كێ ئاژاوەگێرو گێرەشێوێنە…؟!
ئەوە بەڵگەنەویستە كە بە درێژایی مێژووی ناكۆكی و ململانێ و خەباتی چینایەتی لە ھەر كات وھەر شوێنێك كە ھەر چین و توێژێكی ستەمدیدە ویستبێتیان ناڕەزایەتی دەرببڕن بە ڕووی چینی دەسەڵاتدارو حزبەكانی داو بیانەوێت پاشەكشەیان پێبكەن ودەسەڵاتیان بكەنە مەترسی رووخانەوە، ئەوە دەسەڵاتداران و حزبەكانیان یەكسەر بە كوشتو كوشتار وەڵامیان داونەتەوەو پاشانیش ھەتا بۆیان كرابێت لە ھەوڵی دەسگیركردنی رابەران و ھەڵسوراوانیان دابوونەو زیندانیان كردون.لەھەمان كاتیشدا دەسەڵات ھەمیشە جەماوەری نارازی بە ئاژاوە گێرو گێرەشیوێن ناوبردوە.بە كورتی چەمكی گێرەشێوێن و ئاژاوەگێر دوو چەمكی موعتەبرو بەڵگەدارن لە فەرھەنگی سیاسی و كەلتوری چینی باڵادەستی ستەمگەر.
دیارە لەم بارەیەوە پێوست ناكات زۆر دوور برۆین و لاپەڕەكانی مێژوو ھەڵدەینەوە.خۆ ئەگەر سەرنجێكی خێرا بدەین لە ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕی یەكانی جەماوەری تونس و میسر و ووڵاتانی تر ھەر لەم چەند ھەفتەیەی ڕابردوودا ،كە بوونە ھۆی كۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی سەركوتگەری سەرۆكەكانی ئەو دوو ووڵاتە بەسە، كە چۆن لە یەكەم ڕۆژەوە دەسەڵاتداران بەو خەڵكەیان دەووت ئەمانە ئاژاوە گێرو و گێرەشێوێنن و ئاساییشی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ژیان و كارو گوزەرانی خەڵكی تێكدەشێوێنن و تێكدەدەن.
ئەم ڕۆژانەش دوای خۆپیشاندانە جەماوەری یەكەی شاری سلیمانی كە بۆ پشتیوانیكردن لە جەماوەری ڕاپەڕیوی میسرو تونس و ھاوكات بۆ خستنە ڕووی خواستەكانیان بەرپایان كرد بە ڕووی دەسەڵاتدارانی كوردستانداو لە ئاكامی چەند ھانگاوێك لە چونە پێشەوەی جەماوەر بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی پارتو یەكیتی ،سەرەنجام پارتی بەعس ئاسا ھیستریا گرتی و وەك پیشەی ھەمیشەی دەستی دایە تەقەو چەندین كەسی كوشت و بریندار كرد لە خەڵكی نارازی و بێتاوان و بێ چەك.وە دوابەدوای ئەم تاوانە گەورەیە ئێستا پارتی لە زمانی درێژی سەرۆكو جێگرو سەرانی تریانەوە خۆیان بە مەزلوم و تەعەددا لێكراو نیشان دەدەن و دەڵێین ئەوە خەڵك بووە تەقەی لە بارەگاكەی پارتی كردوەو ئەوان دیفاعی نەفسیان لە خۆیان كردوەو داوا دەكەن كە نەك ھەر ئەوانەی لە نزیك بارەگاكەیانەوە دروشمی دژی پارتیان داوە دەستگیر بكرێن و دادگایی بكرێن بەڵكو ئەوانەی ڕابەری ئەو خۆپیشاندانەشیان كردوە بگیرێن و دادگایی و سزا بدرێن. ھاوكات تۆمەتی ئاژاوەگێری و گێرەشێوێنیش دەداتە پاڵ خەڵكی ناڕازی لە دەست ستەم و سەركوتگەری پارتی و یەكێتی.
بەڵام ھەمو ئەم كارو كردەوەوە پڕوپاگەندانە بڕواناكەم بۆ ھەر كەسێك كە لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان بژێت و كەمترین زانیاری بە دەسەڵاتی پارتی ھەبێت جێی سەرسوڕمان و گومان بێت.جا ھەر لە تەقە كردن لە خەڵكی و كوشت و بڕو ڕاونان و دەستگیر كردنیان تا دەگاتە بەڕێخستنی پڕوپاگەندەی ئەوەی كە ئەمانە ئاژاوەگێرو گێرە شێوێنن. چونكە ھەمو خەڵك لەمە زیاتر چاوەڕوانی لە پارتی ناكات.
بەڵام ئەوەی ڕەنگە تا ئێستا بەلای بەشێكی خەڵكی كوردستانەوە جێگەی باوەڕ نەبێت و چاوەڕوانی یەكی لەو شێوەیەیان نەبوبێت ھەڵوێتسی بەناو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بوو. لەبارەوە بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە دوو ساڵەو تا ئێستاش خەڵكانێكی زۆری ستەمدیدەو ئازادیخواز ھەن بەھەر بەھانەو بەڵگەیەكەوە بێت خۆش خەیاڵن و بە ھەڵگرتنی ناوو دروشمی گۆاران گۆرانەكەیان شوێنیان كەوتون و لە بازنەی ئەواندا دەخولێنەوە.
ھەڵبەت تا ئەو جێگەیەی پەیوەستە بە ئیسلامی یەكانەوە وەك كومەڵ و بزوتنەوەو یەكگرتوش خەڵك ئاشنان لەگەڵ كارو كردەوەو ھەڵوێستی سیاسی یان . چونكە جەماوەری كوردستان جاسوسی ئەوانیان بەبەڵگەوە بۆ رژێمی بەعسیش ئاشكرا بووەو بۆیە پێویست ناكات زۆر خۆمان خەریك كەین بە زیاتر ڕیسوا كردنیان چونكە ئەوان بە بێ ھیچ گومانێك زۆر ڕیسوابوونە.
بەڵام وەك ئاماژەم پێدا ئەوەی دیارە ھێشتا پێویست دەكات ناوەڕۆكی كارو كردەوەوھەڵوێستی سیاسیان، نەك بە لێكدانەوەی سیاسی و تیۆری چڕو بڕ رۆشن بكرێتەوەو دەربخرێت ،بەڵكو ھەر بە ھەڵوێستەكانی ئەمڕۆیان لەم خۆپیشاندانانەو ئەم كارەساتانەی لێی كەوتەوە لە ئاكامی سیاسەت و كردەویی سەكوتگەرانەی پارتی یەوە ،ئەوە ئیتر دەبێت بایی ئەوە بیت كە خەڵكی لەوە زیاتر خۆش خەیاڵ و تەفرە نەخۆن بە دروشم و وەعدو بەڵێنەكانی گۆڕان ،چونكە ئیتر بزوتنەوەی گۆڕان بە تاقی كردنەوە تۆپین و لەسەداسەد دۆران.
جا گەر بەراوردێك بكەین لە نێوان ھەڵویستە ھەلپەرستانەو ڕیاكاری یەكانی ئێستایان بەرامبەر خۆپیشاندەران كە بە ئاژاوە گێر لەقەڵەمیان دەدەن لەگەڵ ئەو ڕاگەیاندنەی كە چەند ھەفتە لەمەوبەر ڕایان گەیاندو دوای ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و حكومەت و سەرجەم دامودەزگا حكومەتی یەكانیان دەكرد زۆر ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە…! بۆیە ئەمجارەش بەم ھەڵوێستەیان باشتر ناوەرۆیان ئاشكرا بوو بۆ ھەر كەسێك ئەگەر چاو و گوێی خۆی دانەخات لە ئاست راستی یە واقعی یەكان.وە ئەم واقعیاتانە ئەو راستی یە زۆر ڕۆشن دەردەخات كە ئەمانە ھەمان سەركردەكانی دوێنێی یەكێتین و ھەر بە شوێن كۆمەڵێ ئامانجی پولپەرستی خۆیانەوەن و ھیچ پەیوەنی یەكیان نی یە بە ئاوات و ئامانجەكانی جەماوەری خەڵكی ئازادیخوازو ستەمدیدەی كورستانەوە.
لە لایەكی تریشەوە سەرنج دانێكی خێرا لە قسەكانی سەرانی گۆران ھەر لە نەوشیروان مستەفاوە تا تۆفیق رەحیمە،و تا بێدەنگی ئەندام پەلەمانەكانیان و حاشا كردنیان لەوەی كە ئەوان ھیچ پەیوەندی یەكیان بەو خۆپشاندانانەوە نی یە لە دوورو نزیكەوەو پاكانە كردنیان بۆ پارتی كە ئەوانیش وەك پارتی و یەكێتی و بگرە زیاتریش لەوان خۆیان بە بەرپرس و خەمخۆر دەزانن لە ئەمن و ئاسایش و پارێزگاری كردنی بنكەو بارەگاكانی پارتی و یەكێتی و دامو دەزگاكانی دەسەڵاتداران. ئەوە ئیتر ناوەڕۆكی كۆنەپەستانەو دژی جەماوەری گۆڕان نیشان دەدات.لەوەش ڕیسوا ترو زەبونانەتر ئەوەیە كە گۆڕان بەوەوش نەوەستاون و پڕوپاگەندە لەدژی خەڵكی ناڕازی و ڕاپەڕیوی كوردستان دەكەن و بە ئاژاوەگێرو گێرەشێوێنیان دەناسینن.بەڕاستی ئەمە ئیتر ئەگەر ھەر كەسێك زەڕڕەیەك ئازادیخوازی و مەیلی لایەنگری لە جەماوەری ڕاپەڕیوی تیادا مابیت، چ لە ناو ڕیزەكانیان و چ لە دەرەوی، دەبێت ئیتر لەوە زیاتر خۆشخەیاڵ نەبێت و تەفرە نەخوات بە دروشمەریقەدارەكانی گۆران .
بە بڕوای ئێمە ئیتر پێوسیتە ئەمە دواتاقی كردنەوە بێت بۆ ھەر كەسێكی ئازادیخوازو یەكسانی خواز،جا لەھەر ڕوانگەیەكی سیاسی و بەھەر شێوازێك ئەگەر بەرژەوەندی گشتی خەڵكی ستەم دیدەی كوردستانی دەوێت دەبێت لە جیاتی بەرگری و خۆشخەیاڵی بە گۆڕان پێویستە وەك ئێمە ناوەڕۆكی دژە جەماوەری و ھەلپەرستانەی گۆڕان ڕوون بكاتەوە.وە ڕێگە نەدەن جەماوەرێك كە نارەزایەتی دەردەبرن و لە باری ھێرش بردندان بۆ سەر دەسەڵاتی سەركوتگەر بە ئاژاوەگێرو گێرەشیوێن لە قەڵەمیان دەن.چونكە ئەوە زۆر ڕۆشنە كە ئەوەی نەك ھەر ئاژاوە گێڕو گێرەشێوێنەوبەس بەڵكو سەركوتگەرو دژی ئازادی و یەكسانی و دژ بە ھەموو مافەكانی خەڵكی كوردستانە ئەوە دەسەڵاتدارانی كوردستان .
18-2-2011
mozafar_as@yahoo.com