سه‌رده‌می كه‌وتنی بته‌كان…!!…هێمن مه‌حمود
كه سه‌دام كه‌وت هه‌مومان به‌دیار ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه گریاین، ئاخر
كه‌وتنی بتێكی وه‌كو سه‌دام خه‌ون بوو، خه‌یاڵێكی به‌دینه‌هاتبوو،له‌ئه‌فسانه ده‌چوو تاوه‌كو حه‌قیقه‌ت، له‌درۆ ده‌چوو تاوه‌كو راستی.
په‌یكه‌ره‌كانی سه‌دام كه‌وت و ئێمه شانسی ئه‌وه‌مان هه‌بوو به‌چاوی خۆمان بیبینین، ئه‌سه‌ف بۆ ئه‌وانه‌ی ساڵانێكی زۆر خه‌باتیان كرد‌و خۆیان به‌كوشتدا له‌پێناوی له‌حزه‌یه‌كی وه‌هادا كه‌چی نه‌یاندی، ئێمه شانسمان هه‌بوو به‌زیندویی له‌سه‌رده‌می سه‌دامه‌وه پێمان نایه ناو سه‌رده‌مێكی دیكه.
به‌كه‌وتنی سه‌دام ئێمه‌ی عیراقی و كوردستانی لهوهتێگهیشتین دیكتاتۆره‌كان چه‌نده به‌هێزبن دواجار له‌ناوده‌چن، حزبه‌كانیان چه‌نده ئه‌ندامی ملیۆنیان هه‌بێـت له‌شه‌و رۆژێكدا هه‌مویان ده‌بنه بڵقی ئاو، ده‌بنه هه‌ڵمی ده‌ریا، سوپاكان و ده‌زگا داپڵۆسێنهرهكانیشیان چه‌نده به‌هێزبێت ئیدی به‌رگه‌ی جه‌ماوه‌ر ناگرن و له‌به‌رده‌میاندا هه‌ڵدێن، سامان وكۆشكهكانیشیان چه‌نده زۆر و به‌رزبن فریای چركه‌یه‌ك زیاتری ژیانیان ناكه‌وێت.
مێژوو هه‌میشه درۆزن نه‌بووه، ئه‌وانه‌شی وا له‌مێژوو گه‌شتون كه رووداو گه‌لێكه دوباره نابێته‌وه زۆر به‌هه‌ڵه‌داچوون، چونكه ئێمه ئێستا لهمێژوویهكدا ده‌ژین ته‌نها له‌كتێبه‌كانی ناوه‌ندی ودواناوه‌ندی ناو خوێندنگاكاندا خوێندومانه‌ته‌وه.
ئه‌م له‌حزانه‌ی كه ئێستا رادهبورن له‌سایه‌ی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیاو كه‌ناڵه ئاسمانیه‌كان و تۆڕه‌كانی ئه‌نته‌رنێته‌وه ساتگهلێكی سه‌یرو ناوازه‌ن ودوبارهبونهوهیان ته‌مه‌نێكی دیكه‌ی ده‌وێت.
ئێمه كه‌خوێندكاری ناوه‌ندی ودواناوه‌ندی بوین له كتێبه‌كانی مێژوودا ده‌مانخوێند كه میلله‌تان چۆن راپه‌ڕیون و چۆن چۆنیش ستهمكارو داگیركه‌رانیان راماڵیوه، من بۆخۆم له پۆلی پێنجی وێژه‌یی سه‌دان جار شۆڕشی فه‌ره‌نسیم ده‌خوێنده‌وه و شه‌وه درێژه‌كانی زستانم له‌گه‌ڵ روداوهكانیدا به‌سه‌رده‌برد، له‌دڵی خۆمدا ده‌موت خودایه تۆبڵێی ئێمه‌ش سه‌رده‌مێكی وه‌ها ببینین؟.سه‌رده‌می حه‌ماسه‌تی جه‌ماوه‌ر و خرۆشانی توێژه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا، سه‌رده‌می گۆڕینی مێژوو لهلهحزهیهكهوه بۆ له‌حزه‌یه‌كی دیكه كه هه‌موو شته‌كانی ناویشی بگۆڕدرێت.
دیكتاتۆره‌كان ترسۆكنترین بونه‌وه‌رن، كه ده‌گه‌نه كۆتایی یاخود خۆیان ده‌كوژن(وه‌ك هیتله‌ر) ، یاخود خه‌ڵكی به‌زه‌لیلی ده‌یانگرن (وه‌ك سه‌دام) ودهیانكوژن(وه‌ك چاویسكۆ)، یاخود بسته زه‌مینێك شك نابه‌ن تیایدا بژین (وه‌ك بن عه‌لی).
هه‌ره‌سهێنانی دیكتاتۆره‌كان زۆر سه‌یره، ته‌نانه‌ت خۆشیان به‌خه‌یاڵیاندا نایه‌ت به‌و شێوه كتوپڕه كۆتاییان پێبێت،ئه‌وان هێندهلهخۆیان باین و به‌رچاویان گیراوه راستیه‌كان نابینن و درۆكانیشیان لێ ده‌بێـته حه‌قیقه‌ت.
ئێمه شانسمان هه‌بوو، خودایه سوپاس، یه‌ك له‌دوای یه‌ك كه‌وتنی بته‌كان ده‌بینین، وه‌ك سه‌رده‌می مو‌سا پێغه‌مبه‌ر، وه‌ك سه‌رده‌می ئیبراهیم، وه‌ك سه‌رده‌می موحه‌مه‌د.
ته‌نها جیاوازی نێوان بته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مانه و بته‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌وان پێغه‌مبه‌ران دهیانشكاندن، به‌ڵام بته‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه خه‌ڵكی ده‌یانشكێنن.
ئێمه ئێستا له‌خۆشترین ساتی ته‌مه‌نماندا ده‌ژین، هه‌ره‌سی ئه‌و رژێمانه ده‌بینین كه چه‌ندین ده‌یه‌یه به‌ئاگرو ئاسن وخوێن حوكم ده‌كه‌ن، هه‌ره‌سی دیكتاتۆره‌كان، ئه‌وانه‌ی به‌زمانی میلله‌ته‌كانی خۆیان ده‌دوێن، سوتانی باڵه‌خانه‌كانی ئه‌من و پۆلیس و پۆلیسی نهێنی ده‌بینین، مه‌كته‌ب سیاسی حزبی حاكم ده‌بینین كه چۆن لهچاوتروكانێكا ده‌سوتێت و دوكه‌ڵه‌كه‌ی ده‌چێت به‌ئاسماندا، ئه‌ندامانی حزبی تاك و ئهوحهدو حاكم ده‌بینین چۆن خۆیان ده‌شارنه‌وه و چۆن چۆنی جلی ژنانه ده‌كه‌نه به‌ریان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێنه‌وه.
ئه‌م زه‌مه‌نه زه‌مه‌نی روخانی دیكتاتۆره‌كانه، عه‌ره‌به‌كان پێشوتر هه‌میشه ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌گیرا كه میلله‌تێكی ترسنۆك و رازین به‌هه‌موو شتێ، ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه بۆ سه‌رده‌مێك راست بێت به‌ڵام دوای رودانی شۆڕشه‌كه‌ی تونس جگه لهوههمێك هیچی دیكه نیه.
ئه‌وه‌تا عه‌ره‌ب یه‌ك له‌دوای یه‌ك سته‌مكاره‌كانیان هه‌ڵدێت،ئیدی نه ئه‌من فریای كه‌سیان ده‌كه‌وێت و نهسوپا و ده‌زگا ملیۆنهكانیان، ئیدی نه‌سه‌روه‌ت و نه‌حزبه كارتۆنیهكانیان.
ئێستا نۆره‌ی میسره، موباره‌ك دوارۆژه‌كانی ژیانی ده‌ژی، رژێمه‌كه‌شی كۆتاییه‌تی.
لهههركۆییهك سته‌مكاری هه‌بێت، پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بێـت، له‌بری فره‌یی وجیاوازی بنه‌ماڵه‌یه‌ك یاخود چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك حوكم بكات،ئابوری قۆرخبكرێت، گه‌نده‌ڵی هه‌بێت، دز ده‌سه‌ڵاتداربێت، گه‌نج په‌راوێز بخرێت، سه‌رۆك تاده‌مرێت سه‌رۆك بێـت، ده‌بێت چاوه‌ڕێی دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌زمونی تونس و میسر‌و شوێنانی دیكه بین.
ده‌ی خودایه لێگه‌ڕێ باكهوتنی یه‌ك له‌دوای یه‌كی بته‌كان ببینین، ئه‌و بتانه‌ی له‌پاره‌ی ئێمه ده‌دزن و له‌پاره‌ی ئێمه مناڵه‌كانیان ده‌نێرنه به‌ر گرانترین خوێندن له‌دورترین وڵات، له‌پاره‌ی ئێمه كۆشكه‌كانیان ده‌ڕوات به‌ئاسماندا،ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی به‌پاره‌ی ئێمه ده‌رۆنه گرانترین نه‌خۆشخانه بۆ ئه‌وه‌ی چرچ و لۆچه‌كانی ده‌موچایان نه‌هێڵن تا گه‌نجتر ببنه‌وه
خودایه لێگه‌ڕێ وه‌ك هه‌ره‌سی به‌فر ، وه‌ك هه‌ڵكردنی ره‌شه‌با، وه‌ك رودانی بومه‌له‌رزه په‌یكه‌ره‌كانیان یه‌ك له‌دوای یه‌ك بكه‌وێـت، ئێمه‌ش وه‌ك چۆن سه‌دام، وه‌ك بن عه‌لی ،وه‌ك موباره‌ك،وه‌ك…. به‌دیار ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه دابنیشین و له‌خۆشی شكانیان ، له‌خۆشی هه‌ره‌سیان ، له‌خۆشی نابوتبونیان بگریین…خودایه..ده‌لێگه‌ڕێ بایه‌ك له‌دوای یه‌ك بكه‌ون..خودایه ده‌لێ گه‌ڕێ.
Hemnm1979@yahoo.com
_ده‌ربه‌ندیخان