Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
عیشق ئه‌ڕوخێت، به‌ڵام له‌ناوناچێت.

عیشق ئه‌ڕوخێت، به‌ڵام له‌ناوناچێت.

Closed
by February 15, 2011 ئەدەب

 

سه‌فه‌ری من گوێزانه‌وه‌یه‌كه‌ له‌تابووتی ژیانه‌وه‌ به‌ره‌و گۆڕ.سه‌فه‌ری تۆش هه‌ڵگرتنی شوێن پێ خوێناویه‌كانی كه‌سێكه‌ له‌گۆڕستانه‌كه‌وه‌ نامه‌ت بۆئه‌نێرێ،به‌ڵا تۆبڵێ ی عیشق له‌ناو ئه‌م لیتاوه‌دا قسیه‌كی تری هه‌بێت بۆوتن؟! مێژووی ئه‌م گۆڕه‌ تاریكه‌ پڕیه‌تی له‌ ترپه‌ی دڵێكی ته‌نیا، دوای سه‌دساڵ كه‌مانه‌كه‌ی هه‌ڵ ئه‌گرێ‌و ئاوازی كۆنه‌ ئه‌وینێكی پێ ئه‌ژه‌نێ.
سڵا‌و ڕوئیا …..سڵا‌و گوڵی ناسك.
ئێستا دنیا ڕنگی مه‌غریبی لێنیشتوه‌‌و منیش غه‌ریبه‌یه‌كی سه‌رلێشێواو زیاترنیم. توخوا به‌وكوكوختیه‌ بڵێ بائه‌وه‌نده‌ خه‌می تۆنه‌داته‌وه‌ به‌ناوچاوما. من پێم وتی ئه‌ڕۆم تائه‌گه‌ر به‌خت هێنای قه‌ره‌بووی فرمێسكه‌كانت بۆ بكه‌مه‌وه‌. پێم وتی:چارنوس ماسیه‌كی بزێوه‌ ئه‌بێت به‌ده‌ستی خۆت بیگریت نه‌ك به‌قولاپ،نه‌مزانی ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌رمه‌رقه‌دی عیشقی خۆم‌و بۆ خه‌ڵكی تر به‌ردی پێوه‌ئه‌نێم.ئائاوایه‌ وه‌فای دنیا ڕوئیا. ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌یری ماڵه‌كۆنه‌كه‌ی ئێوه‌‌و ئه‌بینم تۆی تیادانیت!له‌وانه‌یه‌ ڕۆژگارێك بێت تۆش بگه‌ڕێیته‌وه‌ سه‌یری شوێنی باخچه‌ چۆڵه‌كه‌ت بگری، به‌سه‌ریادگاریه‌كانتابگریت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆڕی ئازیزه‌كه‌ت بیت.
ئێستاش من له‌ناو ئه‌م باخچه‌ چۆڵ‌و وشك بوه‌دا تارمایی كچێك ئه‌بینم ، من پێی ئه‌ڵێم له‌كوێدا ئه‌م شاریته‌وه‌، به‌بێده‌نگی په‌نجه‌ ئه‌خاته‌ سه‌ردڵی. منیش پێی ئه‌ڵێم تۆمرواریت، مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی بۆ مرواری بگه‌ڕێت ئه‌بێت بچێته‌ قوڵای ده‌ریا ‌و ترسیشی له‌خنكان نه‌بێت.
ڕوئیا تۆ شاهیدی مه‌رگی ئازاراوی من به‌،چونكه‌ كه‌سێك له‌گه‌ڵما نه‌مردبێ ناتوانێت ئه‌و ئازاره‌ وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانی مرۆڤ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌بێت بڵێم ئێمه‌ به‌دوو جۆری جیاواز  ئه‌مردین.  ئه‌شێت كه‌سمان هێشتا له‌ئازراری یه‌كتری تێنه‌ گه‌شتبین ، چونكه‌ كه‌سمان ئازاری مردنی ئه‌ویترمان نه‌كێشا.
 ڕوئیا، مردن چیه‌؟ هه‌ر ئه‌م ئازاره‌ی من له‌ناویدام، له‌ئازاری مردن سه‌ختر نیه‌؟!كه‌سێكی تر په‌نجه‌ی له‌ناو قژی تۆدا ،وێنه‌ی له‌ناو  چاوی تۆدا جێده‌مێنێ و وێنه‌ت له‌ناو چاویا جێده‌مێنێ‌ ئایا ئه‌مه‌ مردن نیه‌؟.من‌و تۆ په‌لكه‌ زێڕینه‌ی خه‌یاڵ ده‌مان به‌ستێته‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌، ئای ڕوئیا خه‌یاڵ نه‌ئه‌توانێت پردێك بێت من‌و تۆ ی پێدا بێینه‌ ماڵ یه‌كتری، نه‌تۆبتوانیت منی تێدا ببینیته‌وه‌‌و نه‌منیش ئه‌توانم سه‌رێك له‌ماڵی دڵی تۆبده‌م. جگه‌له‌و په‌یامه‌ ڕۆحیانه‌ی پێیدا دێن‌و ده‌چن‌وناگه‌نه‌ هیچ جێیه‌ك، خه‌یاڵ ئه‌توانێت چی بكات؟!من له‌وشه‌وه‌دا نه‌مردم، تۆی تیا ئاوابویت ،یان بڵێم له‌و شه‌وه‌دا مردن له‌كۆڵی ژیانی نه‌كردمه‌وه‌، هه‌رگیز باوه‌ڕناكه‌م ئه‌وكاره‌بكات.بۆ تۆش نازانم خودا چۆن له‌كاته‌دا  چاوه‌كانی تۆی دیوه‌‌و ئاگری نه‌باراند؟!!ڕوئیا كێ ئه‌زانێَت تۆش چه‌ند پاڵت به‌ڕۆژگاره‌  تاریكه‌كانی  ناو ئه‌م ئافاتخانه‌‌و كوێره‌ریه‌وه‌ ناوه‌‌و به‌رده‌وامیت؟! تۆبڵێی فریشته‌كانی خوداش ، ئه‌وڕۆژانه‌ت بۆئه‌ژماربكه‌ن له‌م تاعون خانه‌دا بردنته‌سه‌ر‌و به‌گوناه بۆت بنوسن؟! به‌ژیان بۆت بنوسن! ڕوئیا…. سه‌خته‌ ته‌رمێكی به‌ستووت به‌كۆڵه‌وه‌بێت‌و به‌دوای به‌خته‌وه‌ریدا بگه‌ڕێ‌ی‌و  ئه‌ویش خۆت بی‌و به‌دوای ئارامیدا بگه‌ڕێ‌ی، به‌ڵام ده‌كرێت  به‌جه‌نازه‌یه‌كی به‌ستوه‌وه‌ بسته‌ زه‌ویه‌كت بۆ ئاسوده‌یی ده‌ستكه‌وێ‌؟!
ڕوئیا……. له‌م زه‌لكاو و زبڵخانه‌دا هه‌مووشتێك نامۆیه‌، هه‌تا ئه‌و ڕێگایانه‌ش من‌و تۆیان ده‌گه‌یانده‌ یه‌كتری. بۆدواهه‌مین جار كه‌تۆم بینی كراسێك له‌وكراسه‌ زه‌رده‌گوڵه‌ت له‌به‌ردابوو بۆیه‌كه‌م جار تۆم پێوه‌بینی ،ئای چه‌نده‌ جوان بویت ڕوئیا!! پێم وتی ئه‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه‌‌و نابێت هه‌روا ده‌سته‌و وه‌ستان دابنیشم،  ئه‌م جاره‌ كه‌هاتمه‌وه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت كۆتای به‌هه‌موو شتێك بێنم.  دڵت پڕبوو حه‌زیشت نه‌ئه‌كرد بگریت،  وتت جارێ‌ په‌له‌مه‌كه‌ ئه‌م په‌له‌ په‌له‌ی تۆ سه‌رت ئه‌خوات،  بازیندان‌و ئه‌و ئازارانه‌ت بیر بچێته‌وه‌ له‌وێ دیوته‌. دواتریش ئه‌وه‌ت بیر خستمه‌وه‌ كه‌من له‌وێ‌ په‌نجه‌ مۆرم هه‌یه‌.  نه‌م ئه‌زانی ئه‌وه‌ دوا هه‌مین ماڵ ئاوایی منو تۆ و  دواهه‌مین ڕۆژیش ئه‌بێت من‌و تۆ تیایدا باس له‌ئومێد‌و ئاوات بكه‌ین،ئیتر ناتوانم سه‌یرت بكه‌م ‌و  گوێزانێك له‌ناوه‌وه‌ دڵم له‌ت له‌ت نه‌كات .  دڵم نه‌ده‌هات پێت بڵێم دوو ڕۆژیتر ئه‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه‌،چونكه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیاری كاره‌كه‌مدا كردووه‌.نه‌مئه‌زانی ئه‌و ئه‌و دووڕۆژه‌ی بڕیارمدا به‌بێ ماڵئاوایی بڕۆم ڕۆژی دواماڵ ئاوایم بوو،  له‌هه‌موو ئه‌و ئومێدوو ئاواتانه‌ی له‌گه‌ڵ تۆدا هه‌مبوون،ئه‌و ڕۆژانه‌ بوو هێزێكی نادیار له‌سه‌ر ده‌فته‌ری ئێمه‌ی نوسیبوو، ((كۆتایی))!!له‌و ((16)) كاتژمێره‌ی له‌ناو پاسدابووم نه‌خه‌وت مسه‌ره‌تا ((سه‌یری فیلمێكی فارسیم ئه‌كرد)) باسی كێشه‌یه‌كی دڵته‌زێنی ناو خێزانێكی په‌رته‌وازه‌ی ئه‌كرد، ڕووبه‌ڕوی چه‌ند كوشتن بووبونه‌وه‌ بۆیان چاره‌نه‌ئه‌كرا.بیرم له‌تۆ ئه‌كرده‌وه‌‌و دڵم ئازاری ئه‌دام،  به‌خۆمم وت خوابتگرێ‌ وائه‌و كچه‌ دڵناسكه‌ت به‌بێ ماڵئاوایی كردن به‌جێهێشت.به‌ڵام ڕوئیا ده‌بوو چبكه‌م ،جگه‌له‌وه‌ی بیر بكه‌مه‌وه‌ تا ئه‌م سه‌فه‌ره‌ ‌و چه‌ند سه‌فه‌ری تری هاوشێوه‌ به‌دووباره‌ بوونه‌وه‌یان دڵت وردوو خاش نه‌بێت؟!!ده‌بوو چبكه‌م جگه‌له‌وه‌ی بیر له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك بكه‌مه‌وه‌؟؟هه‌ر بۆئه‌وه‌ش ئه‌بوو تاڵیه‌كی له‌مشێوه‌ش بخه‌مه‌ ناوژیانی تۆ.تۆش گوناهبوویت، كاتێك گه‌ڕامه‌وه‌هاوڕێكه‌ت باسی ئه‌وساتانه‌ی بۆكردم. پێ‌ی وتبوویت، نه‌مئه‌زانی په‌شیمانبم یادڵ خۆش له‌هه‌وڵی خۆم درێغیم نه‌كرد،خۆم به‌نه‌فره‌ت بكه‌م یاداوای لێبوردنت بۆَ بنوسم؟!من ئه‌مویست بۆڕۆژێكیش بێت پاداشتی ئه‌و ڕنج‌و ماندووبونه‌ت بده‌مه‌وه‌، ساڵێكی تر درێژه‌بكێشێَ باشتره‌ تائه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ له‌فرمێسكا نوقوم بیت، به‌ڵام حه‌یف سه‌رده‌مێك هات ئیتر تۆم نه‌له‌شه‌قام‌و نه‌له‌كۆڵانه‌كه‌تانا نه‌بینی . بۆمن سه‌رده‌می له‌گۆڕنانی جوانی بوو، هه‌ستم كرد هه‌رچی جوانی دنیاهه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا ڕۆشتن .ئیتر سه‌ره‌تای سه‌رده‌می نابووتیه‌كانه‌. پیان وتم ئاخیر قسه‌ت ئه‌وه‌بووه‌ ، (بۆمردنیش بێت له‌گه‌ڵتدابم) به‌ڵام كوانێ لێده‌گه‌ڕێن بۆمردنیش به‌دڵی خۆت بچیت؟!!دوای تۆ هه‌موو شتێك ڕه‌نگی مردنی لێنیشت، هه‌ربه‌ڕاستی هه‌وابۆنی خوێنی گرت.ڕوئیا كه‌سێك له‌ناو ڕابردویدا خه‌وتووه‌باشتره‌ بڵێم به‌ڕابردووی خۆی ئه‌كوژێت، ئیتر چ ترسێكی له‌وه‌هه‌یه‌ له‌ئاینده‌دا باران ده‌بارێت، یاخوێن؟چ باكی به‌وه‌هه‌یه‌ دنیا ئه‌ڕوخێـ یاناڕوخێت؟؟له‌تێزابا مه‌له‌ئه‌كات یاله‌ئاودا؟؟كه‌ژیان هه‌موو ئومێدێكی تیا كوشتی مه‌حاڵه‌ خۆشت بوێ، به‌ڵام له‌م باره‌دا مرۆڤ پێویسته‌ به‌ئازاری ئه‌وانی تردا ئازاری خۆی بێته‌وه‌ بیر نه‌ك له‌زه‌ت له‌ئازاری ئه‌وانی تر ببینێ‌،كه‌ئازاری ئه‌وانی تری بینی،هه‌وڵی ڕزگاركردنی ئه‌وانی دی بدات ،وه‌ك خۆی وان. تۆش بیرت نه‌چێت كه‌سێك خودای خۆش بوێ،وێنه‌یه‌كی ناشرینی نیشان خه‌ڵكی نادات.
ئاخ ئاسكه‌ سه‌ربڕاوه‌كه‌ی من، مه‌گه‌رده‌كرێت له‌دوای سه‌ربڕینت،چاوه‌كانت له‌نا وخوێنا ئه‌و ڕوانینه‌ سیحراوییه‌ی جارانی هه‌بێت؟!! به‌ڵام ڕوئیا….. مادام مردنێك له‌ئارادابێت ژیان هه‌رچه‌ندشادوو شیرین بێت كۆتاییه‌كه‌ی خه‌مینه‌. هه‌موو كۆتاییه‌كان خه‌میینن. ناخۆشه‌ كه‌سێك نه‌بێت ده‌ست به‌سه‌ر خه‌ون‌و خه‌یاڵتدا بگرێ‌و له‌م دنیایه‌دا مرۆڤێكی بێخه‌ون‌و خه‌یاڵ بیت.ئه‌شێت ئێستا بڵێیت ئای خودای من ،تۆله‌به‌رامبه‌رمندا چه‌نده‌ بێ به‌زه‌یی بوویت، تۆنازانیت چ ئاگریك له‌دڵی مندا ئه‌سووتێت!!به‌ڵام ڕوئیا هه‌رچییه‌ك بێت ئه‌م ژیانه‌ دڵڕه‌قه‌ شایسته‌ی هه‌ستی ناسكی تۆنه‌بوو، ئه‌م وه‌حشه‌تناكه‌تاڵه‌ گوناهبوو له‌ناوه‌وه‌ بتكاته‌ خۆڵه‌مێش.
ڕوئیا…..تۆلێره‌نیت، هه‌مووشتێك بێ تۆغه‌ریبه‌،ته‌نانه‌ت كوكوختیه‌كانیش به‌جۆرێكی تر ئه‌خوێنن،له‌دڵته‌نگی‌و گریان ئه‌چێت!! له‌وه‌ته‌ی تۆسه‌یری حه‌وشه‌كه‌تان ناكه‌یت،گوڵه‌كانیش بۆ هه‌میشه‌ سیسن!ئاخر ئه‌وانیش كه‌سێكیان ئه‌ویست ئاویان بدا‌و سه‌یریان بكات.منیش چاوم به‌رایی نادات دوای تۆ سه‌یریان بكه‌م. چه‌نده‌ ناخۆشه‌ ڕوئیا دوای له‌ده‌ستدانی هه‌موو شتێك نه‌توانیت بچیت سه‌یری گوڵه‌وشك‌و تینوه‌كانی مه‌عشوقه‌كه‌ت بكه‌یت؟؟خه‌م له‌سیس بونیان بخۆیت‌و ئاویان نه‌ده‌یت، به‌سیس بونی ئه‌وان سیس بونی یارت بكه‌وێته‌وه‌بیر!بچیت، سه‌یری جێپێ جێماوه‌كانی بكه‌یت.من له‌هه‌موو ئه‌وشوێنانه‌دا تۆم ئه‌كه‌وێته‌وه‌بیر، به‌هێمننی ئه‌توت((خوایه‌ من چ بكه‌م له‌ده‌ست تۆ !چۆن له‌ده‌ست تۆ نه‌جاتم بێت؟!تۆبۆئه‌وه‌نده‌ شێتی هه‌رچی ئه‌ڵێم  پێئه‌كه‌نیت؟! دنیا بڕوخێ‌و نه‌ڕوخێ لایتۆ شاییه‌!تۆ سه‌یری گوڵه‌كانم بكه‌ بزانه‌ چۆنن؟))ڕوئیا ئه‌وگوڵانه‌ ئه‌م به‌نه‌وه‌ئه‌وشوێنه‌ی به‌چه‌پكێ ڕیحانه‌ی ،وه‌ك خۆت بێتاقه‌ته‌وه‌ئه‌هاتی‌و ((نازانم چۆن دڵت هاتبوو بیان چڕی ).له‌ماڵه‌وه‌ش دیسان دڵیان شكاندبووی!ٍ
من بووم ئێوارانێك گوڵی ئومێدی تۆم ئاوئه‌داو له‌سه‌رپیرۆزیه‌كانی تۆ سه‌ره‌تای سه‌مایه‌كی مه‌ستانه‌م ده‌ست پێكرد، من بووم ئه‌وكوڕه‌ی باوه‌شی به‌سێبه‌ره‌كانی تۆدا ئه‌كرد. ئه‌زانم ئێستاش خوێنی دڵت له‌حه‌وشه‌ی نائومێدی ئه‌ڕژێ‌وئه‌ڵێیت ((نه‌ئه‌بوو ڕۆحی پیاوێك كاولكه‌م كاولی كردم،نه‌ئه‌بوو دڵی پیاوێك وێران بكه‌م قه‌ده‌رمی سپارد به‌وێران بوون)).
له‌خۆمم پرسی ئایا له‌كۆتایدا هه‌میشه‌ گوڵه‌كان وشك ئه‌بن ڕوئیا؟! ئایانه‌ئه‌كرا قه‌ده‌ری ئێمه‌ ئه‌مه‌نه‌بێت؟!به‌ڵام هه‌رچیه‌ك بێت باسه‌د ساڵیش ڕه‌نجم  له‌پێناوتدا دابێت، منیش هیچ نیم جگه‌له‌دوو ده‌ستی ڕه‌ش كه‌ئاینده‌ت ئه‌ده‌مه‌ ده‌ست خه‌م .هیچیش له‌وه‌ناخۆشتر نیه‌ گوناه باربیت له‌به‌رامبه‌ر گوناهێكدا دوور له‌ده‌سه‌ڵاتی تۆڕویان داوه‌‌و هیچ ده‌ستێكت نه‌بووه‌ تیایدا‌و شوێن ده‌سته‌كانیش دیارن،نازانم به‌چیش له‌و ئازاره‌ ویژدانیه‌ ڕزگارم بێت. ڕه‌نگه‌ بۆتۆش سه‌خت بێت، دڵت بده‌یت به‌كه‌سێك ڕۆژێك له‌ڕۆژان نه‌ئازاری له‌پێناتا كێشاوه‌‌و نه‌تۆش له‌خه‌یاڵیدا بوو یت، ڕێكه‌وتێك وه‌كوو هه‌موو ئه‌وڕێكه‌وته‌ حیزانه‌ی تر مرۆڤ تیایدا گیان له‌ ده‌ست ئه‌دات،گیانت له‌ده‌ست داوه‌‌و له‌بری ئه‌وه‌ی كه‌سێك بێت به‌شه‌ریكی ژیانت ئه‌و بووه‌ به‌خاوه‌نت.خاوه‌نداریش هه‌میشه‌ ئه‌و ئازاره‌ت تیادادروست ئه‌كات ، هه‌میشه‌ یادوو بیره‌وه‌ری ئه‌وكه‌سه‌ت تیادا زیندوو ئه‌كاته‌وه‌ پێ‌ی وابوو ده‌بوو تۆ له‌سه‌رزه‌مینێكی دوور له‌كینه‌و كۆیلایه‌تیدا، وه‌ك وه‌ك عاشق‌و مه‌عبه‌د سه‌یرت كرابا وانیه‌ ڕوئیا؟!تۆده‌بوو له‌ماڵی كه‌سێكدا بای دونیای جوانیتی جوانتر كردبا، نه‌ك دوای ساڵه‌های ساڵ خه‌یاڵ بكه‌یت سێبه‌ری پیاوێك به‌گوڵێكی سوره‌وه‌ سڵاوێكی غه‌ریبانه‌ت لێبكات، به‌ڵام ئیتر نه‌ئه‌و پیره‌ كۆڵه‌واره‌ ، نه‌ئه‌و دێوانه‌ ڕیش سپیه‌ گه‌نجه‌كه‌ی جارانه‌ ‌و نه‌دڵی ئه‌وپیره‌ ژنه‌ تێكشكاوه‌ش دڵی كچه‌ دڵته‌ڕه‌كه‌ی ئه‌وسا.
تۆش ژیان دڵی نه‌شكاندبای ئه‌وه‌نده‌ ده‌رگای مه‌رگ‌و عیشقت نه‌ئه‌كوتا.ئه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتی تۆدابوو زیاتریشت كرد،  تۆڕاستت كرد ده‌بوو به‌ڕێگایه‌كی تر باره‌لاره‌كه‌ ڕاست بكه‌ینه‌وه‌،به‌ڵام  ئێستاش ویژدانم ئازارم ئه‌دات كه‌بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌،كه‌سانێكی تر باجی ژیانی من‌وتۆبده‌ن،هیچ گوناهیان نیه‌و هیچیشیان له‌و به‌خته‌وه‌ریه‌ پێنه‌ده‌بڕا،من‌وتۆ ئه‌مان بینی، ئه‌مه‌ش بۆهه‌میشه‌ ژیانی لێتاڵ ئه‌كردین.
ڕوئیا مرۆڤ بۆچركه‌یه‌كیش ڕێزی ڕابردوو بگرێت ناتوانێت ماڵئاوایی له‌كه‌سێك بكاو له‌ناخه‌وه‌نه‌گری،چ جای ئه‌وه‌ی ساڵانێك له‌پاڵ تۆدا خۆم به‌خاوه‌نی هه‌موو دنیا ئه‌زانی .ئه‌م دنیایه‌ش دوای تۆ هه‌رله‌زیندانێكی چۆڵ ئه‌چێت،وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی تۆ تیایدا وتووتن، دواكه‌وتبن‌و ئێستا ده‌نگ بده‌نه‌وه‌،وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نیا ده‌نگێك به‌بێده‌نگی بڵێ دنیا حیكایه‌تێكه‌ پڕه‌ له‌دڵشكانی بێ مانا‌و بێباكی خودا، كۆتایه‌كان تاڵ‌و ده‌ردناكو كوشنده‌ن، جا ڕابردوو گریان بێت یاپێكه‌نینن فه‌رقێك له‌گۆڕێ نیه‌!!هه‌مووشتێك له‌ناو خه‌مێكی خنكێنه‌ردا له‌بیر ئه‌چێته‌وه‌،ته‌نانه‌ت تۆش وهه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی ڕۆژگارێك له‌ناو له‌ناو دڵیان هه‌ڵیان گرتووی‌و خۆشیان ویستووی.ڕوئیا ژیانی من به‌رگه‌ی برێنێكی ترناگرێت،ئێستاش كه‌سێك له‌وجێیه‌دایه‌ ده‌بوومنی تێدابم، بۆئه‌وبه‌شه‌ی ژیانت له‌گه‌ڵتدایه‌ ده‌بوومنت له‌گه‌ڵدابم،تۆبه‌شێكی ژیانت له‌ناو ڕابردوی مندایه‌و به‌شێكی تری له‌ناو داهاتووی كه‌سێكی تردا،ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌و خه‌مه‌یه‌ له‌كۆتایدا من‌و مردن ئه‌كات به‌دۆست.تائه‌و كاته‌ی تۆله‌ ڕابردووی خۆت په‌شیمان نیت،خۆشم ئه‌وێیت،دوای ئه‌ویش ….ناچارم.ڕوئیا ئیتر له‌هه‌رجێیه‌كی سه‌رئه‌م زه‌مینه‌دابم بۆمن وه‌ك یه‌كه‌، هه‌زارساڵ ته‌مه‌نم بێ‌و چوارده‌ ساڵبم وه‌كو یه‌كه‌،بۆكه‌سێك هه‌موو شتێكی له‌ده‌ست چووه‌ نه‌زه‌مان بایه‌خی هه‌یه‌و نه‌شوێن.
كه‌گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌مووشتێ: له‌بێده‌نگیدا نوقوم بووبوو،بێده‌نگییه‌كی مه‌رگهێنه‌رو سامناك، له‌وه‌ ئه‌چووه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌موو شتێك مردبێت، ژیان زیندووێتی خۆی له‌ده‌ست دابێت،. ته‌نیا ڕۆح له‌به‌رێك كه‌ده‌نگی ئه‌هات‌و ئه‌و دۆخه‌ ده‌ردناكه‌ی ئه‌شێواند ،كه‌وه‌كو ده‌ردێكی كوشنده‌ چووبووه‌ گیانمه‌وه‌،دیسان ئه‌و كوكو ختیانه‌ بوون پێكه‌وه‌ گوێمان لێده‌گرتن، ئه‌وه‌ حه‌زینترین ده‌نگێك بوو له‌ژیانمدا گوێم لێ بوبێت.ده‌نگێك بوو ده‌چووه‌وه‌ سه‌ر ڕه‌چه‌ڵكی مردن،ده‌نگێك بۆنی یادگاری‌و ماڵئاوایی یه‌ك جاره‌كی لێده‌هات،بۆنی حوزن‌و نائومێدی ‌و خواحافیزیه‌كی هه‌تاهه‌تایی  لێئه‌هات.ده‌نگێك بوو له‌بێده‌نگێدا ئه‌یوت(( له‌م وێرانه‌دا كه‌ تادوێنێ‌ به‌هه‌شت بوو جێگای چۆڵی كه‌سێك  تاهه‌تایه‌ مایه‌ی ئازاره‌، به‌ڵام به‌چی ئه‌چێت نه‌ به‌خه‌یاڵ مردوو زیندوو ئه‌كرێته‌وه‌‌و نه‌به‌ دالغه‌ش زه‌مانه‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌سوڕێ. من ئه‌و ڕۆژانه‌م وه‌كو ته‌رمی ئازیزێك له‌خۆما هه‌ڵگرتووه‌، بۆیه‌ بۆنی مه‌یتخانه‌یه‌كی ساردم لێدێ.دوێنێ‌ سه‌یری خانووه‌كه‌ی ئێوه‌م ئه‌كرد به‌شێكیان ئه‌ڕووخاند ،وه‌ك ئه‌وه‌وابوو له‌به‌ر چاوم به‌شێك له‌ژیانی تۆ بڕوخێنن،ئاخر به‌شێك له‌ژیانی تۆ له‌و خانووه‌دا به‌جێمابوو، داخۆ چه‌نده‌ شه‌وت له‌ناویدا  به‌دالغه‌و خه‌یاڵات  به‌ڕێ‌ كردبێت، گریابیت‌و تێیدا پێكه‌نیبیت؟!هه‌رله‌وێدا دڵت دۆزییه‌وه‌و هه‌رله‌وێدا دڵت له‌ده‌ستداو هه‌رله‌وێشدا بوو منت به‌یه‌كجاری به‌جێهێڵا!!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.