
خودایه به ده‌نگ بێ،هه‌نارێکیان به باخی ژیانه‌وه نه‌هێشت
خودایه بمبووره..
له‌م بیابانی بێ ده‌نگیه‌دا
زهمزهمیهکهم دڵۆپێ حه‌وسه‌ڵه‌ی تیا نه‌ماوه
بمبووره گه‌ر، ده‌م به قوڵایی ئه‌م شیعره‌وه بنێم و
له سه‌ری قرژانگه ووشه‌یه‌کدا،
لێوم به دڵۆپێ کوفر ته‌ڕکه‌م
خودایه به ده‌نگ بێ..
ئه‌وه ئێمه‌ین، به گه‌ڵای ئه‌و هه‌موو ئیمانه‌وه
ئه‌وه ئێمه‌ین، به سیواکی ئه‌و هه‌موو ڕوناکیه‌وه
ئه‌وه ئێمه‌ین، به ده‌ستنوێژی ئه‌و هه‌موو ئاوه‌وه
ئه‌وه ئێمه‌ین خودا،به به‌رماڵی ئه‌و هه‌موو بارانه‌وه
ده‌ستمان داوه به ئاسمان و
چاومان داوه به خۆر‌و
لێویشمان داوه به تۆ
ئه‌وه ئێمه‌ین به بۆڵ، به که‌پری سه‌ڵای
ئه‌م ئێواره‌دا شۆڕ بووینه‌ته‌وه و
چاوه‌ڕێین لێوێکمان لێده‌یت
خودایه،ڕێگایه‌ك نه‌ما نه‌گرین و
له‌ژێر پێمانه‌وه فرته نه‌کات،
ده‌رگای دوعایه‌ك نه‌ما ده‌ست نه‌که‌ین به پشتێنه‌که‌یدا،
خودایه خوڕه‌ی ده‌ریایه‌ك نه‌ما،
سکاڵایه‌کی نه‌ده‌ینێ و نه‌یدا به به‌رد
عاره‌بانه ی ڕۆژنامه‌یه‌ك نه‌ما،
لوره‌ی قه‌ڵه‌مه شه‌ل و کوێرهکانمان بۆ بگه‌یه‌نێته
سه‌ر سنووری دڵنیایی
خودایه دادگایه‌ك نه‌ما،
گێلاسی هه‌ڵوه‌ریوی ڕۆحی ئێمه‌وه
به به‌رچینه‌ی ویژدان بکێشێ
خودایه به‌ده‌نگ بێ..خودایه….
خودایه ئه‌م هه‌موو ڕه‌یحانه ده‌بینی
له سه‌رای خۆێندا چه‌پك چه‌پك هه‌ڕاج ده‌کرێ!!1
ئه‌م هه‌موو نێرگسه ببینه خودا،
له تهڕاوگهی نیشتمانا بێسه‌ر ده‌کرێ
ئه‌م هه‌موو( ڕێژوانه) ببینه خودا،
به قایشی ئه‌م تفه‌نگه نهعلهتیانه له خاچ ده‌درێ
ئه‌م هه‌موو فیشه‌که ببینه خودا،
گوڵ ده‌کوژێ و جه‌رگی باخمان ده‌سوتێنێ
خودایه ئه‌وه ئێمه‌ین،له بن ڕه‌حمه‌تی تۆدا
وه‌ك گوڵه‌گه‌نمی بێ ئاو، کراسی سیس بوونما داخستووه و
چاوه‌ڕێی دڵۆپێ بارانین و ڕه‌شه‌باش سه‌نگه‌ری لێ گرتووین
خودا، ئه‌وان نازی( گه‌رمیانیان) پێ هه‌ڵنه‌گیرا تۆ هه‌ڵیگره!!
ئه‌وان به‌یانیانی( سورکێویان) تۆران تۆ ئاشتیکهرهوه
ئه‌وان جانتاکه‌ی( بیلالیان) فه‌رهود کرد تۆ پڕیکهرهوه
ئه‌وان پێکه‌نینی (ئه‌نه‌س)یان پژان تۆ کۆیکه‌ره‌وه
ئه‌وان ئاواته‌کانی( سه‌رکار)یان گرێدا تۆ شیکه‌ره‌وه
ئه‌وان ئیمانی مامه( ڕه‌شه)یان به لا خست تۆ ڕاستی که‌ره‌وه
خودایه ئه‌وه‌نده قژیان به‌سه‌ری ئه‌م هه‌رێمه‌وه نه‌هێشت
له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ژیانا ده‌می شانه‌ی ئارامی لێ گیر بێت
ئه‌وه‌نده کاتیان به ژیان نه‌هێشت، له ته‌نیشت دایکمانه‌وه
حیکایه‌ته‌کانی خۆشه‌ویستی بنوسینه‌وه
ئه‌وه‌نده ڕووناکیان نه‌هێشت،بزانین ژیان له کوێوه ته‌قه‌مان لێ ده‌کا………
ئه‌وه‌نده نوزه‌یان به ژیان نه‌هێشت،تا چاومانی تێدا ئاو بده‌ین
ئه‌وه‌نده جوانیان به ژیان نه‌هێشت،تا مرۆڤه ناشیرینه‌کان بناسینه‌وه
ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویستان به ژیان نه‌هێشت،تا له ڕابردووی
یه‌کتر خۆشبین..
ئه‌وه‌نده لێبووردنیان نه‌هێشت، تا توڕه‌بوون بده‌ینه دادگا
خودا تۆ دڵێکت دا به ئێمه،ئه‌وان شکاندیان
تۆ دوو لیمۆت دا به ئێمه ئه‌وان بردیان
تۆ سێ ته‌ڵاقت دا به ئێمه ئه‌وان خستیان
تۆ چوار، باخی پر له هه‌رمێت دا به ئێمه و
ئه‌وان به هه‌ڕاجی سهندیان
تۆ پێنج پیاڵه خوێنت دا به ئێمه و ئه‌وان ڕشتیان
تۆ شه‌ش کۆتری ئازادیت دا به ئێمه و ئه‌وان وه‌ك مێرووله کوشتیان…
خودایه تۆ مه‌دالیای شه‌هید بوونت دا به ئێمه و ئه‌وان دایان له به‌رۆکیان…
خودایه به ده‌نگ بێ .. له دێرێکی کتێبه پیرۆزهکهتا جێ‌مان بکه‌ره‌وه..
خودایه سنووری نێوانمان بکێشه
با کورسیه‌کانمان بده‌نه و مێزه‌کان بۆ خۆیان
شه‌هیده‌کانمان بده‌نه‌وه و زیندووه‌کان بۆ خۆیان
شه‌قام مان بده‌نه‌وه و هه‌موو باڵه‌خانه‌کان بۆ خۆیان
قهڵهماکانمان بده‌نه‌وه و هه‌موو تفه‌نگه‌کان بۆ خۆیان
خودایه به ده‌نگ بێ، له چمکی که‌وای ڕه‌حمه‌تی خۆت بمانپێچه…
ئای خودا…..
پیره سه‌رکرده و کوڕه ژێرکرده چی یان نه‌کرد؟؟؟؟
خودا، تفه‌نگی نه‌عله‌تی و تێڵای شۆڕش چی یان نه‌کرد؟؟؟
تێبینی؛ ووشه‌ی ناو که‌وانه‌کان ناوی شه‌هیده‌کانی ئازادین ته‌نها ئه‌نه‌س نه‌بێ مناڵی 5 مانگه‌ی شه‌هید ئومێده
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
ئه‌ڵمانیا