Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
شا گەشکەم، بەکورسی بەتاڵی دیکتاتۆرەکان..!

شا گەشکەم، بەکورسی بەتاڵی دیکتاتۆرەکان..!

Closed
by February 19, 2011 گشتی

ئەم چەند ڕۆژە گەڵیک دڵخۆش بووم، زۆرم پێخۆشە کە شەهامەت و مەزنی و گەورەیی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی تونس و میسر بە بچوکی دەبینم..ئای چەندەم پێخۆشە کە کورسی سەرۆکەکان بە بەتاڵی دەبینین..چەندەم پێخۆشە، کە سەرۆکەکان یەک بە دوای یەک بە ڕسوایی دەبینم.. ئای چەندەم پێخۆشە کە باڵای دەستەڵاتیان  زۆر بە بێ دەستەڵاتی و بە نزمی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەبینم.. چەندەم پێخۆشە کە کە کۆشک و باڵاخانەی سەرۆکەکان بە ڕووخاوی ..بە تێکدراوی..بە سوتاوی دەبینم..چەندەم پێخۆشە کە وێنەی پیرۆزی دوێنێ‌ی سەرۆکایەتیان لە ژێر پێ‌ی هەژارترین هاوڵاتیدا دەبینم ..! جاران هاوڵاتیان لە ژێر پێ و سایەی سەرۆکی هەموو وڵاتدا هەناسەیان دەدا، ئیستا زۆرم پێخۆشە کە خۆیان ناتوانن بۆ چرکەیەک هەناسە لە وڵاتدا بدەن..چەندەم پێخۆشە کە سەرۆکە دڕندە و خوینڕێژەکان لە هێزی یەکگرتوی هاوڵاتیان دەتۆقێن و دەترسێن و ولات بە وولات هەڵدێن..هەڵدێن بەڵام ئەم جارەیان بە سەر زەویدا نا، بەڵکو بەرەو ئاسمان هەڵدێن و بە قوڵایی ئاسماندا ڕۆ دەچن ،وە ناچار دەکرێن کە هەر بە فڕۆکە هەڵبێن و ڕابکەن و وڵات بەجێبهێڵن، تا بەر شەق و تفی ستەمدیدە و هەژاران نەکەون..!! 
گەلێ تاڵی و ناخۆشی و نا عەدالەتی و جەنگ و وێرانیمان  لە سایەی سەرۆکە دیکتاتۆر و خوێنڕێژەکاندا بینی..! بۆیە بۆ ئەبەد شا گەشکە دەبم کە پیرۆزی و نەرجسیەتی هیچ سەرۆکێک لە وڵاتدا نەبینم..شا گەشکە دەبم کە دەستە تەنهاکان نەبینم لە شوێنە بەرزەکانی مەیدانی شارەوە..لە سەروی هاوڵاتیانەوە بە ناوی سەرۆکایەتی‌یەوە دەست ڕابوەشێنێ و درۆزنانە دڵسۆزی خۆیان پیشان بدەن..پەیمان و بەڵێنی ڕیاکارانە بدەن..سەلامی بێ ڕۆح لە خەڵکی بەشمەینەت بکەن..، شا گەشکە دەبم کە کەسێک نەبینم بە ناوی سەرۆکایەتی‌‌یەوە لە بەر دەم ئاڵایەک..لە سەر کورسی و مێزی دەستەڵاتەوە بە ناوی هەمووانەوە  قسە بکات..هەر بە ناوی هەمووانەوە بڕیار بدات و یاری بە چارەنوسی ئابوری و سیاسی هەمووانەوە بکات..! شا گەشکە دەبم کە کەسێک نەبێت بە ناوی سەرۆکایەتی‌یەوە تاکە پەنجەی توڕەبون و هەڕەشە، بە دەم لەرزینوە، لە هەمووان بەرز بکاتەوە..!
شا گەشکەم کە ئەوە دەستەڵاتی خودی سەرۆکەکانە دەکەوێتە بەر هەڕەشە و هێرشی هاوڵاتیانەوە..! وە شا گەشکەم کە ئێستا سەرۆکەکان لەوپەڕێ حاڵەتی دڵەڕاوکێ و ترسدان..سەریان کز و نەوی دەکەن..خۆیان نەرم دەکەنەوە و مرونەت و سۆزی درۆیانە بۆ هاوڵاتیان پیشان دەدەن..وە بڕیاری کەمکردنەوەی بودجەکانیان.. چاکسازی.. کەمکردنەوەی دەستەڵاتی ڕەهایان..وە بڕیاری هەڵنەبژاردنەوەیان بۆ سەرۆکایەتی دەدەن، بەم وشە و فشە و وتانە دەیانەوێت درێژە بە تەمەنی سەرۆکایەتیان بدەن ..دەیانەوێت خۆیان لە باهۆزی ڕووخان ڕزگار بکەن..!
بەڵێ لەم ساتانەدایە کە هەست بەوپەڕی ئازادی دەکەم و هەست دەکەم هەرچی کۆت و بەندێک کە لە قاچ و دەست و گەرووماندا ئاڵاوە بۆ یەکجاری دەکرێتەوە، کۆت و بەندێک کە چەندەها ساڵە ڕێگا لە ووشەکانمان دەگرێت ..ڕێگا لە بیرکردنەوە و هەنگاوەکانمان دەگرێت..ڕێگا لە بڕیار و داهێنانەکانمان دەگرێت..! ڕێگا لە قەڵەم و نوسینەکانمان دەگرێت..ڕێگا لە ئاوازی گۆرانیەکانی ژیانمان دەگرێت..! ڕیگا لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچونمان دەگرێت..!
لە بیرەوەری ژیانماندا چەند سەرۆکێکی دیکتاتۆرمان لەوپەڕی بەهێزیەوە بۆ ئەوپەڕی لاوازی بینیوە..لە ترۆپکی دەستەڵاتەوە بۆ ئەوپەڕی بێدەستەڵاتی بینیوە..وە مەرگ و لەناوچونیان، بە چاوی خۆمان بینیوە..بە هێز و جەستە و خوێنی خۆشمان بەشداریمان لە ڕووخانی هەندێک لە سەرۆکەکاندا کردوە..!ئێستاش دەبێت ئامادە بین، بەشداری لە ڕاونانی هەر سەرۆکێکی نا عەدالەت و گەندەڵ و دیکتاتۆری تردا بکەین..!
بەڵێ سەرەڕای هەر ناخۆشی و ئازارێک، بەڵام کاتێک کە دەبینین دەستەڵاتی سەرۆکێکی دیکتاۆر و گەندەڵ دەکەوێتە لێژی و باوی نامێنێت و بە تەواوی سەرنگوم دەبێ، ئومێدمان بۆ ژیان دەبوژێتەوە..ئازار و ناخۆشیەکانیشمان لەبیر دەچێتەوە و ژیانمان سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە..!! بڕوا ناکام هیچ ڕۆژێک هەبێت هێندەی ڕۆژی ڕووخان و ڕاونانی سەرۆکێکی دیکاتۆر خۆش بێت..! وە لە هیچ ساتێکی ژیانماندا بە هێندەی ئەو ڕۆژە بەهێز نیین..بە هێندەی ئەو ڕۆژە خۆڕاگر نیین..بە هێندەی ئەو ڕۆژە ئامادەی قوربانی و خۆبەخشین نیین..بە هێندەی ئەو ڕۆژە لەگەڵ یەکدیدا لێبوورد و تەبا نیین..وە هیچ ڕۆژێک بە هێندەی ئەو ڕۆژە ناتوانین هاوار بکەین و دڵخۆش بین بەرەو ڕووی یەکدی پێبکەنین..هێندەی ئەو ڕٶژە لە ئازادی و سەربەستی تێر نیین..!
بە بیرەوەری ژیانمان دەستەڵاتی شای ئێرانمان بینی کە  چی بە سەر هات..سەرۆکی ڕۆمانیامان بینی کە چۆن هەڵیانواسی و کردیان بە دارا..سەرۆکی عێراقمان بینی لە ژێر زەوی دەریانهێنا و لە قەفەزی دادگاییدا بینیمانەوە و دواتر لە سێدارە درا..وە سەرۆکی تونسمان بینی کە چۆن لە ساتێکی زۆر کورتدا وڵاتی بەجێهێشت ..سەرۆکی تونس، پشوی نەدا و هێور نەبوەوە..وە دوو مانگی نەخایاند سەرۆکی میسریش چووە پاڵی و لە ماوەی هەژدە ڕۆژدا کورسی و کۆشک و ماڵ و وڵاتی بەزۆر و زەبری شۆڕسی هاوڵاتیان.. بە شٶڕشی ملیۆنەهای هەژارانی بێکار و بێ نان، کورسی دەستەڵاتی بەجێهێشت..!
هێشتا ئەم باهۆزە نەوەستاوە هەر بەڕیوەیە و شەپۆل دەدات..! پرسیار ئەوەیە ئایا لە دوای ڕووخانی هەردوو سەرۆکی تونس و میس سەرەی کام لە سەرۆکە دیکتاتۆر و گەندەڵ و  داگیرکارەکان بێت..؟! ئەبێت شەپۆلی ئەم باهۆزە، دەستەڵات و کورسی کام لە سەرۆکەکان ڕا بماڵێت..؟! دەبێت دەرگای ئازادی و رزگاری و بەختەوەری لە کام میللەتی، غەرق بوو لە زەلکاوی گەندەڵی و پاشاگەردانی بکاتەوە..؟!
شەپۆلی ئەم باهۆزە لە بەرامبەر سەرۆکە دیکتاتۆر و نا عەدالەت و گەندەڵەکاندا خاوەنی ڕەحم و بەزەیی نی‌یە..بڕوا ناکەم کوێر بێت و هیچ  سەرۆکێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و داگیرکار نەبینێت..وە بتوانێت خۆی لێ بشارێتەوە و خۆی لێ دەرباز بکات..! بڕوا ناکەم ئەم باهۆزە  دستەمۆ بکرێت و خۆی بگونجێنێت لە گەڵ هیچ جۆرە سەرۆک و دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر و گەندەڵدا..بڕوا ناکەم ئەم باهۆزە ووچان بدات..تا سەر ئەنجامی هەر سەرۆکێکی دابڕاو لە کۆمەڵگا..هەر سەرۆکی خۆ سەپێنەر و درۆزن و دیکتاتۆر.. هەر سەرۆکێکی بنەماڵەیی و نا عەدالەت و گەندەڵ کۆتایی پێنەهێنێت.. بڕوا ناکەم ڕابوەستێت، تا تەواوی سەرۆکە تاکڕە و توتالیتار و داگیرکارەکان  تەفر و توونا نەکات..!

17.02.2011
کامەران عەزیز

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.