
تا بارانی غه‌ریبی ته‌ڕت نه‌کات
(ئه‌و مه‌حره‌می ئه‌سراری نه‌دیمی منه یاڕه‌ب
ئه‌و هاوبه‌شی غه‌م خواری قه‌دیمی منه یاڕه‌ب
ئه‌و هه‌ڵگری نازی حه‌بیبی منه یاڕه‌ب
که‌وتۆته چ به‌حرێکه‌وه، خنکاوه دڵی من)
شاخه‌وان که‌ریم
تا بارانی غه‌ریبی ته‌ڕت نه‌کات
تا په‌لکه‌زێڕینه‌ی گۆرانی نه‌بێته خه‌رمانه‌ی خه‌یاڵ
تا له جامی قوڕینی ڕێگادا قوم قوم برسێتی نه‌خۆیته‌وه
تا نه‌بیته سه‌رنشینی قیتارێکی ههڵهڕێ و تا ده‌ست له ئاوی به‌حر نه‌ده‌یت و به به‌له‌مێکی شکاو له زریانی ده‌ریا نهپهڕێیتهوه
تا له قوتویه‌کی ژه‌نگاویدا قومێ ڤۆدگا نه‌که‌یت به‌ده‌م له‌رزی نێو شه‌خته سه‌هۆڵی باکوره‌وه،
تێناگه‌یت چه‌نده بیرت ئه‌که‌م
تێناگه‌یت ئه‌وده‌مه‌ی که له‌وێ نیم، که شار گوڵی من ناگرێت، که شه‌قام خه‌می منی به‌سه‌ردا ناڕوات، ئه‌وده‌مه من برینداری چ چه‌قۆیه‌کی کولی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک و چ قه‌ره‌جێکی به ئیلهامم
تێناگه‌یت ئه‌و ده‌مه منیش چ بێواده مردوویه‌کم، چۆن بێ قه‌رار به‌دوای گوڵێکی سوردا ده‌گه‌ڕێم تا بیده‌یت له یه‌خه‌ی ڤالا‌نتاینی ئه‌و ده‌مه‌ی من له‌وێ نیم،
لای تۆ
چ جارێک مشتمان له تێکدانی شاره مێرووله خۆشکردبێت، هه‌نگاومان بردۆته دواوه، تا خوا به‌سه‌ر ناکامیماندا میهر ببارێنێت، ڕێگه‌مان ئه‌دا مێشووله خوێنمان بخوات
باران سه‌د جار خۆی به من ووشک کرده‌وه و کردم به قوربانی تۆ، به‌یانیان هه‌تاو به په‌یژه‌ی دڵی مندا ئه‌هاته‌وه نێو ئاسمان، قسه‌ی ناخۆشم له ڕووی هیچ پشیله‌یه‌ک نه‌کرده‌وه، به سه‌گ له فه‌رموو که‌مترم نه‌وتووه
هه‌ر ده‌ستێک ڕووی ئه‌کرده تۆ، تۆ پڕت ئه‌کرد له نه‌سته‌له و له چکلێت و له ورده دیناری مڕاز
ئه‌وه‌ی من ئه‌ی به‌خشم تکای منه له خوا و ئه‌وه‌ی تۆش ئه‌ی به‌خشیت تکای تۆیه له خوا، من ئه‌مه‌وێت ئه‌مشه‌و گوڵی من بدات له یه‌خه‌ی کراسه‌که‌ت
چۆله‌که فزوڵهکان له دڵتا گومان ئه‌چێنن
زه‌رفی فتوری نامه به ئه‌دگاری پاکت ئه‌ڵێت گومانی لێبکه
بارانێکی وشکی ناکاو ژه‌نگ له‌سه‌ر کشتوکاڵی خه‌یاڵت دروست ده‌کات
پشیله‌یه‌کی هاوڕێت به سرنج ئه‌هریمه‌ن ئه‌کاته ناو عه‌مباره‌کانی سۆزته‌وه
که تۆ له مشکێکی برسی ته‌ماحی په‌نیره‌کانی منی هه‌یه،
نێو دۆڵابه‌کانی خۆتدا بۆت هه‌ڵگرتووم تا له مردن دێمه‌وه
دونیا له به‌ختی من خراپ به گوێتا ئهچپێنێت
نا ئه‌ی ئاوێنه‌ی به‌شه‌وقی گۆرانیه‌کانی من، من کچانی نیم، ئه‌و ده‌مه‌ی به‌دوای ڕێگاکانی تۆدا دێم، ئه‌و ده‌مه‌ی خوم پێوهگرتوویت، ئه‌و ده‌مه‌ی له مزگه‌وته‌کانی تۆدا ئه‌مێنمه‌وه، ئه‌و ده‌مه‌ی له‌سه‌ر ڕێگاکانی تۆ لهئینتیزاری گهشتنتدام، من له‌تۆدا کچ نابینم، ئه‌وه‌ی من به‌دوای تۆدا ڕاده‌کێشێت جوانیه
ده فێرمکه، ئه‌وده‌مه‌ی تۆ له‌سه‌ر ڕێگاکانی خۆت ده‌رم ده‌که‌یت، من چۆن و له‌کوێوه بگه‌ڕێمه‌وه؟ بگه‌ڕێمه‌وه بۆ کوێ؟
له‌سه‌ر دیواری ماڵه نسرمهکهی دڵمم نووسی، کچانی نیم، به‌س تا ده‌مرم به‌دوای نه‌سیمی تۆدا دێم
کچانی نیم، من بڵێم چی جگه‌له‌وه‌ی به‌دواتدا بێم، ئه‌وکاتانه‌ی که ده‌ست ده‌ده‌م له هه‌ناسه‌ت، ئه‌وکاتانه‌ی عه‌تری ده‌نگت ئه‌رژێ به‌سه‌ر کوڕێنیمدا
له‌سه‌ر دیواری ماڵی دڵم بۆتۆم نووسی
کچانی نیم، ده‌رم مه‌که له ڕێگاکه‌ت، شوێن پێکانت هه‌ڵمه‌گره‌وه، پوله‌که‌ی ڕژاوی جوانیت مهچنهرهوه، کچانی نیم، به‌س خوم به‌تۆوه گرتووه
دڵم نایه‌ت له‌خه‌و هه‌ستم، دڵم نایه‌ت چاو بکه‌مه‌وه، به‌خۆم ئه‌ڵێم بنوو باشتره خه‌ون ببینیت، نه‌ک ئه‌م جه‌سته بێ ڕۆحه بخه‌یته به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌ک که ناتوانێت وه‌ڵامی پڕسیارێکت بداته‌وه، که ناتوانێت له چیرۆکی نێو خه‌ونه‌کانت تێبگات، نا ، مه‌مخه‌ره به‌رده‌م ئه‌و ئاوێنانه‌ی که لیخنن له بێ خه‌یاڵی و شه‌وقی ئه‌ستێره‌یه‌کی پیریان پێنیه
نا ئه‌ی به‌یانیه سارده‌کانی باکور، مه‌مخه‌ره به‌رده‌م ئه‌م ئاوێنانه که په‌نجه‌کانیان بوونه‌ته شه‌خته،
که قژیان وه‌ک ڕوباری سه‌هۆڵ و دڵیان به‌تاڵه له خه‌م
مه‌مخه‌ره به‌رده‌م به‌لوعه‌ی ئه‌م ئاوی قیامه‌ته، ئه‌وه‌ی له‌م ئاوه‌ی خواردبێته‌وه ئیتر ناچێته‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵات
بهێڵه هێنده بنووم
هێنده له‌وێ بم
هێنده ڕاکه‌م له‌م مه‌عره‌که‌یه، له‌م خه‌تایه، هه‌تا سه‌ر دار و په‌ردوی دوێنێم
ده‌خیلتم، ئه‌ی به‌یانیه سارده‌کانی باکور
ئه‌ی شنه‌با سارده‌کانی دارستانه چڕه‌که‌ی باکور
ئه‌ی هه‌تاوه ته‌مه‌ڵه‌که‌ی سه‌ر دار و په‌ردوی ئه‌م شاره ساردانه‌ی باکور، بهێڵن با بنووم، بهێڵن با خه‌ون ببینم و با له‌وێ بم، ئه‌مڕۆ ڤالانتاینه، ئه‌مه‌وێ له‌وێ بم، لای عه‌شق لای خۆشه‌یستی و له سه‌ر خه‌راباتی وڵات
ئه‌مه‌وێ له به‌ر ده‌رکی سارای شار بم
ئه‌مه‌وێ له‌وێ گوڵی سور له باخی گشتی لێبکه‌ینه‌وه و باخه‌وانه پیره‌که‌ش به مشتێ قسه‌ی سوک و به ده‌ریایه‌ک بۆڵه‌بۆڵ ده‌رمانبکات و بماننێرێتهوه بۆ نێو شاره سارده‌کانی هه‌نده‌رانی ته‌نهایی و فیڕاق
بهێڵه بنوم
تکایه بهێڵن له‌وێ بم، لای هه‌ناسه‌ی توند و ترپه‌ی دڵی باخی شیلک و باخی هه‌تاو و باخی ڕه‌ز و باخی هه‌نار
تکایه ئه‌ی به‌یانیه بێشه‌رمه‌کانی باکور، بهێڵن با له‌وێبم