سه‌نای سه‌رکرده‌کانی کورد به‌گه‌نده‌ڵییدا
ئه‌م نووسینه‌م سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر نارد بۆ “ئاوێنه”، به‌ڕێز سه‌رنووسه‌ری ئاوێنه گوتی به‌سه‌رچاو بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه، هه‌فته‌یه‌ک لێم بووه‌سته، به‌ڵام هه‌ر دیار نه‌بوو بڵاو بێته‌وه.
هه‌نووکه رژێمی تونس و میسر ئه‌گه‌ر به‌سیمبۆڵییش بێت، له ده‌سه‌ڵات هێنرانه خواره‌وه. لاچوونی زه‌ینلعابدین و حوسنی موباره‌ک و رژێمه‌کانیان، دڵی ته‌واویی ئازادییخوازانی دنیا‌و کۆڕوکۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ته رۆژئاواییه‌کانیش( جگه له‌ئیسرائیل، ئه‌ویش له‌تاو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی) ی خۆشکردو ئومێدێکی نوێ و گه‌ش بۆ دێمۆکراسیی و شه‌ڕ له دژی گه‌نده‌ڵیی و مافی مرۆڤ له دڵی سه‌دان میلیۆن عه‌ره‌ب و خه‌ڵکی دنیادا چه‌که‌ره‌ی کردووه. هه‌رچه‌نده حوکمی عه‌سکه‌ر جێگه‌ی دڵخۆشیی نییه، به‌ڵام به لاچوونی میره‌کانی گه‌نده‌ڵیی، سه‌دان میلیۆن مرۆڤ له‌خۆشییدا سه‌ما ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ناسۆریی بوو، سه‌رۆک کۆماری عێراق، ده‌چێ له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ شه‌رقلئه‌وسه‌تدا، متمانه‌ی خۆی به توانا له‌بن نه‌هاتووه‌کانی موباره‌ک ده‌رده‌بڕێت، که توانای هێورکردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌که‌ی هه‌یه‌و ده‌توانێ ئه‌و باره نائاساییه تێپه‌ڕێنێ. باشه ئه‌وه که‌ی بوو به‌دیپلۆماسییه‌ت تۆ دژی ته‌واوی خه‌ڵکی میسر بوه‌ستیته‌وه؟ به‌س بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر موباره‌ک رزگاری بوو، قسه‌یه‌کی خێر بۆ سه‌رکۆماره کورده‌که‌ی عێراق بکات! فه‌رموون له‌هه‌موو جیهانی عه‌ره‌بییدا، جگه له شا عه‌بدوڵای سعودیه‌و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵحی یه‌مه‌ن، هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی تر له‌ته‌واوی جیهاندا له‌ڕووی نه‌هات، یان خۆی نه‌خسته ئه‌و دۆخه‌وه ئیحراجه‌وه که تاڵه‌بانیی به‌سه‌ر خۆیدا هێنای. ئایا تاکه‌ی تاڵه‌بانیی له‌سه‌ر هه‌ڵه سیاسیی و دیپلۆماسییه‌کانی به‌رده‌وام ده‌بێ و ره‌زای میلله‌تی کورد له‌چاو ئازادییخوازانی دنیا به‌گشتیی و چه‌ندین میلیۆن گه‌نج و پیری میسر به‌تایبه‌تیی قورس ده‌کات؟ ئایا نووسه‌رانی عه‌ره‌بی عێراق ناهه‌قیانه، ده‌نووسن، تۆ سه‌رۆکی عێراق نیت، چۆن به‌ناوی ئێمه‌وه دژی خۆپیشانده‌رانی خێرله‌خۆ نه‌دیوی میسر ده‌وه‌ستیته‌وه؟
هاوکات، ته‌له‌فزیۆنی میسر، له سه‌ردێڕی هه‌واڵه ناوخۆیی و جیهانییه‌کاندا، له فێده‌کانیدا( ژێرنووس) نووسیبووی، بارزانیی پاڵپشتیی خۆی بۆ سه‌رۆک موباره‌ک دژی ته‌خریب و ئاژاوه‌چییه‌کان دووپاتکردووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست نییه، خۆ پارتیی و کادیره‌کانی و ده‌زگای راگه‌یاندنه‌که‌ی خاوه‌نی ئیمکانیاتێکی ماددیی و مه‌عنه‌ویی زۆرن، ئه‌ی بۆچیی تا موباره‌ک له‌ده‌سه‌ڵاتدا بوو به‌درۆیان نه‌خسته‌وه؟ ئایا ئه‌م هاوسۆزییه‌ی سه‌رانی سیاسیی کورد، بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌کی مافیایی وه‌ک حوسنی موباره‌ک، که 70 بیلیۆن دۆلاریان له گه‌رووی ده‌یان میلیۆن ره‌شوڕووتی میسر گرتووه‌ته‌وه، له‌بانکه‌کان و پرۆژه‌کانی خۆیاندا به‌گه‌ڕیان خستووه، له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
لاچوونی رژێمه‌کانی تونس و میسر، په‌یامێکی زۆر کارییه بۆ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاریی و حیزبه بنه‌ماڵه‌ییه‌کانی ناوچه‌که و جیهان. سیاسیی و رۆشنبیره‌کانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی کوردیی، زۆریان رست له‌وه‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ تونس و میسردا ته‌واو جیاوازه. به‌ڵام خۆ لێکچوونه‌کانیان زۆر زیاتره له جیاوازییه‌کانیان. فه‌رموون رێک وه‌ک میسر، زۆرینه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی کوردستان( به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی دوای راپه‌ڕین و دوای 2003 )، به‌ته‌واویی ده‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و دوو حیزبه‌دا تێکه‌ڵکردووه. ته‌واوی پرۆژه ئابوورییه‌کان و بازاڕی کوردستان، له‌لایه‌ن سیاسییه‌کان و بازگانه‌کانی نزیک له‌و دوو حیزبه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی سامناک قۆرغکراون. جیاوازیی ده‌وڵه‌مه‌نده چاوچنۆکه‌کانی میسر‌و ده‌وڵه‌مه‌نده حیزبییه‌کانی کورد له‌چییدایه؟ جیاوازیی سیاسییه‌کانی سه‌ر به‌حیزبه‌که‌ی موباره‌ک و سیاسییه‌کانی ئه‌و دوو حیزبه‌ی کوردستان له‌کوێدایه؟ جیاوازیی ساخته‌کردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تونس و میسر له‌گه‌ڵ کوردستاندا له‌چییدایه؟ گه‌نده‌ڵییه‌کانی کوردستان و ئه‌و دوو وڵاته، ئه‌گه‌ر جیاوازییان هه‌بێ، ئه‌وانه‌ی کوردستان، سامناکتر و قه‌به‌ترن.
ئایا هیچ سیاسیی و هیچ بازرگانێکی گه‌وره‌ی کورد، که‌به‌رژه‌وه‌ندییه مادییه‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا تێکه‌ڵبووه، غه‌می پرسه نیشتمانییه‌کانیان به‌ته‌واویی لا کاڵ نه‌بووه‌ته‌وه! ئایا هه‌موو ئه‌و بازرگانانه‌ی له‌و دوو حیزبه ده‌خۆن و بازه‌ڕه‌کان و پرۆژه‌کانی کوردستانیان قۆرغ کردووه، بلۆکێک دۆلاریان لا گرینگتر نییه له مه‌سه‌له‌یه‌کی ستراتیژیی وه‌ک کێشه‌ی که‌رکوک؟ به‌دڵنیاییه‌وه گاڵته‌یان به‌که‌سانێک دێت، تا هه‌نووکه باس له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی و چه‌مکه نیشتمانیی و پرسه ستراتیژییه‌کانی گه‌لی کورد له کوردستانی عێراقدا ده‌که‌ن.
هاوکات حوسنی موباره‌کیش زۆر به‌وه‌وه ده‌نازیی، که له‌شه‌ڕه فڕۆکه‌دا، پۆتی ئیسرائیلییه‌کانی شکاندووه، دووجار بریندار بووه، قاره‌مانێکی عه‌سکه‌ریی بووه. سیی ساڵه ئاساییشی میسر ده‌پارێزێ، هه‌رگیز پیاوی بێگانه نه‌بووه!….تاد. به‌هه‌مان میتۆدیش سه‌رانی سیاسیی ئه‌م دوو حیزبه، گه‌نجێک بڵێ سیر، ئه‌وان ده‌ڵێن خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تییمان کردووه، زیندانی سیاسیی بووینه، ده‌ربه‌ده‌ربووینه، به‌گژ رژێمی به‌عسدا چووینه‌ته‌وه. ئه‌م بالۆرانه ئه‌وه‌نده‌یان هه‌زار باره کردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌نده دایانه‌وه به‌چاوی خه‌ڵکدا، ئه‌وه‌نده خۆیانی پێوه هه‌ڵده‌نێن، ئاویان له ئاوه‌ڕێژ ده‌رکرد. ئاخر پاڵه‌وانه عه‌سکه‌رییه‌که‌ی میسر، چه‌ند جارێک قاره‌مانییه‌تییه‌کانی خۆی ژمارد، خه‌ڵکی میسر زیاتر گاڵته‌یان پێده‌کرد، ئه‌و به‌سیی ساڵ حوکمڕانییه‌وه، ته‌نیا 18 رۆژ خۆی گرت، ئایا سه‌رکرده‌کانی کورد و حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کورد، هێشتا ماویانه ده‌رس له‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیی و خزمخزمێنه( دێسپۆتیزم)یه‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی نیشتمانیی خه‌ڵکی کوردستان وه‌ربگرن؟ ئایا هێشتا ماویانه به بیست ساڵ ده‌سه‌ڵاتی لۆکاڵییه‌وه ( حیزبیی و بنه‌ماڵه‌یی و ناوچه‌گه‌راییه‌وه) له‌وه بگه‌ن، خه‌ڵک له باسکردنی ده‌ستکه‌وته‌کان و مێژووی خه‌باتی شاخ و عه‌قڵیه‌تی شاخ، پێڵاو دڕاندنی هه‌ڵه‌ته‌کان، تێر بوون، پڕبوون و بێزاربوون.
سیستمه تۆتالیتارییه‌کانی عه‌ره‌ب، په‌نجا بۆ شه‌شت ساڵه له‌ده‌سه‌ڵاتدان، هه‌میشه بیانووی ئیمپێریالیزم، زایۆنیزم و ئێرانی مه‌جووسیی و به‌کرێگیراوانی رۆژئاوایان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو بۆ سه‌رکوتی گه‌له‌کانیان و نووزه‌ی ئازادییان بڕیبوو. ماوه‌یه‌کیشه ئه‌لقاعیده‌شی چووبووه سه‌ر، گوایه مانه‌وه‌ی ئه‌وان، زامنی پاراستنی ئه‌و ئاساییشه‌یه که به‌س ئه‌وان ده‌توانن بیپارێزن. راسته هه‌رێمی کوردستان هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کیی له‌سه‌ره، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه، ئه‌و گه‌نده‌ڵیی و سیاسه‌تی خزمخزمێنه‌یه‌یه که هه‌رێمی کوردستانی ئیفلیج کردووه. حوکمی بنه‌ماڵه و که‌سه نزیکه‌کانی سه‌رکرده‌کان و خزموکه‌سوکاری خۆیان و ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی له‌ڕێی ئه‌و دوو حیزبه‌وه بوونه به بیلیۆنێر و میلیۆنێر، خه‌ته‌ری سه‌ره‌کیین بۆسه‌ر ئه‌زموونی بیست ساڵی هه‌رێمی کوردستان، نه‌ک هێزه بیانیی و ده‌ره‌کییه‌کان. نه‌ک ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌سه‌روبه‌ندی راپه‌ڕیندا له‌دایکبوونه و گاڵته‌یان به‌هه‌موو فه‌خفه‌خاتی سیاسیی ئه‌و دوو حیزبه دێت. له‌ڕاستییشدا، مافی خۆیانه گاڵته‌یان پێ بێت، چونکه ئه‌و دوو حیزبه‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان، هێشتا له‌قۆناغی میلیشیادان و وه‌لائی حیزبی‌یان پێش هه‌موو شتێ خستووه. به‌ڕاستیی چۆن فه‌له‌ستین بوو به‌خێرو به‌ره‌که‌ت بۆ حوسنی موباره‌ک و رژێمی ئه‌سه‌د و زۆربه‌ی وڵاته دیکتاتۆرییه عه‌ره‌بییه‌کان، مه‌سه‌له‌ی که‌رکوکیش بووه به‌خێرو به‌ره‌که‌ت، بۆ ئه‌م دوو حیزبه و خزم و که‌سوکاری سیاسییه باڵا ده‌سته‌کان و هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی له‌په‌نای ئه‌و دوو حیزبه‌وه، شاده‌ماره‌کانی ئابووریی کوردستانیان تاپۆ کردووه. به‌واقیعییش سیاسه‌تمه‌دارانی کورد به‌هۆی که‌رکوکه‌وه نانیان که‌وتووه‌ته رۆنی گه‌نده‌ڵییه‌وه.
کوردستان ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێکی تریش راپه‌ڕینی تێدا نه‌بێ، به‌ڵام گومانی تێدا نییه، ئه‌م گه‌نده‌ڵیی و به‌فیڕۆدانی سامانی نیشتمانییه، ئه‌م هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه ناشه‌رعییه‌ی به‌رپرسه سیاسیی و عه‌سکه‌ریی و بازرگانه حیزبییانه درێژه بکێشێ و گوێ بۆ داواکانی خه‌ڵک نه‌گیردرێ و ئازادیی بخنکێنن و جیاوازییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌رینتر بێته‌وه، گه‌نجانی کورد له‌په‌راوێزی کۆمه‌ڵگادا رابگیردرێن و هه‌لی کاری شیاویان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، سه‌رئه‌نجام باهۆزی لاچوونی ده‌موچاوه‌کانی شاخ، قاره‌مانه‌کانی شاخ و شۆڕشگێڕه‌کانی دوێنێ ده‌ست پێده‌کات.
سه‌رنج: رێزم بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌نده سه‌ربه‌خۆیانه هه‌یه، که‌شه‌رافه‌تمه‌ندانه سامانه‌کانیان کۆکردووه‌ته‌وه‌و له ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه دوورن. مه‌به‌ستی من ته‌نیا ئه‌وانه‌یه له گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵات سوودمه‌ندن.
کامیار سابیر