‌ن، به‌ڵام به دیوه‌كه‌ی تر وه‌ك گوتم باری عیراق هه‌رگیز ئێستا باش نابێت جگه‌له‌وه‌ی كه پێویستی به‌وه هه‌یه ئه‌و شۆڕشه بكات كه ئاماژه‌م پێكرد، ئه‌مه‌ش مه‌رج نییه بچێته‌وه بۆ ئه‌و شۆڕشه خوێناویانه‌ی كه له جیهاندا كراون، چونكه گۆڕانه‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا گۆڕاون ده‌توانرێت شۆڕشه‌كان به شێوازێكیتر بكرێن، ئالێره‌شدا رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ده‌توانێت به‌شداری و ئاماده‌گی خۆی به راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ بنوێنێت و ببێته به‌شێك له‌و شۆڕشه‌ی كه دڵنیام هه‌ر ده‌بێت بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه له عیراقدا ئاماده‌گیه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنان و جیابونه‌وه و داهێنانی نوێ هه‌یه، زه‌وی عێراق گۆڕانكاریه‌كی تری له به‌رده‌مه هیوادارم له كه‌ناره‌كانی فیكر و داهێنانه‌وه سه‌رچاوه بگرن.
شه‌نگ./ ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌كان به رووی دنیادا له چ دۆخێكدایه؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی ئێستا له‌چاو ئه‌و داخراویه‌ی كه له رابردوودا هه‌بوو هیچ بیانویه‌كی بۆ سه‌ركردایه‌تی و تاكی كوردی نه‌هێشتۆته‌وه كه بڵێن : ئه‌وه‌مان له ده‌ست هات، جگه‌له بێتوانایی بوونی كه‌سه‌كان و كه‌مته‌رخه‌می نیشتمانی نه‌بێت.
شه‌نگ./ له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی نۆزده‌ساڵ حكومڕانی خۆبه‌خۆی كوردیدا چۆن له شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی و ئیداری كوردی ده‌ڕوانیت؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ ناكرێت هه‌ر ره‌شبگیرانه بڕیار بده‌ین كه هه‌موو شته‌كان قێزه‌ون بكه‌ین، چونكه له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ره‌و پێشچون و كاری چاك له ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌و ئیراده‌ی كورد و پێشكه‌وتنی كێشه‌كه‌ی كراوه، ماندوبونێكی زۆر به دیده‌كرێت به تایبه‌ت له‌لای هه‌ردوو به‌ڕێزان (كاك مه‌سعود و مام جه‌لال) كه زۆر قورسایی گه‌وره‌یان هه‌بووه،كێشه‌ی كورد به‌رو پێشچونێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری به‌خۆیه‌وه دیوه، ئه‌وه‌ی كه‌ماوه‌ته‌وه ئاستی ناوخۆیی كوردستانه، به‌داخه‌وه ئه‌و پێشكه‌وتنه‌یان له ناوخۆدا جێگه‌ی مشتومڕێكی زۆر گه‌وره‌یه، كه كار گه‌یشۆته راده‌یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به ته‌واوی له نیگه‌رانی چۆته ده‌ر، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گێڕمه‌وه بۆ نه‌كردنی ئه‌و شۆڕشه ریشه‌ییه‌ی كه باسمانكرد ده‌توانین بڵێین كه شۆڕشێكی جه‌سته‌یی و قوربانیدان بووه له بری ئه‌وه‌ی عه‌قڵێكی مه‌عریفی به‌رهه‌مهێن بتوانێت ئه‌و شۆڕشه بكات كه هه‌موو چه‌مكه له كه‌ڵك كه‌وتووه‌كان بگۆڕێت به چه‌مكی نوێ، كه ئه‌مه كاری هه‌ر شۆڕشێكه له جیهاندا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه كورد به‌شداری شۆڕشه باڵاكانی جیهانی نه‌كرد، وه‌ك گه‌لێكی دابڕاو له جیهان به‌درێژایی مێژوو به‌ندبووین، نه ده‌توانرا هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك به جیهانه‌وه بكه‌ین و داخراوبووین،جگه له‌وه‌یش دواكه‌وتویی كۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ك و جه‌نگی براكوژی و فیفتی به فیفتی و ناكۆكی خراپی نیۆن پارته‌كان و جیانه‌كردنه‌وه‌ی سه‌نتریالیزمی دیموكراتی شار و شاخ و زۆر هۆكاری تر، كه ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نیه كه شۆڕش هیچ نه‌بوبێت، نه‌خێر شۆڕشی كوردی به‌رهه‌مهاتووی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه بووه كه ته‌واو دواكه‌وتوو بووه، بگره هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌له‌بواری زانكۆ و ئیداره‌و باری شارستانی و كومه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌وه هه‌یبووه به‌هۆی شۆڕشه‌كانیه‌وه بووه، چونكه داخراوی كورد له سنور چو بووه ده‌ر،به‌هۆی دوری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و نه‌بونی سنوری ده‌ریایی و نه‌بونی بازاڕی هاوبه‌شه‌وه،هاوپێچی داخراویه‌كانی جیهانی ئه‌و كاته‌ش بوه، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئێمه ئه‌و شۆرشه‌یه كه به‌مانای خۆی ببێته جه‌مسه‌ری گۆڕانكاریه‌كان، ئێستا له رێی شۆڕشی زانیاریه‌كان و تۆڕی ئینته‌رنێت و گه‌یاندن و هه‌موو هۆكارێكی تری مۆدێرن هیچ نه‌ماوه كه ئێمه خاوه‌نداری نه‌كه‌ین، ئیتر لێره‌دا كاتی ئه‌وه‌مان هاتووه كه ره‌خنه بگرین نمونه به پێشمه‌رگه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول بهێنینه‌وه كه به ده‌سته‌سڕێك نانه ره‌قه‌وه له‌ژێر سێبه‌ری فڕۆكه‌و ته‌قینه‌وه‌ی تۆپدا بۆنی قه‌وانی گولله بڕنه‌وه‌كانی ده‌كرد،یان نمونه به شه‌هید ئارام بكه‌ینه‌وه كه به‌دیار بۆنی قه‌وانه‌كانه‌وه گیانی سپارد، ئێستاش به‌رپرسێك ده‌یان ڤێلا ئه‌كاته‌وه،ئه‌و جیاوازیه گه‌وره‌یه،پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئه‌وكاته، كه ره‌نگه نه‌خوێنده‌واریش بو بێت و خاوه‌نی ئه‌و بیروباوه‌ڕه پۆڵایینه بوه بۆ كورد،ئه‌میش بێگومان به‌كالوریسی هه‌یه و ئه‌و پاره ناسروشتیه‌ی كه‌له بازاڕه‌كاندا ده‌بینرێت هی ئه‌وانه‌یه، چۆن ئێمه بتوانین خۆمان به‌و شێوه‌یه پڕ باوه‌ڕ بكه‌ین، ئایا ئه‌و قۆربانیه‌ی رابردوو ئاوها له‌لای ئێمه تۆڵه‌ی ئه‌كرێته‌وه.؟
شه‌نگ./ چی له‌باره‌ی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان)ه‌وه ده‌ڵێیت؟ له‌ماوه‌ی رابردوودا تا چه‌ند له‌كاره‌كانیان رازیت؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ به‌راستی من خۆم كه‌سێكم به‌رده‌وام حه‌زم له گۆڕانكاریه نوسینه‌كانی ده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ریشم به‌تایبه‌ت(كوردستان جوگرافیا‌و ده‌سه‌ڵات) و(شوناسی نادیار و سروشتی رۆمانی كوردی) ، ره‌خنه‌م گرتووه‌و داوای گۆڕانكاریم كردووه كه ئه‌و كاته سه‌یربوون ، پێم خۆشه كه گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بگرێته‌وه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه هات له‌كاتێكدا ئه‌م دروشمه‌ی هه‌ڵگرتوو برینه‌كانی خه‌ڵكیشی گرت، له‌و كه‌مو كوڕیانه‌ی كه هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی حكومه‌ت له هه‌ولێرو سلێمانی به‌جێیان هێشتبوو، ئه‌مه وایكرد كه گۆڕان جه‌ماوه‌رێكی باش له خۆی كۆبكاته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی پرسیاره زه‌مینه‌ی كوردی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی ده‌ویست،برینه‌كان ده‌میان كردبوه، به‌ڵام بۆچی گۆڕان نه‌یتوانی كۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌كه بكات؟ ئه‌مه پرسیارێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌و زۆر ره‌گ و ریشاڵی لێده‌بێته‌وه، له‌لایه‌ك پابه‌ندی ئه‌و پێنه‌گه‌یشتنه عه‌قڵیه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌یه‌تی و تا ئێستاش رێكنه‌خراوه به‌وه‌ی كه ئه‌و ئاماده‌كاریه‌ی هه‌بێت،خۆنه‌دۆزینه‌وه و رێكخستنی و یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌و شیرازه‌پچڕاوییه‌ی كه‌له بواری جوگرافیا و زمان و چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئابوری و ته‌نانه‌ت كلتوریشه‌وه كه هه‌یبوه و هه‌یه‌تی، لێره‌شدا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ كلتور كه ده‌توانین هه‌موو پێگه‌كان بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه كه ئه‌مه كاری كێیه.؟ ئه‌م ئاماده‌كاریانه هۆكاری تایبه‌تی و گشتیان هه‌یه له‌وانه‌ی كه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر گه‌شه‌كردن و گۆڕانكاریه‌كان هه‌یه، ده‌توانین ئاماژه به رۆڵی خوێندن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و هه‌موو دانیشگاو زانكۆكان بكه‌ین هه‌روه‌ها تیشكدانه‌وه‌ی نامه‌كانی ماسته‌رو دكتۆرا، كاره داهێنانه‌كانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له‌هه‌موو بواره‌كانه‌وه رێكخه‌رایه‌تی رێكخراوه جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان،رۆڵی زور له‌و پارته سیاسیانه‌ی كه ته‌نیا به خۆڕایی بودجه‌ی ئه‌م گه‌له هه‌ژاره وه‌رده‌گرن و هیچ رۆڵێكیان له نه‌خشه‌ی سیاسی‌دا نیه، ئه‌مه و ده‌یه‌های هۆكاری گرنگ كه توێژینه‌وه‌ی تایبه‌تیان ده‌وێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه له هه‌موو بوارێكه‌وه دواكه‌وتوو بوین، چونكه له‌سه‌ر ئاستی زانسته‌كان و فه‌لسه‌فه نه‌گه‌یشتوینه‌ته خاڵی سفر، ئه‌وه‌ی كه هه‌مانه وه‌رگیراوه، نه‌توانراوه داهێنان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه زانستێكمان وه‌رگرتووه چۆن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا پیاده‌ی بكه‌ین، ئه‌م جۆره كارانه‌ی كه هه‌روا به سانایی قسه‌یان له‌سه‌ر ناكرێت كه گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێمه‌ن،ئه‌مه كێشه‌ی گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بیشه به‌و كلتوره فراوانه‌ی كه هه‌یانه به‌ئیبن عه‌ره‌بی و ئیبن سینا و جورجانی و ئیبن خه‌لدون و فارابی و ئیبن روشد و ده‌یه‌های تره‌وه،كه فه‌یسه‌ل دوراج و عه‌لی حه‌رب و جابری و ده‌یه‌های تریان دایه‌لۆژیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه به داخه‌وه له بورای رۆشنبیری كوردیدا هه‌وڵیشیان بۆ نه‌دراوه، ئه‌مه‌شه كه‌كاریگه‌ریه‌كی سه‌ره‌كی هه‌بوو، بۆیه گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی كه به‌و شێوه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تری جیهان ره‌خسابێت دانه‌مه‌زرا. جگه له‌وه‌ش جه‌نگ شوێنه‌وارێكی قورسی له‌هه‌مو بوارێكه‌وه هه‌یه و كاریگه‌ری راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی كردۆته سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و له تاكه‌كاندا ره‌نگ ده‌داته‌وه. وه هه‌روه‌ها گۆڕانیش له‌رووی تیۆریه‌وه نه‌بووه ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه فیكریه‌ی كه ئه‌مڕۆ زۆر قورسه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ، بۆیه بۆ گۆڕانیش قورس‌تر كه‌وته‌وه،جگه له‌وه‌یش ده‌بێت دیسان كارتێكه‌ری جیهانیش له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردی له بیر نه‌كه‌ین،له‌لایه‌كی تریش پێویست بو گۆڕان خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسۆیی بۆ مێژوی شۆڕشی كورد بكات،واته خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسۆیی ئه‌و مێژوه بكات بۆ داڕشتنی ئێستای له‌سه‌ر رابردو بۆ ئاینده، كه ئاشكرایه برینه‌كانی كورد زۆرن و پێویسته هه‌موی به هه‌ند وه‌ربگیردرێن،ناكرێت خه‌ت به‌سه‌ر هیچ مێژویه‌كدا بهێنرێت، به‌ڵكو مێژو له هه‌مو ساتیكیدا پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی ئاسۆیی هه‌یه،به پێچه‌وانه‌وه ده‌رگا له‌سه‌ر خۆی كڵۆم ده‌كات، خوێندنه‌وه‌ی ئاسۆیی ره‌ش و سپی ناهێلێت،رق و قین و خۆشه‌ویستی ده‌سڕێته‌وه،ئه‌و كاته وه‌ك كاری هه‌ر شۆڕشێكی تر رابردو ده‌خوێنێته‌وه به عه‌قلێكی به‌رهه‌مهێنه‌وه و ده‌بێته پاشخان و بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆی و ئه‌وسا كار له‌سه‌ر ئاینده ده‌كات . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانی ره‌خنه‌ی توند له ده‌سه‌ڵات بگرێت، كه‌م و كوڕیه‌كانیان ده‌ربخات، بێگومان هه‌ژانێكی گه‌وره‌ی دروستكرد، به‌ڵام واقیعه‌كه‌ی ئێمه زۆر قورس كه‌وتۆته‌وه،به‌ڵی گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌مان به‌سه‌ر هاتوه به‌ڵام له داخراویه‌وه پێشكه‌وتنی جیهانمان به‌سه‌ردا كه‌وتۆته خواره‌وه، ئایا تا چه‌نده له‌و كه‌وتنه خواره‌وه‌یدا توانیومانه چی له عه‌قڵماندا كۆبكه‌ینه‌وه؟ له‌به‌ر ئه‌وه كه‌له‌به‌رێكی زۆر گه‌وره‌ی تیۆری و مه‌عریفی و فیكری قوڵمان له‌هه‌موو بواره‌كاندا هه‌یه، كه نازانین له كوێوه ده‌ست پێًبكه‌ین،ئه‌مه‌ش كاری كه‌سه‌كانی فیكر و داهێنانه كه پێویسته به فیكره‌كانیان ئێمه و جیهان بگوێزنه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه بڵێم گۆڕان هیچی نه‌كردووه، هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی تریش بوایه به‌شێكی ئه‌وی بۆ نه ده‌كرا، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توانای له راده‌به‌ده‌ری خودی(نه‌وشیروان مسته‌فا).
شه‌نگ/ سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت باسێك له‌و ره‌شبگیریه بكه‌یت كه باسی ده‌كه‌یت؟.
م.سه‌لاح جه‌لال/ ئه‌و ره‌شبگیریه زۆر له رۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌بیركردنه‌وه و گفتوگۆ و دایه‌لۆژ و نوسین و ئاكاردا هه‌یه، ئه‌ویش دیاره هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك لای ئه‌وی تر نه‌ویسترا،ره‌شبگیرانه له‌سه‌ری ده‌نوسرێت، زۆربه‌ی نوسینه‌كان پڕن له ڕه‌ش بونه‌وه،خاڵی ئاسۆیی كه‌م ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ش روانین و لێكگه‌یشتنی كه‌م كردۆته‌وه.هه‌مو كه‌س و لایه‌ن و دیارده‌یه‌ك لایه‌نی چاك و خراپیان هه‌یه،ناكرێت تۆ به لایه‌نێكیان هه‌مو شتێك دابپۆشێت،ئه‌و جیاوازیانه‌ش لای ئه‌و كه‌سانه نامێنن كه داهێنه‌رن و به‌ر له‌هه‌مو شتێك كێشه‌یان له‌گه‌ڵ فیكری خۆیاندا هه‌یه.كه‌سی به‌رهه‌مهێن ره‌شایی له بیریدا نیه،دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی نازانێت، ئه‌و بۆ فیكره‌كه‌ی ده‌نوسێت،هه‌ر به‌ویش ئه‌و شۆڕشه به‌رپا ده‌كات كه ده‌بێته گه‌رده‌لولی گۆڕانكاریه‌كان.
شه‌نگ./ چۆن له تواناكانی نه‌وشیروان مسته‌فا راده‌بینیت.؟ یان قورسایی له ئاراسته‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌دا چییه؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ ئه‌م پرسیاره بۆ من قورسه، كه بتوانم ده‌رباره‌ی هه‌ركه‌س به‌تایبه‌تی به‌ڕێز(نه‌وشیروان مسته‌فا) قسه بكه‌م، به حه‌قیقه‌ت ناكرێت هه‌روا به سانایی له كه‌سایه‌تیه‌كی وا بڕوانم، چونكه ئه‌و كه‌سێكی دیار و جیاواز له‌سه‌ركرده‌كانی تر هاتووه، به‌رده‌وامیش ره‌خنه‌گر بووه، ئه‌وه‌شی له‌په‌رتوك و نوسینه‌كانیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه،ئه‌وه‌ی ده‌یبینم نوسینه‌كانی جیاوازن له هه‌ڵسوكه‌وته‌سیاسیه‌كانی، له نوسیندا زۆر وریا و خۆپارێزه و خاوه‌ن فیكر‌و قه‌ڵه‌مێَكی پێگه‌یشتوه،له دوای جیابونه‌وه‌یشی له‌گه‌ڵا یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تی گوڕان ده‌كات كه به‌مه‌یش فۆڕمێكی تری وه‌رگرتوه، له‌وه‌ی خۆی خستۆته ده‌ریایه‌كه‌وه به‌راستی جارێكه رون نیه چۆن سه‌ر ده‌ردێنێت، ئه‌م گومانه تۆزێك ئاڵۆزی هه‌یه، له‌وه‌ی وا ده‌زانرێت،كه یه‌كێتی و گۆڕان ده‌بنه‌وه به یه‌ك، ئه‌مه‌ش جارێكه نازانین و ناتوانین هیچ حوكمێك بده‌ین، پێده‌چێت له ئاینده‌یا له‌گه‌ڵ یه‌كلابونه‌وه‌ی ئه‌و گومانانه‌وه ئامانجه‌كانی گۆڕان ئه‌و كاته ته‌واو شوناسێكیتر بۆ ئه‌و پیاوه دیاری بكرێت، كه پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له گۆڕه‌پانی سیاسی و رۆشنبیری‌دا هه‌یه.
شه‌نگ/ ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارته سیاسیه‌كانی دیكه‌ی كوردستان چۆن ده‌بینیت؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ مادام كێشه‌كان نه‌گه‌یشتنه شه‌ڕو خوێنڕشتن له‌هه‌موو باره‌كاندا ئیجابیه‌ت زیاتره، مانای عه‌قڵی سیاسیه‌كان گونجاوه بۆ دایه‌لۆژ، ئه‌مه‌ش بارێكی باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه كێشه‌ی كورد دیاره ئه‌بێت هه‌موومان بیبینین، گۆڕان له‌سه‌ر حه‌قه كه بیه‌وێت گۆڕان بكات دوای ئه‌وه‌ی پارته‌كان زۆر كه‌م و كوڕی گه‌وره‌یان به ناحه‌ق و له‌سه‌ر گه‌لێكی جه‌رگ و دڵا پارچه پارچه‌ی وه‌كو كورد هه‌یه، دیسان ئه‌بێت حه‌قیش به پارتی و یه‌كێتی بده‌ین كه خاوه‌نی كۆچی قوربانی و خه‌باتن،له‌پاڵا ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌یاندا كاریگه‌ری زۆریان هه‌بوه و هه‌یه، له‌لایه‌كیتر ئه‌وه‌مان زانی چه‌ند ساڵه به‌كرده‌وه‌ش له‌به‌رده‌مماندایه كه ئه‌و شۆڕشه ناكرێت كه گۆڕان ده‌یه‌وێت له‌م بار‌و دۆخه‌دا،ئه‌وه‌ش ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یه كه ره‌خساو نیه،كورد گۆشتێكه هه‌زاران پشیله خۆیان بۆ چه‌مۆڵه كردوه، هه‌موو لایه‌كیش پێده‌چێت هه‌وڵی گۆڕانكاریان دابێت له خۆیاندا، به‌ڵام سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه هیچ ناگۆڕێت، ئه‌مه پابه‌ندی چیه؟ كێشه‌كان له پشت ئه‌مانه‌وه زۆرن، ئه‌و رابردووه‌ی كه ئێستای له‌سه‌ر دامه‌زراوه پێكهێنه‌ر نه‌بووه،زه‌مینه‌یه‌كی نه‌ره‌خساندوه كه ئه‌مڕۆ بۆ ئاینده ئاماده بكات، بۆیه پێویسته هه‌موو لایه‌ك له هه‌وڵێكی به‌رده‌وام به‌یه‌كگرتوویی هه‌وڵبده‌ین گۆڕانكاریه‌كان بكه‌ین ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتیش به‌وه رازیببن. ئاقڵیه‌كی زۆر گه‌وره له‌وه‌دایه كه حكومه‌تی كوردی بمێنێت و گۆڕانكاریه‌كانیش بكرێن چونكه هی هه‌مومانه،جه‌نگه‌كه‌یش هاتۆته سه‌ر جه‌نگی بیر و مه‌عریفه،له جیاوازی و بواره‌كانی دۆزینه‌وه و خستنه‌سه‌ردا هێمای سه‌ركه‌وتنی هه‌ر لایه‌نێك دیاری ده‌دات،ئێستاش پێویستمان به‌وه هه‌یه هه‌موو بیربكه‌ینه‌وه و پرسیار بكه‌ین به دڵنیاییه‌وه لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپیمان پێویسته كه كاری له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه..ئه‌م گه‌رده‌لوله‌ش كاری میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و میدیولوژیایه كه چۆن شۆڕش له شۆڕشدا بكرێت كه رۆجیس دوبریه ئاماژه‌ی پێده‌كات.هه‌روه‌ها داهێنه‌رانی هه‌مو پانتایی و بواره‌كان كه بتوانن خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێن بكه‌ن دور له‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ی كه ئه‌مڕۆ باری رۆشنبیری و راگه‌یاندنی گرتۆته‌وه؟
شه‌نگ./ به‌ڵام گۆڕان ئاماده‌یه وه‌ك ده‌یبینین كار بۆ به‌ده‌ست هێنانی هیچ پله‌و پایه‌و پۆستێك نه‌كات ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می گۆڕانه‌كانیدایه، به پێچه‌وانه‌وه هێزه‌كانی تر له شه‌ڕی بردنه‌وه‌ی پۆستێكی زیاتردان، ئایا ئه‌مه جیاوازیه‌كی گه‌وره نیه؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ به‌ڵێ جیاوازیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌موو هێزێك ئه‌و هه‌وڵه ئه‌دات، هه‌روه‌ها گۆڕانیش هه‌وڵی داوه، مه‌به‌سته‌كه له‌وه‌دایه كێشه‌كانی كورد زۆرن ئێمه له كه‌شتی ده‌سه‌ڵاتێكداین له‌ناو زه‌ریایه‌كدایه، هه‌مووی كون كون بووه، میلله‌ت به جله‌كانی خۆیان كونه‌كان ئه‌گرن، ئه‌بێت ئیتر هه‌مو هه‌وڵبده‌ین نوقم نه‌بین، كه‌بێگومان ئێستا ئێمه سه‌ره‌تایه‌كمان هه‌یه له رزگاری و به‌هۆی ئه‌ودیو كردنه‌وه هه‌مو شتێكمان بیر چۆته‌وه كه جه‌رگ و دڵ و رۆحمان هه‌ر پارچه‌ی له وڵاتێكه، كه ده‌بو سه‌ركرده‌كانی كورد بیر له گۆڕانكاری گه‌وره بكه‌نه‌وه، وه‌ك غاندی كراس و ده‌رپێیه‌كی سپیان بپۆشیایه، له‌بری ئه‌م پاشا گه‌ردانیه، بڕوا بكه‌ن ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه هه‌بوایه ده‌بو وه‌كو غاندی سه‌ره‌ی نانكردن ماڵه به‌رپرسه‌كانی بگرتایه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌یان شه‌رابی سه‌ركه‌وتن نۆش ده‌كه‌ن و میلله‌تیش به دیاریانه‌وه كه‌وتۆته ناو جیهانی نه‌سته‌وه.
شه‌نگ./ ئایا روِژێك ده‌بینیته‌وه بۆ دادگایی كردنیان ؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ ئاشكرایه هیچ شتێك له مێژو ون نابێت،ئه‌وه‌ی به دزیه‌وه بكرێت له ئاوێنه‌كه‌ی مێژودا تۆماره،به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت كاتێك ده‌زانرێت بڵاوی كردۆته‌وه،ئه‌وانه‌ی كه‌پاره‌ی ناسروشتی له‌رێی كه‌س و كاریانه‌وه ده‌خه‌نه بازاڕ هه‌روا ون ده‌بن، هه‌ر رۆژێك بێت مێژو دادگایی ئه‌وانه ده‌كات كه به‌سه‌ر خوێنی میلله‌ته‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بون پاره‌كانیان لێده‌بێته دۆزه‌خ، ئه‌وانه‌یشی كه كه‌مته‌رخه‌م بون له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ر پرسیاریه‌تی هه‌روا گاڵته نیه،كێ به قه‌د ستالین خه‌باتی كرد و تێكۆشا بۆ گه‌لانی سۆڤیه‌ت؟
شه‌نگ./ ئایا شێوازی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی كه ئێستا هاتونه‌ته به‌رده‌م چۆن ده‌بینیته‌وه؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ بێگومان ئه‌مه‌ش دیسان شۆڕشێكی ئه‌وێت كه شۆڕشی مه‌عریفی و زانیاری و گۆڕانكاری جیاكاریه‌كانه،له‌پاڵ ده‌یه‌ها شۆڕشی جۆراو جۆر كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پاش ئه‌و هه‌مو پانتاییه به‌تاڵانه‌ی كه هه‌یه‌تی ده‌بو وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شۆڕشگێڕ مامه‌ڵه‌ی بكردایه، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام كاركردنه بۆ داهێنان و خستنه‌سه‌رو گۆڕانكاری له‌سه‌رجه‌م بنه‌ماو بونیاده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، كه بێگومان پێویستی به‌وه هه‌یه كه‌سه‌كانی فیكر‌و داهێنان بایه‌خیان پێبدرێت و ئاسۆیه‌كی به‌رفراوان له داهێنه‌ران بكرێته‌وه، كه بتوانن ئاسۆ بخه‌نه هه‌مو ئه‌و تاری و شه‌وه‌زه‌نگیه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاسۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی گرتۆته‌وه.
شه‌نگ./ ئه‌و سكاڵایانه‌ی له‌مه‌وبه‌ر پ.د.ك له‌سه‌ر نوسه‌ران و میدیای ئازاد تۆماری كردوون، ئازادی ده‌خه‌نه كوێی هاوكێشه سیاسیه‌كانه‌وه؟ یان سنورداركردنی ئازادی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ چی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
م.سه‌لاح جه‌لال/ ئه‌م پرسیاره به‌چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌ڕوات من لێره‌دا ته‌نیا نوێنه‌ری خۆمم و ناتوانم ده‌ستبخه‌مه كاری هیچ پارت و كه‌سێكه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دژی ئه‌و تۆماركردنه یاساییه‌م له‌سه‌ر نوسه‌ران ئه‌وه‌ی كه بیزانم ئه‌ویه به‌رده‌وام ده‌وڵه‌ت له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕه‌خنه و نوسینه‌كان خاڵه لاوازه‌كانی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و گۆڕانكاری ده‌كات له‌لایه‌كی تر پێویسته میدیا و ڕۆژنامه‌كانیش بزانن چۆن به‌بیری ورد زانیاریه‌كانیان ده‌نوسنه‌وه، پێویسته له‌و ڕه‌شبگیریه ده‌ربچین كه بومانه هه‌رچه‌نده زۆری ئه‌وانه‌ش میدیای پارته‌كانن و له كاتی توند و تیژی و روبه‌روبونه‌وه‌ی یه‌كا ده‌كه‌ونه نوسین،میدیای ئازادیش له كوردستان نابینرێت، زۆر له‌و قه‌ڵه‌مانه‌ش به‌بڕشتن كه‌سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت، دیسان زۆر له‌و سكاڵایانه‌یش كاری كۆمه‌ڵێك نوسه‌رن كه له‌ده‌وری ده‌سه‌لات كۆبونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی كه گرنگه ئه‌ویه كه هه‌وڵبدرێت ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ی كه هه‌بووه له‌بواری ڕاگه‌یاندندا نه‌مێنێت كه‌سه‌كانی فیكر و داهێنان و رۆژنامه‌نوسی راسته‌قینه بتوانن به‌بیره‌كانیان ئێمه و ئه‌وان بخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه و بمانگۆڕن.
شه‌نگ./ وه‌ك ده‌ڵێن 2010 بۆ ڕۆژنامه‌نوسان و نوسه‌ران ساڵێكی پڕ مه‌ترسی بوو له هه‌مان كاتدا ئه‌و ساڵه زۆرترین خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری تێداكراوه ئه‌مه به‌ڕای به‌ڕێزت ده‌گه‌ڕێنیته‌وه بۆ چی؟
سه‌لاح جه‌لال/ مانای بوونی كه‌موكوڕی و خاڵه‌لاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌وه، كه پێویسته به‌سه‌را چونه‌وه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بكات له‌وه‌ی كه هه‌نگاوی گرنگ بنێت بۆ پڕبوونه‌وه‌ی لاوازیه‌كان.