سڵاو ئه‌ستێره‌کانی شار ….
ئێوه گێڕهشوێن نین، ئێوه ئێستا په‌ڕله‌مانی شارن و له‌بری ئێمه ده‌نگتان لێ هه‌ڵبڕیوه. ئێوه پێشمه‌رگه هوشیاره‌کانی ئه‌م ڕۆژگاره‌ن، به‌رگریمان لێده‌که‌ن.. من چاوی یه‌که به‌یه‌که‌تان ماچ ده‌که‌م. ئه‌وه‌ی له حه‌ڤده‌ی سێ‌دا ڕووی دا (پله‌ی سته‌یشن) نه‌بوو، تا گه‌مه‌ی منداڵان بێت. ئه‌وه لاوانی وڵاته‌که‌م بوون به‌ڕاستی شه‌ڵاڵی خوێن ده‌بوون. به‌ڕاستی ده‌که‌وتن و هه‌ڵده‌سانه‌وه.. ئێوه ئه‌ی گه‌نجانی شاره‌که‌م هه‌موو ڕۆژێک مێژووی زێڕینی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانیمان بیرده‌خه‌نه‌وه. ئێوه هوشیاری به ده‌سه‌ڵاتێک ده‌ده‌ن که به‌داخه‌وه پردی پێوه‌ندی نێوان خزموخوێشیشی ڕووخاند. پێوه‌ندیی نیوان دراوسێشی ناجۆر کرد. شار‌و ئاسمانی شاریشی ژاراوی کردووه. ژینگه‌یان له‌وتاند. نیشتمانیان تهلبهندکردو له‌سه‌ر خۆیان تاپۆیان کرد.
من ده‌پرسم: ئه‌وه بۆچی تا ئێستا مه‌سئوولێک سه‌ردانی زامداره‌کانی خه‌سته‌خانه‌ی نه‌کردووه، تا دڵیان بداته‌وه و پێیان بڵێت: خه‌م مه‌خۆن ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌ی لێکردوون ده‌درێن به‌دادگا.. ئایا ئه‌و زامدارانه به که‌سی خۆیان نازانن؟ من ده‌پرسم ئه‌وه بۆچی هێزه‌کانی چوارده‌وری خۆپێشاندانه‌کان هێشتا هه‌ر چه‌کیان پێیه، له‌کاتێدا خۆپیشانده‌ران ته‌نیا وشه گومان ده‌به‌ن و ئاشتییان له‌سه‌ر زاره؟ ئاخر له‌هه‌ر سه‌عاتێکدا شیمانه‌ی ئه‌وه هه‌یه، دۆخی حه‌ڤده‌ی سێ دووباره ببێته‌وه.. ئه‌وه بۆچی به‌رپرسێک نایه‌ته سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن به ڕاشکاوی دوا له هێزه شهقامگرتووهکان بکات له‌کاتی خۆپیشانداندا ته‌قه نه‌که‌ن؟
بزانه چۆن له‌م چه‌رخی عه‌وله‌مه‌یه‌دا ئێمه‌یان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می عوسمانلی. ئه‌وه‌تا تاکی کوردیان ناچارکردووه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له سته‌میان بپارێزێت، یان بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده ده‌ستکه‌وتێکی هه‌بێت، خۆی داوه‌ته‌وه پاڵ خێڵ و بنه‌ماڵه. ئاوایه دۆخه‌که هه‌میشه له کۆمه‌ڵی ڕۆژهه‌ڵاتیی پاشڤه‌ڕۆدا، حزبه‌کانیش، هه‌رچه‌ند ئیدیعای دیموکراسی و مافه‌کان بکه‌ن، له دواجاردا ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ڕه‌گوڕیشه‌ی خێڵ.
به‌داخه‌وه زۆرێک له ڕاگه‌یاندکاران، که له‌شکرێک به‌تاڵه‌ی داپۆشراون و له سه‌دان که‌ناڵی نووسراو و گۆکراو و بینراودا کاران، ئه‌وانیش بۆ یه‌کتری لهبۆسهدان. له‌بری ئه‌وه‌ی دۆخه‌که هێور بکه‌نه‌وه، ده‌یشێوێنن و بارگرژی ده‌نێنه‌وه. پێویسته ئه‌قڵی میلله‌تی کورد له‌بن هه‌ژموونی ڕاگه‌یاندنی حزب ڕزگاربکرێت. لێره‌دا داوا له حزبه‌کان ده‌که‌م ده‌ست له یه‌خه‌ی نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌ن. با خۆیان نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن و خۆیان پرۆژه‌کانی خۆیان دیاری بکه‌ن. با فه‌رهه‌نگ له حزب جیابکه‌نه‌وه.. با موڵکوماڵی داگیرکراوی ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێننه‌وه.. به‌داخه‌وه حزب وه‌ک ئیسفه‌نج هه‌موو کایه‌کانی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌ڵمژیوه.. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌یه داهێنان چکی کردوه.. کاتێکیش به‌ستێنه‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر وایان لێهات، ئیتر له واتا‌و ئه‌رکی خۆیان به‌تاڵ ده‌بنه‌وه. ئه‌وه بۆیه ئێستا باری ئه‌ده‌ب و ههنهریش وه‌ک پرۆژه هه‌ڕه‌مه‌کییه‌کان له قوڕدا چه‌قیوه.
ئه‌وه‌تا شار به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی گه‌وره ده‌بێت. پرۆژه‌کان هه‌ڕه‌مه‌کین. نه‌خشه‌وپلان هه‌ڕه‌مه‌کین.. هه‌ڕه‌مه‌کی ئه‌م هه‌ڵده‌نێن و ئه‌و داده‌نێن.. ئێمه ئه‌قڵی هه‌ڕه‌مه‌کی حوکممان ده‌کات و داهێنان چکی کردووه. ئێمه له‌م هه‌رێمه ده‌وڵه‌مه‌نده‌دا کراوین به چوارملیۆن له ڕه‌عیه‌ت و ده‌ستوپێوه‌ند. ئاخر ئه‌وه‌ی ده‌ستوپێوه‌ند نه‌بێت نانی ڕۆژی بۆ په‌یدانابێت. مه‌سئووله‌کان ئێمه به مهحسووبی خۆیان ده‌زانن و مافی هاووڵاتیبوونمان پێ ڕه‌وانابینن. چونکه هاونیشتمانی وه‌ک ئه‌رکی له‌سه‌رشانه، مافیشی هه‌یه. له‌به‌رده‌م یاسادا چونیه‌ک و هاوسانن.. وه‌لێ ئه‌ی خۆپیشانده‌رانی ئازیز له‌م کوردستانه به‌ڕه‌عیه‌ت و به دهستوپێوهندکراوهدا ئێوه له کوێ و کوڕه مه‌سئوول له‌کوێ؟
ده‌با دێهاته‌کان ئاوه‌دانبکرێنه‌وه..، ده‌با ئه‌نفالچی و گه‌نده‌ڵکاران ڕاده‌ستی دادگا بکرێن. هه‌لی کاری چونیه‌ک بۆ ئه‌و خه‌ڵه‌که و بۆ ده‌رچوانی کۆلیج و په‌یمانگه‌کان دابین بکرێت.. پێشمه‌رگه زێده ئازیزن و خه‌باتیان له‌سه‌ر سه‌رمان، به‌ڵام ڕاستییه‌کان له‌وانیش ئازیزترن.. ده‌بێ فه‌رامۆش نه‌کرێن.. داوایان لێ ده‌که‌م خۆپیشانده‌ران وه‌ک چاوی خۆیان بپارێزن.. داوا له خۆپیشانده‌رانی ئازیز ده‌که‌م مڵکوماڵی خه‌ڵک و ده‌زگه مه‌ده‌نی و حزبییه‌کان بپارێزن و ئاشتییانه داواکانیان بخه‌نه ڕوو، هێمنانه بجووڵێنه‌وه.
پێویسته ده‌سه‌ڵات ئه‌و ڕاستییه بزانیت، که ته‌نیا هاووڵاتیی سڤیل ده‌توانێت ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات بپارێزێت، هه‌ر ئه‌و هاووڵاتییه بێچهکهیشه ده‌توانێت به‌هێزترین ده‌سه‌ڵات بڕووخێنێت، وه‌ک له تونس و میسر بینیمان.. بۆیه گه‌ره‌که ده‌سه‌ڵات هه‌رچی زووه گوێ بۆ داوا ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ر شل بکات و له‌گه‌ڵیان کۆببێته‌وه، چونکه به‌سه‌رچوونی کات نه‌له قازانجی ئه‌وانه و نه‌له قازانجی ئه‌زموونه‌که‌مانه.
کۆبنهاون
2011-02-23