ئازادی راده‌ربڕین.. به‌ریه‌ككه‌وتنی مه‌لا‌و روناكبیر
ئازادی راده‌ربڕین.. به‌ریه‌ككه‌وتنی مه‌لا‌و روناكبیر
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سۆسیۆلۆگ(د.عادل باخه‌وان)
قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پاریس
سازدانی: سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
Salam_80jornalist@yahoo.com
روانگه: ئه‌و پێكدادانه‌ی كه له‌كوردستاندا‌و له‌كێڵگه‌ی ئازادی راده‌ربڕیندا ده‌بینرێت، ئێوه وه‌ك سۆسیۆلۆگ چۆنی ده‌بینن‌و لێكی ده‌ده‌نه‌وه ؟
د. عادل باخه‌وان: ئازادی راده‌ربڕین هه‌م كۆنسێپته‌و هه‌م گوزارشته له‌خه‌ون‌و حه‌ز‌و خواستی تاك‌و گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان. وه‌ك كۆنسێپت، قوتابخانه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژیمان نیه كه‌به‌وردی له‌سه‌ر ئه‌م ئیشكالیه‌ته رانه‌وه‌ستا بێت‌و به‌قوڵی رانه‌ما بێت‌و وشه‌ی خۆی نه‌وتبێت. هه‌ر له‌سۆسیۆلۆژیای تێگه‌یشتنی ماكس ڤێبه‌ره‌وه، تا ده‌گاته، سۆسیۆلۆژیای راڤه‌كردنی ئێمیل دۆركایم، فینۆمینۆلۆژیای كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌لفرێد شوتز، ئه‌نته‌راكسیۆنیسمی ره‌مزی ئیڤرین گۆفمان، ئیتنۆمیتۆدۆلۆژیای گارفینكێل، سۆسیۆلۆژیای هه‌یمه‌نه‌ی پیه‌ر بۆردیۆ، كاركردنێكی به‌رده‌وامی به‌هێز‌و قوڵ بۆ به‌كۆنسێپتیوالیزه‌كردنی«ئازادی راده‌بڕین» ئاماده‌یه. وه‌ك گوزارشتیش، مێژوی مرۆڤایه‌تی لێوانلێوه له‌یاخیبون‌و راپه‌ڕین‌و شۆڕش له‌پێناوی ئازادی‌دا، كه‌ئازادی راده‌ربڕین به‌شێكی گرنگه له‌چوارچێوه‌كه‌ی.
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێكهاته‌یه‌كه له‌كۆمه‌ڵێك ده‌زگا: خێزان، گه‌ڕه‌ك، قوتابخانه، مزگه‌وت، خێڵ، زانكۆ، حزب، بازاڕ، وه‌زاره‌ت، هتد. ستراكتۆری ئه‌م ده‌زگایانه بیناكراوێكی توند‌و زه‌برو زه‌نگاویه له‌سه‌ر ئه‌و نۆرمانه‌ی، كه‌ئاشنانین به‌تۆلێرانس‌و لێبورده‌یی‌و كرانه‌وه‌و قبوڵكردنی به‌رامبه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه «هه‌یه»، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ده‌بێت «هه‌بێت». له‌هه‌لومه‌رجێكی ئاوا‌شدا ئێمه له‌به‌رده‌م دو ئه‌كته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدان، ئه‌كته‌رێك كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ستراكتۆره دامه‌زراو‌و جێگیر‌و مێژوییانه ده‌كات‌و هه‌مو تواناكانی ده‌خاته‌كار بۆ پارێزگاریكردن لێیان، ئه‌كته‌رێكی دیكه‌ش كه‌ده‌یه‌وێت له«دێتێرمینیسم»ی ئه‌و ستراكتۆرانه بێته ده‌ره‌وه‌و باز بدات به‌سه‌ر هه‌ژمونه نامیهره‌بانه‌كانیانداو له‌ده‌ره‌وه‌ی نۆرمه كۆیله‌كاره‌كانیان ژیانێكی ئازاد بۆ خۆی وه‌ك «خود» دروستبكات. بێگومان چه‌ند ئه‌كته‌ری دوهه‌م هه‌وڵده‌دات ئازادببێت، هێنده‌ش ئه‌كته‌ری یه‌كه‌م هه‌وڵده‌دات دیلیبكات. ئه‌مه ئه‌و چوارچێوه تێۆریه‌یه كه‌من پێشنیاریده‌كه‌م بۆ خوێدنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین وه‌ك چه‌مك‌و وه‌ك گوزارشت له‌كوردستاندا.
روانگه: وه‌ك تێبینیده‌كرێت زۆر جار مه‌لاكان به‌لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیان قسه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی ئازادی راده‌ربڕین ده‌كه‌ن، به‌بۆچونی ئێوه ئه‌م ئاماده‌ییه‌ی مه‌لاكان له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه؟
د. عادل باخه‌وان: به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی، كه‌ده‌ستێوه‌ردانی مه‌لاكان له‌كاروباری فیكر‌و كو‌لتوردا، له‌ئێستا‌و ئێره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، به‌ڕوداوێكی «ناوازه»و «ئیستیسنائی» ده‌بینن، من پێموایه كۆی چوارچێوه گشتیه‌كانی مێژوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌نێو ئایندا دروستبون‌و نوێنه‌ره‌كانی ئاینیش، كه له‌كوردستاندا مه‌لاكانن، ئاماده‌ییه‌كی هه‌میشه‌ییان هه‌بوه، به‌درێژایی مێژوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، له‌هه‌مو پانتاییه‌كاندا. كێ ده‌توانێت باس له‌مه‌ترێك له‌ڕوبه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكات كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئایندا دروستبوبێت‌و رێكخرابێت‌و بجوڵێت؟ مه‌لاكان پشتئه‌ستورن به‌مێژویه‌كی هه‌زار ساڵ له‌هه‌یمه‌نه به‌سه‌ر خانه به‌خانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی خوا ده‌كه‌ن له‌سه‌ر زه‌ویدا، ئه‌وان به‌شێكی زۆری ده‌سه‌ڵاته‌كانی خوایان هه‌یه. مه‌لایه‌ك ده‌توانێت بڕیاری دروستكردنی خێزانێك یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بدات، ده‌توانێت ئیمان ببه‌خشێت به‌كه‌سێك‌و لێشی بسه‌نێته‌وه، ده‌توانێت رێگا له‌به‌رده‌وامی بازاڕ بگرێت هه‌روه‌ك ده‌توانێت به‌رده‌وامیشی پێببه‌خشێت، مه‌لا، وه‌ك مرۆڤێكی ساده، وشیاره به‌وه‌ی كه كه‌سێكی ئاساییه وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام كاتێك به‌ناوی خوداوه‌نده‌وه قسه ده‌كات، ئیتر تاك به‌تاك‌و گروپ به‌گروپ له‌به‌رده‌میدا به‌چۆكدادێن‌و پێی ده‌ڵێن «قوربان راست ده‌فه‌رمویت». مه‌لا هه‌رگیز ناڵێت «من واده‌ڵێم»، ئه‌و ده‌ڵێت :«خوا واده‌ڵێت، خوا واده‌كات، خوا وای ده‌وێت» به‌ڵام له‌ڕێگای ئه‌وه‌وه. مه‌لا ده‌توانێت باوكێك بكات به‌دوژمنی كوڕه‌كه‌ی خۆی، برایه‌ك بكات به‌دێو له‌خه‌یاڵدانی براكانیدا، كچێكی به‌ئه‌خلاق وه‌ربگێرێته سه‌ر سۆزانیه‌ك له‌خه‌یاڵدانی دایكێكدا. ئه‌و ده‌توانێت به‌ناوی خوداوه‌ندی مه‌زنه‌وه، ژیان له‌ڕۆشنبیرێك بسه‌نێته‌وه، هه‌روه‌ك ده‌توانێت مافی ژیانی پێببه‌خشێت.
ده‌ستێوه‌ردانی نوێنه‌ره‌كانی ئاین له‌م مێژوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پیلانێكی بێگانه نیه‌و دوژمنانی كورد رێكیاننه‌خستوه. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رۆشنبیران، له‌ئێستا‌و ئێره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، داوایده‌كه‌ن روداوێكی ناوازه‌یه له‌مێژوی كۆمه‌ڵی كوردیدا‌و هه‌وڵدانێكه بۆ چونه ده‌ره‌وه له‌سیسته‌می هه‌یمه‌نه‌ی فاكته ئاینیه‌كان، كه‌پیاوه‌كانی ئاین گوزارشتیان لێده‌كه‌ن‌و به‌ناویانه‌وه قسه‌كه‌ن.
روانگه: هێزه ئیسلامیسته‌كان وه‌ك چه‌ند گروپێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌م به‌ریككه‌وتنه‌دا چ رۆڵێكیان هه‌یه؟
د. عادل باخه‌وان: پێش هه‌ر قسه‌كردنێك له‌سه‌ر رۆڵی بزوتنه‌وه‌كانی ئیسلامی سیاسی له‌م پانتاییه‌دا، واباشه جارێكی دیكه بۆچونی خۆم له‌سه‌ر ئه‌و بزوتنه‌وانه رونبكه‌مه‌وه. ره‌گوڕیشه‌كانی بزوتنه‌وه‌كانی ئیسلامی سیاسی له‌نێو قوڵایه‌كانی كۆمه‌ڵی كوردیدایه نه‌ك له‌كابول‌و قاهیره‌و جاكارتا. ئه‌وان گوزارشت له‌هه‌ڵه‌بجه‌و رانیه‌و كه‌لار‌و چه‌مچه‌ماڵ‌و كۆیه‌و ئاكرێ‌و شێخان‌و زاخۆ ده‌كه‌ن، نه‌ك ئه‌سكه‌نده‌ریه‌و مه‌راكیش‌و جه‌لال ئاباد‌و ده‌وحه‌و مه‌دینه. مێژوی ئه‌وان هه‌مان مێژوی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌و ئه‌وان مناڵی شه‌رعی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ن‌و گوزارشتن له‌به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه جیاجیاكانی كوردستان.
ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م بزوتنه‌وانه گرنگه خودی ئاین نیه، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه، كه‌ده‌نگ به‌وانده‌ده‌ن‌و كورسیه‌كانی په‌رله‌مانیان زیاد ده‌كه‌ن. بیهوده‌نیه كه‌هه‌مو بزوتنه‌وه‌كانی ئیسلامی سیاسی له‌كوردستاندا تائێستا نه‌یانتوانیوه شه‌ریكه‌یه‌كی فیكر به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌ر ئاین دابمه‌زرێنن، ئه‌مه نه‌ك هه‌ر به‌كاری خۆیان نازانن به‌ڵكو هیچ بایه‌خێكیشی به‌لایانه‌وه نیه. ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئه‌وان چۆنیه‌تی «به‌كارهێنانی» ئاینه بۆ شه‌رعیه‌ت به‌خشین به‌پرۆژه‌و به‌رنامه‌و ستراتیژ‌و ته‌نانه‌ت تاكتیه‌كه سیاسیه‌كانیان. چه‌ند سه‌ركه‌وتوبن له‌مۆبیلیزه‌كردنی ئاین بۆ شه‌رعیه‌ت به‌خۆبه‌خشین ئه‌وه‌نه‌ش ده‌ڕۆنه پێشه‌وه. لێره‌وه، ئه‌كته‌ره‌كانی ئیسلامی سیاسی ته‌واو له‌به‌رژه‌وه‌ندیاندایه، له‌چركه‌ی به‌ریككه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی رۆشنبیران‌و نوێنه‌رانی خوادا، پشتیوانی دوهه‌م بكه‌ن‌و پشتبكه‌نه یه‌كه‌م. هه‌ر جۆره هه‌ڵوێستێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان، جۆرێكه له«خودكوژی» سیاسی‌و له‌هه‌لومه‌رجێكی ئاوا‌شدا، كه هه‌مو بزوتنه‌وه‌كانی ئیسلامی سیاسی پێكه‌وه له‌سه‌دا سیانزه‌ی پارله‌مان پێكده‌هێن، هه‌ر شتێك بكه‌ن ئه‌و جۆره له‌خودكوژیه موماره‌سه ناكه‌ن.
روانگه: له‌ماوه‌ی رابردودا ته‌وه‌ره‌ی پێكدادان بریتی بو له‌مه‌سه‌له‌كانی جێنده‌ر‌و ئاین، به‌بڕوای ئێوه ئه‌م دو بابه‌ته‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان چ جۆره په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌هه‌لومه‌جه سۆسیۆلۆژیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه هه‌یه؟
د. عادل باخه‌وان: له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كه زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌هایه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه (ئه‌وروپا‌و ئه‌مه‌ریكا) جه‌نده‌ر‌و ئاین دو مه‌یدانی زۆر گرنگن بۆ توێژینه‌وه‌كان‌و سه‌دان سۆسیۆلۆگ‌و ئه‌نترۆپۆلۆگ‌و سایكۆلۆگ‌و پۆلیتۆلۆگ‌و ئیتنۆلۆگمان هه‌یه كه له‌سه‌ر ئه‌م دو مه‌یدانه كارده‌كه‌ن‌و مه‌عریفه‌یه‌كی به‌هێز‌و فراوانیان له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێكیان به‌رهه‌مهێناوه. ده‌كرێت ته‌قینه‌وه‌ی ململانێی نێوان لایه‌نگرانی جه‌نده‌ر‌و دژه‌كانی بكرێت به‌ده‌رفه‌تێك بۆ دامه‌زراندنی چه‌ند سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كێك له‌و مه‌یدانانه. جێگای داخه كه له‌سه‌دا نه‌وه‌د‌و پێنجی ئه‌و تێكستانه‌ی كه له‌سه‌ر جه‌نده‌ر نوسراوه، چ له‌لایه‌ن دژه‌كانیه‌وه چ له‌لایه‌ن لایه‌نگره‌كانیه‌وه، جگه له‌جه‌هل به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌ر جه‌نده‌ر هیچ شتێكی دیكه نین. ئه‌و تێكستانه‌ی كه له‌سه‌ر جه‌نده‌ر نوسران‌و خودی ململانێكه‌ش هیچ جۆره په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌زانست‌و مه‌یدانه‌كانی زانسته‌وه نیه، به‌ڵكو جه‌نگێكی ئایدۆلۆژیه‌و دو بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كتر بڕ به‌یه‌كتری ده‌فرۆشن. چه‌ند مه‌لاكان به‌هه‌ڵه له‌جه‌نده‌ر تێگه‌یشتون، فیمینیسته‌كانیش هێنده به‌هه‌ڵه لێیتێگه‌یشتون. چۆن سیاسیه‌كانمان كۆنسێپتی لایسیتێ‌و سێكیولاریسمیان له‌ماناكانی به‌تاڵ كرده‌وه‌و ناشیریانیان كردن، ئاواش فیمینیسته‌كان، له‌به‌ر لاوازی‌و ته‌مه‌ڵی ئاستی زانستیان، كۆنسێپتی جه‌نده‌ریان له‌مانا زانستیه‌كانی به‌تاڵكرده‌وه‌و كردیان به‌چه‌كی جه‌نگێكی ئایدۆلۆژی دۆڕاوی بێ ده‌ره‌نجام. كاتێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دامه‌زراندنی چه‌ند سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌زیاد ده‌زانێت‌و ئاماده‌نیه له‌سه‌دا یه‌كی بوجه‌ی كوردستان بۆ توێژینه‌وه ته‌رخانبكات، ئیدی هه‌مو ده‌رگاكان كراوه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جاهیله‌كان جێگای زاناكان بگرنه‌وه، رۆژنامه‌كان جێگای سه‌نته‌ره‌كان بگرنه‌وه، ستونه‌كان جێگای توێژینه‌وه‌كان بگرنه‌وه‌و جه‌هل جێگای مه‌عریفه بگرێته‌وه.
روانگه: كێ به‌رپرسیاره له‌هاتنه ئارای هه‌لومه‌رجێكی ئاوا ترسناك‌و مه‌ترسیدار؟
د. عادل باخه‌وان: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌لاكان، فیمینیسته‌كان، رۆشنبیره ناڕۆشنبیره‌كان، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كه به‌رده‌وام سه‌رگه‌رمی به‌رهه‌مهێنانی ناڕۆشنبیریه له‌كوردستاندا، هه‌مو ئه‌مانه به‌رپرسیارن له‌دروستكردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا. چه‌ند مه‌لایه‌ك كه هه‌لومه‌رجی كوشتنی رۆشنبیرێكی راسته‌قینه خۆشده‌كات به‌رپرسیاره، هێنده‌ش ئه‌و رۆشنبیره جاهیله به‌رپرسیاره كه دێت‌و ناوی كه‌سێكی وه‌ك من ده‌خاته سه‌ر لیستێك كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگام لێینیه‌و پرۆژه‌كه‌م ئه‌سڵه‌ن هه‌ر نه‌بینیوه تا ئیمزای بكه‌م‌و له‌سه‌ر سایته‌كانی ئه‌نته‌رنێت ناوی خۆم له‌په‌نای كۆمه‌ڵێك ناودا ده‌بینم كه هیچ شتێك له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كۆمناكاته‌وه. مه‌به‌ستم له‌و پرۆژه‌یه‌یه كه له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی مزگه‌وت‌و رۆشنبیریی بڵاوكرایه‌وه. ئه‌وه چ جۆره رۆشنبیرێكه كه به‌بێ پرسكردن به‌من دێت‌و ناوی من ده‌خاته سه‌ر پرۆژه‌و لیستێك كه ئه‌وه‌نده ته‌مه‌ڵ‌و نابه‌رپرسیاره پرۆژه‌كه‌ی نه‌ناردوه تا پێی بڵێم رازیم یان ناڕازیم. هه‌مو ئه‌مانه به‌رپرسیارن له‌دروستكردنی هه‌لومه‌رجی به‌رده‌وامبونی جه‌هل‌و ئاماده‌نه‌بونی زانست. ئێمه وه‌زاره‌تێكمان هه‌یه به‌ناوی رۆشنبیریی، كاتێك ئه‌م ده‌زگایه، هه‌ر له‌وه‌زیره‌وه تا ده‌گاته ئه‌وانه‌ی كه ستراتیژه‌كانی دیاریده‌كه‌ن، ده‌خه‌ینه ژێر چاودێریه‌وه، به‌ڕاستی جگه له‌كالیتاتیفی «رۆشنبیری سۆڤێتی» هیچی دیكه‌مان به‌ده‌سته‌وه نامێنێت بۆ پێناسه‌كردنیان. رۆشنبیری سۆڤێتی هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له‌چه‌ند چوارچێوه‌یه‌كی ئایدۆلۆژی داخراودان‌و هه‌مو دنیا له‌و چوارچێوه ئاماده‌كراوانه‌وه ده‌بینن‌و هه‌ركه‌سێك نه‌ڕۆشته نێو ئه‌و چوارچێوانه‌وه ئیدی به‌نه‌فره‌تی ده‌كه‌ن. دنیای رۆشنبیریی ئه‌م رۆشنبیره سۆڤێتیانه، به‌خودی‌وه‌زیریشه‌وه، هێنده بچوكه كه جێگای چوار رۆشنبر‌و فیكری جیاوازی تیادا نابێته‌وه. مه‌گه‌ر له‌ئێستادا ئه‌م وه‌زاره‌ته نه‌بوه به‌ماڵه كۆنه‌كه‌ی هه‌مو رۆشنبیره سۆڤێتیه‌كان كه تا ئێستاش له‌به‌رده‌م رشته‌ی مرواری عه‌لائه‌دین سه‌جادیدا توشی ده‌هشه‌ت ده‌بن‌و جه‌زبه‌ده‌یانگرێت!
د.عاد باخه‌وان
دكتۆرا له‌سۆسیۆلۆژیادا، قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پاریس
ماسته‌ر له‌سۆسیۆلۆژیادا، قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پاریس
به‌كالۆریۆس له‌سۆسیۆلۆژیادا، زانكۆی لیۆن، فه‌ڕه‌نسا وه‌رگرتوه.
خاوه‌نی ئه‌م كتێبانه‌یه :
* كوردستان له‌تاقیكردنه‌وه‌ی ئیسلامیسم‌و تیرۆرسیم‌و ناسیۆنالیسمدا، چاپخانه‌ی حه‌مدی، كوردستان، 2009
*ئایین چییه؟ چاپخانه‌ی سه‌رده‌م، كوردستان، 2008.
* تیرۆریسم وه‌ك بیناكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م، كوردستان، 2007.
* ئیسلام‌و رۆژئاوا، چاپخانه‌ی ره‌نج، كوردستان، 2006.
* عیراق له‌فه‌یسه‌ڵه‌وه تا تاڵه‌بانی، چاپخانه‌ی ره‌نج، كوردستان، 2006.