ئێمه بڕوامان به ئینسان هه‌یه
ئێمه بڕوامان به ئینسان هه‌یه
داوایه‌ک بۆ گێڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ مرۆڤه‌کانی ئه‌م نیشتمانه
ئێمه ڕقمان له هیچ کام له سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانی کورد نابێته‌وه به خاتری دانه‌یه‌کی تر، ئێمه هیچ ده‌ستێکی ئاژاوه‌گێڕیی ده‌ره‌کیی و هیچ هێزێکی نهێنیی و شاراوه‌مان له پشته‌وه نییه، ئێمه ته‌نیا ئینسانمان خۆشده‌وێ. قسه‌کردنی ئێمه قسه‌کردن نییه بۆ ڕیسواکردن و تۆمه‌تبارکردنی که‌س، ئێمه ته‌نها زه‌نگێکی ئاگادارکردنه‌وه ده‌کوتین، زه‌نگێک بۆ هه‌مووان، ده‌بێ گوێمان لێ‌بگرن، ئه‌وه‌ی که ڕوویدا و ئه‌وه‌ی که ڕوویداوه ترسناکه.
بۆ له وڵاتی ئێمه یه‌که‌م کاردانه‌وه و به‌رخود له به‌رامبه‌ر هه‌موو روداوه‌کاندا کوشتنه؟ بۆ له وڵاتی ئێمه گه‌ر که‌سێکمان به دڵ نه‌بوو ده‌یکوژین؟ بۆ لای ئێمه کوشتن ئه‌وه‌نده ئاسانه؟
ئێمه ده‌زانین ئێره سه‌رزه‌مینی دوای شه‌ڕه‌کانه، به‌ڵام زه‌مه‌نی جه‌نگه‌کان به‌سه‌رچوو، سه‌رکرده‌کانی ئێمه به‌رده‌وام باسی ئه‌من و ئاسایشی ئه‌م هه‌رێمه ده‌که‌ن، به‌ڵام دوێنێ کوڕه‌کانی نیشتمان کوژران، له وڵاتێکا که ئه‌من و ئاسایش هه‌بوو، به‌ڵام به‌شی ئه‌وانی نه‌کرد.
گه‌ر به پێوانه‌ی (العین بالعین) یش بێت خۆ نه‌ده‌بوو که‌س بکوژرێت.
ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد و شت به‌ده‌سته‌کان ئه‌و که‌سانه بن که هانی ناتوندوتیژیی ده‌ده‌ن، ده‌بێ ئه‌وان له گه‌نجێکی پانزه ساڵان زۆر پشوودرێژتر بن، ئه‌وان ده‌بێ بزانن که ئه‌و گه‌نجانه بێ هۆ توڕه نین، ناشبێ ئه‌م گه‌نجانه‌ش به‌وه بچوک بکه‌نه‌وه که بیانده‌نه پاڵ حزبێک و بزووتنه‌وه‌یه‌ک، حزب هه‌رگیز ئینسان دروستناکا، توڕه‌یی ئێستای ئه‌م گه‌نجانه ده‌بێ وا لهسهرکردهکانمان بکات وێنه‌ی توڕه‌یی خۆیانیان بیرخاته‌وه له سه‌رده‌می ترا ئه‌وکاته‌ی ئه‌وانیش به ناعهدالهتییهکانیان وت نه‌ء، ئێمه ده‌زانین ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێستا هه‌رگیز حکومه‌تی به‌عس نییه، ده‌زانین ئه‌م حکومه‌ته‌ی که هه‌یه هی هه‌موومانه، به‌ڵام پێویسته به‌ر له هه‌ر که‌س ده‌سه‌ڵات له‌مه تێ‌بگا، ده‌بێ ئیدی ده‌سه‌ڵات ڕێژوانهکانیش به کوڕی خۆی بزانێت. به‌ڵام ده‌شزانین تازه بۆ ئه‌وانه‌ی دوێنێ کوژران دره‌نگه، چونکه ئه‌وان دوێنێ شه‌و بۆ ئه‌به‌د نوستن.
ئه‌وانه‌ی کوژران ئینسان بوون، ئینسان له هه‌موو ئایدیۆلژیاکان گه‌وره‌تره، له سه‌رووی هه‌موو ڕێبازهکانهوهیه، گه‌ر هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌ک خوێنی ئینسان به بچوک بزانێ، ئه‌وا خۆی سفرده‌بێته‌وه، مرۆڤ گرنگتره له هه‌موو فه‌لسه‌فه و سهفستهکردنێک، گرنگترینه، دونیا هی ئینسانه، نه‌ده‌بوو ئه‌وانه‌ی دوێنێ کوژران ئاوا جێبهێلرێن، جێ هێشتنى ئه‌وان جێهێشتنى هەموومان بوو ، ئەمجارە میللەت جێهیڵرا میللەت بێ باوک بوو هیچ کەس خۆى نەکردە خاوەنى. کەس نەبوو بلێ ئه‌م کاره‌ساته بۆچی و له‌پای چی؟ هەرچى دەنگ زوڵال و بوێره سیاسییه‌کان بوون قڕو قەپیان کرد. تەرمی ئه‌وان به ته‌نها مایه‌وه.
ده‌بێ هه‌موومان بزانین هیچ پاساوێک بۆ کوشتنى ئینسانێک ڕەوانیيە، با بێحورمەتییکردن به ئینسان لێره‌دا بهسبێ ، که‌س بۆی نییه حورمه‌ت له تۆ وه‌رگرێته‌وه، ئه‌وه‌ی مرۆڤ بکوژێ شارستانییه‌ت به هیچ تێده‌گا، ئاخر سه‌رده‌می شه‌ڕه گه‌وره‌کان ته‌واوبوون، ده‌بوو حورمه‌تی مرۆڤ بگیرایه ، ده‌بوو که‌س نه‌کوژرێ، نابێ چیدی ئینسان بێ هۆ بکوژرێ، ئێمه چیدی ناتوانین هیچ نه‌لێین.
ئێمه نوسه‌ر نین، ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان نین، له هیچ تاقمێک نین، له‌گه‌ڵ هیچ حزبێک و بزووتنه‌وه‌یه‌ک و جوڵانه‌وه‌یه‌ک و هیچ شتێک نین که باره‌گا و بنکه و ڕێکخستنی هه‌بێ و هه‌بووبێ و خه‌ون به چاککردنی دونیاوه ببینێ ، ئێمه بڕوامان به ئینسان هه‌یه، ده‌زانین ئه‌وانه‌ی کوژران ده‌بوو بژین، ڕێژوان ته‌نیا پانزه ساڵ بوو، تا هه‌تاش هه‌ر پانزه ساڵ ده‌مێنێته‌وه.
ئێمه به خاتری که‌س و له داخی که‌س و له ڕقلێبوونه‌وه له که‌س قسه ناکه‌ین، ئێمه ته‌نیا ئینسانین، داواده‌که‌ین چیدی حورمه‌ت بگێڕدرێته‌وه بۆ ئینسانبوونی خۆمان، چیدی که‌س نه‌توانێ بتوانێ به که‌س بلێ تۆ هیچ نیت تۆ ده‌بێ بمریت، بۆ ده‌بێ ڕێژوان یان هه‌ر گه‌نجێکی دی ئه‌م نیشتمانه بمرێت؟
ئێمه دوور لە هەر دەمارگیریى و گرژییەکى سیاسیی و ئایدۆلۆژیى و بەرەیى و باڵى حیزب و سیاسەت داواى گەڕانەوەى حورمەت دەکەین بۆ مرۆڤ، بۆ ئینسانی ئەم وڵاتە کە نرخى پشیلەیەکیشی بۆ دانانرێت، هه‌مووان ده‌بێ ئارام ببنه‌وه چونکه خوێنی ڕژاوی هیچ که‌سێک قهرهبوناکرێتهوه، تکایه هه‌موو سه‌رۆک و سه‌رۆک حزب و هه‌موو ئه‌وانه‌ی شتێکیان له‌م وڵاته به ده‌سته له‌وه تێبگه‌ن که ئینسان حورمه‌تی له هه‌موو شتێک زیاتره، بە گوللە وەڵامى مێردمناڵێک نادرێته‌وه، ده‌بێ ئه‌م گۆمی خوێنهوشککا، خوێنی ڕێژوان و ئه‌وانی دیش ته‌نانه‌ت له ئه‌ستۆی ئێمه‌یشه، ئێمه که هیچ شتێکمان به ده‌ست نیيه و خاوه‌نی هیچ حزب و کۆمه‌ڵه‌یه‌کیش نین، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی کوژران تازه زیندوو نابنه‌وه. ڕۆحى هه‌موو ئینسانه‌کان هه‌مان پیرۆزییان هه‌یه، ئەوەى دەمرێت هه‌ر کامێکمان بین یان ڕێژوان یان تۆ یان هەر کەسێکى تر.
کارەساتهکهی حه‌ڤده‌ی شوبات بەد و ناشیرینه وه‌ک کاره‌ساتی هەڵەبجە و ئەنفال و هۆلۆکۆست، ئاخر لە سەدەى بیستویەکدا بەبەرچاوى هەموو میدیا و کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و تەنانەت ئەوانەشى کە خۆپیشاندانەکەیان ڕێکخستووە گه‌نجی ئه‌م وڵاته دەکوژرێت و کەسیش دەنگ ناکات، چونکە بەهاى ڕۆحى ئینسان لەم وڵاتەدا لە بەهاى هه‌موو دراوه‌کان کەمترە، به‌ڵام گه‌ر خوێنی ڕێژوان گرنگ نه‌بێ ئه‌وا هیچ کاممان گرنگ نین، چونکه له‌به‌رده‌م مه‌رگدا هه‌موومان یه‌کسانین، ئه‌وان ئێستا له ڕێگای ئێمه‌وه ده‌توانن قسه‌ی خۆیان بکه‌ن، ئێمه که ناتوانین تازه هیچیان بۆ بکه‌ین، به‌ڵام نابێ هه‌رگیز پێمان ئاسایی بێت که ئینسان کوژراوه، که مێردمنداڵێکی ترسا‌و کوژراوه.
پاساوێک نییە بۆ کوشتنى مێردمناڵێکى حەماسیی کە نە خاوەنى بیرێکى کامڵە نە دەتوانێت خاوەن ڕایەکى قورس بێت، مناڵێک کە تەنها دەیەوێ نەهامەتیەکانى ژیانی خۆی کەم کاتەوە و هیچ ڕێگایەک شک نابات تا داواى مافى خۆی بکات بەرد نەبێت. ڕەوانییە لە خوێندا گەوزانى ئەو سەرە بچوکەى کە پڕە لە خه‌ون، ڕەوا نییە داخستى ئەو چاوە دونیا نەدیدەى کە دەکرا لە زەمەنێکى دیدکەدا شتەکانى بەجۆرێکى تر ببینیایە.ڕەوانیە شکاندنى ئەو دەستە چنگەکڕێکەرانەى کە دەکرا میهرەبانانە خشتێکی بخستایەتە سەر ئەم بینا نەگیرساوەى حکومەتى کوردى.
ئێمە نە داواى حکومەت هەڵوەشاندنەوە نە داواى ڕۆشتنى کەس و نە داواى هەڵوەشانەوى پەرلەمان دەکەین، ئێمە نە سیاسییانە بیر دەکەینەوە، نەقسەى پیاوانیش دەڵێینەوە. ئێمە نەوەیەکین نامانەوێ بەبەرچاومانەوە سوکایەتى بە گیانى مرۆڤەکان بکرێ، نامانەوێ ڕێژوانە جێماوەکان بە تۆقاوى بکوژرێن. نامانەوێ حورمەتى ئینسانەکان بشکێت. جا ئه‌و ئینسانانه له هه‌ر به‌ره‌یه‌ک بن، به‌ره‌کان گرنگ نین، ئینسانه‌کان گرنگن، ئه‌وه‌ی به‌ره‌کان دروستده‌کات ئینسانه، حزبه‌کان و بزووتنه‌وه‌کان گرنگ نین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئینسان گرنگه.
ئێمە تەنها دەمانەوێ مرۆڤ وەک مرۆڤ مامەڵە بکرێت، تەنها دەمانەوێ نرخى رۆحی ئینسانێک هێندە بێ بەها نەکرێ ژیانى گه‌نجێک کە پڕپڕە لە خەونى ئاڵ نەکوژێنرێتەوەو دواجاریش بکرێ هۆیەک بۆ ڕژانى خوێنى تر، تکایە گوێ لە هاوارى دایکى کوژراوه‌کان بگرن، بۆ ساتێ واز لە گوێگرتن له ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی خۆتان بێنن و گوێ‌بگرن، گوێ‌بگرن، تەماشاکەن خوێن ڕشتنی ئینسان چ کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه.
ئه‌وه‌ی که هه‌مووان ده‌بێ تێیبگه‌ن ئه‌وه‌یه که ئه‌م توڕه‌ییه‌ی که هه‌یه که‌س ناتوانێ خۆی به خاوه‌نی بزانێ جگه له ڕۆحی ئه‌و ئینسانانه‌ی که هه‌ڵگری ئه‌م توڕهییهن، هیچ حزبێک و بزووتنه‌وه‌یه‌ک به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ خۆی به خاوه‌نی توڕه‌بوونی ئه‌م گه‌نجانه و ئه‌م نه‌وه‌یه بزانێ، ئه‌وه‌ی که هه‌یه له حزب پاراوتره، گوناهه گه‌ر بێت‌و به ته‌رازووی فیتنه و ئاژاوه‌گێڕیی و خیانه‌تکار له توڕه‌یی ئه‌م گه‌نجانه بڕوانرێ، تکایه ئێوه له ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت تۆزێ نیانتر و میهره‌بانتر گوێ بۆ توڕه‌یی ئه‌م گه‌نجانه ڕابگرن، ئه‌وان شتی گه‌وره‌یان ناوێت، ئه‌وان ته‌نیا ده‌یانه‌وێ ئینسان بن، کاتێ حورمه‌تمان له ئینسان سه‌نده‌وه که‌واته هیچمان نه‌کردووه، ئێمه که ئه‌و قسانه ده‌که‌ین بڕوامان به‌وه هه‌یه گوێ هه‌یه بمانبیستێ، ئێمه پڕئومێدین له‌وه‌ی که ده‌نگمان ده‌بیسترێ.
زوله‌یخا
بوشرا که‌سنه‌زانی
نوخشه عه‌بدول
گۆنا عه‌زیز