
ته‌نها فارووق ڕه‌فیق …. حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش
به‌داخه‌وه شاری سلێمانی ده‌یان و سه‌دان نووسه‌رو ڕۆشنبیرو خه‌ڵکی ئازادی خوازی تێدایه‌و به‌رده‌وام له کۆڕ‌و ڤیستیڤاڵ و شاشه‌ی تێڤێکانه‌وه ده‌رده‌که‌وتن و دونیایه‌ک قسه‌یان له باره‌ی ئازادی و دیموکراتی و ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌کرد، به‌لێ زۆر نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندی شاری سلێمانی ئه‌وه‌یان دووپاتده‌کرده‌وه که بۆ هه‌میشه له به‌ره‌ی گه‌لدان و له هه‌موو رۆژگارێکداو ئاماده‌ن بڕژێنه ناو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ره‌وه بۆ بنیاندنانی ژیان و کۆمه‌ڵگایه‌کی باشتر‌و دوور له چه‌وسانه‌وه‌و گرتن و ترس و کوشتن و بڕین، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه بۆ چه‌ند ڕۆژێک ده‌بێت له لایه‌ن ئینسان کوژو چه‌ته‌کانی کوردایه‌تییه‌وه چه‌ندین لاوی شاری سلێمانی بڕیندارو کوژراون و له لایه‌ن تفه‌نگه کوێره‌کانی به‌ناو کوردایه‌تییه‌وه شاریان پڕکردووه له ترس و تۆقاندن و کوشتن و بێسه‌روشوێن کردنی گه‌نجانی شاری سلێمانی، به‌ڵێ ئه‌مڕۆ به ئاشکراو به به‌رچاوی دونیاوه غه‌در له سلێمانی ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت بۆهه‌تاهه‌تایه گیانی ئازادی و سه‌رکه‌شی و پڕ شکۆی شاری سلێمانی بکوژن و بیکه‌ن به شارێکی مردووی دوور له هه‌موو ده‌نگ و سه‌دایه‌کی ئازادی خواز‌و حه‌ق بێژ، به‌ڵی ئه‌مڕۆ گه‌نجه‌کانی شار ده‌کوژن و ده‌گرن ئه‌مڕۆ هێزێکی کوێری بێدڵی بێ هه‌ست ده‌هێننه ناو شاری سلێمانییهوهو هه‌رکه‌سێک هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌بێت بۆ ئازادی و بوێری ئه‌وان په‌لاماری ده‌ده‌ن و بێسه‌روشوێنی ده‌که‌ن به‌ڵی ده‌یانه‌وێ سلێمانی سه‌رکه‌شیش سلێمانی پڕ له جوله‌ی ژیان و عه‌شق و جوانی بکه‌نه گۆڕستانی خه‌ون و هیوای دانیشتوانی،به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌و هه‌موو نووسه‌رو ڕۆشنبیرو که‌سایه‌تییانه‌ی شاری سلێمانی ته‌نها ( فارووق ڕه‌فیق ) ده‌بینرا که له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا داوای ئه‌وه‌ی ده‌کرد که ( بێڕێزی به شاری سلێمانی کراوه‌و ده‌بێت ئه‌و هێزه‌ی زێره‌ڤانی بگه‌ڕێته‌وه‌و داوای لێبوردن له شاری سلێمانی بکه‌ن ) به‌ڵێ فارووق ڕه‌فیق بۆ هه‌موو که‌سێکی سه‌لماند که به‌ڕاستی نووسه‌رو ڕۆشنبیرێکی گه‌وره‌و به هه‌ڵوێسته‌و خاوه‌نی هه‌موو نووسینه‌کانێتی و ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت ئاماده‌یه ژیانیشی بۆ بخاته مه‌ترسییه‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌ی ئه‌و هه‌موو نووسه‌رو ڕۆشنبیرو که‌سایه‌تییانه‌ی تر بۆ هیچ ده‌نگ و ڕه‌نگێکیان نییه‌و هه‌ر ده‌ڵێیت له شاریشدا ناژین و ئاگایان لێنییه له شاردا ج ده‌گوزه‌رێت و چۆن چۆنی به ئاشکرا گه‌نجانی شار ده‌کوژن و بێ سه‌روشوێنیان ده‌که‌ن دهڵنیابن فارووق ڕه‌فیق ئه‌گه‌ر ئیتر وشه‌یه‌ک دێرێک نه‌نووسێت به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌کانییه‌وه بۆ هه‌تا هه‌تایه له زاکیره‌ی خه‌ڵکی کوردستان و،… به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی دا به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه به‌لام ئه‌وانه‌ی له کاتی ئاسایدا له نووسینه‌کانیاندا خاوه‌نی ده‌مێکی هارو گه‌وره‌ن و ئه‌مڕۆیش له به‌رامبه‌ر کوشتنی خه‌ڵکی شاری سلێمانیدا خۆیان که‌ڕو کوێرکردووه، دڵنیابن له هه‌مبه‌ر ئه‌م ترسنۆکی و بێ ههڵوێستییهیاندا ئیتر هه‌رچی بڵێن و هه‌رچی بنووسن هیچ به‌هایه‌کی نییه‌و خۆیان و به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌چنه زبڵدانی بێ ههڵوێستییهوهو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که شاری سلێمانیان شه‌ڵاڵی خوێنکردووهو له‌گه‌ڵ نووسه‌ره خۆفرۆشه‌کانی ده‌رباری ده‌سه‌ڵاتدا به نه‌فره‌ت ده‌کرێن.