
نا بۆسه‌ردان و لێدوانه‌کانی سه‌رۆک تاڵه‌بانی بۆ تورکیا!
پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێڕاق له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆماری تورکیاوه له ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه، له‌یه‌ک کاتدا، هه‌م ئاگاداری هێرش و په‌لاماری سه‌ربازی تورکیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان کرایه‌وه هه‌م به‌فه‌رمی داواتکرا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی تورکیا بکات، وا ئه‌مڕۆ هه‌موو شاهیدی سه‌رگرتنی هه‌ردوو یاریه سیاسیه نه‌گریسه‌که‌ی گویل و سه‌رک کۆماری ئێراقین.
له‌لایه‌ک تورکیا په‌لاماره‌که‌ی به‌جێگه‌یاند و به‌هۆی به‌رگریکردنی وڵاتپارێزه‌کان و هه‌ڵوێسته ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کانه‌وه سوپاکه‌ی تووشی پاشه‌کشه‌ی سه‌رشۆڕانه هاتن و زه‌ره‌روزیانێکی زۆری گیانی و ماڵیان به‌ناوچه‌که گه‌یاند و چه‌کی قهدهغهکراویشیان له پرۆسه سه‌ربازییه‌که‌دا به‌کارهێناو به‌دوای خۆیاندا ناوچه‌یه‌کی فراوانیشیانان مینڕێژکرد، به‌ڵام ئێستاش ده‌ستی له سیاسه‌تی دژایه‌تیکردنی کورد و هه‌ڕه‌شه‌ی دووباره‌کردنه‌وه‌ی جهنگو ماڵوێرانی و سنوورنبهزاندن هه‌ڵنه‌گرتووه و به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌یان ئه‌کاته‌وه. له‌لایه‌کی تره‌وه مه‌خابن له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌کردنی ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆری گه‌لی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان بۆ قبوڵکردنی ئه‌م سوکایه‌تیه له‌لایه‌ن سهرۆکهوهو داواکردنی( نا بۆ سه‌ردانی تورکیا) به‌ڵام ئه‌مڕۆ ناوبراو له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی باڵادا گه‌یشتنه تورکیا!
له‌م سه‌ردانه‌دا سه‌رۆک کۆماری ئێڕاق له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته‌دا کۆبووه و پاشان کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان سازدا. وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا ئه‌وه‌ی له‌م کۆنگره‌یه‌دا ده‌رباره‌ی قسه‌وباسه‌کانی هه‌ردوولا خرانه‌ڕوو له‌ئاست به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر کێشه‌ی ڕه‌وای گه‌لی کورددا نه‌بوون!، ئه‌و کێشهیهیهی که تورکیا ڕۆڵیکی گه‌وره‌و مێژوویی له دروستکردن و بهرپاکردنیدا هه‌یه‌و ئه‌مڕۆش له‌هه‌موو کات زیاتر پێویستی به چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه، ئه‌ویش نه‌ک له ڕێگای تیرۆر و تۆقاندنه‌وه به‌ڵکو له‌ڕێگای سه‌لماندنی مافه سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی کورده‌وه.
هه‌روه‌ک چون سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک ناوه‌خت و نابه‌جێ و هاوتای سوکایه‌تیپێکردن به‌گه‌لی کورد بوو وه ده‌بوایه وه‌ک کوردێک باش سودی سیاسی له تێکشکاندنی هێرشی سه‌ربازی تورکیا به قازانجی کورد وه‌ربگرتایه‌و ده‌نگی ناڕازایه‌تی ناوخۆی تورکیای به دژی شه‌ڕو ماڵوێرانی بههێزکردایه، به‌ڵام هه‌موو کورد و ئینسانێکی ئاشتیخوازی جارێکی تر نا‌ئومێد کرده‌وه و لێدوان و هه‌ڵوێسته بان ڕه‌گه‌زپه‌رست و ناشارستانییهکانی تورکیای سه‌لمانده‌وه.
ئه‌و ده‌بوایه وه‌ک سه‌رۆک کۆمارێکی کورد ڕاشکاوانه ڕه‌خنه‌ی له‌سیاسه‌تی تواندنه‌وه و نکۆڵیکردنی کورد له تورکیا بگرتایه و دوا هێرش و هه‌وڵه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی له‌م ڕیبازه‌دا سه‌رکۆنه بکردایه و داوای لابردن و دووبارهنهبوونهوهیانی بکردایه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه‌ی به ئازادی و مافی تورکیا زانی چۆن مامه‌ڵه له گه‌ل کێشه‌ی پێ‌کاکا ده‌که‌ن و عێڕاقیش بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌ستانه هاوکارییان ده‌کات و ئاماده‌یه په‌یوه‌ندی ئه‌منیه‌کانی له‌گه‌ڵدا قوڵتر‌و فراونتر بکاته‌وه، ئاماده‌یه بۆ ڕازیکردنی تورکیا و دوورخستنه‌وه‌ی به‌ڵاو گێچه‌ڵه‌کانی له خۆیان ئیمتیازی ئابوری و نه‌وتی و سیاسی زیاتر و زیاتر به تورکیا ببه‌خشن. ده‌رباره‌ی ته‌سلیمکردنه‌وه پشیله‌که‌ش به تورکیا جارێکی تریش سه‌رۆک ئه‌م چه‌مکه‌ی به جۆرێکی تر پێناسه‌کرده‌وه و وای پیشاندا که ئه‌وان ئاماده‌ن پشیله‌یه‌کی تورکی به تورکیا ته‌سلیم بکه‌نه‌وه!، که ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا بێجگه له‌وه‌ی به زمانی تورکیا پێناسه‌ی له‌ناسنامه‌ی کورد له‌و وڵاته ده‌کات، له‌هه‌مان کاتدا جۆرێک به‌ڵێندانه به تورکیا بۆ به جێگه‌یاندنی خواسته‌کانیان بۆتهسلیمکردنهوهی سه‌رکرده‌کانی پێکاکاو هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕی کورد و کورد.
ئێمه وه‌ک ناوه‌ندی چاک، له‌کاتی خۆیدا ده‌نگمان خسته پاڵ ده‌نگی له‌یلا زانا و هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی، نایان، بۆ سه‌ردانه‌که‌ی مام جه‌لال به‌رزکرده‌وه پێکه‌وه وتمان ئه‌م شه‌رمه‌زاریه به گه‌له‌که‌مان قبوڵ مه‌که و مه‌چۆ بۆ لای ئه‌وانه‌ی جه‌نگی سه‌رتاسه‌رییان له‌دژی میلله‌ته‌که‌مان به‌رپاکردووه. به‌ڵام نه‌ک هه‌ر ئه‌م سه‌ردانه سه‌ری گرت به‌ڵکو به‌ئه‌رێ وه‌ڵامیش به هه‌موو خواسته ناڕه‌واکانی تورکیا درایه‌وه و هه‌موو ئه‌وانه‌شیان نا‌ئومێد کرد که به‌هۆی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێزه‌وه بۆی ڕژانه سه‌ر شه‌قام وخوێنیان ڕژاو شه‌قی پۆلیسی داگیرکه‌ریان خوارد.
ئێمه ئه‌م هه‌ڵوێست و لێدوانانه‌ی سه‌رک کۆماری عێڕاق سه‌رکۆنه ده‌که‌ین و داواش له گه‌له‌که‌مان و له پێشیانه‌وه پارته‌که‌ی سه‌رۆک ده‌که‌ین هه‌ڵوێست له‌م هه‌ڵوێسته ناشایسته و نانیشتیمانییهی سه‌رۆک وه‌رگرن و هیچ بڕیاڕیکی ئه‌و بۆ ڕازیکردنی تورکیا جێبه‌جێنه‌که‌ن و نه‌که‌ن بچنه ناو سه‌نگه‌رو هه‌ڵوێستی دژایه‌تی کردنی گه‌لی خۆتان !