Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
سیزیفی رۆح ….   صلاح جلال

سیزیفی رۆح …. صلاح جلال

Closed
by March 2, 2011 ئەدەب

گڕی دارستانی تۆوه‌ مرۆ (…)
ئه‌فسانه‌ی هۆمیرۆسی فیزیای نوسی
سیزیفی رۆح به‌ بزمارێك ره‌نگاڵه‌ بو
جیڤارای پرۆمیسۆسی خسته‌ هه‌ساره‌ی بونه‌وه‌
گه‌ڵا گه‌ڵا پرۆشه‌ رۆح
ئه‌ستێره‌ی بونیان خسته‌ خوار
له‌ هه‌زار شه‌وه‌ی خوێنه‌وه‌ مێژو ون بو
زه‌ریا به‌ رۆحی زه‌مه‌ن داپۆشرا
 گه‌ڵای نه‌مری به‌ ئاوه‌وه‌ چرۆی ده‌ركرد
(بون) له‌ بێده‌نگیا لاڵا بو
گه‌ردون به‌ پیاڵه‌ی ژه‌هره‌وه‌ ره‌نگی گۆڕا
به‌ خوێناوی جیڤاراوه‌ ئاوێته‌ بو (…)(1)  
              ***    
به‌ردێك(…)تۆوچه‌نی زمانه‌ مه‌رگ(…)
شارای تاریكخانه‌ی سه‌راب
به‌زریانی هێلكه‌ وڵه‌ی ئه‌ستێره‌وه‌
له‌ قۆزاخه‌ی خه‌زانه‌ مۆخ
ته‌ونچنی ئۆقیانوسی ئه‌ستێره‌ و رۆژ
به‌ردێك(…) په‌ڕه‌ی كوژاوه‌كان
سیمۆتیكای ساوای عاله‌م
كشتوكاڵی ئه‌فسانه‌یی رۆح و جه‌سته‌
به‌ گه‌رده‌لولی گه‌ڵا مه‌رگ
رۆحه‌ چرۆی گۆپكه‌ی هه‌ڵگرت
سیزیفی زمانی یاقوتی و
ملوانكه‌ی ئه‌ڤێنی گه‌ردون (…)
له‌ تۆفانی پارچه‌ ئاوێنه‌ی خۆڵه‌وه‌
له‌ (نه‌بون)ا تابلۆی مناڵی كێشایه‌وه‌
به‌ ئه‌ستێره‌ی جیڤاراوه‌ تۆوچه‌ن كرا(…)
   ***               ***
دره‌ختی بیر سه‌مای دارستانی مه‌رگه‌ (…)
گه‌ڵای به‌ زمانی سه‌رابی سه‌وز ده‌بێت
كشتوكاڵی سێزیفه‌ شه‌تڵی دیمه‌نه‌ (با)
یاقوته‌ رۆح به‌ چیای جه‌سته‌ نه‌خش ده‌كات
به‌ نیلاوی مه‌رگه‌ فڕه‌ی ئاوێته‌وه‌
بوكه‌ بارانه‌ی زمانی به‌ چاخی سپیه‌وه‌ پۆشی
زریانی وشه‌، كۆرپه‌ مه‌رگی شیر دایه‌وه‌ (..) 
له‌ سنوقی گه‌رده‌لولا شه‌پۆلی ئۆقیانوس گرتی
ته‌ونچنی زه‌مه‌نی سفر (بون)ی ره‌نگ كرد
سه‌هوڵبه‌ندانی نازه‌مه‌ن وێنای خوێن بو(..)
چیا به‌ وێنه‌ (با)ی (بون) و (نه‌بون)ه‌وه‌ له‌رزی
هه‌ڵمی خوێناو بو به‌ بۆنی كۆرپه‌ زه‌مه‌ن
كفن و پۆپه‌شمین و روخسار گه‌ردونی گرت
گڕوگاڵی (جیڤارایا) بێشكه‌ی ژینی راژه‌نده‌وه‌ (…)

20/1/2011 ماویه‌تی
(1)ئه‌و به‌شه‌ی له‌ ژماره‌(46)ی گۆڤاری هه‌نار له‌ دیسه‌مبه‌ری 2009 بڵاوبۆته‌وه‌.له‌ رۆژنامه‌ی رومال ژماره‌ 43بلا‌وبۆته‌‌وه‌

Previous
Next