Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
به‌ڕێی خه‌یاڵدا.. بۆ ماڵی ئه‌و …. ئیدریس عه‌لی

به‌ڕێی خه‌یاڵدا.. بۆ ماڵی ئه‌و …. ئیدریس عه‌لی

Closed

به‌رێگایه‌كی تردا  دێمه‌وه‌
به‌سواری ماشێنێكی تر..
له‌ناو خه‌یاڵێكا  بێسنوور خۆش
كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت مه‌زه‌نه‌ بكات چه‌ند ته‌نیایه‌
ته‌سه‌وڕكات كاتێكی باشه‌ بۆ رووتبوونه‌وه‌‌و
هه‌ندێك چپ‌و هوڕ له‌گه‌ڵ خۆی،
له‌ئاسمانێكی ساماڵتردا
 كه‌ بنیایه‌م ئه‌یپه‌رژێ‌ وردتر ته‌ماشای شته‌كان بكا
باڵه‌كانم ده‌كه‌مه‌وه‌و
چاو ده‌نوقێنم‌و
به‌ده‌م یا ئه‌ڵڵا‌و یا غه‌وزی به‌غاوه‌.. خۆ به‌رئه‌ده‌مه‌وه‌ ناوشار
به‌كۆلانه‌كانا.. به‌ده‌م فیكه‌ كێشانه‌وه‌
خۆم‌و خه‌یاڵ‌و شیعره‌كانم
خۆم‌و بێده‌نگی‌و بارانه‌كانم
خۆم‌و ته‌نیایی‌و حیكایه‌ته‌كانم
خۆم‌و ره‌شه‌با میزاجی‌و ئه‌ستێره‌ حولحولیه‌كانم
بڵاو ده‌بینه‌وه‌ به‌سه‌ر
باخچه‌ په‌ڕپوت‌و
كۆڵانه‌ ئیهماله‌كانا.
سێبه‌ره‌كه‌م ده‌خه‌مه‌ پێش خۆم‌و
وردتر ده‌ڕوانم
دوورتر بیر ده‌كه‌مه‌وه‌،
به‌سه‌ر به‌رده‌كانا باز ئه‌ده‌م‌و ئه‌زانم
دڵم له‌وه‌ خۆشتره‌ بشكێ‌
 ئاخر من عه‌یامێكه‌ به‌ڕێوه‌م
په‌له‌مه‌ زوو بگه‌مه‌ ماڵه‌وه‌،
ئه‌بی َگورجكه‌م
نابێ‌ له‌هیچ لایێ‌ به‌نببم
به‌لای دره‌خته‌كانا تیژ ده‌ڕۆم‌و
باكم ناییه‌ له‌سووتان
به‌ژێر بارانا رائه‌كه‌م‌و
گوێ‌ ناگرم له‌گۆرانی
خۆم ئه‌كێشم  به‌عه‌ره‌بانه‌یه‌كی شیرینیدا‌و
به‌دووقسه‌ی شیرین داوای لێبووردنی لێده‌كه‌م
شانم به‌رشانی ژنێك ده‌كه‌وێت
له‌دڵه‌وه‌ پێی ده‌ڵێم: توخوا بمبوره‌..!
بازێك به‌سه‌ر  سندوقی بۆیاخچیه‌كه‌دا ئه‌ده‌م‌و
هه‌ر به‌ئاسمانه‌وه‌ پێی ده‌ڵێم:
 بریقه‌ هه‌ستێنه‌ له‌رۆحی تۆزگرتوی من..!
ده‌ست ده‌گرم به‌لایه‌كی عه‌ره‌بانه‌ی سه‌وزه‌كه‌وه‌‌و هاوار ئه‌كه‌م:
ده‌سكێك دڵنه‌وایی ماوه‌ بۆ سه‌ر سفره‌ی چاوه‌ڕوانیتان.
په‌له‌مه‌.. په‌له‌مه‌
زوو بگه‌مه‌ ماڵه‌وه‌
ئاخر له‌وێ‌ كه‌سێك هه‌یه‌
وه‌ك ده‌رگا به‌رووما ئه‌كرێته‌وه‌،
ره‌نگه‌ حه‌زكات وێنه‌یه‌كی كۆنم نیشاندا
یان شتێكی گرنگم بۆ بگێڕێته‌وه‌،
ره‌نگه‌ بۆنی كردبێ‌ چه‌ند ته‌نیام
ره‌نگه‌ دڵی خه‌به‌ری دابێ‌ چه‌ند رووتم
ره‌نگه‌ دوێ‌ شه‌و خه‌وی ناخۆشی دیبتبێ‌ پێمه‌وه‌
ره‌نگه‌ له‌ زمانی ئه‌م‌و ئه‌وه‌وه‌ شتێكی له‌ ترۆهاتیم بیستبێ‌
ره‌نگه‌ نه‌یارێك پێی وتبێ‌
كه‌ من رۆژانێ‌ عاشقی بووم‌و
ناوی ئه‌وم به‌باران له‌سه‌ر مه‌چكم نووسیوه‌،
خوایه‌ تاده‌گه‌م
نازانم ئه‌و چه‌ند توڕه‌یه‌ لێم؟
خوایه‌ تا ده‌گه‌م نازانم  ئه‌و چه‌ند باشه‌بێ‌ له‌گه‌ڵما؟
خوایه‌ به‌شی ئه‌وه‌ هێزم بده‌رێ‌
بتوانم له‌به‌رده‌میا
به‌ده‌نگی به‌رز  بگریم
ئه‌وه‌نده‌ شكۆم بپارێزه‌
بكرێ‌ له‌به‌رچاویا بچوك ببمه‌وه‌
وام لێبكه‌  وه‌ك تاڵێك رێحانه‌ بنیشمه‌ سه‌ر ئاره‌ق
وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی زۆرزان بكه‌ومه‌ دۆزینه‌وه‌ی فرت‌و فێڵ
هێنده‌ غیره‌ت رۆكه‌ره‌ به‌ر پێم
بتوانم له‌خه‌ونێكیا كڕنوش به‌رم.
وای خوایه‌ گیان.. توو چاوه‌شینه‌كانی خۆت
خێرایی لێدانی دڵی ئه‌م عاشقه‌ت راگره‌
توو بارانه‌ زۆر به‌تاوه‌كانت
توو پایزه‌ زۆر غه‌مگینه‌كانت
توو شه‌هیده‌ زۆر  بۆنخۆشه‌كانت
تا ئه‌گه‌م
دڵی ئه‌و نه‌رمكه‌ به‌شیعر،
خوایه‌ تا ئه‌گه‌م میزاجی له‌و ئاسمانه‌ سافتركه‌
كه‌ داماننابوو ئێواره‌یه‌ك لێوه‌ی به‌ربینه‌وه‌،
وای لێبكه‌  قسه‌یه‌ك نه‌یا له‌رووم
بۆ سه‌ده‌یه‌كی تر بكه‌ومه‌وه‌ رێ‌.. رێی خه‌یاڵ.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.