Skip to Content

كەركوكی كاوڵاش ….. باهیرگلی

كەركوكی كاوڵاش ….. باهیرگلی

Closed
by March 3, 2011 گشتی

 

  چەند ساڵێكە بەنیشتیمان نامۆین وڵاتی بەلژیك وەك لانەی دووەم هەڵبژارد ، زەمەنێك نامۆیی كەوتە نێو یاداشتەكانی ژیانی ڕابردوو ، هزر لە دنەی گەڕانەوەدایە ، مەیلەكان ختوكەمان دەدەن ، لە سۆراغی ئەو مەیلە گێنگڵمان
خوارد ، ڕام بووین، مشورێكی گەڕانەوەمان دەست پێكرد، بۆ ئەوەی كەف و كوڵی دیتنی نیشتیمان كپ بكەینەوە بە پەلە پڕووزێ كەوتینە خۆ بۆ وەدەست خستنی بلیتی فڕۆكە بەهەر دەردە سەرییەك بوو بۆ نزیكترین كات ئەو مەبەستەم بەدەست هێنا ، جانتاو شڕەو شاتاڵ و دیاری دەستم لە كۆڵناو لە كاتی دیاریكراو بەرەو فڕگە چووین ، زۆر بەتاسوقەوە بووم ڕۆژێ لە ڕۆژان ناوی وڵات و شارەكانی نیشتیمانم لە فڕگە و ستاسێۆنی شوێنەكانی سەفەر بەدی بكەم ، هەر كە پێم خستە نێو فڕگە خانەكەوە دیقەتی تابلۆی مۆنیتەرەكەم كرد و لە سۆراغ و دیقەتی پایتەختی نیشتیمانم
دەڕوانی ، یەكەم جار بوو ناوی بەدی بكەم  چاوەكانم ئەسرینی تیا قەتیسوبوو ، ئالێرەدا  یەكسەر شوێنی خۆم لە نێو فڕگە خانەكەدا دۆزییەوە و بەرەو جێگای مەبەست چووم .
  لە چاوەڕوانی بووم ، ڕۆژانی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 م بەبیردا هاتەوە ، تێگەیشتم خوێنی نەتەوەكەم بۆ سەرفیرازی بەهەدەر نەچوو ، شاگەشكە بووم بەوەی ئیمەیش فڕۆكەی تایبەتی بۆ وڵاتەكەمان دەچێت . لە بڵندگۆی فڕەگە خانەوە كاتی سەفەری هەولێر بڵاو بۆوە ، دەستم دایە كەل و پەلەكان و بەرەو هۆڵی بەڕێكردن ڕۆیشتم ، دواتر بەپێ پلیكانەكانی فڕۆكەكە سەركەوتم و لە شوێنی خۆ دانیشتم .
  لە بڵندگۆی فڕۆكەكەوە هەموو ڕێنماییەكانی بڵاوكردەوە و دواتر گووتی لێرەوە بۆ هەولێر 4 كاتژمێرە هیوای كاتێكی خۆش و سەلامەتی بۆ سەفەرەكە خواست . تەزوویەكی سڕ سەراپا جەستەی داگرتم ،زۆر كەیف شادبووم دوای چەندین ساڵی غوربەت دەگەڕێمەوە ، لێ گەڕانەوەیەكی سەر بەرزانە ناچمەوە بن چەكمەی داگیركەر ، دەسەڵاتی پێشوو بنەو بارەگای تێكنرا ، وا بەفڕۆكەیش لە وڵاتی خۆم دادەبەزم ، ئەوانە هەموو بیركردنەوەی نێو فڕۆكەكەم بوو، زۆر جاری دی بە فڕۆكە سەفەرم كردووە ، وەلێ ئەمجارەیان زۆر جیاوازتر و سەفەرێكی ئاشنابوون و دەست لە مل كردنەوەی خاك بوو.
   تاریكی وبێ دەنگی و چراخانی شار ، باڵی خۆی پەخش كردبۆوە تادەهاتە فڕۆكەكە لە نیشتنەوە نزیك دەبۆوە دابەزین و ڕووم لە میوانخانەیەك كرد، گزنگی سپێدە و لە گەڵ خۆرهەڵاتن خۆم بە شاردا كرد ، گۆڕانێكی زۆرم دیت، شارەكانی پاریس وئەمستردام وبروكسل وبەرلین و….تاد . ئەوروپام دیتووە هەولێر تەواو گۆڕابوو، لای ئەز لە سەراپا ئەو شارانە خۆشتر و شیرینتر بوو، تەواو لە هزری شارەكەم دا بووم ، زۆرم بیردەكرد ، دەیان ساڵ بوو نەمدیبوو، بە پەرۆشیەوەبووم ، هەنگاوەكانم خێراتر دەكرد تاچیتر زووە بگەمە كەركوك ، هەر كە لە تەرمیناڵەكە نزیك بوومەوە دەنگۆی كەركوك وهاواری شۆڤێرانی كەركوك جارێكی دی موچوڕكەی بەلەشمدا هات ، وەلێ جەغار و سەد جەغار هەرلەوێڕا دەركەوت شارەكەم هێشتان وێرانەیە ، ماشین وئۆتۆبوس و ترۆبێلانەكەی بۆ شارەكەم دەچوو زۆر دەمێكە تەمەنیان بەسەر چووە و لە میتۆدی هاتووچۆ نەماون .
   هێدی هێدی ئەو خەونەی لە هەولێر دەمبینی كە كەركوك گەلێ لێرە جوانتر و خۆشتر دەبێ دەپوكایەوە، هەر كە لە تەرمیناڵی كەركوك دابەزیم حاڵی بووم كە كاولوك وكاوڵاشەكەی جارانە جێم هێشتووە، ئیدی هەموو ئومێدو هیواكانم ورد ورد لە تروسكایی نووزەیەكیش كەم دەبووە .ئۆ ه….ئۆ  ه …خەراباتە خەرابات ….تەپووتۆز سەرشەقام و
شۆستەكانی تەنیووە ، لێرە و لەوێ چاڵ و چۆڵی ناو شەقامەكان ئۆتۆمبیلی لەبەر یەك هەڵوەشاندووە و سەر بە هەر گوزەرێك دەكەی دەبەی نەوت وبەنزین دەكەوێتە بەرشەقاوی پێیەكان ، سەیرە لە وڵاتی پیترۆڵ ، بەنزین خانە مۆڵەت درابێ ، ناتوانم كاولۆكەكە بە تەواوی وەسف بكەم ، نازانم خۆشەویستیمە بۆ شارەكە ، یان هێندە پەرپووتە چی پێ بڵێی هێشتان پێت وایە كەمت گوتووە .
زۆرمان گووت و دەڵێین كەركوكیش نیشتیمانە ، داخەكەم لەم وڵاتەی ئیمە بان ودوو هەوایە ، لە شوێنێ تەواو گەرمە و لە شوێنێكی دی ئەژنۆیە بەفرە ، شوێنێ ئاوەدان وجوان  كەركوك سەرباری قوربانی میللەتێ تا دێ وێرانە دەبێ و چاك نابێ ، ئەم دیمەنە وای لێكردم لە سەفەرەكە ژێوان ببمەوە ، بەناچاری وكزۆڵەیی ڕۆژانی سەفەرم لە نێو هەولێر وسلێمانی وگەرمیان بەسەر دەبرد جار جاریش دەهاتمە شار تەنها بۆ ئەوەی دەستەكانی دایكم ماچ كەم .
   زۆر نائومێدو دڵشكاو، كەركوكێكی كاوڵاش خەونەكانی پوكانمەوە ، بۆیە ئەو ڕۆژانەم بەخەم گوزەرانو جارێكی دی  بەرەو فڕۆكە خانەكە ڕۆیشتمەوە و ناموراد بە شارەكەم لە نێو ئەو فڕۆکە خانە ئەوەی شادی كردم و كەسەرباری  سەفەری لە بیربردمەوە ، ڕەفتار و گووتەی كوردیانەی كارمەندان بوو ، لەناو فڕۆكەیش هەمیشە بەهزرمدا دەهات گەر
لەبری خۆێنی هەر شەهیدێكی نەتەوەكەم بۆ ئەم شارە خشتێ بنرایەتە سەر خشت و شۆستەیەك پاك بكرایەتەوە و پرۆژەیەكی بكرابا …..هەرگیز ئەم شارە نەدەكەوتە گرەوەوە  نەئێمەومانیش لێی نائومێد دەبووین  كەركوك هەر كەركوكەكەی جارانە …. ئیدی نازانیین كەنگی جوان دەبێ و شەونمی خۆی بەسەر پەڕەی پێڵوی چاوەكان دەدا .
 

باهیرگلی/بەلجیكا

Previous
Next