دیدارێک له‌گه‌ڵ (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی)دا
ته‌وه‌ری كه‌لتوور و ئه‌ده‌ب
غه‌مگین بۆڵی: ئایا كهلتوورچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ئه‌ده‌به‌وه هه‌یه؟
به‌یه‌كگه‌یشتی كه‌لتووره جیاوازه‌كان و پێكدادانی شته‌كان دواجار له قازانجی ئه‌ده‌ب كۆتایی دێت؟ وه رۆڵی ئه‌ده‌ب بهسهركهلتوورهوه چی ده‌بێت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: پێش هه‌ر شتێک، من بۆ خۆم وشه‌ی “که‌لتوور” یا “کو‌لتوور Kultur/Cultur” یا “که‌ڵچه‌رCulture ” یا هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و وشانه‌م، که زۆرێک له نووسه‌رانی کورد به‌کاریان ده‌به‌ن، به‌لاوه نه په‌سه‌نده و نه خۆشه و نه جوانه. ئه‌و وشانه، له بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر وشه‌ی “کولتوورا Cultura ” و “کولتووس Cultus “ی زمانی لاتینی، که زمانی نووسین و خوێندن و زانستی ڕۆمانییه‌کان بووه و ئێستا زمانێکی مردووه، ڕێک وه‌ک زمانی پههلهڤی ئێرانی. کورد تا ئێستا نه‌یتوانیوه له‌سه‌ر یه‌ک وشه یا ده‌سته‌واژه بۆ فه‌رهه‌نگ، پێک بێت. هه‌ریه‌که‌و به ئاره‌زووی خۆی و به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له کوێ ده‌ژی، ده‌سته‌واژه‌یه‌ک به‌کار ده‌بات، ئیدی:که‌ڵچه‌ر، که‌لتوور، کو‌لتوور، ڕۆشنبیریی(ده‌گوترێ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی)،ڕهوشهنبیریی، ڕووناکبیریی، چاند(به کرمانجیی سه‌روو)، هه‌موو ئه‌وانه به‌کار ده‌برێن. کورد، که نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئێرانییه و زمانه‌که‌شی یه‌کێکه له زمانه ئێرانییه‌کان، حه‌قوایه وشه‌ی “فه‌رهه‌نگ” به‌کار ببات و ببڕێته‌وه، چونکه ئه‌و وشه‌یه له بنه‌مادا، وشه‌یه‌کی ڕه‌سه‌نی زمانانی ئێرانییه.
فه‌رهه‌نگ، به واتا فراوانه‌که‌ی ته‌واوی لایه‌نه گیانه‌کی، هۆشه‌کی، هه‌سته‌کی و شێوه‌ی ژیانی جڤاکیی، هه‌موو جڤاکێک ده‌گرێته‌وه. ئه‌ده‌ب (شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، ڕه‌خنه، فۆلکلۆر)، هونه‌ر(ستران، سه‌ما، نیگارکێشان، وێنه‌گرتن، په‌یکه‌رتاشیی، سینه‌ما، شانۆیی، موسیقا)، میدیا (ڕۆژنامه‌نووسیی، ڕادیۆ، ته‌له‌ڤزیۆن)، ئایین، فیلۆسۆفیی، ئه‌فسانه، نه‌ریت، ڕه‌وشت، په‌روه‌رده، بارهێنان، چاندن و کشتوکاڵ، کاری ده‌ستیی، پۆشاک، خۆراک، خانوو و هونه‌ری بیناسازی و…هه‌موو ئه‌مانه به‌شێکن له فه‌رهه‌نگ. مرۆڤ، که باس له فه‌رهه‌نگ ده‌کات، فره‌جاران ده‌سته‌واژه‌ی: فه‌رهه‌نگی خۆراک، فه‌رهه‌نگی پۆشاک، فه‌رهه‌نگی خواردنه‌وه، فه‌رهه‌نگی بازرگانی، فه‌رهه‌نگی کشتوکاڵ، فه‌رهه‌نگی کارگێڕی، فه‌رهه‌نگی گه‌شتکردن، فه‌رهه‌نگی ده‌یان شتی دیکه به‌کار ده‌بات، چونکه هه‌ر بوارێکی ژیان، فه‌رهه‌نگێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ئه‌ده‌ب، به‌شێکی گرنگه له فه‌رهه‌نگ و یه‌کێکه له بنگه و کۆڵه‌که هه‌ره قاییم و بته‌و و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی فه‌رهه‌نگ. به بڕوای من، فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کان، هه‌رگیز دژ به یه‌کدی نین و پێکدانادهن، به‌ڵکه پێکده‌گه‌ن و تێکه‌ڵ ده‌بن و له‌نێو یه‌کدیدا ده‌توێنه‌وه و ده‌بن به یه‌ک. ئه‌گه‌ر وا دانێین هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، گه‌لێک، کۆمه‌ڵه‌خه‌ڵکێک، خاوه‌نی یه‌ک فه‌رهه‌نگ بن، ئه‌وا ناتوانرێ ئه‌وه بسه‌لمێنرێ، که ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی هه‌یانه سه‌دله‌سه‌د هی خۆیانه و هه‌رگیز له‌ته‌ک چ فه‌رهه‌نگی دیکه‌دا تێکه‌ڵ نه‌بووه یا کاریگه‌ریی چ فه‌رهه‌نگێکی دیکه‌ی به‌سه‌ره‌وه نه‌بووه و نییه. له‌م جیهانه‌دا فه‌رهه‌نگی سه‌دله‌سه‌د نییه و فه‌رهه‌نگیش چه‌سپاو و نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵکه هه‌میشه له گۆڕان و نوێبوونه‌وه و له‌نێوچووندایه. بێگومان، تێکه‌ڵاوی فه‌رهه‌نگیی و کارلێکیان له‌یه‌کدی، ده‌بێته هۆی به‌هێزکردنی نه‌ک هه‌ر ئه‌ده‌ب، به‌ڵکه هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه‌ی فه‌رهه‌نگ، به‌مه‌رجێک، ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ست و وه‌ک هزرێکی داگیرکارانه، کۆڵۆنیالیستانه و ئیمپریالیستانه، فه‌رهه‌نگێکی زاڵ و باو، به تۆبزی، نه‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی گه‌ل، نه‌ته‌وه، وڵات یا کۆمهڵهخهڵکێکدا، که خۆیان له‌نێو یه‌ک فه‌رهه‌نگدا ده‌بیننه‌وه، به مه‌به‌ستی سڕینه‌وه و له‌نێوبردنی فه‌رهه‌نگه‌که‌یان. ئه‌ده‌ب، وه‌ک پاژێکی سه‌ره‌کی و گرنگی فه‌رهه‌نگ، هه‌میشه، وزه و هێز ده‌داته فه‌رهه‌نگ. فه‌رهه‌نگه به‌هێزه‌کان، له ڕێگه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره به‌هێزه‌کانیانه‌وه ده‌ناسرێنه‌وه.
غه‌مگین بۆڵی: وه‌ك ئاشكرایه به درێژایی مێژوو كه‌لتووری ئێمه له لایه‌ن نه‌یارانی كورده‌وه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ناو بردراوه، ئایا بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لتووره چی ده‌بێته ده‌ستپێكی كۆمه‌ككردنی ؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: کورد، وه‌ک نه‌ته‌وه و به درێژایی مێژوو، هه‌رگیز خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێکی تۆکمه و به‌هێز و کاریگه‌ر، که توانیبێتی کار بکاته سه‌ر فه‌رهه‌نگی دیکه‌ی خه‌ڵکی دیکه، نه‌بووه. کورد، هه‌رگیز خاوه‌نی شارستانییه‌کی مه‌زن و له‌به‌رچاو نه‌بووه و نه له ڕووی هزر و نه له ڕووی ئه‌ده‌ب و نه له هونه‌ریشدا، هه‌رگیز شتێکی به‌هێز و کاریگه‌ری به مرۆڤایه‌تی، نه‌به‌خشیوه و پێشکه‌ش نه‌کردووه.
خودانی فه‌رهه‌نگی به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند، هه‌میشه خه‌ڵکانێکن له‌سه‌ر پێی خۆیان ڕاوه‌ستاون و زه‌وینه‌یه‌کی هزریی تۆکمه و بته‌و و بڕوابه‌خۆبوونێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان هه‌یه و فه‌رهه‌نگی دیکه له هیج هه‌لومه‌رجێکدا ناتوانێت، فه‌رهه‌نگه‌که‌یان بسڕێته‌وه و له‌نێو ببات. کورد، له‌و خه‌ڵکه خاوه‌ن فه‌رهه‌نگه به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندانه نییه. نه‌یارانی کورد، ئه‌گه‌ر به درێژایی مێژووش هه‌وڵی له‌نێوبردنی فه‌رهه‌نگی کوردیان دابێت، ئه‌وا له‌به‌ر بێهێزیی و لاوازیی و کرچوکاڵیی فه‌رهه‌نگی کورد، توانیویانه، کاریگه‌ری له‌سه‌ر دانێن و بیشێوێنن و به‌شێکی لێ له‌نێو ببه‌ن، لێ به‌وه‌یشه‌وه ئه‌وان نه‌یانتوانیوه به ته‌واوی ئه‌و فه‌رهه‌نگه له‌نێو به‌رن. ئه‌وان(نه‌یارانی کورد)تا ڕاده‌یه‌کی زۆر سه‌رکه‌وتوون له‌وه‌ی، کورد به فه‌رهه‌نگ و به سیاسه‌ت و به ئابووری و به مێشک و بیرکردنه‌وه و ڕهوتارهوه، که‌وی بکه‌ن و بیخه‌نه نێو بازنه‌ی جیهانبینی خۆیانه‌وه و به خۆیانه‌وه‌ی گرێده‌ن، نه‌ک وه‌ک پاشکۆیه‌کی ئاگا و زیته‌ڵه و وریا، به‌ڵکه وه‌ک پاشکۆیه‌کی لاساییکه‌ره‌وه. تۆ له‌وه‌گه‌ڕێ لهمره و له‌وره، کوردگه‌لێکی یاخی و به‌له‌سه له‌و ڕێسایه ده‌بینیته‌وه، که ملکه‌چی ئه‌و سهڕشۆڕپێکردنهی نه‌یارانی کورد نین، لێ ئه‌وانه هه‌موو کورد نین. سه‌رانی سیاسه‌تی جڤاکی کورد و ده‌سه‌ڵاتداری کورد، ئه‌وانه‌ی هه‌وساریان به‌ده‌سته و بڕیارده‌رن، کورد و وڵاتی کورد و فه‌رهه‌نگی کورد و هه‌موو شتێکی کورد، وه‌ک کاکڵه گوێزێکی پاککراو، ده‌خه‌نه پێش نه‌یارانی کورد. ئه‌مڕۆ، کورد به ده‌ستی خۆی، نه‌ک به ده‌ستی بیانی، فه‌رهه‌نگی خۆی له‌نێو ده‌بات. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان ڕووده‌دات، به‌شێکی که‌می لێ ده‌رچێت، سڕینه‌وه و تاساندن و کوشتنی فه‌رهه‌نگه. فه‌رهه‌نگی کورد به گشتی و زمانی کوردی، که بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌ده‌به‌که‌یه‌تی، که کۆڵه‌که گه‌وره‌که‌ی فه‌رهه‌نگه، ئه‌مڕۆ له کوردستان “زۆرگێ” ده‌کرێ(واته: به تۆبزی دهیگێن). کابرایه‌کی فرانسه‌یی، سوێدی یا عه‌ره‌بێک، ئه‌مڕۆ بیه‌وێ زمانی کوردی فێر بێت، ئه‌گه‌ر له هه‌ولێر و سلێمانی بچێته کۆرس و خولی زمان، ئه‌م کوردییه‌ی تۆ و من پێی ده‌نووسین و ده‌خوێنینه‌وه، که سه‌دان ساڵه بووه به زمانی نووسین و بارهێنان و خوێندنه‌وه و میدیا، فێر ده‌کرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچێته دهۆک و زاخۆ، ئه‌وه کرمانجی سه‌روو فێر ده‌کرێ و خۆ ئه‌گه‌ر کوردانی باکوور خاوه‌نی ئه‌و کۆرسه بن، ئه‌وا کوردی به تیپی لاتینی فێر ده‌کرێ و خودا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر ئه‌و بیانییه سیابهخته له هه‌ورامان یا ئیلام یا سیوه‌ره‌ک یا یهرهڤان، فێره کوردی بکرێت، ئه‌وان چی فێر ده‌که‌ن. ئه‌مه نه‌ک هه‌ر بهزۆرگایینی زمانی کوردییه، به‌ڵکه له سێداره‌دان و سووتاندن و له‌نێوبردنی زمانی کوردییه و به‌وه‌ش سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردییه. ده‌سه‌ڵاتی کورد، ئه‌مڕۆ پاره و سه‌رمایه، چاوی سوور کردووه و له پاره زیاتر هیچی دیکه نابینێت. ده‌سه‌ڵاتی کورد، نۆره‌ی سه‌رمایه‌دارێکی بێوێژدان و بازرگانێکی چاوچنۆک و بێهه‌ست ده‌بینێت و بازرگانی ده‌کات. بازرگانییش کار ده‌کاته سه‌ر فه‌رهه‌نگ. تۆ که هه‌رچی شتت هه‌یه، له فیلمی دۆبلاژکراو و که‌ره‌سته‌ی بیناسازی و خۆراک و سه‌وزه و میوه و ناوماڵه و ته‌نانه‌ت ئاوی خواردهنهوهش، له تورکیا، ئێران و عیراق و سووریا و ئه‌مه‌ریکاوه، بۆ بێت، نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بیت، که تۆ سه‌ربه‌خۆیت و خاوه‌نی خۆتی. له‌گه‌ڵ کاڵا و هه‌موو ورد و درشتێکی تورک‌دا، شێوه‌ژیانی تورکی و ڕه‌وتار و کرداری تورکی و ته‌نانه‌ت جیهانبینی و بیرکردنه‌وه‌ی تورکییش دێنه ماڵ و وڵاته کاولبووهکهتهوه. کێ له‌مه تێناگات! هیچ خاوهنئاوهزێکی ئه‌م جیهانه ناچێت وڵاته‌که‌ی خۆی بکاته بازاڕ و تاقیگه و شوێنی حه‌وانه‌وه بۆ نه‌یاری گه‌ل و وڵاته‌که‌ی، وه‌ها کارێک ته‌نیا به ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تکار و بازرگانی کورد ده‌کرێت. له‌گه‌ڵ هاوردنی گچکه‌ترین شت له تورکیاوه بۆ کوردستان، فه‌رهه‌نگی تورکیشی له‌گه‌ڵدا وه‌ژوور ده‌که‌وێت و فه‌رهه‌نگه‌که‌ی تۆ وه‌بن فه‌رهه‌نگه‌که‌ی ئه‌وه‌وه ده‌بێت، چونکه ئه‌و زاڵه و ئه‌و به‌هێزتره و ئه‌و به نه‌خشه‌وه کارت له‌گه‌ڵدا ده‌کات و ده‌زانێت چ ده‌کات و مهبهستیشێتی فه‌رهه‌نگی تۆ کوێرکاته‌وه. فه‌رهه‌نگی ته‌نبه‌ڵ و لاوازی تۆیش، هه‌رگیز به‌ری ئه‌و زلهفهرههنگانهی پێ ناگیرێت.
غه‌مگین بۆڵی: ئایا ئێمه كه‌ی ده‌توانین بریارلهسهرئهوه بده‌ین ،كه ئه‌م كه‌لتووره لهژێرمهترسیدایه؟ وهمهترسییهكانی سهركهلتوورچین؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: که تۆ هه‌موو شتێکی خۆتت سڕییه‌وه و هه‌موو پۆخڵهفهرههنگ و زڕهفهرههنگ و زۆڵهکهفهرههنگێکی دیکه‌ت له خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ت و نه‌ته‌وه‌که‌ت کرده فه‌رهه‌نگێکی بڵند و پیرۆز، ئه‌وده‌می ئیدی فه‌رهه‌نگه‌که‌ی تۆ، چ بایه‌خێکی نامێنێت و کاڵ ده‌بێته‌وه و به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت. نه‌بوونی سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگیی گشتگر، که بتوانێت نه‌خشه بۆ داهاتوو دا‌نێت، ده‌کاته هه‌ڵواسینی فه‌رهه‌نگه‌که‌ی خۆت. پاراستنی فه‌رهه‌نگی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک له توانه‌وه و له‌نێوچوون ده‌که‌وێته سه‌ر ده‌مڕاست و ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکه، به پله‌ی یه‌که‌م، چونکه ئه‌وان بڕیارده‌رن و ئه‌وانن، که ده‌بێ سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگیی گه‌ل و وڵات دیاری بکه‌ن و به پله‌ی دووه‌میش ده‌که‌وێته سه‌ر سه‌رته‌ڵ و ده‌سته‌بژێری ڕووناکبیرانی ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه خۆیان، که ده‌بێ به‌رپرسیاریه‌تییان هه‌بێت و خاوه‌نی هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌گرانه و چاکسازانه بن. ئه‌وه‌ی، که خه‌ڵکی کورد، خێزانی کورد، ئه‌مڕۆ، به دیار ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیانه‌وه دانیشن و چاو له دراما و فیلمی تورکی دۆبڵاژکراو بۆ زمانی عه‌ره‌بی بکه‌ن، که سه‌رله‌به‌ریان دژه‌کوردن و فه‌رهه‌نگی کورد، وه‌ک فه‌رهه‌نگێکی دڕنده و یه‌کجار دواکه‌وتوو و بێفه‌ڕ یا هه‌ر کورد وه‌ک بێفهرههنگ پێشان ده‌ده‌ن، وه‌ک دراماگهلی: “زه‌وییه خاوێنه‌کان” و “دۆڵی گورگان” و…ئه‌وه بۆ خۆی سڕینه‌وه‌ی مێشکی خه‌ڵکی کورده و سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه و مه‌ترسییه بۆ سه‌ر نه‌ک ته‌نێ فه‌رهه‌نگ، به‌ڵکه بیرکردنه‌وه و هه‌موو شتێکی مرۆڤی کورد. ئێستا تۆ ته‌ماشای هه‌ندێک درامای کوردی، به‌رهه‌می کورد خۆی بکه، که له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه په‌خش ده‌کرین، ده‌بینی “نێرگه‌له” و “نێرگه‌له‌کێش” و “نێرگه‌له‌کێشان”ی تێدایه، ئه‌و بۆ خۆی له دراما مسرییهکانهوه یا عه‌ره‌بییه‌کانه‌وه وه‌رگیراوه، به‌وه‌ش فه‌رهه‌نگی”نێرگه‌له” به‌ره‌به‌ره ده‌بێته به‌شێک له فه‌رهه‌نگیی کورد. ڕێکلامکردن بۆ کاڵای تورکی، ڕێکلامکردنه بۆ سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی کورد و مه‌ترسییه بۆ ئێستا و داهاتووی فه‌رهه‌نگی کورد و مرۆڤی کورد.
ته‌له‌ڤزیۆن، وه‌ک زانای جڤاکناسی فرانسی”پیێر بۆردیۆ” ده‌ڵێ:”هێنده‌ی ئامێرێکی به‌هێزی زاڵبوونه، هێنده هی گه‌یاندن و پێکه‌وه‌گرێدان نییه”. ته‌له‌ڤزیۆن، له کوردستان، به پێ‌زانین و نه‌خشه‌ی ده‌سه‌ڵاته سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی کوردستان، ئه‌گه‌ر هه‌موو خاشاک و زبڵهفهرههنگێکی ئه‌مه‌ریکایی و ئه‌وروپایی و تورکی و عه‌ره‌بی و فارسی، فڕێداته نێو ماڵ و مێشکی مرۆڤی کورده‌وه و لێیان بکاته جوانی و تازه‌گه‌ری و ژیانی نوێ و هاوچه‌رخ، ئیدی چۆن ئه‌و تۆزه فه‌رهه‌نگه‌یشی هه‌یانه، ده‌مێنێ و به‌رگه‌ی ئه‌و هێرش و په‌لاماره نابه‌رانبه‌ره ده‌گرێ!
سیاسه‌تکاران و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ند و پاره‌وپووڵ و بازرگانی و قازانج، ئه‌و باسه‌یان له‌کن گرنگ نییه، لێ ده‌بوو فه‌رهه‌نگییانی کورد، له‌وه و له سه‌دان شتی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وه وه‌ده‌نگ هاتبان. من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم، ، بۆ چاودێری فه‌رهه‌نگ و هزر، پاسه‌وان و پۆلیس دابنرێن، چونکه ئه‌وه ده‌زانم، پاسه‌وانیی و چاودێریکردنی هزر، کوشتنێتی. داخراویی فه‌رهه‌نگ، نیشانه‌ی لاوازییه‌تی. فه‌رهه‌نگی به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ندوو، له ڕێگه‌ی کارێکی ڕه‌خنه‌یی کاراوه، که هه‌موو چه‌سپاو و چهقبهستوییهک ده‌گرێته‌وه و هه‌موو چوارچێوه و نموونه‌یه‌ک تێکده‌شکێنێت و به هه‌مان هێزیش به‌ها و پێوه‌ره‌کان نوێ ده‌کاته‌وه و له چه‌مکه کاریگه‌ر و تیژه‌کان و هزره زیندووه‌کان، شتی نوێ دێنێته گۆڕێ و چێ ده‌کات و توانستی بڵاوبوونه‌وه و به‌رینبوونه‌وه‌ی هه‌یه، لێ مرۆڤ له حاڵه‌تی فه‌رهه‌نگی کورددا، گه‌ره‌که جیاوازی له‌نێوان فه‌رهه‌نگی باش و خراپی ده‌وروبه‌ر و ئه‌ملا و ئه‌ولادا بکات و ده‌بێ له‌وه تێبگات، که ئه‌م فه‌رهه‌نگه تێکده‌ر و لاده‌ر و ڕووخێنه‌ر و ماڵوێرانکه‌ره و ئه‌وی دی، ئه‌و مه‌ترسییه‌ی لێ ناکرێت.
غه‌مگین بۆڵی: ئایابۆداپۆشینی بینای نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌م دیده،كهلتووریاخود ئه‌ده‌ب كامیان زه‌روورتره؟له‌م حاله‌ته‌دا كه‌لتوور،یاخود ئه‌ده‌ب كامیان ئهویترلهنێو خۆیدا ئاوێتهدهكات؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: من له ده‌سپێکدا گوتم، ئه‌ده‌ب به‌شێکه له فه‌رهه‌نگ. که تۆ گوتت فه‌رهه‌نگ، واته: تۆ باس له ئه‌ده‌بیش ده‌که‌یت. فه‌رهه‌نگ به ئه‌ده‌بیشه‌وه بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک، سته‌مدیده بێت یا سته‌مکار، وه‌ک نان و ئاو و ئازادی وایه و پێویسته. نه‌ته‌وه‌ی بێفهرههنگ، نه‌ته‌وه‌یه‌کی لاواز و ژێرپێکهوتوو و که‌نارخراو و بووده‌ڵه‌یه.
غه‌مگین بۆڵی: ئایا میلله‌تێك كه‌لتووری ئه‌ده‌بیاتی له‌ژێرگوشاری سیاسه‌تێكی خێل دابێت ،ئه‌دیبه‌كانی چی بكه‌ن باشه؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: ڕووناکبیر و ئه‌دیب و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و فه‌رهه‌نگییان، خه‌ڵکانی چاوکراوه و شاره‌زا و زانای نێو جڤاک و گه‌ل و نه‌ته‌وه و وڵات و خه‌ڵکه‌کانی خۆیانن و له هه‌موو جڤاکه‌کانی جیهانیشدا ئه‌وانن پێشه‌نگی گۆڕان و ده‌ستنیشانکاری ده‌رده‌کانی کۆمه‌ڵگه و ڕه‌خنه‌گر و شڵهقێنهر و بزوێنه‌ری چهقبهستوویین. ئه‌وان ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان به‌شێک بن له سیاسه‌تی خێڵ و کۆمه‌ڵگه‌ی خێڵ و نه‌ریتی خێڵ، ئه‌وا تۆ نا‌توانیت چاوه‌ڕوانی هیچ هه‌نگاوێکیان لێ بکه‌یت. ئه‌و خه‌ڵکه پێشه‌نگانه بێجگه له‌وه‌ی، که خۆیان گه‌ره‌که له ته‌واوی ئه‌و گوشار و نه‌ریته ڕزیوانه یاخی بن، گه‌ره‌که خه‌ڵکیش فێری یاخیبوون بکه‌ن. یاخیبوون له به‌سته‌ڵه‌کی هزریی. جڤاکی خێڵ، فه‌رهه‌نگی خێڵ و سیاسه‌تی خێڵ و بیری خێڵ، وه‌به‌رهه‌م دێنێ و جڤاکی پیشه‌سازی و نوێیش، فه‌رهه‌نگی نوێ، سیاسه‌تی نوێ و بیری نوێ وه‌به‌رهه‌م دێنێ. جۆیس، کافکا، کامۆ و سارتر، به‌رهه‌می فه‌رهه‌نگی پیشه‌سازین، که مرۆڤ تێیدا هه‌ستی نامۆیی و ته‌نیایی دایده‌گرێت و سه‌دان کێشه‌ی ڕه‌وانی و گیانه‌کی، مێشکی کۆن ده‌که‌ن. نامۆیی و ته‌نیایی و کێشه‌ی ڕه‌وانی و گیانه‌کی، له جڤاکێکی خێڵه‌کیدا، وه‌ک جڤاکی کوردستان، تا پێش چه‌ند ساڵێک و له هه‌ندێ ده‌ڤه‌ری کوردستان تا ئێستاش، هێشتا جێی باس و گرنگیپێدان نین و په‌رۆشی ڕۆژانه و ساکار و هاسانتری، وه‌ک: خه‌می نان و گوشاری ئایین و نه‌ریت و ده‌سه‌ڵات و ده‌رده‌سه‌ریی سیاسه‌ت و نه‌بوونه و تامه‌زرۆی سێکس، شوێنی ئه‌وانه ده‌گرنه‌وه. مرۆڤ، به‌رهه‌می جڤاک و فه‌رهه‌نگی جڤاکهکهیهتی و ژینگه‌ی جڤاکییهکهی، تایبه‌تمه‌ندییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی دیاری ده‌که‌ن، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رهه‌نگی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک، کاریگه‌ریی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکیکی دیکه‌ی ده‌که‌وێته سه‌ر و لێیه‌وه وه‌رده‌گرێت. فه‌رهه‌نگ بڵاو ده‌بێته‌وه و ته‌شه‌نه ده‌کات. فه‌رهه‌نگ وابه‌سته‌ی سه‌رخان و ژێرخانی جڤاکه.گۆڕینی فه‌رهه‌نگی هه‌ر نه‌ته‌وه و خه‌ڵکێک، گرێدراوی گۆڕینه ئابووری و سیاسی و هزری و جڤاکی و په‌روه‌رده‌یی و چاندن و پیشه‌سازی و ته‌واوی بواره‌کانی دیکه‌ی ژیانی ئه‌و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکه‌یه. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیرانی کۆمه‌ڵگه‌ی خێڵ، توانستی بینینی هه‌ڵه زه‌ق و له‌به‌رچاوه‌کانی جڤاکه‌که‌ی خۆیان نه‌بێت و لێبڕاوانه نه‌توانن ده‌ستبه‌رداری چه‌شه و خوان و مفته‌خۆریی و له‌وه‌ڕان بن، هه‌رگیز فه‌رهه‌نگ، له کۆت و هزری خێڵ، ڕزگاری نابێت. گۆڕینی کۆمه‌ڵگه، گۆڕینێکی ڕایکاڵانه و له ڕه‌گه‌وه، ده‌بێته هۆی گۆڕینی فه‌رهه‌نگ، ده‌نا کۆمه‌ڵگه‌ی نه‌گۆڕ و سه‌رخان و ژێرخانی نه‌گۆر و پاراستن و داکۆکی له نه‌ریت و بیری کاتبه‌سه‌رچوو، هه‌رگیز گۆڕینی فه‌رهه‌نگیی ساز ناکات و فه‌رهه‌نگیش له بازنه‌ی خێڵ هه‌رگیز نایه‌ته ده‌ر. فه‌رهه‌نگ، که بۆ خۆی، بیرمه‌ندی عه‌ره‌ب “عه‌لی حه‌رب” گوته‌نی:”پێکهێنانی جیهان و دروستکردنی ژیانه”، جیهانیش، ته‌نێ ڕووناکبیره لێبڕاوه‌کان، دروستی ناکه‌ن، به‌ڵکه هه‌موو هێزه کاراکانی دروستی ده‌که‌ن، به‌ڵام گیانی یاخیبوون و ڕه‌خنه‌گرتن و کراوه‌یی و تێکشکاندنی به‌سته‌ڵه‌که‌کان، وزه و خێراییه‌ک ده‌ده‌نه ڕێڕۆی وه‌لانانی ئاوه‌ز و هزری خێڵ و له‌ئه‌نجامیشدا سیاسه‌تی خێڵ.
14/7/2010
* ئه‌م دیداره له لاپه‌ڕه 6ی ژماره 49ی (ڕووبه‌ری داهێنان)ی ڕۆژی سێشه‌ممه 15/2/2011دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه.