Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
مەبەست لە هێورکردنەوە چییە؟

مەبەست لە هێورکردنەوە چییە؟

Closed
by March 3, 2011 گشتی

لە پەراوێزی بەیانی چەندین حزب و رێکخراو لایەن و گروپ دا

                   
لە سێ بەیاننامەی جیا جیادا، زیاتر لە ٤٠ لایەن لە حزب و رێکخراوەی سیاسی و گروپ کۆڕو کۆمەڵەی جەماوەری و پیشەیی، دوای ئەوەی ستایشی سیستمی دیموکراتی کوردستان و دامەزراوەکان و دەسکەوتەکانی دەکەن، داواکارن کەپشێوی وەزعی سیاسی کوردستان، کۆتایی پێبێت و هێوربکرێتەوە.
دیارە زوربەی ئەم لایەنانە سەر بە هەردوو حزبی دەسەڵاتن، یان حزب و لایەنی ئیمزاچی و ئامادەبوانی کۆبونەوەکانی سەرۆک و سکرتیری حزبن یان راستەوخۆ ناراستەوخۆ موچەخۆرن و هەندیکیشیان حزب و لایەنی وڵاتانی ناوچەکەن کە هەڵگری هەمان لۆجێکی ناسەردەمی و هەڵگری پەیامی بزوتنەوەی تاڵانچی و ناسیونالیستی کوردن.
هەموو ئەم لایەنانە خەریکن سیماو رووی دزێوی واقعی سیاسی کوردستان، کە تاڵانی و دزی، پاوانکردنی دەسەڵات و ئابوری و بازار، سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامەگەری، درێژەدان بە دەسەڵاتی میلیشیایی، پشتبەستن و کارکردن بەیاساو رێساکانی بەعسی روخاو… بەردانی بلتجیەی کوردی” زانیاری و پارستن” بۆ گیانی هەڵسوڕاوانی سیاسی و بزوتنەوە نارەزایەتییە جەماوەرییەکان و… تاد. لە چاوی واقعبینی کۆمەڵگادا، سەرەوخوار نیشان بدەن.
هەموو ئەمانە باش دەزانن، دەسەڵات لە کوردستان ئەگەر لە پرۆسەیەکی سەدەمیانە و بەپشت بەستن بە ئیرادەی ئازادانەی خەڵک هاتبایە سەر دەسەڵات، وە حکومەت و پەرلەمان یاسایی و دەستوری و سەراسەری بونایە، ئازادی سیاسی و بیروڕاو مانگرتن و خۆپیشاندانی ئازاد و ببوایە، هەرگیز ئەم دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزیسیۆنە خەڵکی نارازیان بە ئاژەوەگیر و دەستی دەرەکی لەپشت بوون و تۆمەتبار نەدەکردو لەوەش واوەتر دەزگا سەرکوتکەرەکان دەستیان ئاوەڵا نەدەکرا بۆ گوللەبارانکردنی خۆپیشاندەران وناڕەزایەتی جەماوەری کە داوای زۆر سەرەتایی و چاکسازییان هەیە.
 کاردانەوەی دەسەڵات، باشترین بەڵگەی نادیموکراتی بوون و نیشانەیەکی ئاشکرای ناکۆکی قوڵی دەسەڵاتە لەگەڵ زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان و داخوازییەکانیان.
ئەوەی کە وەزعی کوردستانی بەرەو پشێوی بردووە، میلیتاریزەکردنی شوینی کاروژیانی خەڵک و دەسەڵاتی میلیشیایییە لە جێگای دەسەڵاتی یاسایی سەراسەری و دامەزراوەیی. پاوانکردنی دەسەڵاتی و بازاڕو هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگایە لەدەست حزب و بنەمالەو کۆمپانیاکانیدا، لەجیاتی دەسەڵاتی زوربەو بەشداری ئازادانەی کۆمەڵگادا بۆ بەرێوەبردن و بەهرەمەند بوون لە داهات و بەشداریان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بازاردا. سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی ئازادییە سیاسیەکان و ئازادی بیروڕاو بەیان و رۆژنامەگەریی و ئازادی کۆبونەوەو خۆپیشاندان و دەستگرتنە بە یاسای کۆنەپەرستانەوە لەجێگای ئازادی سیاسی و هەلسورانی ئەحزاب و ئازادی کۆبونەوەو خۆپیشاندان و مانگرتن و ئازادی بەیان و بیروباوەرو رۆژنامەگەری و نەبوونی یاسای پیشکەوتخوازانە. تاڵان و فەرهودکردنی داهاتی کۆمەڵگایە، لە جێگای کەمترین ئاستی بەرابەری ئابوری و بەهرەمەند بوونی کۆمەڵگا لە خزمەتگوزاری و چاکسازی…
 ئەوەی دەبێتە هۆی پشیوی کۆمەڵگا، خۆپیشاندان و مانگرتن و داخوازی هێنانە مەیدان نییە، ئەمانە دیمەنە جوانەکانی کۆمەڵگاو زیندو ڕاگرتنی کۆمەڵگان، داوای چاکسازی و خۆشگوزەرانی و نان و ئازادی، دەسەڵاتی پشت بەستوو بەدەورو بەشداری ئازادانەی خەڵک بۆ بەریوەبردنی کۆمەڵگا، نە ئاژاوەگێرییەو نە دەستی دەرەکی لەپشتەو نەدەستی دەرەکی خوازیاری ئەم ئازادی و داخوازیە ڕەوایانەی خەڵکە.
وەسیلەکانی نائارامکردنی کۆمەڵگا، ئامڕازو کەرەسەکانی پشێوی نانەوە، هەموویان لەدەستی دەسەڵاتدان، لەسوپاوە بۆ بەلتەجیە” زانیاری و پارستن” بۆ پۆلیس و پیشمەرگە، بۆ سەر ڕەشەکان و زێرەڤانی و پێشمەرگە و دژە تیرۆرەکان. بۆ دەیان میدیای زمان پیس و فریودان و ترساندن و دەستبردن بۆ پیلانگێڕی، تادەگاتە چەکی بچوک و قورس حەیزەران و ئاوی فرمێسک ڕیژ و داری کارەبایی، تا پشتیوانی حزبە موچەخۆرەکان و تۆرێک لە ڕێکخراوەی بە ناو مەدەنی و جەماوەری و… ئەمانە کەرەسەکانی توندوتیژیین، خۆپیشاندەران و ناڕازیانی کۆمەڵگا دەستیان خاڵییە و هەڵگری داخوازی نان و ئازادی و خۆشگوزەرانی و چاکسازیین، ئەمانەش جەستەی کەس ئازار نادەن و پشێوی ناخەنەوە، خوێنیان پێناڕژیت، جەستە کون کون ناکەن، ئەمانە زامنی ئارامی کۆمەڵگان. کەچی ئەم لایەنانە لە جیاتی داوا لەدەسەڵات بکەن کە دەست لە زوڵم و نابەرابەری و تاڵانی و دەسەڵاتی میلیشیایی سەرکوت و کۆنەپەرستی، و پیلان و توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندران هەڵبگرن، داوا لە خۆپیشاندەران و ناڕازیانی کۆمەڵگا دەکەن، ئەزمونی کوردستان، ناشیرین نەکەن!  
تاکە دیاردەی جوانی کۆمەڵگای کوردستان، دۆخی تارادەیەک ئازادی و کراوەی کوردستانە، کە بەرهەمی خەبات و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردیەتی و یەکێتی وپارتی، پێیان قوت ناچیت و نزیکەی ٢٠ ساڵە، لەجەنگی بێئەماندان بۆ نابودکردنی. و ئیستاش لەدڵی خۆپیشاندانی جەماوەریدا دەیانەوێت، بەکوشتارو خوێن رشتن و گرتن و راوەدونان، پیلان… بیسەپێنن.
ئەم لایەنانەی ئەم بەیاننامەیان دەرکردووە، بە پارتی و یەکێتییەوە، نایەنەوێ لەوە تیبگەن، کە راپەرێن و خرۆشان و شۆرش لە دنیا عەرەبدا، ئومێد بە ئاڵوگۆر ی ڕیشەیی و لەخوارەوە، ئومێد بە شۆرش، ئومێد بە ڕاماڵێنی دەسەڵاتی داسەپاوی بەخشیوەتە، ناڕازیانی کۆمەڵگا.
هەروەها ئەم لایەنانە کە بەپاساوی هێورکردنەوە بە ئاشکرا بەرگری لە دەسەڵات و کارنامەی ٢٠ ساڵەی یەکێتی و پارتی، دەکەن. پەیامی دژایەتی بەرامبەر بە خواستەکان و داواکانی خۆپیشاندەران، رادەگەیەنن.
‌کۆتاییهێنان بە پشێوی و هێورکردنەوە پێشمەرجەکانی بریتین لە:
چونە دەرەوەی بارەگا و میلیشیای چەکداری حزبەکان، دادگاییکردنی ئاشکراو عادلانەی تۆمەتبارانی تەقەکردن و توندوتیژی لەخۆپیشاندەران، ئازادکردنی سەرجەم گیراوەکان، دەستهەڵگرتن لە راوەدونان و سەرکوت، بەرەسمی ناسینی ئازادییە سیاسی و خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونەوە…تاد
وە هاوکات ئەمانە پێشمەرجی هەر گفتوگۆو کۆبونەوەیەکە، کە لە نیوان نوێنەرانی خۆپیشاندەران و داخوازیەکانی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات لە کوردستان ئەنجام بدرێت، نە کۆبونەوەی ئەحزبەکان لەسەروی خەڵکەوە.

١-٣-٢٠١١
 عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.