ئه‌و رابه‌ری شۆڕشه
ئێوه كێن؟ من ملیۆنانم له‌گه‌ڵ دایه. ماڵ به ماڵ شه‌ڕ ده‌كه‌م. بست به بست وه‌ڵات خاوێن ده‌كه‌مه‌وه. ئه‌مانه قسه‌ی موعه‌مه‌ر قه‌زافین. سه‌رۆكێك كه ده‌بێت ئیتر هێچ مرۆڤێك دان به ره‌وایه‌تی ئه‌و دڕنده‌یه‌دا نه‌نێت. هیچ مرۆڤێك ئیدی هه‌ر بیر و بۆچوونێكی هه‌بێت.
قه‌زافی له‌و وته‌یه‌یدا كه له ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌وه بڵاوكرایه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
من سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت نیم تا ده‌ست له كار بكێشمه‌وه، من رابه‌ری شۆڕشم و شۆڕشیش تا مردنه و ته‌واو نابێت. واته‌ی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و دیكتاتۆره ده‌روون نه‌خۆشه چییه؟ واته ئه‌و هه‌ر ده‌بێت ئاماده بێت، وه‌كو سه‌رۆك ئاماده بێـت. ئه‌م دڕنده‌یه چۆنه نه‌مری ناكڕێت به پاره‌كانی؟ بۆچ قه‌زافی ئه‌و كاره ناكات؟ ئه‌و رابه‌ری شۆڕش و كۆنه شۆڕشگێڕه له مێژه بووه به ملیاردێر، ئیتر بۆ نه‌مری ناكڕێت به پاره‌كانی؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موو بیزانین نه‌خۆشبوونی دیكتاتۆره و ژیانێتی به‌رده‌وام له وه‌هم و له تراویلكه‌دا. ئه‌و وه‌ڵاتێكی بنیات ناوه، له‌سه‌ر كوده‌تا و خوێنڕشتن، وه‌ڵاتێك درێژترین ناوی هه‌یه:
” الجماهیریه العربیه اللیبیه الشعبیه الاشتراكیه العڤمی.”
به‌ڵام وه‌ڵاتێكی بێ ده‌ستور، تاكو ئێستا لیبیا ده‌ستووری نییه و ده‌یان ساڵه به‌ڵێنی نووسینی ده‌ستوور ده‌ده‌ن. دوا به‌ڵێنیان رۆژی یه‌كشه‌ممه 20.2.2011 بوو له زاری كوڕی دیكتاتۆره‌وه، شمشێری ئیسلام، بیستمان.
كاتێك قه‌زافی كوده‌تای كرد نزیكه‌ی سێ ملیۆن كه‌سێك له‌و وه‌ڵاته ده‌ژیان، ئه‌وه به‌ر له 42 ساڵێك. ئێستا نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن و نیو مرۆڤ له وه‌ڵاته‌كه ده‌ژین، داهاتی نه‌وت و گاز ئه‌وه‌نده قه‌به‌یه وا بكات ئه‌و چه‌ند ملیۆنه له ئاستێكی هه‌ره باش‌دا بژین. لێره‌دا دیاره هه‌ڵوێستی سیاسه‌تبازه‌كانی رۆژئاوا، هه‌ڵوێستێكی نا مرۆڤانه‌یه، دیاره ئه‌وانه‌ی سوود له سه‌رچاوه‌ی نه‌وت و گازی سروشتی لیبیا ده‌بینین، هه‌ڵویستیان به روونی ده‌رده‌كه‌وێت كه چ هه‌ڵوێستێكی كرێته. ئه‌مه بابه‌تێكه بۆ له‌سه‌ر نووسین له ده‌رفه‌تێكی دیكه‌دا. بێگومان خه‌ڵك له‌و داهاته زۆره‌ی نه‌وت بێ به‌شن. به‌رانبه‌ر به بێ به‌شكردنی خه‌ڵكه‌كه رابه‌ری شۆڕش! قه‌زافی و منداڵه‌كانی سه‌رمایه‌یه‌كی زۆریان پێكه‌وه ناوه. دیاره سه‌رمایه‌ی ئه‌و خانه‌واده‌یه سه‌رله‌به‌ری دزییه. نه‌ك هه‌ر ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌ی وه‌ڵات ده‌دزن، به‌ڵكو ئه‌و رابه‌ره‌ی شۆڕش كه له شێتێكی ده‌روون نه‌خۆش بترازێت هیچی دیكه نییه، مووچه‌ی بۆ چه‌ندین دیكتاتۆری قرێژی ئافریقیا بڕیوه‌ته‌وه. جگه له چه‌ندین شتی دیكه. چ كاره‌ساتێكی دژواره. دیكتاتۆرێك به ده‌یان ساڵ گه‌ل برسی بكات و به‌رانبه‌ر به‌وه دیكتاتۆرانی دی به‌خێو بكات.
سه‌رۆكی شۆڕشه، به‌ڵام بڕوای به زێده‌كه‌ی خۆی نییه و پاره و پولی خۆی خستۆته هه‌گبه‌ی بانكه‌كانی سویسراوه. سه‌رۆكی شۆڕشه و خۆی به رزگاركه‌ر ده‌زانێت، یان راست له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژی، كه‌چی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وانی دیكه ده‌یانه‌وێ خه‌ڵكی بێ ده‌سه‌ڵاتی وه‌ڵاته‌كه له چنگی ئه‌و دیكتاتۆره خوێنڕێژه بپارێزن.
رابه‌ڕی شۆڕش بۆی هه‌یه به هه‌زاران كه‌س بكوژێت. بۆ نا؟ رابه‌ری شۆڕش بۆی هه‌یه درۆ بۆ خه‌ڵكی سه‌رهه‌ڵدێر هه‌ڵبه‌ستێت و به تلیاك كێش و به‌نگییان بناسێنێت. كاتێك قه‌زافی قسه ده‌كات و ده‌می كه‌ف ده‌كات، دروست له‌و كاته‌دا زۆر شتی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌م دڕنده‌یه و سه‌دام حوسێن‌دا به بیری مرۆڤدا دێت. مرۆڤ به روونی ئه‌وه ده‌بینێت، ئه‌گه‌ر به خێرایی بگه‌ڕێته‌وه بۆ قسه و لێدوانه‌كانی سه‌دام سه‌باره‌ت به راپه‌ڕینی خه‌ڵك و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له خواسته‌كانی ئه‌و دیكتاتۆره خوێنڕێژه‌ی عێراق. پێده‌چێت ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌و پاراستنه‌وه هه‌بێت كه عایشه‌ی كچه تاقانه‌ی رابه‌ری شۆڕش یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی سه‌دام حوسێنی ده‌پاراست. ئه‌و كچه‌ی قه‌زافی به بینین و گوهداری كردنی بۆمان ئاشكرا ده‌بێت به‌چكه دیكتاتۆرێكی ترسناكه.
ژماره‌ی ئه‌و لیبییانه‌ی وه‌ڵات به جێده‌هێڵن به مه‌به‌ستی دابینكردنی ژیانێك شایسته‌ی مرۆڤ بێت كه‌م نین. ته‌نانه‌ت ژماره‌ی ئه‌وانه‌یشیان كه‌م نین له وه‌ڵاتانی دیكه كاری زۆر قورس ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له وه‌ڵاتانی دیكه سواڵ ده‌كه‌ن، كه‌چی قه‌زافی كۆنه شۆڕشگێڕ هه‌موو ئه‌مانه نابینێت و پاش 42 ساڵ نایه‌وێت تاڵه موویه‌ك له ده‌سه‌ڵاتی كه‌م بێته‌وه. چاودێران ئاشكرای ده‌كه‌ن رێژه‌ی بێكاری له لیبیا له سه‌دا 30 یه. چ رێژه‌یه‌كی ترسناكه. وه‌ڵاتی پاره‌دار و گه‌لی بێكار. بێ به‌شكردنی گه‌ل له كار و پاره، هاوكات ته‌رخان كردنی سه‌رمایه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه بۆ پشتگیری دیكتاتۆران و تۆقاندن. ئاخر لیبیا ساڵانێكی زۆر سه‌رچاوه‌ی داهات بوو بۆ تیرۆریستان. خه‌ڵك له لیبیا بۆ كار ده‌گه‌ڕێت، كه‌چی سه‌رۆكه‌كه‌ی كه خۆی به هه‌موو شت ده‌زانێت هه‌ر خه‌ریكی جل و به‌رگی ره‌نگاوڕه‌نگه و خۆی به پیاوی سه‌ده‌ی بوژانه‌وه‌ی لیبیا و عه‌ره‌ب ده‌زانێت.
Internationaler Korruptionsindex به پێی ئاماژه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ گه‌نده‌ڵی بێت
لیبیا سه‌ر به گه‌نده‌ڵترین وه‌ڵاته‌كانی سه‌ر رووی زه‌وینه. دیاره داهاتی ئه‌و وه‌ڵاته له‌سه‌ر ده‌ستی قه‌زافی و كوڕ و كچه‌كه‌ی چ گه‌مه‌یه‌كی ترسناكی پێ ده‌كرێت.
پاش 42 ساڵ گه‌مه‌كردن به هه‌موو شتێكی ئه‌و وه‌ڵاته، گه‌مه‌كردنی به‌رده‌وام به هه‌ستی مرۆڤه‌كانی، ئێستا به‌رانبه‌ر به سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گه‌له قه‌زافی گۆلی خوێنی ساز كردووه و ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت تا وه‌ڵات خاوێن ده‌كاته‌وه. هه‌موومان پێمانوایه چه‌ند رۆژێكی كه‌می ماوه لیبیا خاوێن بێته‌وه، جا ده‌بینین له كێ؟ له گه‌لی ناڕازی و بوێر یان له دیكتاتۆری دڕنده و له منداڵه بێ ره‌وشته‌كانی؟
25.2.2011
سیروان ره‌حیم