Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
یاده‌وه‌رییه‌ک له‌ ڕابوردوو …مقداد هادی

یاده‌وه‌رییه‌ک له‌ ڕابوردوو …مقداد هادی

Closed
by February 19, 2011 گشتی

 

له‌ په‌راوێزی 17ی 2 ی خوێناوی شاری سلێمانیدا

ده‌مه‌وێت له‌ پێشه‌وه‌ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ دڕنده‌یی حزبی به‌عس له‌که‌س شاراوه‌ نییه‌و زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌گه‌ر که‌سێکی له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ لێنه‌کوژرابێت ئه‌وا به‌ دڵنییاییه‌وه‌ که‌م تا زۆر پڕیشکی ئه‌و دڕنده‌ییه‌ی به‌عسی  به‌رکه‌وتوه‌  و ئه‌وه‌شی به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌و سه‌رده‌مه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند بوو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی بووه‌ جا چ له‌شاره‌کان ، دێهاته‌کان یان له‌ ئۆردوگاکان بوبێت .   
پاش 20 ساڵ و ئێستاشی له‌سه‌ربێت یه‌کیه‌تی و پارتی وه‌ک دوو حزبی کوردی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان نان و پیاز به‌ دڕه‌نده‌یی به‌عسه‌وه‌ ئه‌خۆن . تاوه‌کو ئێستاش  له‌ کوردستاندا کار به‌ زۆربه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ ده‌کرێت که‌ به‌عس بڕیاری لێدابوون . ڕه‌وایه‌تی خۆیان به‌ زه‌ڕه‌بینی خراپیه‌کانی به‌عس چاولێده‌که‌ن . ئه‌م کرداره‌شیان بۆ ده‌مکوت کردنی خه‌ڵکه‌ و به‌رده‌وام وه‌ک منه‌ت خه‌باتی خۆیان  ئه‌ده‌ن به‌ چاوی خه‌ڵکیدا بۆ حه‌ڵاڵ کردنی ڕاوڕوتی ئێستایان  . ئه‌وان له‌سه‌ر لاشه‌ی مردووی به‌عس به‌ ڕاست و چه‌پدا ئه‌له‌وه‌ڕێن و لێره‌و له‌وێش گه‌ر هه‌رکه‌سێک پرسیارێکیان ئاڕاسته‌ بکات ، ئه‌وان له‌ وه‌ڵامدا ئه‌ڵێن خۆ ئێمه‌ خه‌باتمان کردوه‌و به‌ کوده‌تا نه‌هاتوین و خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی به‌ ئێمه‌ داوه‌ .

له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ئه‌منه‌سوره‌که‌ی سلێمانی به‌ شایه‌تی هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان به‌ بیردێت له‌ دڕه‌نده‌یدا که‌م وێنه‌ بوو. به‌عس به‌ تایبه‌ت ئه‌و بینایه‌ی بۆ ده‌زگای ئه‌منی سلێمانی دروست کردبوو . خودی بیناکه‌ هاوتای نه‌بوو له‌هه‌موو عێراقدا جا چ له‌ قه‌باره‌و مه‌حکه‌می بیناکه‌وه‌ ، یان له‌ ستراتیجیه‌تی شوێنه‌که‌دا و هه‌روه‌ها له‌ دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی ئه‌منه‌کانیشدا . ته‌نانه‌ت کاتێک به‌ پیاده‌ یان به‌ سیاره‌ به‌ ته‌نیشتیا تێپه‌ڕ بویتایه ئه‌وا به‌ ته‌مای خۆت نه‌بویت که‌ به‌ سه‌لامه‌تی ده‌ربازبویتایه‌ تا ئه‌و سه‌ری شه‌قامه‌که‌ .
‌ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌هه‌مان ڕۆژی 17ی2 دا به‌ڵام له‌ ساڵی1991 له‌ناو ژووره‌ تاریکه‌کانی ئه‌منه‌سوره‌که‌دا . ئێمه‌ نزیکه‌ی 64 که‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆرمان زیندانی سیاسی بووین و سه‌ربه‌ گروپ و بیروڕای جیاوازبوین . له‌ قاعه‌ی یه‌ک مانگرتنێکمان له‌ خواردن ڕاگه‌یاند .  ئه‌م مانگرتنه‌ نزیکه‌ی 3 شه‌و به‌ ڕۆژیه‌وه‌ کاری به‌رده‌وام و نیمچه‌ نهێنی و له‌وه‌وپێشی بۆ کرابوو تاوه‌کو سه‌ره‌نجام له‌ ناو خۆماندا به‌ پلانی ته‌واوه‌وه‌ به‌وه‌ گه‌یشتین که‌ له‌ به‌یانی ڕۆژی 17ی 2 ده‌ست به‌ مانگرتن بۆ به‌ده‌ست هێنانی خواردنێکی زیاتر ده‌که‌ین . لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ ئیجازه‌مان بۆ مانگرتن وه‌رنه‌گرتبوو له‌ داموده‌زگای ئه‌من هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت بۆ خۆپیشاندان له‌ کوردستاندا ؟؟؟؟؟
 به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دڕنده‌یی به‌عس له‌ناو زینداندا به‌ تایبه‌تی ئه‌منی سلێمانی کارێکی ئاسان نه‌بوو . له‌ زینداندا ئه‌سته‌م ‌بوو دوو زیندانی پێکه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ن له‌ کاتێکدا ئه‌منێک چاوی لێبێت . حه‌تمه‌ن دوای ئه‌وه‌ فه‌لاقه‌یه‌کی باش‌ ده‌کرایت . ئێمه‌ وه‌ک زیندانیه‌کان بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی ئه‌منی سلێمانیدا  به‌و ژماره‌ زۆره‌وه‌ به‌ره‌نگاری و مانگرتنمان ئه‌نجامدا . ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موشمان دڕنده‌یی جه‌للاده‌کانی ئه‌منمان باش ده‌ناسی و به‌و پێیه‌ش مه‌رگمان له‌ پێش خۆمان دانابوو . به‌ڵام مانگرتن پێویستیه‌ک و بڕیارێکی بوێرانه ‌و دلێرانه‌ بوو وه‌ هه‌موومان له‌سه‌ری کۆک بووین .  هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ بوترێت ، ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو زیندانیه‌کان سه‌رباری ئه‌شکه‌نجه‌و لێدان له‌ برسیه‌تییه‌کی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر دابوین ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌ستمان بکه‌وتایه‌ له‌ برسانا بۆ نمونه ‌: هێلکه‌ی پیس و توێکڵی شوتی، کاڵه‌ک وه‌ نانی که‌ڕووکردوی چه‌ند مانگێک له‌وه‌ پێشمان ده‌خوارد.
    
به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ به‌یانی زوو له‌سه‌ر ئیتفاقی 64 که‌سی زیندانی ده‌ست به‌ مانگرتن کرا .  ئه‌و به‌یانییه‌ وه‌ک جاران یه‌کێک له‌ پاسه‌وانه‌کان دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک له‌ ده‌رگای مه‌حکه‌م به‌ قفڵ و زنجیری کرده‌وه‌ خواردنی به‌یانی بۆ هێناین .  
وه‌ک مه‌عمول ئه‌و خواردنه‌ی که‌ پێیان ئه‌داین  پێکهاتبوو له هه‌ندێک نان له‌گه‌ڵ‌ نزیکه‌ی 15 لیتر چا که‌ له‌ مه‌نجه‌ڵێکی گه‌وره‌ی 40لیتری دابوو . ئه‌م خواردنه‌ ده‌بوو وه‌ک برا و به‌ یه‌کسان  به‌شبکرێت له‌ نێوان 64 که‌سدا . دوای ئه‌وه‌ی پاسه‌وان خوادنی هێنا ئێمه‌ ووتمان نایخۆین بیبه‌ره‌وه‌ . ئه‌و گوێی به‌ ئێمه‌ نه‌داو چاوو نانه‌که‌ی داناو دوابه‌دوا گه‌ڕایه‌وه‌و ده‌رگاکانی یه‌ک به‌یه‌ک به‌ دوای خۆیدا قفڵ دا . پاش ماوه‌ی نیو سه‌عاتێک ، ئامری پاسه‌وانه‌کان هات بۆ ئه‌وه‌ی گوایه‌ مه‌نجه‌ڵه‌که‌‌ به‌ به‌تاڵی به‌رێته‌وه‌ .
ئامره‌که‌ ناوی (ئه‌بو ده‌له‌ف) بوو ، که‌سێکی تا بڵێی قه‌ڵه‌و و زله‌ بوو ته‌مه‌نی 25 تا 28 ساڵ ئه‌بوو . ئه‌م کابرایه‌ زۆریش له‌ خۆی بایی بوو له‌وه‌ده‌چوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئامر حه‌ره‌س بوو خۆی به‌ شوان و ئێمه‌شی وه‌ک مه‌ڕ سه‌یر ده‌کرد . ئه‌بو ده‌له‌ف تا نزیکی مه‌نجه‌ڵه‌که‌ هات و که‌زانی نانه‌که‌ و چایه‌که‌مان به‌ش نه‌کردوه‌ و ده‌ستمان لێنه‌داوه‌ ، به‌ ته‌وسێکه‌وه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی ووتی ها بۆ نانه‌که‌تان نه‌خواردووه‌ ! چه‌ند که‌سێک له‌ ئێمه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌ودا ووتیان ، خواردنه‌که‌ که‌مه‌و ئه‌گه‌ر بۆمان زیاد نه‌که‌ن وه‌ری ناگرین و نایخۆین . ئه‌بوده‌له‌ف به‌ لوت به‌رزییه‌وه‌ له‌ وه‌ڵامدا ووتی : من ئه‌زانم ئه‌م خواردنه‌ که‌ بۆ ئێوه‌ هاتوه‌ که‌مه‌و به‌شی ڕۆژێکی ده‌له‌فی کوڕم ناکات ! ئینجا به‌ ته‌وسه‌وه‌ ووتی : به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ واچاکه‌ به‌شی بکه‌ن و بیخۆن. دوای چه‌ند قسه‌یه‌کی تری له‌و چه‌شنه‌ ڕۆیشت و ئامۆژگاری ئه‌وه‌ی کردین که‌ نانه‌کامان بخۆین . ئێمه‌ش بڕیاربوو دابومان و له‌سه‌ر قسه‌ی خۆمان سوربوین و نانمان نه‌خوارد . دیار بوو ئه‌بو ده‌له‌ف لای مه‌به‌ست بوو بزانێت که‌ ئێمه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌که‌ین یان نا . بۆیه‌ پاش که‌مێکی تر هاته‌وه‌و ئه‌مجاره‌ پاش مشتومڕکی زۆر له‌به‌ینی ئێمه ‌ــ وه‌ک زیندانیه‌کان ــ و ئه‌ودا سه‌ره‌نجام به‌ لووت به‌رزییه‌وه‌ ووتی: کوڕه‌کانم ئه‌م کاره‌ی ئێوه‌ پێی ده‌ڵێن ــ ئیزراب ــ واته‌ مانگرتن . وه‌ ئاگاداریشی کردینه‌وه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ سه‌ره‌نجامی باش نابێت بۆیه‌ ووتی دواتکام ئه‌وه‌یه‌ نانه‌کاتان به‌شکه‌ن و بیخۆن . ئێمه‌ش به‌ پێی پلان خۆمان له‌وه‌ ئه‌پاراست که‌ به‌ ده‌می خۆمان بڵێین مانمانگرتوه‌ . چونکه‌ ئه‌مانزانی به‌و جۆره‌ ده‌موده‌ست کوشتارمان ده‌که‌ن ، یاخود هه‌رنه‌بێ ئه‌وا دیسانه‌وه‌ ده‌مانخه‌نه‌وه‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ . ئێمه‌ ده‌مانویست مانگرتنه‌که‌شمان سه‌ربگرێت و زه‌ره‌ریشی تیانه‌که‌ین ،  
دواجار له‌وه‌ڵامدا چه‌ند که‌سێک له‌ ئێمه‌ و به‌ پێی پلانی پێشوه‌ختی خۆمان به‌ ئه‌بو ده‌له‌فیان ووت : نا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یکه‌ین  پێی ناڵێن مانگرتن ، به‌ڵکو ئێمه‌ نانه‌که‌مان که‌مه‌و برسیمانه‌و ده‌بێ بۆمان زیادبکه‌ن . ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ئێمه‌ نان ناخۆین و ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ مدیری ئه‌من بکه‌وێت . سه‌ره‌نجام که‌ زانی ئێمه‌ پێداده‌گرین و قسه‌کردن سودی نییه‌ ڕۆیشتوو دیسانه‌وه‌ چه‌ند جارێکی تر پێی ووتین ــ ئه‌مه‌ ئیزرابه‌…. ئیزراب… خه‌ته‌ره‌ ــ  بۆ ئێوه‌ باشتره‌ نانه‌که‌تان وه‌رگرن و بیخۆن .
ئیتر دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆیشت ، ئێمه‌ش سوربوون له‌سه‌ر هه‌ڵوێستمان به‌ ناوچه‌وانمانه‌وه‌ به‌ دی ده‌کرا . به‌ڵام  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر دوای ئه‌وه‌ هه‌ستمان ده‌کرد که‌ ئیتر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌زعه‌که‌ بگۆڕێت و له‌وانه‌شه‌ به‌ چه‌که‌وه‌ بێن و گولله‌بارانمان بکه‌ن . پاش ماوه‌یه‌کی تر کاتێکمان زانی ده‌رگاکان یه‌ک له‌دوای یه‌ک کرانه‌وه‌و کۆمه‌ڵێکی زۆر چه‌کداری ئه‌من له‌گه‌ڵ مدیری ئه‌من که‌ خه‌ڵه‌فی ناوبوو ، مدیری زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌ که‌ رائد ماجد بوو هه‌ریه‌ک له‌ جمال و تاریق که‌ دوو جه‌للادی زۆر ترسناک بوون ، به‌ ژوور که‌وتن . ئه‌مانه‌ هه‌مویان تا دیوی یه‌که‌می شیشی‌ محاجه‌ره‌که‌ هاتن و له‌و شوێنه‌دا گیرسانه‌وه‌ که‌ هێشتا ده‌رگایه‌ک مابوو له‌به‌ینی ئێمه‌و ئه‌واندا . بۆ به‌رگری له‌ هه‌موو ڕوداوێک ، قه‌ت ئه‌منه‌کان به‌ چه‌که‌وه‌ نه‌ده‌هاتنه‌ ناو ژووری زیندانه‌کان ، به‌ڵام کاتێک ئێمه‌ چه‌ک به‌ده‌ستمان له‌ ناو زیندان بینی ئیتر ترسی ئه‌وه‌مان لێنیشت که‌ گولله‌بارانمان بکه‌ن . به‌ڵام هه‌ر زوو رائد ماجد به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ ووتی ها چیتان ده‌وێت ؟ له‌ وه‌ڵامدا به‌شێکی زۆر له‌ ئێمه‌ ده‌ستی ‌هه‌ڵبڕی بۆ قسه‌کردن ، له‌ناکاو سۆفی که‌ پیاوێکی به‌ ته‌مه‌نی ڕیش ماش و برنج بوو تاوی مه‌نجه‌ڵه‌که‌ی داو ڕووی خۆی کرده‌ رائد ماجد وه‌ ووتی سه‌یدی ئه‌مه‌ به‌شی 64 که‌س ئه‌کات ؟ دوای ئه‌و هه‌ریه‌که‌و به‌ نۆره‌ی خۆی باسی ئه‌وه‌ی کردکه‌ وه‌زعمان خراپه‌و نان و خواردنه‌که‌ به‌شمان ناکات . ئه‌منه‌کانیش له‌ وه‌ڵامدا زۆربه‌یان ده‌یان ووت ، که‌ ئه‌مانه‌ هه‌ر دانیشتوون هیچیان نییه‌ و هه‌ر بیر له‌ خواردن ده‌که‌نه‌وه‌ ، رائد ماجدیش که‌ له‌ ترسی مدیر شپرزه‌بوو ده‌یووت جا عه‌سکه‌ریش له‌ جه‌بهه‌کان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نان هه‌یه‌ و ئیتر ئێوه‌ بۆ ناڕازین !  ئه‌مانه‌و گه‌لێک قسه‌ی تر له‌ ئێمه‌و له‌ ئه‌وان . سه‌ره‌نجام زانییان که‌ ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر داخوازیه‌کانمان بۆیه‌ له‌ کۆتایدا ڕائد ماجد ئه‌مری به‌ ئه‌منه‌کان کرد که‌ بچن مقاولی خواردنه‌که‌ی بۆ بێنن ، هه‌تا به‌ شێوه‌یه‌ک ووتی بڕۆن ئه‌و سه‌گبابه‌م بۆ بێنن ئه‌گه‌ر له‌به‌ر سینه‌ماکانیشدا بێت . که‌ زانیان ئه‌م کاره‌ داواکاری هه‌موو زیندانیه‌کانه‌ ، چاریان نه‌ما بۆیه‌ له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ مدیر چووه‌ ده‌رێ و دواییش ئه‌وانی تر به‌دوایدا .
پاش ماوه‌یه‌ک کاتێکمان زانی که‌ دوو پوش خورما و نانێکی زیاده‌ی زۆریان بۆ هێناین . ئێمه‌ش له‌ ناو خۆشی سه‌رکه‌وتندا نانه‌که‌مان به‌شکرد و تا جه‌ند ڕؤژێک به‌ جۆره‌ خواردنه‌که‌مان زۆرکرا . به‌م جۆره‌ هێزی یه‌کگرتووی خۆمان له‌ سه‌رکه‌وتندا بینیه‌وه‌و بڕواو متمانه‌یه‌کی زۆرترمان به‌ یه‌کتر په‌یدا کرد و به‌ ئه‌منه‌کانیشمان نیشاندا که‌ با له‌ زیندانیش بین به‌ڵام هه‌موو کات له‌سه‌ر مافی‌ مافی خۆمان سورین . ئه‌وه‌ی جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و ڕووداوه‌ پێش ڕاپه‌ڕینه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌که‌ی کوردستان بوو به‌ 20 ڕۆژ . وه‌ له‌و کاته‌دا پارتی یه‌ک تاکه‌که‌سیشی له‌ زیندانی ئه‌منه‌که‌دا نه‌بوو . به‌ مانایه‌کی تر پارتی بوونی سیاسی به‌رچاوی له‌ ساحه‌ی کوردستان وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌سلێمانیدا نه‌بوو .

ئێستاش هه‌ر له‌هه‌مان ڕۆژو مانگدا به‌ڵام پاش 20 ساڵی ڕه‌به‌ق ،پارتی ده‌یه‌وێت خه‌ڵکی سلێمانی و کوردستان ده‌سته‌مۆ بکات . له‌ باتی ئه‌وه‌ی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدار له‌ داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی بپرسێت ، که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ باتی قسه‌کردن له‌گه‌ڵیاندا به‌ چه‌ک وه‌ڵام ئه‌داته‌وه‌ .   
ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 17 ی 2 کاتێک خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌ سلێمانی ڕوویدا . له‌ به‌رده‌م لقی 4 دا ، پارتی به‌ ڕاست و چه‌پدا  خه‌ڵکی کرده‌ ئامانج وگولله‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکا باراندو له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی کوژراوو بریندارکرد . ئێستا خه‌ڵکی ئازادیخواز و ئه‌وه‌شی ده‌نگی به‌ پارتی داوه‌ ده‌بێت له‌ خۆی بپرسێت که‌ بۆچی ده‌بێت پارتی گولله‌بارانی خه‌ڵکی بکات ؟  بۆچی و له‌ پای چی سه‌رشه‌قام بکرێته‌ کوشتارگه‌ی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و بێ دیفاع . ئه‌مه‌ ئێستا کرده‌وه‌ی حزبێکه‌ که‌ ده‌ڵێت ” هه‌رچی تعدامان لێبکات لێی قبوڵ ناکه‌ین “.
ئه‌م دوو ڕوداوه‌ چیرۆک و فیلم نین ، به‌ڵکو ڕاستیه‌کن ڕویانداوه‌ . من له‌ دواجاردا ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکی به‌ تایبه‌ت بۆ لایه‌نگرانی یه‌کیه‌تی و پارتی جێ ده‌هێڵم که‌ چ ئه‌نجامگیرییه‌ک له‌و دوو ڕوداوه‌ ده‌کات . ڕاپه‌ڕینه‌کانیش به‌رده‌وام نیشانیان داوه‌ که‌ خه‌ڵکی بۆ نان و ئازادی هه‌ستاون . وه‌ کورسیه‌کانی ده‌سه‌ڵات تاسه‌ر موڵکی که‌س نییه‌و ، ناشتوانرێت تاسه‌ر قۆرخ بکرێت .

 19 شوباتی 2011 

   مقداد هادی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.