ڕوناکی! …. ن/جه‌لال قادر
وه‌ک شه‌م شه‌مه کوێره له ژوورێکی تاریک و خانوویه‌کی داڕما و داڕزاو ده‌ژیاین ، دیواری قایه و گه‌چی بۆرو قاوه‌یی ژه‌نگ گرتووی سارد‌و سڕ، تهڕشووعهکهی قنگی دهتزانین . کونه ئه‌شکه‌وتێ بوو تیشکی خۆری به‌ر نه‌ده‌که‌وت ، ئه‌گه‌ر له ژووره‌که بهاتینایه ده‌ره‌وه بۆ ماوه‌یه‌ک چاومان دهچوقاند تا هاوێنه‌ی چاومان له‌گه‌ڵ ڕوناکی ئاشنا بێته‌وه.
باوکم ده‌یگوت : له سه‌ره‌تاوه باپیرتان ئه‌م خانووه‌ی به سه‌قه‌تی دروست کردووه ، بیری له ڕوناکی نه‌کردووه‌ته‌وه.
دایکم ده‌یگوت : ده‌ی پیاوه‌که ئه‌وان هه‌رئه‌وه‌نده‌یان لێده‌زانی .
باوکم له‌سه‌رده‌می به‌عس به دزییه‌وه له پشتی خانووه‌که کونێکی کرد تا ژووره‌که‌مان ڕوناک کاته‌وه ، که‌چی چه‌ند ڕۆژێکی نه‌برد هاوسێکه‌ی پشتی مالمان ئیخبارییان لێ‌کردین ، ئه‌منه‌کان هاتن کونه‌که‌یان پێمان سواخدایهوه ، شه‌و و ڕۆژمان تاریک و تاڵ بووه‌وه .
هه‌رچه‌نده به گلۆپێکی سه‌تی ژووره‌که‌مان ڕوناک ده‌بووه‌وه به‌لام ده‌بوایه ئه‌م گلۆپه هه‌رده‌م داگیرسایه ، به شه‌ویش گلۆپێکی سفری سوورمان داده‌گیرساند . ئێستاش دێته یادم گه‌چ و دیواری داڕزاوی ژووره‌که وه‌ک تابلۆیه‌کی قاوه‌یی ژه‌نگاوی بوون ، ڕوومه‌تی دایکم و هه‌موو شته‌کانی ماڵ سوور ههلدهگهڕان.
نه‌بوونی و ده‌ست کورتی و تاریکی دڵته‌نگی کردبووین ، وه‌ک کوێر خۆزگهوئاواتمان تۆزقالێ ڕوناکی بوو . دایکم له‌سه‌ر به‌رماڵی نوێژکردن ڕۆژانه دوعای ده‌کرد و له خوا ده‌پاڕایه‌وه ده‌یگوت : خوایه بۆ گه‌وره‌یی خۆت ڕه‌حمی به‌م میله‌ته بکه و به نوری خۆت ئه‌م کافرانه بسوتێنه ، ڕوناکی بۆ مالمان بهێنه .
هه‌ر له پێناو ڕوناکی کاوه‌ی برام له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌کان ڕه‌می کراو پاره‌ی گولهکهشیان لێمان سه‌ند ، ئه‌وکاته‌ی ته‌رمه‌که‌یان بۆ هێناینه‌وه باوه‌ڕمان نه‌ده‌کرد چونکه ئه‌و برایه‌م خۆی له کاری ته‌نزیمی وه‌رنه‌ده‌دا . به‌لام هاوپۆله‌کانیان بۆمانیان گێرایه‌وه :
له محازهریهکدا کاوه‌ی برام له‌سه‌ر بابه‌تی ڕوناکی قسه‌ی کردووه وتیه‌تی : بۆ وێنه گرتن پێوستمان به ڕوناکییه ، کامیرا له تاریکیا پێویستی به فلاش لایته ، ئێمه‌ش له تاریکیا ناتوانین هه‌نگاوبنێین ، گه‌ر ژیانمان تاریک بێت چاومان بۆچییه؟ ڕوناکی سه‌رچاوه‌ی ژیانه.
باسی مالهوهمانی کردبوو که وه‌ک ژوورێکی زیندانییه ، وتییهتی : له‌به‌ر نه‌بوونی ڕوناکی و تیشکی خۆر ڕه‌نگی خوشک و براکانم سپی ههلگهڕاون .. ده‌لێی تازه له زیندانی ئازاد کراون .
دوای ئه‌و ڕۆژه له‌به‌رده‌م خوێندکارانی په‌یمانگه کاوه‌ی برامیان ڕه‌می کردووه و گوتیانه : ئه‌م خوێندکاره وشه‌ی ڕوناکی وه‌ک ڕه‌مز به‌کار هێناوه .
له یادی چڵه‌ی کاوه‌ی برام باوکشم له‌سه‌رشه‌قامی کۆڕنیشی ده‌م خاسه به‌سواری پایسکیله‌که‌ی به‌رده‌بێته‌وه گیان ده‌سپێرێ.
به‌و ڕۆژگاره دایکم دوعای له ده‌سه‌لات ده‌کرد و ده‌یگوت : ده‌گ ئینشالله خۆر ده‌تان سووتێنێ له قهبرش جێگاتان نابێته‌وه.
دوعاکانی دایکم هاته دی و به‌عس ڕووخا ، یه‌کسه‌ر بێڵ و قازمهم هێنا دوو کونی گه‌وره‌م له ژووره‌که‌مان کرد ، یه‌کیانم به شووشه‌ی نیومه‌تری گرت و کونه‌که‌ی ترپهنجهرهیهکی یه‌ک مه‌تری چوارگۆشهییم لێبه‌ست .
دایکم دڵی زۆر خۆش‌بوو ده‌یگوت : خۆزگه کاوه‌ی برات و باوکت له ژیان بوونایه و ئه‌م ڕوناکییهیان بدیبایه .
به داخه‌وه ته‌مه‌نی ئه‌م ڕوناکییهمان کورت بوو ، هاوسێکه‌مان سه‌ری کۆلانهکهیان کرد به بازاڕێکی قه‌یسه‌ری و خانووه‌که‌مان که‌وته به‌رسێبه‌ری ته‌لارێکی چوار نهۆمی .
له‌گه‌ل دایکم له مالێکی تاریک و سارد وسڕ ماینه‌وه ، پاره‌شمان نه‌بوو بیڕووخێنین و سه‌رله‌نوێ دروستی که‌ینه‌وه .به دایکم وت : دایکه گیان تۆ پیر بوویته و پێوستیت به تیشکی خۆره تا پێیه‌کانت تووشی ڕۆماتیسم نه‌بوونه با خانووه‌که بفرۆشین . دایکم دڵی نه‌شکاندم و ڕازی بوو.
خانووه‌که‌م به نرخێکی باش فرۆشت به هاوسێ زۆڵ و چاوچنۆکهکهمان . ڕۆژێ دوای بارکردنمان خانووه‌که‌یان به شۆفڵ ته‌خت کرد و کردیان به گه‌راژی ئوتۆمبیلی مۆنیکا وبیئێم و لهنگرۆزهری جام ڕه‌ش .
ئێستا له‌گه‌ڵ دایکم له دوورشار خانووه‌کی کراوه و پڕ له په‌نجه ره‌مان دروست کردووه ، که له هه‌موو لایه‌که‌وه ڕوناکی دڵی دایکم ده‌داته‌وه . سپێده کاتێ گزنگ ده‌رده‌که‌وێ من و دایکم باوه‌ش به تیشکی خۆر ده‌که‌ین ، ئێوارانش کاتێ خۆرنزیک ده‌بێته‌وه له ئاوا بوون ڕه‌نگی پرته‌قالی و ئاسمانی سوورماچ ده‌که‌ین ، وه‌ک په‌پووله بۆ ڕوناکی ده‌سووتێن و بیر له جوانترین وگهشترین ئاینده ده‌که‌ینه‌وه .