Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
له‌نێوان من و لۆزان- دا…..سیڤه‌ر جه‌مال عه‌لی باپیر

له‌نێوان من و لۆزان- دا…..سیڤه‌ر جه‌مال عه‌لی باپیر

Closed
by March 1, 2011 گشتی

له‌ لۆزان هه‌موو پارچه‌کانی منی سیڤه‌ریان پارچه‌پارچه‌کرد، وه‌ک دیاری بێ ناسنامه‌ رۆژ ئاواو رۆژهه‌ڵات، باکورو باشوری جه‌سته‌میان پێشکه‌ش به‌ چوار وڵات کرد، له‌و رۆژه‌وه‌ مێژووی له‌ دایکبوونم سڕایه‌وه‌، زمان و کلتورو مافی ژیانیان لێ سه‌ندم، هه‌ریه‌ک له‌و چوار وڵاته‌ جوگرافیاو نه‌خشه‌یان سووتاندم، زمانی چه‌په‌ڵی خۆیان به‌سه‌رمدا سه‌پاند، منی سیڤه‌ر شه‌ل ئیفلیج … چاوه‌ڕێی هیواو تروسکه‌…. پارچه‌ی له‌شم تیمارکا، دوای چه‌ندین ساڵ ئازارو مه‌ینه‌تی… دوای چه‌ندین ساڵ ئازار… دوای چه‌ندین به‌رخوودان… پارچه‌یه‌کی له‌شم که‌وته‌ جوڵه‌و له‌ژێر ده‌ستی داگیرکه‌رێک رزگار کرام.
ئازادی ئای ئازادی چه‌نده‌ شیرینی …
په‌یامی منی سیڤه‌ر بۆ هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌کانم، بۆ هه‌موو گه‌نجانی پارچه‌ نازداره‌  رزكاركراوه‌كه‌ی وڵاته‌ داگیركراوه‌كه‌م، دڵخۆشم به‌وه‌ی: خوده‌بوو به‌ جامانه‌، پۆستاڵ بوو به‌ کڵاشی هه‌ورامی، ئه‌وه‌ی له‌ دوێنێدا زه‌حمه‌ت بوو ئه‌مڕۆ له‌ مینبه‌رو که‌ناڵه‌کان ئێوه‌ به‌ ئازادی و بێ سانسۆر ده‌یخوێننه‌وه‌، چندین که‌ڵه‌پیاو له‌ رێگه‌ی ئازادی نیشتماندا خوێنی خۆیان كرده‌ قوربانی بۆ هێنانه‌دی به‌خته‌وه‌ری گشتی.
ئازایانه‌ شه‌هید بوون، به‌ختیارم که‌ بتانبینم گوڵ له‌ ده‌ستی یه‌ک وه‌رده‌گرن، بێ سڵه‌مینه‌وه‌ گوزه‌ر ده‌که‌ن که‌س نیه‌ بڵێ شوناسنامه‌که‌ت، نه‌ بۆن به‌ ده‌متانه‌وه‌ ده‌که‌ن نه‌ گوێ له‌ ترپه‌ی دڵتان ده‌گرن، به‌ڵام نابێ ر‌ێگه‌ بده‌ن ئه‌و گوڵه‌ی ده‌ستان سیس بێ و هه‌ڵوه‌رێ ده‌بێ بتانه‌وێ ئازادی شه‌قامه‌کان بده‌نه‌ نه‌وه‌کانی دوای خۆتان، به‌وه‌ش ده‌بێ ئازادی له‌ ده‌ستی خۆتاندا بێت، هیواش له‌ چاوی خۆتاندا بێت، شه‌هیدان رۆیشتن، ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ته‌ بۆ ئێوه‌ ده‌بێ ئێوه‌ ئاڵاکه‌ وه‌ربگرن و بیگه‌ننه‌ جێ، نامه‌وێ جارێکی تر ئه‌و زه‌مه‌نه بگه‌ڕێته‌وه‌، نه‌گه‌ڕانه‌وه‌شی له‌ ده‌ستی ئێوه‌ دایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت لێهاتووانه‌ ئێستاتان به‌ڕێبکه‌ن، نه‌هێڵن مێژوو خۆی دووباره‌ بکاته‌وه‌ فه‌زڵی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک قبوڵ مه‌که‌ن به‌ر له‌هه‌ر سیاسه‌تێک بگرن که‌ ده‌سه‌ڵاتان سنوردار ده‌کات.

Previous
Next