
توندوتیژیی له‌نێوان حزب وهاوڵاتی دا.. نیهاد جامی
“وه‌ڵامێك بۆ رێبوار سیوه‌یلی”
خۆپیشاندانه‌كانی شه‌قامی كوردی كه له خۆپیشاندانه‌كانی 17 ی شوباتی خوێناویه‌وه ده‌ستی پێكرد به‌دوای ئه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی حزبی كوردی ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كرد وشه‌هید وبرینداری لێكهوتهوه، ئه‌و سه‌ره‌تایه بوو به ئیراده‌یه‌كی پته‌و بۆ هاتنه ده‌نگ له ده‌سه‌ڵاتی كوردی و بێده‌نگ نه‌بوون له‌كێشه‌كانی نێوان هاولاتی وده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی شه‌قامه‌وه.
شه‌قام كۆده‌نگی خۆپیشانده‌ران وروناكبیرانی یه‌كخسته‌وه توانی وا بكات نه روناكبیر به‌ته‌نیا بێت و نه هاولاتیان له شه‌قامدا وابزانن ته‌نیان، ڕۆڵی خوێندكارانی زانكۆ سه‌لماندنی نه‌وه‌یه‌كی به ئاگابوو له‌داواكانی شه‌قام، وه‌ك چۆن ناكرێ ته‌واوی ئه‌و ده‌نگانه فه‌رامۆش بكرێت كه له‌ئۆرگان ومیدیا ئازاده‌كان بوونه به‌شێك له‌داواكانی شه‌قام، ئه‌وه قسهكردنهوهیهكی تری دنیای ئێمه‌یه له‌ته‌ك زه‌بروزه‌نگ وتوندوتیژیهكانی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك چۆن نابێت ئه‌و بێده‌نگیه ترسناكه‌ی روناكبیرانی هه‌ولێر فه‌رامۆش بكرێت، ڕاسته زه‌مینه‌یه‌كی ترسناكتر له‌وێ به‌دی ئه‌كرێت تا كار ئه‌گاته ئه‌وه‌ی رێكخراوی قوتابیان بۆی هه‌یه زانكۆ له‌په‌ل وپۆ بخات، چونكه كاتێ قسه له‌وه ئهكریًَت كه ته‌ده‌خولی حزب له زانكۆ قه‌بووڵ ناكرێت له‌ڕاستیدا ئه‌و قسه‌یه زۆر مه‌جازه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی وه‌ك حزب سه‌یر ناكات رێكخراوه‌كه‌شی وه‌ك به‌شێك له زانكۆ ئه‌بینێت.
ئه‌و كاره‌ی رێكخراوی قوتابیان هه‌ڵه‌یه‌كه دووه‌م جاره له‌مێژووی ئه‌و رێكخراوه دووباره ئه‌بێته‌وه، جاری یه‌كه‌م له‌كاتی شه‌ری ناوخۆدا كاتێ حزبه‌كه‌ی له‌ناو هه‌ولێر نه‌ما داوای له قوتابیان كرد كه برۆنه‌وه ماڵه‌وه چونكه زانكۆی ماڵه‌وه‌ش پیرۆزه، پێویسته ئیتر سنورێك بۆ ئه‌و تهدهخولاتانه دابنرێت له‌به‌رامبه‌ر زانكۆ، هه‌رچه‌نده كاتێ سه‌یری په‌یوه‌ندیی نێوان زانكۆ وروناكبیران له‌شارێكی وه‌كو هه‌ولێر ئه‌كه‌یت ئه‌شێت ئه‌و په‌یوه‌ندیه له‌ناو بێده‌نگی خۆیدا ڕه‌وایه‌تی وه‌ربگرێت، چونكه هه‌موو ده‌نگێك سه‌ره‌نجام یاخود وه‌كو ئه‌و ده‌نگه‌ی رێكخراوی قوتابیان ئه‌بێت یاخود وه‌ك ئه‌و نامه‌یه‌ی رێبوار سیوه‌یلی ئه‌بێت كه‌له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بڵاوی كردۆته‌وه.
له‌ڕاستیدا ئه‌و نامه‌یه وه‌ك جۆرێك له بێده‌نگی خۆی ئه‌خاته ڕوو، به‌ڵام بێدهنگیهك ئه‌توانێ كۆمه‌ڵێك پرسیار له‌شه‌قامدا بجولێنێ، ئه‌گه‌ر قسه‌كردن له‌وه‌بێت كه ئه‌و خۆپیشاندانه به زیانی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه كۆتایی دێت، كه پێویسته له‌و پرسیاره‌وه بچینه ناوه‌رۆكی نامه‌كه‌وه: ئاخۆ له‌به‌ر ئه‌وه به زیانی نه‌ته‌وه‌یی كۆتایی دێت چونكه ئێمه هێزێكمان هه‌یه وه‌ڵامی به‌رد به بی كه‌ی سی ئه‌داته‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ڵامێكی ئه‌و نێوه‌نده‌ی زانكۆ و روناكبیران ولهنامهكهش ئه‌وه ده‌ست نیشان بكرابوایه كه بۆچی ئه‌و خۆپیشاندانانه به زیانی نه‌ته‌وه‌یی كۆتایی دێت ئه‌كرا ئه‌و پرسیاره به‌بێ وه‌ڵام به‌جێ بێلین، به‌ڵام چونكه كه‌س له‌وه نایه‌ته ده‌نگ ناچارین به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كه سیستمێكی گومانكاری به‌ره‌و ئه‌و لۆژكه به‌رین.
ئه‌وه زیانی نه‌ته‌وه‌یی نیه له‌و خۆپیشاندانه به‌ر كوردبوونمان كه‌وتووه، وه‌ك سیوه‌یلی تێیگه‌یشتووه به‌ڵكو ئه‌وه حزبی كوردیه زیانی به‌ر كه‌وتووه، ئه‌وه‌ی له‌ئه‌مرۆدا ڕوو ده‌دات میراتێكی خراپ بۆ داهاتوو به‌جێ نایه‌لێت، به‌ڵكو زه‌مینه‌یه‌ك بۆ داهاتوو ئه‌خوڵقێنێت كه چۆن جارێكی‌تر شه‌قام ئه‌بێته‌وه ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی ده‌نگی ئێمه ئه‌كاته‌وه ده‌سه‌ڵات، میراتی خراپ ئه‌وه نیه هاوڵاتیان له‌داواكانی خۆیان بێنه ده‌نگ، به‌ڵكو ئه‌وه ته‌نیا حزبه‌كانن وه‌ك میراتی خراپ بۆیان سه‌یر ده‌كرێت، چونكه له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كاندا هاوڵاتیان شه‌هید وبریندار ئه‌كه‌ن وئهیانخهنه سووچی زیندانه‌كانیان، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه ئاگادار كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت ئه‌بوو قسه له‌وه بكرێت كه حزبی كوردی میراتێكی خراپ بۆ كوردبوون ئهخوڵقێنیت نه‌ك پشتگیریی كردن له‌خۆپیشانده‌ران به میراتی خراپ ناو ببردرێت.
سیوه‌یلی ئه‌وه‌ی بیر ده‌چێت كه ئه‌وانه‌ی پشتگیری‌یان له‌خۆپیشاندانه‌كان كردووه له‌ویش زیاتر خه‌ریكی پرۆژه فكریی وفه‌لسه‌فی وئه‌ده‌بی وهونه‌ریه‌كانی خۆیانن، به‌ڵام ئه‌وان پشتگیریی كردن وهاتنه ده‌نگ له‌شه‌قام به‌كارێكی ئه‌خلاقی سه‌یر ده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌ك سیوه‌یلی روناكبیر ومامۆستای زانكۆ ئه‌و كاره بهتهرویج كردنی توندوتیژیی ناو به‌رێت، ئه‌بێت هه‌موومان نكوڵی له‌و ڕاستیه نه‌كه‌ین ئه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌رهه‌م دێنێت ئه‌و گه‌نجانه‌ی ناو شه‌قامه‌كانی سلێمانی نین، به‌ڵكو توندوتیژیی به‌رهه‌می ئه‌وه هێزه كۆنزهرفاتیزمانهی دنیای كوردیه كه هاتنه سه‌ر شه‌قام به قه‌سابخانه‌ی خوێناوی ئه‌گۆڕن.
ئه‌وانه‌ی ته‌قه له‌خۆپیشانده‌ران ئه‌كه‌ن هه‌ر ئه‌وانه‌شن تۆمه‌ت بۆ ده‌نگه جدیه‌كانی دنیای كوردی ئه‌كه‌ن هه‌ر ئه‌وانیش بوون ووتیان كه تۆ خۆت كتێبخانه‌كه‌ی خۆت سووتاندووه نه‌ك ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا له شه‌قامه‌كانن كه من دڵنیام به‌شێكی زۆری ئه‌و گه‌نجانه خوێنه‌ری كتێب و ووتاره‌كانی ئێوه بوونه، به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌م نامه‌یه‌ت هه‌موویانت نا‌ئومێد ودڵشكاو كرد، تۆ وه‌ك خۆت ئه‌لێی هێشتا نیوه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ت نه‌خوێندۆته‌وه كه بۆ مه‌نهه‌جی خوێندنه‌كه‌ت داخیل بوونه، باشه ئه‌ی چۆن هێشتا پشووت نه‌دابوو له‌سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه كه گه‌ڕایته‌وه به‌زۆر هێنانی خه‌ڵكی هه‌ولێر بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان له كوشتنی فره‌نسۆ حه‌ریری توانیت ووتارێكی یه‌ك لاپه‌ڕه‌یی رۆژنامه‌ی خه‌بات بنووسیت به‌ناوی “شارێك به پێوه” كه له‌ڕاستیدا شارێك به پێوه نه‌بوو، به‌ڵكو شارێك به‌زۆر به‌پێوه ڕاگیرابوو.
كاتێك دوو هه‌ڵوێستی دژ به‌یه‌ك یه‌كه‌میان له‌پێناو ده‌سه‌ڵات دێیته ده‌نگ ولهوهیتریشیان له‌دژی هاولاتیان بێده‌نگی هه‌ڵئه‌بژێریت مرۆڤ ناچاره هه‌ڵوه‌سته بكات، به‌تایبه‌ت وه‌ك خۆت ئه‌لێیت “ژماره‌یه‌كی زۆر له‌دڵسۆزان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سلێمانییه‌وه ئامۆژگارییان كردم كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداریی له‌به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژیدا نه‌كه‌م” ئه‌شێت ئه‌و كه‌سانه‌ی ئامۆژگاری سیوه‌یلی بكه‌ن ئه‌وانه بن كه به‌شێكن له‌وانه‌ی به‌رهه‌م هێنانی توندوتیژیی به دیفاع له‌خۆیان ناو ئه‌به‌ن كه‌چی هاتنه سه‌ر شه‌قام وداكۆكیكردن له هاولاتیانی سه‌ر شه‌قامه‌كان به توندوتیژیی ناو به‌رن له‌ڕاستیدا ئه‌و لۆژیكه هێنده تێگه‌یشتنێكی كۆمیدیه كه هیچ كاتێك ئاره‌زووی ئه‌وه ناكه‌م نووسه‌رێكی وه‌ك مامۆستا رێبوار بگاته ئه‌و ده‌ره‌نجامه پێكهنینیاویانه، به‌تایبه‌ت كاتێ ئه‌بینین به زمانی خۆی ووته‌نی كه نه‌یانویستووه له‌هه‌ولێریش هیچ كارێكی وا ڕٍوو بدات ناچارین گومان له‌كۆی ئه‌و نامه‌یه بكه‌ین كه وه‌ك جۆرێك له‌بێده‌نگی وداكۆكی كردنێكی ناشیرینانه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌سه‌ڵاتێك باڵه‌خانه درووست ئه‌كات وشه‌قامه‌كان قیرتاو ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك بێده‌نگ بكات قیرتاو كردنی شه‌قامه‌كان وه‌ك سه‌روه‌ری به هاوڵاتیه‌كانی ئه‌فرۆشێته‌وه نه‌وه‌ك وه‌ك به‌شێك له‌كاری خۆی كه ئه‌بێت بیكات، به‌ڵام هاتنه ده‌نگی هاوڵاتیان به گێره‌شێوێن ناویان ئه‌بات وداواكاریه مه‌ده‌نیه‌كانی خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر له‌لایان كه‌سانی وه‌كو مامۆستا رێبوار سیوه‌یلی به توندوتیژیی ناو ئه‌برێت.
ئه‌وه‌ی مناڵی خه‌ڵكی به‌كوشتن ئه‌دات ئه‌وه نه ئێمه‌ین له‌رێگه‌ی نووسین ونه گه‌نجانی ڕاپه‌ڕیوون، به‌ڵكو ئه‌و هێزه‌ی ناتوانێ ئه‌و مناڵانه وه‌ك گه‌نج وعه‌قڵی نه‌وه‌یه‌كی نوێ سه‌یر بكات بۆیه ئهیانكوژێت، نه‌ك مه‌سه‌له‌كه كۆنه قین بێت وه‌ك سیوه‌یلی تێیگه‌یشتووه، چونكه كۆنه قین یانی چی ئه‌وه قسه‌یه‌كی ڕاست نیه پێمان وابێت قینی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆیه، كه‌سێكی ئه‌كادیمی وه‌كو سیوه‌یلی نابێت حومی وا نالۆژیكانه له‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه بدات، چونكه هێزێكی وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی نه‌ك هه‌ر ئه‌وه نیه له‌پشت خۆپیشاندانه‌كانه‌وه بێت، به‌ڵكو سه‌لماندی ترسنۆكترین وبێدهنگترین هێزی دنیای ئێمه‌یه، ئه‌وه یه‌كێتیه‌كان نین وا ده‌كه‌ن كێم له‌و برینه بێته ده‌ره‌وه به‌ڵكو یه‌كێتی بۆخۆی به‌شێكه له‌و كێم وجهراعهته كه جه‌سته‌ی كوردی نه‌خۆش خستووه، دواین قسه‌شمان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌ك دێره شیعری نالی ومه‌حوی له خوێندنه‌وه كاری تێكردبین ئه‌بێت به‌ته‌نگ شه‌قامه‌وه بێین، چونكه ئه‌وه داكۆكی كردنه له‌جوانی ئه‌بێت له‌پشت شیعری نالی باخه‌كان هه‌ڵگری مانای ئازادی بن بۆ حورمه‌ت به‌خشین به چاوی یار، ناكرێ شیعری مه‌حوی ببه‌ینه خه‌ڵوه‌تی جوانی به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان بكه‌ینه ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی زمان وبوون وشوناسمان ئازاد بكه‌ین له‌و توندوتیژیه‌ی كه حزب موماره‌سه‌ی ده‌كات وسیوهیلی وه‌ك دواین ئامۆژگاری نامه‌یه‌ك ئاراسته ئه‌كات كه ئه‌گه‌ر بێده‌نگ نه‌بین ئه‌كرێت ڕووداوه‌كان توندوتیژیی خراپتری لێ بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئێمه‌ی نووسه‌ران وته‌واوی خۆپیشانده‌ران هه‌ر ئه‌وه له‌ده‌سه‌ڵات چاوه‌ڕوان ئه‌كه‌ین كه توندوتیژیی زۆر خوێناوی تر به‌رهه‌م بێنێت.